هه‌موویان ئه‌ردۆغان تووڕه‌ ده‌كه‌ن

بۆچوون / بیروڕا :: 13/01/2018

سه‌رچاوه‌: هه‌ئارتس
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ئه‌و ئاوه‌ سارده‌ى كه‌ له‌لایه‌ن ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ى میراتگریه‌وه‌ كرا به‌ عه‌بدوڵـڵا گویل-ى سه‌رۆكى پێشووى توركیادا، چاوه‌ڕوانكراو بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رنج و وردبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان تا چ ئاستێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ ته‌قاندنى گولـله‌ ژه‌هراویه‌كانیدا. ناكۆكیى نێوان ئه‌م دوانه‌ تازه‌ نییه‌. ئه‌وان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاشكرا له‌ نێوانیاندا روویداوه‌، به‌ڵام له‌مجاره‌یاندا  گویل پێى به‌ برینێكى به‌ ئازاردا نا كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ جه‌نگى دژى تیرۆرى داده‌نێت. 

به‌گوێره‌ى ماده‌ى 696ى سیستمى نائاسایى، نه‌ك ته‌نیا ئه‌و سه‌رباز و پۆلیس و فه‌رمانبه‌رانه‌ى كه‌ له‌ دژى هه‌وڵى كوده‌تاكه‌ى 2016 كاریانكردووه‌، پارێزراو ده‌بن له‌وه‌ى بدرێنه‌ دادگا، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانیش هه‌ر پارێزراو ده‌بن. گویل و رێكخراوه‌كانى مافى هاووڵاتیان ده‌ڵێن داڕشتنى ته‌مومژاوى و ناڕوونیى ماده‌كه‌، ده‌كرێت وا لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ چالاكیى هاووڵاتیانیش له‌ كات و له‌ دواى هه‌وڵى كوده‌تاكه‌یش، له‌ دژى بزووتنه‌وه‌كه‌ى فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن-ى نه‌یارى تاراوگه‌نشینى ئه‌ردۆغان، پارێزبه‌ندییان ده‌بێت. گویل كه‌ له‌كاتى خۆیدا دژى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور بوو به‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فراوان ده‌داته‌ ئه‌ردۆغان، هێرشى كرده‌ سه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌ و وتى ده‌رچه‌یه‌كى وا دروست ده‌كات كه‌ ده‌كرێت به‌هۆیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسا ببه‌زێنرێت و ده‌سه‌ڵاتێك ده‌داته‌ هاووڵاتیان كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا هه‌ر بۆ پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتى قه‌زایى ده‌بێت. ئه‌ردۆغان-یش له‌ میانه‌ى ئاماژه‌دانى به‌ ناپاكیى ئه‌و به‌رامبه‌ر پارته‌كه‌ى، ته‌قییه‌وه‌ و وتى "جێى ناخۆشحاڵیه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى پێشوومان باس له‌ ناڕوونى و ته‌مومژاوێتى ده‌كات. ته‌مومژ له‌ كوێدایه‌؟ له‌كام ماده‌دا؟". "چۆن كتوپڕ چووه‌ سه‌ر پشتى كه‌شتیى ئۆپۆزیسیۆن؟". 

گویل و ئه‌ردۆغان له‌ دامه‌زرێنه‌رانى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانن. ماوه‌ى ساڵانێكیان پێكه‌وه‌ تێپه‌ڕاندووه‌. گویل له‌ ساڵى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت بووه‌، تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌ردۆغان چووه‌ته‌ پۆسته‌كه‌یه‌وه‌. یارمه‌تییه‌كى جوانى داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ سه‌رۆك دابمه‌زرێت. به‌ڵام له‌ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست و توندكردنه‌وه‌ى هه‌ژموونى به‌سه‌ر ده‌زگاكانى راگه‌یاندندا له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌، گویل سه‌لامه‌ت ده‌رنه‌چوو. ئه‌ردۆغان كه‌ سه‌لمێنراوه‌ له‌و كه‌سانه‌ نابوورێت ره‌خنه‌ى لێده‌گرن، ئێستا گویل-ى خستووه‌ته‌ لیستى ئامانجه‌كانیه‌وه‌ و تۆمه‌تبارى كردووه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نیا به‌وه‌ى كه‌ چووه‌ته‌ پاڵ ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌ستیداوه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت له‌ جه‌نگى دژى تیرۆریشدا. گویل-یش بێده‌نگ نه‌بووه‌ و ده‌ڵێت به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ده‌ربڕینى هه‌ڵوێسته‌كانى. به‌ڵام ته‌نیا كاتێك ده‌توانێت به‌ڕاستى رووبه‌ڕووى ئه‌ردۆغان ببێته‌وه‌ كه‌ بڕیار بدات ركابه‌ریى بكات له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆكایه‌تى.   
په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌ردۆغان و گویل، به‌شێوه‌یه‌كى زۆر، خۆشه‌ویستیى زۆرى نێوان بنیامین نه‌تانیاهۆ و ریوڤین رڤلین بیردێنێته‌وه‌. شرۆڤه‌كارێكى توركی-یش له‌ رۆژنامه‌ى میلـلییه‌ت-دا ده‌ڵێت "پێده‌چێت ئه‌ردۆغان چاوى له‌ ئیسرائیل كردبێت وه‌ك نموونه‌یه‌كى ره‌فتارى سیاسى، به‌ڵام ئێوه‌ له‌ ئیسرائیل هێشتا ئازادیى بیروڕاده‌ربڕینتان هه‌یه‌ و لاى ئێمه‌ نییه‌". ئه‌وه‌ى به‌دواى نموونه‌ى دیكه‌دا بگه‌ڕێت ده‌توانێت له‌ شارى  ئه‌ده‌نه‌ بیدۆزیته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانیه‌كه‌ى فه‌رمانى كردووه‌ به‌ لابردنى هه‌موو ئه‌و لافیتانه‌ى به‌ زمانى عه‌ره‌بى نووسراون چونكه‌ "بوونه‌ته‌ هۆى ناشیرینكردنى دیمه‌نى شار و زیان به‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رگریكردن له‌ زمانى توركى-یش ده‌گه‌یه‌نێت".

ئه‌م گه‌رده‌لووله‌ سیاسییه‌ هێشتا وه‌ك پێویست هه‌ڵینه‌كردووه‌، چونكه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى هه‌ڕه‌شه‌ئامێزتر درا به‌سه‌ر ئه‌ردۆغان-دا كاتێك دادگاى نیویۆرك ئیدانه‌ى جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بانقى (هالك)ى توركیاى كرد به‌ فێڵكردن و به‌زاندنى سزاكانى سه‌ر ئێران به‌وه‌ى كه‌ ره‌زا سه‌راب-ى بزنسمانى ئێرانى-توركى توانیویه‌تى زێڕ له‌به‌رامبه‌ر نه‌وتدا بباته‌ ئێرانه‌وه‌.  ئه‌ردۆغان ره‌خنه‌ى له‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگا گرت و ئیبراهیم كاڵن-ى راوێژكارى وتى "ئه‌مه‌ حوكمێكى سووكه‌ له‌ دادگاییه‌كى سووكه‌وه‌". بناڵى یه‌ڵدرم-ى سه‌رۆكى حكومه‌تى توركیایش وتى "ئه‌مه‌ ده‌ستوه‌ردانێكى پێشترنه‌كراوى كاروبارى ناوخۆى توركیایه‌". داواكارى گشتیى توركیایش داواى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ حسێن كه‌ركه‌ماز-ى شایه‌تى سه‌ره‌كیى مه‌سه‌له‌ راده‌ستبكاته‌وه‌.

به‌لاى ئه‌ردۆغان-یشه‌وه‌ "هیچ شتێك نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ شتێك نه‌بووه‌" چونكه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ كردوویه‌تى، ئه‌گه‌ر كردبێتى، له‌چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیادیى توركیادا بووه‌. ئه‌ردۆغان و خێزانه‌كه‌ى، به‌لاى كه‌مه‌وه‌، له‌ گفتوگۆكانى دادگادا بێ تاوان ده‌رچوون، به‌ڵام ئه‌و بڕیارى سزایه‌ى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بانقه‌كه‌ 30 ساڵ زیندانى ده‌كرێت، ده‌كرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى ئه‌مریكاوه‌ وه‌ك بنه‌مایه‌ك به‌كاربهێنرێت بۆ سه‌پاندنى سزاى گه‌وره‌ى دارایى به‌ بڕى 5-10 ملیار دۆلار به‌سه‌ر بانقه‌ توركیه‌كه‌دا. سزایه‌كى له‌م جۆره‌یش گورزێكى گورچكبڕ ده‌بێت بۆ سیستمى بانقیى توركیا. بۆیه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تیى باڵاى توركیا به‌په‌له‌ به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان دا كه‌ ده‌وڵه‌ت یارمه‌تیى بانقه‌كه‌ ده‌دات. 

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ هۆى تێكچوونێكى دیكه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كه‌ به‌هۆى یارمه‌تییه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ بۆ كورده‌كان له‌ سوریا، پێشتر تێكچوون و خراپتریش بوون به‌هۆى راگه‌یاندنه‌كه‌ى تره‌مپ كه‌ دانینا به‌ قودس-دا وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و ته‌نانه‌ت ئێستا كه‌سانێك له‌ توركیادا هه‌ن داواى پچڕاندنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌رچى وه‌ك ده‌زانرێت كه‌ داوایه‌كى لۆژیكیى نییه‌ به‌ڵام ئاماژه‌ى هه‌ڵكردنى با-ى شه‌ڕه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ك هه‌ستكردنه‌ به‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌وڵه‌ته‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌بات كه‌ دووره‌ له‌ خه‌ونى ساڵانى سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى كاتێك دروشمه‌كه‌یان (سفركردنه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێكان)دا بوو. ئه‌و دروشمه‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئاراسته‌ ده‌كرد. 

ئێستا ته‌نیا هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ غلبوونه‌وه‌یه‌كى پێشتر نه‌بوودا نین، به‌ڵكو برینى په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وروپایش پێویستى به‌ ته‌داوى و چاره‌سه‌ره‌. هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌ردۆغان زلـله‌یه‌كى توندى له‌ ئیمانۆیل ماكرۆن-ى سه‌رۆكى فره‌نساوه‌ تێسره‌وێنرا كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌یى هاوبه‌شدا وتى "دووڕوویى به‌سه‌، هیچ ئه‌گه‌رێك له‌م كاته‌دا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى توركیا ببێته‌ ئه‌ندامى یه‌كێتى ئه‌وروپا". ئه‌مه‌یش وه‌ك ئاماژه‌دانێك به‌ پێشێلكردنى توندى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ توركیا. ئه‌ردۆغان-یش وه‌ڵامێكى سارد-ى دایه‌وه‌ "بێزاربووین له‌ كوتانى ده‌رگاى یه‌كێتى ئه‌وروپا، بۆیه‌ توركیا ده‌رگاى ترى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ تا لێى بدات".  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure