دیارده‌ى كتێبى (ئاگر و تووڕه‌یى)

بۆچوون / بیروڕا :: 09/01/2018

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ته‌وژمى زۆر و فراوانى میدیا وامان لێده‌كات كتێبى (ئاگر و تووڕه‌یى: له‌ناو كۆشكه‌ سپیه‌كه‌ى تره‌مپ-دا) بخوێنینه‌وه‌ كه‌ مایكڵ ۆڵف نووسیویه‌تى. چاپى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشته‌ سه‌ر ره‌فه‌ى كتێبخانه‌كان نه‌ما و ته‌واو بوو، بۆیه‌ كۆپییه‌كه‌ى له‌ڕێى پۆستى ئه‌لیكترۆنى و تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌وه‌ دابارین به‌سه‌ر ئه‌و خوێنه‌رانه‌دا كه‌ ره‌نگه‌ بیخوێننه‌وه‌ یاخود نه‌یخوێننه‌وه‌. كۆپیى دزراو و هه‌ندێكى دیكه‌ى وه‌رگێڕدراوى ئه‌لیكترۆنى بۆ زمانى عه‌ره‌بى دابه‌شكران به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه‌ ره‌نگه‌ ئاره‌زووى خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێت. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى له‌ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه‌ ببیته‌وه‌ یان ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌یشى بكه‌یت، ده‌بێت هه‌ندێك پرسیار بكه‌یت ده‌رباره‌ى نهێنیى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ به‌ده‌ستیهێناوه‌، به‌تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مى كه‌مبوونه‌وه‌ى خوێنه‌ر و سكاڵاده‌ربڕینى نووسه‌ر له‌ده‌ست قورسى و زه‌حمه‌تى ره‌واجپێدان و چاپ و كێبڕكێى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندیگرتن به‌رامبه‌ر به‌ كتێب به‌ هه‌ردوو شێوازه‌كانى لاپه‌ڕه‌یى و ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچواندن و گه‌یشتنى به‌ تۆڕى ئینته‌رنێت یه‌كسه‌ر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هه‌ڵمه‌تى دزین و چه‌ته‌گه‌ریى، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه‌ى مایكڵ ۆڵف-دا بینیمان، هه‌روه‌ها ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى كه‌ كتێبه‌كه‌ى ئاراسته‌ ده‌كرێت. 
 
حه‌مید ده‌باشى-ى نووسه‌رى ئه‌مریكى كه‌ به‌ دیارترین نماینده‌ى قوتابخانه‌ى پۆست كۆلۆنیالى داده‌نرێت، ده‌ڵێت كاتژمێرێك وه‌ختى خۆیى به‌ فیڕۆداوه‌ به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌كانى ئه‌م (فێڵ و خه‌ڵه‌تاندن)ه‌وه‌. ده‌باشى له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ى پێگه‌كه‌ى خۆى له‌ فه‌یسبوك هه‌روه‌ها ده‌ڵێت بێجگه‌ له‌ هه‌ندێك ورده‌كاریى هه‌ستوروژێن، ئه‌گه‌رنا ئیتر بابه‌تى كتێبه‌كه‌ هیچ شتێكى به‌رجه‌سته‌كراو ناخاته‌ سه‌ر راستییه‌ زانراوه‌كان كه‌ به‌ درێژایى ساڵى یه‌كه‌مى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى تره‌مپ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش دوورتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت "كتێبه‌كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كلتورى نكۆڵى و سه‌رقاڵكردن به‌ ئامانجى خۆلادان له‌ واقیعێكى ساده‌ و
ساكار كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ دیموكراسیه‌تى ئه‌مریكى، له‌ سه‌ره‌وه‌ى بۆ خواره‌وه‌ى، مه‌ترسیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌".

ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى ئه‌م بایه‌خپێدانه‌ زۆره‌ به‌م كتێبه‌ كه‌ جنێوى راشكاوانه‌ى له‌ هه‌ندێك له‌ یاریده‌ده‌ره‌ نزیكه‌كانى تره‌مپه‌وه‌ تێدایه‌ له‌ دژى خۆى و هه‌روه‌ها له‌ دژى خێزانه‌كه‌ى، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ره‌خنه‌ى خودى و بابه‌تییانه‌ له‌ چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى كۆشكى سپى له‌ ساڵى رابردوودا، لایه‌نى دزى و فزیى بێت به‌سه‌ر كه‌سه‌ به‌ناوبانگ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌.  

مادام زۆرینه‌ى هه‌ڵوێست و رووداوه‌كان، به‌لاى هه‌ر چاودێرێكى ئاسایى كاروبارى ئه‌مریكاوه‌ روون و زانراوبن، هه‌ر له‌ ناكۆكییه‌كانى ناو ئیداره‌كه‌ له‌ نێوان گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستان و گه‌یشتنى هه‌واڵه‌كانى ده‌ركردنیان به‌ رۆژنامه‌كان پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌رچوونى بڕیارى فه‌رمیى له‌ كۆشكى سپییه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى تویته‌ سه‌یره‌كانى تره‌مپ و ته‌ركیزى له‌سه‌ر وڕكگرتن و لالووتى و شه‌ڕه‌قسه‌كانى به‌ شێوه‌یه‌كى پێشترنه‌كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌، مادام هه‌موو ئه‌مانه‌ زانراون و ئاشكران، ئه‌ى كه‌واته‌ بۆچى ئه‌م كتێبه‌ (سه‌ركه‌وتووبووه‌) له‌كاتێكدا چه‌ندین كتێبى زۆرباش ده‌رباره‌ى سیاسه‌ته‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كیه‌كانى ئه‌مریكا تێده‌په‌ڕن بێ ئه‌وه‌ى هێنده‌ى به‌شێكى زۆر بچووكى ئه‌م هه‌رایه‌ بنێنه‌وه‌ كه‌ (ئاگر و تووڕه‌یى) ناویه‌ته‌وه‌؟ 

پێده‌چێت ئه‌مه‌ گه‌مه‌ى دزى و گزیى بێت له‌ كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كان، وه‌ك پێشتر وتمان. هه‌روه‌ها له‌ حاڵه‌تى خێزانى تره‌مپ-یشدا كه‌ ده‌چنه‌ جیهانێكى ته‌واو سه‌یر و نامۆ به‌خۆیان، جیهانى سیاسه‌ت و دیپلۆماسى و ئه‌وه‌ى كه‌ پێویست ده‌كات له‌م جیهانه‌دا له‌گه‌ڵى بژین له‌ بایه‌خ و گرنگیدان به‌ ماناى قسه‌كردن و ئاسته‌كه‌ى و هه‌روه‌ها رواڵه‌ت و په‌یڕه‌وكردنى بنه‌ماكانى و گونجاندنى له‌گه‌ڵ كلتووره‌ گشتیه‌كه‌ و ..هتد. گومانیشى تێدا نییه‌ كه‌ تره‌مپ به‌ كه‌سێتیه‌كه‌ى خۆى و پاشخانه‌كه‌ى وه‌ك ملیاردێكى گاڵته‌چى و به‌ خێزانه‌كه‌ى و به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ دیاریكردوون بۆ پێگه‌كانى سه‌ركردایه‌تى له‌ به‌ڕێوه‌بردندا، ماده‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند و خۆڕایى (بێبه‌رامبه‌ر)ى داوه‌ته‌ ۆڵف و هه‌موو ئه‌وانه‌یش كه‌ ئاره‌زووى به‌دواداچوونى كه‌سه‌ به‌ناوبانگه‌كان و سیاسیه‌كان-یان هه‌یه‌. چونكه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌و بڕیارانه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا داونى، له‌وانه‌یش داننانى به‌ قودس-ى داگیركراو وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا بۆ ئه‌و شاره‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ بوێریى بۆ هه‌وڵدان له‌ ئیداره‌كانى بازاڕگه‌رییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌گرتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ده‌رخستنى ویست و ئاره‌زوو بۆ راكێشانى سه‌رنج و هه‌رانانه‌وه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌م (سه‌رنجڕاكێشان و هه‌راوهوریا)یه‌یش تاقه‌ پێناسه‌یه‌كن كه‌ تره‌مپ له‌ سیاسه‌تى خۆیدا پشتیان پێده‌به‌ستێت.  

به‌ مانایه‌كى تر، ئه‌م كتێبه‌ ئاو ده‌كاته‌ ئاشى مه‌كینه‌ى پروپاگه‌نده‌ى تره‌مپ و لووتبه‌رزى و له‌خۆباییبوونى راستڕه‌وى كۆماریى كه‌ ده‌یه‌وێت سیاسه‌ت بكاته‌ نمایشێكى پۆپۆلیستى بۆ ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ده‌نگى به‌رز و چنگى به‌هێز و جه‌ماوه‌رى تینوو بۆ ریسوایى، تێدا سه‌ربكه‌وێت و خاوه‌نى پرۆژه‌ و تێڕوانین و بانگه‌شه‌كارانى گۆڕانكاریى له‌ڕێى سندوقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌، تێدا شكستبێنێت له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى. كتێبى (ئاگر و تووڕه‌یى) له‌ خانه‌ى ئه‌و كتێبانه‌دا پۆلێن ده‌كرێت كه‌ وروژێنه‌رى راسته‌وخۆى به‌قازانجن. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure