سۆسیال میدیا و په‌یوه‌ندیى ده‌وڵه‌تان

بۆچوون / بیروڕا :: 06/01/2018

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ فراوانترین ده‌روازه‌كانیه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ژیانمانه‌وه‌ و بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ورده‌كارییه‌كانى ژیانى رۆژانه‌مان و ته‌نانه‌ت ره‌فتار و سروشتیشیان گۆڕیووین. بێگومان كاریگه‌رییه‌كان هه‌ر به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر تاك-ه‌كان و خێزانه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كان كورتنه‌بووه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو درێژبوونه‌ته‌وه‌ بۆ ناو شوێنه‌كانى كاركردن و بوارى میدیا و میكانیزمه‌كانى ململانێى سیاسى تا ده‌گاته‌ په‌یوه‌ندیى ده‌وڵه‌تان به‌ هه‌موو لق و پۆپ و ئاڵۆزیه‌كانیه‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ دیارده‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك تازه‌یه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ كۆتاییه‌كانى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو و سه‌ره‌تاكانى ئه‌م سه‌ده‌یه‌ى ئێستادا به‌م جۆره‌ى ئه‌مڕۆ پێشكه‌وتوو نه‌بووه‌، (ماسنجه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵى 1999 و فه‌یسبووك له‌ 2004 و یوتیوب له‌ 2005 و تویته‌ر له‌ 2006 ده‌ركه‌وتوون، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ وه‌ك نموونه‌ نه‌ك له‌سه‌دا سه‌د) له‌به‌رئه‌وه‌ قسه‌وباس و گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ى كاریگه‌رییه‌كانى به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ نوێبوونه‌وه‌دایه‌. 

لێره‌دا باس له‌ لایه‌نى باشى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان (یان سۆسیال میدیا) ناكه‌م چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا و زانراوه‌ و ته‌نانه‌ت جۆره‌ هاوڕاییه‌كیشى له‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵكو ته‌كیز ده‌كه‌مه‌ سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نى خراپى دیاریكراوى مه‌ترسیه‌كانى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى نێوان ده‌وڵه‌تان و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵگه‌یى و جێگیریى ئه‌منى و سیاسى. سه‌ره‌تا شتێك هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ به‌ (سیاسه‌تى تویته‌ر) ده‌ناسرێت، ئه‌مه‌یش ئه‌و دیارده‌یه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چوونى دۆناڵد تره‌مپ بۆ ناو كۆشكى سپى ئه‌مریكا و به‌كارهێنانى به‌رده‌وامیى تویته‌ر-دا بووه‌ باو و مشتومڕ و بێنه‌وبه‌ره‌ى نایه‌وه‌. چونكه‌ تره‌مپ له‌وێوه‌ هه‌ڵوێسته‌كان و رێنماییه‌ سیاسیه‌كانى خۆى ده‌رده‌بڕى كه‌ جیهانى تووشى سه‌رسووڕمان كردووه‌ و هه‌ندێك جاریش ته‌نانه‌ت كه‌سه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئیداره‌كه‌ى خۆیى پێ شه‌رمه‌زار كردووه‌.

ئامڕازه‌كانى راگه‌یاندن، تویته‌ره‌كه‌ى تره‌مپ-یان وه‌ك پاروویه‌كى چه‌ور و وروژێنه‌ر دۆزیوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌ى ناوه‌نده‌كانى بڕیاریش، له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌، وایان لێهاتووه‌ كه‌ هیچ ناكه‌ن هه‌تاكو دوا تویته‌كانى نه‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ و رێنمایى و ئاراسته‌ سیاسیه‌كانى بزانن و دوا گێژه‌ڵووكه‌ و قه‌یرانه‌كان تێبگه‌ن كه‌ دروستیان ده‌كات. ئه‌م كابرایه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا و به‌هۆى تویته‌كانیه‌وه‌، چه‌ندین قه‌یران و كێشه‌ى ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌وڵه‌تاندا ئاڵۆسكاندووه‌ كه‌ هه‌ندێكیان ده‌وڵه‌تى هاوپه‌یمانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بوون. هه‌ر له‌یه‌كه‌م سێ رۆژى ئه‌م ساڵى تازه‌یه‌دا قه‌یرانى له‌گه‌ڵ پاكستان و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى فه‌له‌ستینى-دا نایه‌وه‌ و گاڵته‌ى به‌ كیم یۆنگ ئۆن سه‌رۆكى كۆریاى باكور كرد وه‌ك به‌رده‌وامبوونى له‌سه‌ر سیاسه‌تێك كه‌ زۆر كه‌س هۆشداریى له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانى ده‌ده‌ن. پاكستان، بۆ نموونه‌، باڵیۆزى ئه‌مریكاى بانگهێشت كرد و ناڕه‌زایى توندیى خۆیى پێڕاگه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر تویتێكى تره‌مپ-دا كه‌ تێیدا وتوویه‌تى "له‌ ماوه‌ى پازده‌ ساڵى رابردوودا و به‌ گه‌مژه‌یى، زیاتر له‌ 33 ملیار دۆلارمان وه‌ك یارمه‌تى پێداون، هیچیشمان لێتانه‌وه‌ ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌ بێجگه‌ له‌ درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن". ده‌سه‌ڵاتدارێتیى فه‌له‌ستینیش وه‌ڵامى تویتێكى ترى سه‌رۆكى ئه‌مریكاى داوه‌ته‌وه‌ كه‌ تێدا هه‌ڕه‌شه‌ى بڕینى یارمه‌تیه‌ داراییه‌كان ده‌كات. وه‌ڵامه‌كه‌ ده‌ڵێت ملكه‌چى سووكایه‌تیه‌كان نابن و قودس نه‌ به‌ زێڕ و نه‌ به‌ پاره‌ نافرۆشرێت. 

گه‌مه‌ى تویته‌ مه‌ترسیداره‌كانى له‌گه‌ڵ كۆریاى باكوردا درێژه‌ پێدا، كاتێك تره‌مپ وه‌ڵامى لێدوانێكى كیم یۆنگ-ى دایه‌وه‌ كه‌ وتبووى به‌رده‌وام دوگمه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌ نووسینگه‌كه‌یدایه‌. ئه‌وه‌بوو له‌ تویتێكى گاڵته‌ئامێزدا وتى"ئایا كه‌سێك له‌ رژێمه‌ برسى و گیرۆده‌كه‌یدا پێى ده‌ڵێت كه‌ منیش دوگمه‌ى ئه‌تۆمم هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر گه‌وره‌ و به‌هێزتره‌ له‌ دوگمه‌كه‌ى ئه‌و، هه‌روه‌ها ئیشیش ده‌كات". ئه‌م شه‌ڕه‌ قسه‌یه‌ له‌ ساڵى رابردووه‌وه‌ ترسێكى زۆرى ناوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ هه‌ڵخلیسكێنه‌ ناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى وێرانكه‌ره‌وه‌. زۆر كه‌سیش ئومێدى ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌ ئه‌ندامه‌ باڵاكانى ئیداره‌ى ئه‌مریكا بتوانن سه‌رۆكه‌كه‌یان پابه‌ند بكه‌ن و سنوورێك له‌ به‌كارهێناى تویته‌ره‌كه‌یدا بۆ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌ گێژه‌ڵووكه‌ئاساكانى دابنێن، به‌ڵام تویته‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ كێشه‌كه‌ هه‌روا به‌رده‌وامه‌.

ره‌هه‌ندێكى دیكه‌یش له‌ مه‌سه‌له‌ى تره‌مپ و ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ن كه‌ ئێستا له‌ ئارادان ده‌رباره‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و ئامرازانه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ بۆ كاریگه‌ریى خستنه‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى پێشووى ئه‌مریكا، ئیتر به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵ و چیرۆكى هه‌ڵبه‌ستراو بووبێت یاخود به‌ دزه‌پێكردنى به‌ڵگه‌نامه‌ و ئیمه‌یڵه‌ دزراوه‌كانى داموده‌زگا فه‌رمى و تایبه‌ته‌كان به‌ مه‌رامى تێكدانى راى گشتیى. له‌ڕاستیدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ر به‌ ته‌نیا جێى گرنگى و بایه‌خپێدانى ئه‌مریكا نییه‌، چونكه‌ وڵاتانى دیكه‌یش گومانى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر راى گشتى و هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ڕێى په‌خشكردنى هه‌واڵى هه‌ڵبه‌ستراو و بڵاوكردنه‌وه‌ى چیرۆك و پروپاگه‌نده‌ى دروستكراو له‌ ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌. له‌ بریتانیا قسه‌وباس هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ریفراندۆمى ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا (بریكست). له‌ ئه‌ڵمانیا و فره‌نسا و ده‌وڵه‌تانى دیكه‌ى ئه‌وروپایش لێدوانى دیكه‌ دراون ده‌رباره‌ى هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى كاریگه‌ریى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ هۆى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌.  

په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ و ده‌ماوده‌مكردنى چیرۆكه‌ دروستكراوه‌كان و گواستنه‌وه‌ى پروپاگه‌نده‌كانیش، دیسانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى مه‌ترسیدار له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان وڵاتان و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵگه‌ییش و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ جێگیرى و ئارامیى ده‌كه‌ن. چونكه‌ خه‌ڵكى زۆرجار هه‌ندێك بابه‌ت و هه‌واڵ ده‌ماوده‌م ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌یان له‌سه‌رى هه‌بێت یان ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ییشى بزانن. له‌ بریتانیا بۆ نموونه‌، ئاژانسى (سێرفیشن) توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌نجامداوه‌ و رۆژنامه‌ى (ئۆبزێرڤه‌ر) راپرسیه‌كى له‌سه‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زیاد له‌ 50% ى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دانیان به‌وه‌داناوه‌ كه‌ دڵنیانه‌بوون له‌ سه‌رچاوه‌كانى هه‌ندێك له‌و چیرۆك و هه‌واڵانه‌ى كه‌ دووباره‌ بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ یاخود (لایك)یان له‌سه‌ر كردووه‌. 

بێگومان مه‌سه‌له‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ و ئاڵنگاریى جدیى ده‌خاته‌ڕوو ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م جه‌نگه‌ تازه‌یه‌ى كه‌ تێدا وڵاتانى ده‌ره‌كى و داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌كاردێنن بۆ كاركردنه‌ سه‌ر راى گشتى و خه‌ڵكیش به‌ بێهۆشیارى و به‌ بێئاگایى به‌شداریى تێدا ده‌كه‌ن به‌ ئاڵوگۆڕ و ده‌ماوده‌مپێكردنى ئه‌و چیرۆك و هه‌وڵ و حیكایه‌تانه‌ى كه‌ نه‌ لێى دڵنیان و نه‌ به‌دواچوونێكى سه‌رچاوه‌كانیشیان ده‌كه‌ن. ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستى به‌ گفتوگۆى قووڵ هه‌یه‌ چونكه‌ پرسیارگه‌لى زۆر و ئاڵۆز ده‌ورووژێنێت ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تى كۆنترۆڵكردن و رێكخستنى ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئه‌و لایه‌نه‌ى كه‌ به‌رپرسیارێتیى ئه‌م بابه‌ته‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى رۆڵى تاك و رۆڵى ده‌وڵه‌ت و سنوورى ئازادییه‌كان و كۆنترۆڵ و رێكخستنیان له‌ فه‌زاى ئینته‌رنێتدا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure