ئولفه‌ت

بۆچوون / بیروڕا :: 04/01/2018

ـ چى یه‌ كه‌لـله‌پووت زۆر قه‌له‌قى، جێ به‌خۆت ناگرى؟
× ئه‌بێ بڕۆم به‌گم. مه‌وعیدى هینمان هه‌یه‌، گوێگرتن.
ـ گوێگرتن له‌ قسه‌ى راست؟
× حه‌یفت نه‌كرد قوربان؟ هه‌تا درۆ وه‌ستابێ كێ تاقه‌تى قسه‌ى راستى هه‌یه‌.
ـ راست ئه‌كه‌ى ئافه‌رم. بیرم نه‌بوو. پێشینان فه‌رموویانه‌ راستى تاڵه‌.... كێ قسه‌تان بۆ ئه‌كات؟
× مه‌سئولێكه‌ ناتوانم ناوى بڵێم.
ـ چاوت لێ یه‌. له‌مه‌شیاندا له‌ ئۆمه‌تى محه‌مه‌د ناچین.
× بۆچى له‌ ئۆمه‌تى محه‌مه‌د ناچین؟
ـ چونكه‌ دایمه‌ى خوا ئسوڵ وایه‌ میلـله‌ت قسه‌ بكات و مه‌سئول گوێ بگرێ.
× جا میلـله‌ت قسه‌ى له‌كوێ بوو بیكات؟! ئه‌و نیعمه‌ته‌ هه‌ر بۆ مه‌سئول باشه‌ قوربان.. ده‌م بنێ به‌ میكرۆفۆنه‌كه‌وه‌ و له‌سه‌ر ره‌قه‌م وه‌عد و به‌ڵێن بدات.
ـ ئێوه‌ش پێتان خۆشه‌؟
× ئه‌رێ وه‌ڵـڵا.. وه‌ك رۆنى سه‌گ بده‌ن له‌ قه‌لبمان وایه‌.
ـ ئه‌شزانن راست ناكات؟
× ئه‌ى چۆن؟! ئه‌رێ وه‌ڵـڵا سوور لێمان مه‌علومه‌ درۆ ئه‌فه‌رموێ.
ـ كه‌واته‌ بۆچى ئه‌چن گوێى لێ بگرن؟!
× ئاخر ئوستاز گیان ئه‌گه‌ر نه‌چین موعاده‌له‌كه‌ تێكئه‌چێ.
ـ كام موعاده‌له‌یه‌ نه‌گبه‌ت؟؟ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر درۆ دروست بووه‌؟
× ئه‌وه‌ چى یه‌؟ خه‌ریكه‌ قسه‌ى خۆتت بیرئه‌چێته‌وه‌ قوربان كه‌ فه‌رمووت راستى تاڵه‌.
ـ ده‌بڕۆ خوا موه‌فه‌قت بكات ئیشه‌ڵـڵا.
× ئاى له‌و دوعایه‌!... ئینسانێ ئولفه‌تى به‌ درۆوه‌ گرتبێ چۆن خوا موه‌فه‌قى ئه‌كات؟؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure