خۆپیشاندانه‌كانى ئێران روسیا نیگه‌ران ده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 03/01/2018


سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

گۆڕانكارى و رووداوه‌ خێراكانى ئێران، بارێكى له‌ناكاوى نه‌خوازراویان بۆ مۆسكۆ دروستكرد، له‌ڕووى كات و به‌هۆى گۆڕینى ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌ له‌ داواكارییه‌ ئابوریه‌كان و باشكردنى بژێوى و گوزه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمگه‌لى سیاسى كه‌ داواى سه‌رپه‌ڕاندنى ده‌سته‌بژێره‌ سیاسیه‌كه‌ى وڵات ده‌كه‌ن. 

مۆسكۆ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایى ساڵدا ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى خۆى ده‌گێڕێت له‌ نه‌خشاندنى رووى واقیعێكى تازه‌ له‌ سوریا و ئاماده‌سازیى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رووى سیاسیه‌وه‌ ئه‌و نه‌خش و نیگاره‌ كێشراوه‌ى بچه‌سپێنێت، له‌مكاته‌دا خۆى ئاماده‌ نه‌كردبوو بۆ گۆڕانكارییه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ پلانه‌كه‌ى نه‌ك هه‌ر له‌ سوریا به‌ڵكو له‌ ناوچه‌كه‌یشدا تووشى سه‌رسم و شڵه‌ژان بكات.

به‌دواداچوونى هۆشدارییانه‌ى روسیا بۆ رووداوه‌كه‌ى ئێران، گۆڕانكاریى تێكه‌وت، چونكه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دانى به‌وه‌دانا كه‌ خۆپیشاندانه‌كان گوزارشتن له‌ "تووڕه‌یى میلـلى به‌رامبه‌ر دۆخى گوزه‌ران و بارى ئابوریى" ئه‌مه‌یش وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى روسیادا هاتبوو كه‌ تێیدا روسه‌كانى ناو ئێران-ى ئاگاداركرده‌وه‌ له‌وه‌ى نه‌چنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانى تێدا رووده‌ده‌ن. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى روسیا دواتر گۆڕا بۆ گوتارێكى واى له‌ ناوه‌رۆكدا نزیك بێت له‌ هه‌ڵوێستى ره‌سمیى تاران كه‌ ئۆباڵى په‌ره‌سه‌ندنى دۆخه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى "دوژمنان" و باس له‌ "پیلانگێڕیى ده‌ره‌كى" ده‌كات.

مۆسكۆ كه‌ هۆشداریى ده‌دات له‌ "ئامانجى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى تێكدانى بارى ئارام و جێگیرى وڵاته‌" ترسى جدیى خۆى له‌وه‌ ئاشكراكردووه‌ كه‌ ره‌وشه‌كه‌ له‌ده‌ستده‌ربچێت و به‌ره‌و سیناریۆى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توند و خوێنڕشتن" بڕوات.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌و جیاوازیه‌ى له‌ هه‌ڵوێستى راگه‌یه‌نراو و ئاشكراى روسیادا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌لاى روسیاوه‌ كوژرانى ده‌یان كه‌س له‌ هه‌فته‌یه‌كدا، خوێنڕشتن نییه‌، به‌ڵام له‌مه‌یش گرنگتر زمانى هۆشداریدان و پێداگرییه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى، ئه‌مه‌یش خۆى له‌خۆیدا ئاماژه‌دانێكى خێرایه‌ به‌وه‌ى كه‌ مۆسكۆ رێگه‌نادات خۆپیشاندانه‌كانى ئێران بگۆڕدرێن بۆ گوشارێكى زیاتر له‌سه‌ر تاران، به‌تایبه‌ت كه‌ شاره‌زاییه‌كى درێژى هه‌یه‌ له‌ رێگرتن و له‌مپه‌ر خستنه‌به‌رده‌م هه‌ر جووڵه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى زیاترى توندوتیژیى له‌ دژى خۆپیشانده‌راندا. 
   
ئه‌وه‌ بۆ روسیا ئاسان نییه‌، روسیایه‌ك كه‌ ئاماده‌یى هه‌میشه‌یى له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، ئاسانییه‌ كه‌ هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌ ئیقلیمییه‌كه‌ى تووشى له‌رزه‌ و له‌رینه‌وه‌ى گه‌وره‌ ببێت. هه‌مان شت له‌به‌رامبه‌ر توركیایش ئه‌گه‌رچى به‌ ئاستێكى كه‌متره‌، هێنده‌ به‌سه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى روسیا بیربێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساته‌وه‌ هه‌یبوو به‌رامبه‌ر هه‌وڵى كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ى ناوه‌ڕاستى ساڵى 2016ى توركیا. 

ئه‌م ترسه‌ى روسیایش پاساوى خۆیى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێكى گرنگى ده‌سته‌بژێرى روسیا قه‌ناعه‌تى وایه‌ ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوویش بێت له‌ له‌ناوبردنى راپه‌ڕینه‌كه‌ و سیناریۆى 2009 دووباره‌ ببێته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر  به‌لاوازیى دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و تواناى جارانى له‌ مانۆڕه‌ ئیقلیمیه‌كاندا نابێت. چونكه‌ بۆشایى و كه‌لێنى نێوان ده‌سته‌بژێرى ده‌سه‌ڵاتدار و به‌شێكى زۆرى ئێرانییه‌كان فروانتر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش ماناى زیاتربوونى شێوازه‌كانى ناڕه‌زایى ده‌ربڕین و دووباره‌بوونه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.    

هه‌روه‌ها ململانێى نێوان ریفۆرمست و موحافزكاره‌كان توندتر ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر لایه‌كیان هه‌وڵده‌دات بۆ راكێشانى خۆپیشاندانه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ڵوێسته‌كانى خۆى، یه‌كه‌میان له‌ڕێى قۆستنه‌وه‌ى داواكاریه‌ چاكسازییه‌ به‌رزكراوه‌كانى شه‌قامه‌وه‌ بۆ پاساوى سیاسه‌تى خۆى و دووه‌میشیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ تێكچووه‌ى ئێستا به‌ شكستى تیمى ریفۆرمیست داده‌نێت بۆیه‌ واده‌كات سیاسه‌تێكى توندترى ناوخۆیى بگرێته‌به‌ر و په‌یڕه‌وى بكات. 

ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ نزیكه‌كان له‌ كرملین-ه‌وه‌ گوزارشتیان لێكردووه‌، گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ى خۆى له‌سه‌ر سنوورداركردن و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا مۆسكۆیش هانده‌دات تا به‌ حساباتى خۆیدا بچێته‌وه‌ و ئاماده‌ى هه‌ر سیناریۆیه‌كى داهاتوو بێت، له‌وانه‌یش سه‌رقاڵبوونى تاران له‌ناوخۆدا و لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌ك. 
راسته‌ روسیا له‌ هه‌موو سیاسه‌تى ئیقلیمى ئێران له‌گه‌ڵ تاراندا نییه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ چه‌ك و پاره‌پێدانى حزبوڵـڵا و ده‌ستوه‌ردانى له‌ كاروبارى ناوخۆى وڵاتانى ناوچه‌كه‌وه‌، به‌ڵام روسیا ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ى رۆڵى ئێران ره‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ى مۆسكۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ستیداوه‌تێ كه‌ له‌ به‌شێكى گرنگیاندا پشتده‌به‌ستێت به‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ ئیقلیمیه‌كان و به‌ پله‌ى یه‌كه‌میش له‌گه‌ڵ تاراندا. 
 
له‌وه‌ده‌چێت ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ ورده‌ى كه‌ روسیا تائێستا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و به‌هۆى پاراستنى رایه‌ڵه‌ كاریگه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێكدا دروستیكردووه‌، ئه‌گه‌رى لێدانى  له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش وه‌ك ده‌رهاویشته‌ى ئه‌و له‌رینه‌وانه‌ى كه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ شاره‌كانى ئێراندا دروستى كردوون. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر مۆسكۆ، كه‌ زیاد له‌ جارێك له‌به‌رده‌م سه‌ردانیكه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كانیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر هیچ لایه‌نێك له‌ سیاسه‌تى ئیقلیمیى ئێراندا نابینێت، پێویسته‌ له‌سه‌رى بژارده‌ى جێگره‌وه‌ى هه‌بێت، بژارده‌یه‌ك كه‌ پێناچێت كرملین خۆى بۆ ئاماده‌ كردبێت، لانیكه‌م له‌ئێستادا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure