لاوه‌له‌رزه‌.... یان له‌رزه‌لاو

بۆچوون / بیروڕا :: 30/12/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد یان (كۆگاى ئۆكسفۆرد بۆ وشه‌-معجم أكسفورد) گرنگترین ئه‌و سه‌رچاوه‌-مرجع-ه‌یه‌ كه‌ وشه‌ى نوێ، یاخود ماناى نوێ ریز ده‌كات، یان گوزارشت و ده‌ربڕینى لێكدراو له‌ موفرده‌داته‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ پێكدێنێت و واتایه‌كى نوێى ده‌داتێ.
له‌ كۆتایى ساڵدا پاشكۆیه‌كى نوێ بۆ فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد چاپده‌كرێت. یه‌كه‌م چاپى ئۆكسفۆر به‌ وردى و به‌ چڕى (یان چاپه‌ بچووكه‌كه‌) له‌ ساڵى 1911 ده‌رچووێنراوه‌، به‌ڵام چاپه‌ ئه‌كادیمیه‌ فره‌ به‌شه‌كه‌ى بۆ ساڵى 1478 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.  

له‌ ناوه‌ڕاستى 2009 دا ژماره‌ى وشه‌كانى ناو زمانى ئینگلیزیى گه‌یشته‌ یه‌ك ملیۆن وشه‌، بیست به‌شه‌كه‌ى فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆردیش 171 هه‌زار و 476 وشه‌ى له‌خۆده‌گرت، له‌وانه‌یش 47 هه‌زار و 165 وشه‌یان (خانه‌نشین) كران.

سه‌رچاوه‌یه‌كى دیكه‌، فه‌رهه‌نگى وێبسته‌ر-ه‌ كه‌ یه‌كه‌م چاپى ساڵى 1828 له‌ نووسینى پسپۆرى زمانى ئه‌مریكى نۆح وێبسته‌ر (1758-1843) ده‌رچووه‌. رۆژى پێنج شه‌ممه‌ 14ى كانونى یه‌كه‌م، فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد، (وشه‌ى ساڵى 2017)ى راگه‌یاند كه‌ (youthquake) بوو. ئه‌م وشه‌یه‌یش ده‌بێته‌ (له‌رزه‌لاو- هزه‌شبابیه‌) وه‌ك جێگره‌وه‌ى بوومه‌له‌رزه‌. هۆكاره‌كه‌یش كاریگه‌ریى زۆرى لاوانى ته‌مه‌ن نێوان (18 بۆ 24 ساڵه‌) له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2017 دا، هه‌روه‌ها هه‌ڵكشانى ئه‌ستێره‌ى جێریمى كۆربین سه‌ركرده‌ى نه‌یارى كرێكاریى و زاڵبوونى سه‌نگى كرێكارانه‌، چونكه‌ حكومه‌تى زۆرینه‌ى ره‌ها ون بوو و نه‌ما. 
 
له‌ زمانى عه‌ره‌بیدا هه‌رده‌بێت ببێته‌ وشه‌یه‌كى لێكدراو (هزه‌ شبابیه‌) یان (زلزال شبابی). خۆ ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ به‌ده‌ست من بوایه‌ ئه‌وا وشه‌ى (شبالزال) یان (زلشباب) م بۆى داده‌هێنا، به‌ڵام كاره‌كه‌ به‌ ده‌ست ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى رۆژانه‌ زمان به‌كارده‌هێنن. 

ئێمه‌ وه‌ك نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان، چه‌ندێك هه‌وڵبده‌ین و داهێنانى وشه‌ بكه‌ین، هه‌ر به‌ده‌ستمان نییه‌، به‌ڵكو له‌ شه‌قامه‌كان و گازینۆكان و كۆڕ و كۆبوونه‌ى خوێندكاران و هوتافه‌كانى جه‌ماوه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كان و ئاهه‌نگگێڕانى فێستیڤاڵه‌ گشتیه‌كاندا یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌. هه‌ر وشه‌یه‌ك با زۆریش به‌كاربهێنرێت، فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد به‌ مه‌رجه‌وه‌ دیاریى ده‌كات. 
به‌ته‌واوى نازانم چۆن فه‌رهه‌نگه‌كان و كۆگا هاوچه‌رخه‌ عه‌ره‌بیه‌كان مه‌رجه‌كانى دانانى وشه‌ى نوێ بۆ زمان زیاد ده‌كه‌ن (ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌ریته‌ هه‌بێت). ره‌نگه‌ له‌به‌ر جیاوازیى نێوان زمانه‌كانى عه‌ره‌بى و ئینگلیزى بێت كه‌ جیاوازییان سست-ى و چالاك-ییه‌.  

زمانى عه‌ره‌بى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر رووى ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ ده‌یخوێنیته‌وه‌، ته‌نیا له‌ گه‌شتى هه‌واڵه‌كاندا گوێت لێى ده‌بێت یاخود له‌ كتێب و وانه‌ى زانكۆكاندا ده‌یخوێنیته‌وه‌ و ده‌یبینیت، ئیتر خه‌ڵكى له‌ شه‌قامه‌كان و بازاڕه‌كان و له‌ ماڵه‌كانى خۆیاندا به‌ زمانێكى تر ده‌دوێن و قسه‌ ده‌كه‌ن، بیرى پێده‌كه‌نه‌وه‌ و په‌ره‌ى پێده‌ده‌ن و موفره‌دات و ماناى تازه‌ى واى بۆ داده‌ێنن كه‌ له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانیدا بگونجێت. 

خه‌ڵكى له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى ده‌دوێن (ته‌نانه‌ت غه‌یرى زمانه‌كه‌یش به‌هۆى به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌) هه‌مان ئه‌و زمانه‌ و ئه‌و موفره‌داتانه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یشدا به‌كاردێنن و له‌ گه‌شتى هه‌واڵه‌كاندا ده‌یبیستن و له‌ كتێب و رۆژنامه‌كاندا ده‌یخوێننه‌وه‌، بۆیه‌ زمانى نووسراوى ئینگلیزى هاوشانى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ شه‌قامدا قسه‌ى پێده‌كرێت، په‌ره‌ده‌ستێنێت و پێشده‌كه‌وێت. 

وشه‌ى ئه‌مساڵ، كه‌ لاو-ى خسته‌ شوێنى زه‌مین له‌ زه‌مینله‌رزه‌دا (لاوه‌له‌رزه‌ یان له‌رزه‌لاو) تازه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا سه‌ریهه‌ڵدا، ماوه‌ى یاخیبوونى لاوان و مۆسیقاى هیپز و خۆشه‌ویستى و گوڵ له‌بریى جه‌نگ. ئه‌ى بۆچى دواى نیوسه‌ده‌ بووه‌ وشه‌ى ساڵى2017؟   

هه‌موو ساڵێك به‌ تێكڕایى هه‌زار وشه‌یه‌ك ده‌چێته‌ زمانى ئینگلیزى-یه‌وه‌، ته‌نیا له‌ سه‌ده‌ى بیستدا 90 هه‌زار وشه‌ى نوێ چوونه‌ته‌ زمانى ئینگلیزییه‌وه‌.
گوزاره‌ى (youthquake له‌رزه‌لاو) وه‌ك وشه‌یه‌كى لێكدراو، زۆر به‌ سانایى له‌ نێو به‌كارهێنه‌رانى زمانى ئینگلیزیدا جێى خۆیى گرته‌وه‌، به‌و مانایه‌ى كاریگه‌رییه‌كى زۆرى هه‌بوو، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ گوزاره‌یه‌كى زۆر سه‌رنجڕاكێش و داهێنه‌رانه‌ بێت.

وه‌ك ئه‌و نووسه‌رانه‌ى تر كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى ده‌نووسن، منیش ده‌یان وشه‌م له‌ شانۆگه‌رییه‌كان و شه‌ش كتێبدا (له‌ نێوان 1975 و 2011 ده‌رچووێنراون) داهێناوه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌د وشه‌ زۆر به‌كارهێنراوانه‌یان له‌نێواندا نییه‌. 

وشه‌ى ساڵى رابردوو، لێكدراوى هه‌ردوو وشه‌ى (دواى حه‌قیقه‌ت) بوو، به‌هۆى هه‌ڵكشانى ئه‌ستێره‌ى دۆناڵد تره‌مپ و لێشاوى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وت. به‌ڵام (سێڵفى) وشه‌ى 2013 و شێت و شه‌یدایى باوى چركاندنى وێنه‌ى خودى كه‌س و هاورێیان بوو. 

ئه‌مه‌ ده‌مانبات بۆ ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه‌ نووسه‌رانى فه‌رهه‌نگه‌كانى ئۆكسفۆرد وشه‌ تازه‌ داهێنراوه‌كانى پێهه‌ڵده‌بژێرن تا له‌ فه‌رهه‌نگدا تۆماریان بكه‌ن. 

نووسه‌رانى فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆر، گۆڤاره‌كان و رۆژنامه‌كان و كتێبه‌كان ده‌پشكنن و گوێ له‌ رادیۆكان ده‌گرن و خشته‌ و خانه‌كان دروست ده‌كه‌ن بۆ تۆماركردنى گونجاوێتیان و پاشان دووباره‌كردنه‌وه‌ى، ئیتر نووسراو بن یان به‌شێوه‌ى زاره‌كى یاخود به‌ هه‌ردووكیان بن. 

له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌ نووسه‌ران ئامێرى كۆمپیوته‌ر به‌كاردێنن بۆ به‌رنامه‌ڕێژكردنى ئه‌م خشتانه‌، ئه‌وانه‌ى زیاد له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك و رۆژنامه‌كانى ئێستا و هه‌ندێك له‌ كتێبه‌كانیش له‌سه‌ر ئینته‌رنێتن. له‌ڕێى خشته‌ به‌رنامه‌ڕێژكراوه‌كان به‌ كۆمپیوته‌ر، ده‌توانن ئاستى بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و وشانه‌ بزانن كه‌ چوونه‌ته‌ زمانه‌كه‌وه‌، به‌مه‌یش یان گوزاره‌یه‌كى نوێى پوخت یاخود لێكداو یان به‌كارهێنانى به‌ مانایه‌كى تازه‌ى گوزارشتێكى كۆن، بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌.

له‌نێوان 20 هه‌زار بۆ 35 هه‌زار وشه‌، تێكڕاى ئه‌و وشانه‌ن كه‌سێك ده‌یانزانێت كه‌ زمانه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى ئینگلیزیى بێت. له‌و ژماره‌یه‌ پێنج هه‌زاریانى له‌ ته‌مه‌نى چوار ساڵیدا وه‌رگرتووه‌ و له‌ ته‌مه‌نى هه‌شت ساڵیشیدا ده‌بێته‌ ده‌ هه‌زار، واتا دوو هێنده‌. بێگومان سه‌رچاوه‌ى وشه‌كان و ئه‌و لایه‌نه‌ى وشه‌كانیان لێوه‌ ده‌رده‌چن جیاوان بۆ منداڵ و هه‌رزه‌كار و پاشان گه‌نج و دواتر ئه‌وانى دیكه‌ لێیانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن.
له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ سه‌رچاوه‌كان به‌ پێى نه‌وه‌كان په‌ره‌ده‌ستێنن و ده‌گۆڕێن، فه‌رهه‌نگه‌كانى ئۆكسفۆردیش ناچارن هه‌ر ساڵه‌ و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك زیاد بكه‌ن.  

دواى تێپه‌ڕبوونى 400 ساڵ به‌سه‌ر كۆچى دوایى شاعیر و شانۆنووسى به‌ناوبانگ ولیام شكسپیر-دا (1564-1616) شاره‌كه‌ى، شارى ستراتفۆرد-ى سه‌ر رووبارى ئه‌یفۆن له‌ ناوه‌ڕاستى ئینگلته‌ره‌، كه‌ شانۆنامه‌كان و شیعره‌كانى تێدا داڕشتوونه‌ته‌وه‌، به‌ كارگه‌ى هه‌ڵهێنانى وشه‌ى نوێى ئینگلیزیى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆى تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ى ئینته‌رنێته‌وه‌، له‌ هه‌ر سه‌د خوله‌كێكدا گوزاره‌یه‌كى ئینگلیزى له‌دایكده‌بێت، واتا به‌ نزیكه‌ى 14 وشه‌ له‌ رۆژێكدا.  

وشه‌ تازه‌كه‌ كاتێك له‌ فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد جێگیر ده‌كرێت، بڕگه‌یه‌كى شیكردنه‌وه‌یشى به‌گوێره‌ى پێویست و به‌وپێیه‌ى كه‌ نووسه‌ره‌كان تۆماریان كردووه‌، له‌ خشته‌كانى به‌دواداگه‌ڕاندا بۆ ده‌نووسرێت. وه‌ك: سه‌رچاوه‌كه‌ى و ماناكه‌ى و یه‌كه‌م به‌كارهێنانى و ئاخۆ وشه‌كه‌ ئه‌نگلۆسه‌كسۆنى یان لاتینى یان جه‌رمانى-یه‌ (كه‌ سه‌رچاوه‌كانى زمانى ئینگلیزین) یاخود وشه‌یه‌كى بیانییه‌ و به‌ ئینگلیزیى كراوه‌ (وشه‌گه‌لى عه‌ره‌بیى وه‌ك ئینتیفازه‌ و جیهاد، وشه‌ى كۆشێر-ى عیبرى، پراڤۆ-ى ئیتالى ئه‌مڕۆ هه‌موویان بوونه‌ته‌ وشه‌ى ئینگلیزى). تێبینى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت كه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ى زاراوه‌ى زمانه‌وانیى له‌ به‌رنامه‌ى وه‌ك (مایكرۆسۆفت) یان (ئه‌پڵ) یان (ئایفۆن) به‌كاردێنێت و وردبینكاریى زمانى ئه‌لیكترۆنى هێڵى به‌ژێردا ناكێشێت یان راستى ناكاته‌وه‌، فه‌رهه‌نگى ئۆكسفۆرد خستویه‌تیه‌ زمانه‌كه‌وه‌ و جێیكردووه‌ته‌وه‌.  

له‌و وشانه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2017 دا ده‌ركه‌وتن و وه‌ك وشه‌ى ئینگلیزى چوونه‌ته‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌وه‌، گوزاره‌ى (Kompromat) روسییه‌ كه‌ زۆر له‌ مۆسكۆدا به‌كارده‌هێنرێت، واتاكه‌یشى ئه‌و ماده‌ یان جه‌وهه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ سووكایه‌تیكردن به‌ كه‌سێك و ناچاركردنى بۆ سازشكردن. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ وشه‌كه‌ له‌  compromiseى ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ فرمانێكه‌ و ماناى سازشكردن ده‌دات.  

دووباره‌بوونه‌وه‌ى به‌كارهێنانى وشه‌یش، گره‌نتیى ئه‌وه‌ى نییه‌ نووسه‌ران وشه‌كه‌ بخه‌نه‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مانایه‌كى زانراوى بۆ وه‌رگر نه‌بێت و لێى تێنه‌گات، به‌ڵكو ده‌بێت وشه‌كه‌ به‌رده‌وامیى له‌ به‌كارهێنانیدا هه‌بێت ئینجا دایده‌نێن. بۆ نموونه‌ (بریكست) كه‌ چه‌ندباره‌یش بووه‌وه‌ به‌ڵام به‌ وشه‌ى ساڵى 2017 هه‌ڵنه‌بژێردرا، چونكه‌ هیچى زیادى نه‌هێنا به‌ڵكو گوزاره‌یه‌كى كۆن بوو، كه‌ واتایه‌كى تازه‌یشى درایه‌ كاریگه‌رییه‌كى زۆرى سیاسیى هه‌بوو. 

یان نموونه‌یه‌كى دیكه‌ (Carbon-footprint)ه‌، نزیكترین وه‌رگێڕانى، ئه‌و ئاسه‌وارانه‌یه‌ كه‌ غازى سووته‌مه‌نییه‌ كاربۆنیه‌كان له‌سه‌ر ژینگه‌ هه‌یانه‌. ئه‌م گوزارشته‌ له‌ (كاربۆن) و (كاریگه‌رى یان ئاسه‌وار) لێكدراوه‌، ئه‌مه‌ى دووه‌میشیان یه‌كه‌مجار دوو وشه‌ بووه‌ و گۆڕاوه‌ بۆ یه‌ك وشه‌ به‌ ئینگلیزى. زیاتر له‌ دوو گرێ ئه‌م گوزاره‌یه‌ بۆ ژینگه‌ به‌كارهێنراوه‌ و ئێستایش هه‌ر به‌رده‌وام به‌كارده‌هێنرێت.  

خۆڕاگریى گوزاره‌ى نوێ بۆ به‌كارهێنانى رۆژانه‌ى، ده‌بێته‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌ زیندوویى مانه‌وه‌ى له‌ ئۆكسفۆرد-دا یاخود ده‌خرێته‌ فه‌رهه‌نگى وشه‌ كۆنه‌ كه‌م به‌كارهێنراوه‌كانه‌وه‌ یان بۆ ریزى ئه‌وانه‌ى كه‌ خانه‌نشین ده‌كرێن.. با چاوه‌ڕێى ساڵى داهاتوو بین.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure