ده‌رفه‌ته‌ به‌فیڕۆچووه‌كه‌ى كورد و عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 28/12/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌وه‌ده‌چێت بزاوته‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراق كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو ده‌ستى پێكرد، له‌ ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌مدا ده‌رفه‌تى زێڕینى چاكسازیى له‌ هه‌رێمدا له‌ده‌ست دابێت، به‌ كۆى بزاڤه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ى عێراقیشه‌وه‌ كه‌ له‌ هاوینى 2015 وه‌ به‌رده‌وامه‌. 

بڵێسه‌ى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ شارى سلێمانى و شارۆچكه‌ كوردیه‌كانى دیكه‌وه‌، له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌ڵایسا كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ مووچه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌هۆى راگرتنى شایسته‌ییه‌كانى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتیدا له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌ له‌ به‌غدا، ئه‌مه‌یش ده‌ره‌نجامى ململانێكانى داهاتى نه‌وت و گومرگه‌ كه‌ لاى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ و له‌ داهاته‌كانى  بودجه‌ى گشتیدا تۆمارى ناكات. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ هۆكارێكى تازه‌یش كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌رجى حكومه‌تى به‌غداوه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر خه‌رجكردنى شایسته‌كانیدا، مه‌رجه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هه‌رێم بێبه‌ریبوونى خۆى له‌و ریفراندۆمى مافى چاره‌ى خۆنووسینه‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ 25 ى ئه‌یلولى رابردوودا ئه‌نجامیدا و به‌ ئاشكرا به‌ڵێن بدات كه‌ له‌ ئایینده‌یشدا هه‌وڵنادات بۆ گوزارشتكردن له‌و مافه‌ و كار بۆ جێبه‌جێكردنى ناكات.  

داواكاریى بزاوته‌ كوردیه‌كه‌ ته‌نیا له‌ مه‌سه‌له‌ى  مووچه‌ڕاگیراوه‌كاندا نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو داواى چاكسازیى سیاسى و ئیدارى و قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵیى ئیدارى و دارایى ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت خۆپیشانده‌ران داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌ندامه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان-یشیان كردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى تازه‌ و بێگه‌رد بۆ دیاریكردنى نوێنه‌رانى تازه‌ى گه‌لى هه‌رێم و پێكهێنانى حكومه‌تێكى نوێ.

یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ى كوشنده‌ كه‌ بزاوته‌كه‌ى تێكه‌وت، ئه‌وه‌بوو رێگه‌ى كرده‌وه‌ بۆ ده‌ستانێكى خاوه‌ن مه‌به‌ست و ئامانجى تایبه‌ت تا بكشێنه‌ ناوى و رێڕه‌وى ئاشتیانه‌ى بگۆڕن بۆ ئاراسته‌یه‌كى توندوتیژ، ئه‌مه‌یش به‌ په‌لاماردانى باره‌گا حكومى و حزبیه‌كان و وێرانكردنى هه‌ندێكیانى لێكه‌وته‌وه‌. هه‌ڵه‌ى كوشنده‌ى دووه‌میش ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌ناى برده‌ به‌ر فاكته‌رى ده‌ره‌كى (به‌ تایبه‌ت حكومه‌تى فیدراڵى له‌ به‌غدا)، ئه‌وه‌بوو هه‌ندێك له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ راشكاوى داوایان له‌ حكومه‌تى ناوه‌ند ده‌كرد تا ده‌ست له‌ هه‌رێمه‌كه‌ وه‌ربدات. ئه‌مه‌یش له‌ جه‌هل و نه‌زانینه‌وه‌یه‌، چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستور مافى ئه‌وه‌ به‌ حكومه‌تى فیدراڵ و هێزه‌كانى نادات تا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ناوخۆیى ده‌ست له‌ هه‌رێم وه‌ربده‌ن، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى به‌غدا عه‌ساى سیحریى له‌وجۆره‌ى هه‌بوایه‌ كه‌ خۆپیشانده‌رانى سلێمانى داواى ده‌كه‌ن ئه‌وا پێشتر كێشه‌ زۆره‌كانى خۆیى پێ چاره‌سه‌ر ده‌كرد و داواكاریى خه‌ڵكه‌كه‌ى خۆیى، له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، پێ جێبه‌جێ ده‌كرد، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ى چاكسازییه‌ سیاسى و ئیداریه‌كان كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى هه‌ر له‌ دامه‌زراندنی له‌ پاریزى 2014 وه‌ به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى دا و پاشان له‌ هاوینى 2015 دا دوو به‌سته‌ى تر به‌ڵێنى بۆ ده‌ركرد بێ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى هه‌بێت. هه‌روه‌ها به‌ڕێز عه‌بادى جار دواى جار به‌ڵێن ده‌دات به‌ قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و دارایى كه‌ به‌ هه‌موو لایه‌كى ده‌وڵه‌تى عێراقیدا ته‌نیوه‌ته‌وه‌، كه‌چى هیچى به‌هیچ نه‌كردووه‌ و له‌ قسه‌ دووباره‌كان تێنه‌په‌ڕیووه‌.   

ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو هه‌ڵه‌یه‌ نه‌بوونایه‌ كه‌ بوونه‌هۆى ئه‌وه‌ى بزاڤه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌كى ره‌سه‌نى سیاسى سه‌ركردایه‌تى نه‌كات یان لایه‌نگرى نه‌بن، له‌وانه‌بوو جووڵه‌ كوردیه‌كه‌ ببوایه‌ته‌ سه‌ره‌تاى قۆناغى عێراقێكى نوێ، قۆناغى شڵه‌قان و شپرزه‌ییه‌كى فراوانى كۆمه‌ڵایه‌تى-سیاسى كه‌ بتوانێت وا بكات چینى ده‌سه‌ڵاتدارى سیاسى عێراق، به‌ چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ى هه‌رێمیشه‌وه‌، چاو به‌ پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌دا بخشێننه‌وه‌ و رێڕه‌وه‌كه‌ى راست بكه‌نه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ندێك چاكسازیى سیاسى و ئیداریى له‌ پێش هاتنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئایارى ساڵى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت، یاخود له‌ میانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا. 

چینى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌ولێر و سلێمانى، هه‌روه‌ها له‌ به‌غدایش، ئێستا له‌ لاوازترین حاڵه‌تیاندان، خۆ ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ى كوردستان به‌ ئاڕاسته‌ راسته‌كه‌یدا بڕۆیشتایه‌، ئاراسته‌ى ئاشتیى و پشتنه‌به‌ستراو به‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌كیه‌كان، له‌وانه‌بوو رۆڵى هه‌بوایه‌ له‌ چالاككردنه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ى عێراق و تازه‌كردنه‌وه‌ى خوێنى ده‌ماره‌كانى، چونكه‌ خۆپیشاندانه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كانى ئێستاى به‌غداى پایته‌خت و هه‌شت شارى دیكه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشوردا، له‌م رۆژانه‌ى دواییدا ده‌نگى هاوكاریى خۆیان به‌ به‌رزى هه‌ڵبڕى له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانى سلێمانى و شاره‌ كوردیه‌كانى دیكه‌دا، به‌ڵام په‌نابردنى ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌  بۆ حكومه‌تى به‌غدا، واده‌كات كه‌ نه‌توانێت ده‌نگدانه‌وه‌ى خۆى له‌ناو بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ عێراقیه‌كه‌دا بدۆزێته‌وه‌ كه‌ به‌نزیككراوه‌یى هه‌مان داواكارییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌: چاكسازیى سیاسى و ئیدارى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئازاد و بێگه‌رد و قه‌لاچۆكردنێكى راست و ره‌واى گه‌نده‌ڵیى ئیدارى و دارایى له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا. 

ئه‌وه‌ روون و ئاشكرایه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى هه‌رێم دروستكراوى له‌سه‌دا سه‌دى كورد نه‌بوو، ئه‌گه‌رچى هۆكارگه‌لێكى زۆر هه‌ن كه‌ هانده‌ر و پاڵنه‌ر بن بۆ خۆپیشاندان و هه‌ڵبڕینى ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى و ده‌مێكیشه‌ هه‌ن، به‌ڵام لایه‌نى كاراى ناو حكومه‌تى فیدراڵ و هێزى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدار و دامه‌زراوه‌ى میدیاى حزبى له‌ به‌غدا، رۆڵێكى زۆریان هه‌بوو له‌ هاندان و خۆشكردنى ئاگرى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، له‌وانه‌یشه‌ ئه‌مه‌ فاكته‌رى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى په‌شێویه‌كانى ئه‌م دواییه‌ نه‌بن. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ى حكومه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك هه‌موو عێراق، تووشى پرۆسه‌ى سوان و داخوران بووه‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى گه‌نده‌ڵیى ئیدارى و دارایى كه‌ ده‌رهاویشته‌ى سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ و ئه‌و دابه‌شكاریه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ حزبه‌كان به‌هۆیه‌وه‌ ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ده‌سه‌ڵات و نفوز و پاره‌دا و وایكردووه‌ له‌ كاتێكى كه‌مى پێوانه‌ییدا چینێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى بێ ئابڕوو له‌ بێرۆكراتیه‌كانى حكومه‌ت و حزبه‌كان گه‌شه‌ى كردووه‌، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر حسابى قووتى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌ تووشى هه‌ژارى و بێكارى و نه‌بوونیى سیستمى خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌كانیان كردوون. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌و په‌شێویه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌غدا، ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یرانى بونیه‌ویه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ى سیاسیى تێكه‌وتووه‌، ئیتر له‌ هه‌رێم بێت یاخود له‌ عێراق.. سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ به‌ته‌واوى داخوراوه‌ و قێزه‌ونیه‌كه‌ى به‌ روونى و به‌ ناشیرینى ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌چى هه‌دوو چینى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ به‌غدا و هه‌ولێر و سلێمانى، قیرسچمه‌یى ده‌نوێنن و نایانه‌وێت دانى پێدابنێن، به‌ڵكو كارده‌كه‌ن بۆ خۆدوورگرتن و ملكه‌چنه‌بوونیان بۆ شایسته‌ پێویسته‌كان كه‌ بریتین له‌ وازهێنیان له‌ سیستمى به‌شبه‌شێنه‌ و بڕینى سه‌رچاوه‌ى گه‌نده‌ڵیى له‌ ره‌گه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر بزاوت و جموجووڵه‌ كوردییه‌كه‌ى ئێستا شكستیش بێنێت له‌ جێبه‌دێكردنى داواكارییه‌كان له‌م كاته‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بزاوته‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ گشتییه‌ عێراقیه‌كه‌دا نوقڵانه‌ى ته‌قینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى بوومه‌رله‌رزه‌ئاسان له‌ داهاتوودا كه‌ زه‌حمه‌ته‌ كۆنترۆڵ بكرێت.. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ولێر و سلێمانى و هه‌روه‌ها به‌غدا-یش باش بیزانن. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure