ساڵى 2018 چیى بۆ عێراق پێیه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 20/12/2017

نووسینى: مینا ئه‌لعرێبى
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نێوه‌ندى سیاسى جیهانى سه‌رقاڵى ئه‌وه‌بوون كه‌ ئاخۆ ساڵى 2003 چى بۆ عێراق پێیه‌ له‌كاتێكدا ته‌پڵى جه‌نگ لێده‌درا و جۆرج ده‌بلیو بوش سه‌رۆكى ئه‌وساى ئه‌مریكا رێنمایى ده‌دا بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانێتیه‌كى فراوان بۆ له‌ناوبردنى رژێمى سه‌دام حسێن-ى سه‌رۆكى عێراق. قورس و گرانه‌ بڕوا به‌وه‌ بكرێت كه‌ له‌وكاته‌وه‌ 15 ساڵ تێپه‌ڕیوه‌. ئه‌وسا عێراقیه‌كان هه‌وڵى دڵنیاكردنه‌وه‌ى خۆیان و رۆڵه‌كانیان ده‌دا و ده‌یانگوت "پاش گرێیه‌كى تر بارودۆخه‌كه‌ باشتر ده‌بێت و ده‌بێت خۆڕاگربین". واده‌بینرا كه‌ گۆڕینى سیستمى سیاسى و دانانى بناغه‌كانى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى هاوچه‌رخ چه‌ند ساڵێك ده‌خایه‌نێت. به‌ڵام 15 ساڵ تێپه‌ڕى و هێشتا ملیۆنه‌ها كه‌س تاڵاوى جه‌نگ و سیاسه‌ته‌ سه‌ره‌ڕۆكان ده‌چێژن. نه‌ك هه‌ر ته‌نیا سیاسه‌ته‌كانى سه‌دام حسێن به‌ڵكو سیاسه‌تى هه‌ندێك له‌وانه‌ى دواى ئه‌ویش. 
 
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كۆتایى ساڵى 2017 و تێپه‌ڕبوونى 15 ساڵى په‌شێوییه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كان به‌سه‌ر عێراقیه‌كاندا و بوونى سیستمێكى ته‌واو تازه‌ له‌ وڵاتدا، پرسیار له‌ ئاراسته‌ و رێڕه‌وى عێراق له‌ ساڵى داهاتوودا، ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕاى مه‌ینه‌تى و ده‌رده‌سه‌رییه‌كان، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنرێت كه‌ عێراق له‌میانه‌ى ساڵى 2017 دا سێ له‌مپه‌رى قورسى تێپه‌ڕاند. یه‌كه‌م: گێڕانه‌وه‌ى شاره‌كانى عێراق، له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ موسڵ، له‌ چنگى داعش. دووه‌م: كرانه‌وه‌ى به‌كرده‌وه‌ى عێراق به‌سه‌ر جیهانى عه‌ره‌بیدا ئه‌مه‌یش له‌ڕێى چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ شانشینى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ و ده‌وڵه‌تى ئیمارات و كردنه‌وه‌ى سنوور له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و ئوردن-دا. سێیه‌میش: تێپه‌ڕاندنى ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان و رێگریى له‌ دابه‌شبوونى عێراق. پرسیاره‌ پێویسته‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى عێراق ده‌توانێت له‌م سێ ده‌ستكه‌وته‌ سوودمه‌ندبێت و بیانقۆزێته‌وه‌ بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانێتیه‌كى سیاسى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاراسته‌یه‌كى ستراتیژیى سیاسى كه‌ تێدا خۆى و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و دووربێت له‌ پێناسه‌ى ته‌سكى به‌رژه‌وه‌ندیى سیاسیانه‌ى تایه‌فى؟

پێنج ئاڵنگاریى سه‌ره‌كیى له‌به‌رده‌م عێراقدان بۆ به‌دیهێنانى ئه‌م ئامانجه‌. ئاڵنگاریه‌كانیش كۆكراوه‌ى پێویستیى سه‌قامگیریى ناوخۆیى عێراق و مه‌ترسیه‌ ئیقلیمیه‌كانن. ئاڵنگاریى یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌ چۆنیه‌تى دووباره‌ گێڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ داعش به‌ڵاى به‌سه‌رداهێنان. مه‌ترسیى كه‌نارخستنى شار و گونده‌كان به‌ دانیشتوانه‌كانیانه‌وه‌ به‌بێ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان و دووباره‌ راهێنانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌، واتاى ئه‌گه‌رى سه‌رهه‌ڵدانى گروپگه‌لى توندڕه‌وى چه‌كداریى دیكه‌ى هه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هێشتا 1،1 ملیۆن عێراقى له‌ناو وڵاته‌كه‌ى خۆیاندا ئاواره‌ن و وێڵى گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ سه‌رماڵ و ژیانێكى شكۆمه‌ندى. گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هۆشیارییه‌كى عێراقى و نێوده‌وڵه‌تى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌ترسیه‌دا هه‌یه‌. كۆنگره‌ى وڵاتانى كۆمه‌كبه‌خش كه‌ بڕیاره‌ مانگى شوبات-ى داهاتوو له‌ كوه‌یت ببه‌سترێت، به‌ هه‌لى ده‌ستپێكێكى ساڵى داهاتوو داده‌نرێت بۆ جووڵاندنى كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر ته‌رخانكردنى پاره‌ى به‌شێك له‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌. به‌ڵام كۆنگره‌كه‌ ناتوانێت ئه‌ركى دووباره‌ راهێنانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و چاره‌سه‌رى ئه‌و درز و كه‌لێنى كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ بكات كه‌ داعش هه‌وڵى دروستكردنى داوه‌. 

ئاڵنگاریى دووه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رهاویشته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و هه‌وڵدان بۆ سه‌قامگیریى عێراقه‌وه‌، ئه‌مه‌یش پێویستى به‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى سه‌روه‌ریى ده‌وڵه‌تى عێراق له‌ هه‌ڵگرتنى چه‌كدا. مه‌سه‌له‌ى حه‌شدى شه‌عبى و رۆڵى هه‌ندێك میلیشیا كه‌ فه‌رمان له‌ ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه‌ى ئه‌منیى حكومه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گرن و هه‌ندێكیش كه‌ به‌دیاریكراوى فه‌رمانه‌كانیان له‌ ئێرانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، كارێكى هه‌روا ئاسان نییه‌.  دواى ئه‌وه‌یش كه‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ مانگى تشرینى دووه‌م-دا بڕیارێكى په‌سه‌ندكرد و حه‌شدى شه‌عبیى به‌ یاسایى كرد، مه‌سه‌له‌كه‌ ئاڵۆزتر بوو. هه‌روه‌ها چه‌كداماڵینى گروپه‌ چه‌كداره‌كان و دووباره‌ سازدانه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بخرێنه‌وه‌ بواره‌كانى كاركردنه‌وه‌ یاخود به‌شێوه‌یه‌كى سیستماكى بخرێنه‌ ناو دامه‌زراوه‌ى سوپا و پۆلیسه‌وه‌، پێویستى به‌ پلانێكى ورد و ته‌واو هه‌یه‌. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م ئاڵنگارییه‌ پێویستى به‌ یه‌كخستنى هه‌موو هه‌وڵه‌كانه‌ بۆ دابینكردنى ئاسایش و كۆنترۆڵكردنى چه‌ك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌كى وڵاتدا. به‌شێك له‌ ئاڵنگاریى چه‌كداماڵین، په‌یوه‌سته‌ به‌ رێكخستنى په‌یوه‌ندیى عێراق به‌ ئێرانه‌وه‌ و رێگرتن له‌ تاران بۆ نه‌قۆستنه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ كه‌لێن و بۆشاییه‌كانى عێراق. ئه‌مه‌یش ئاڵنگاریى سێیه‌مه‌. ناكرێت پشت به‌وه‌ ببه‌سترێت كه‌ ئێران قبووڵى بكات ده‌ست له‌ گۆڕه‌پانێك هه‌ڵبگرێت كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا، به‌بێ شه‌ڕى سه‌ربازى و سیاسى بۆى جێهێڵراوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئازاره‌كانى عێراقیه‌كان زیاد بكات. بۆیه‌ ده‌بێت عێراقیه‌كان به‌ دانانى ستراتیژییه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ئه‌م ئاڵنگارییه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ له‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانیدا بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى تاران سنووردار بكات و رێگربێت له‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى، هه‌م ئه‌و و هه‌م هیچ ده‌وڵه‌تێكى تر، بچێته‌ سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵاته‌وه‌. هه‌روه‌ك پێویسته‌ به‌غدا-یش چه‌ندان پرد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا دروست بكات بۆ هێنانه‌كایه‌ى هاوسه‌نگییه‌كى دروست له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا.

چواره‌م ئاڵنگارییش له‌ دانانى نه‌خشه‌رێگایه‌كدایه‌ بۆ دامه‌زراندنى بنه‌ماگه‌لى پته‌و و چه‌سپاوى په‌یوه‌ندیى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. دواى ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌یلول-ى رابردوو و شكستى به‌دیهێنانى سه‌ربه‌خۆیى، ئیتر عێراق پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕێنێت بۆ سه‌قامگیریى یه‌كێتیى وڵات له‌ڕێى سیستمێكى راست و ره‌واى فیدراڵییه‌وه‌. په‌یوه‌ندیى دروستى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، له‌ ساڵى 1991 ه‌وه‌ نه‌ماوه‌، دواى ساڵانێكیش له‌ پچڕانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان، پرۆسه‌ى سیاسیى پاش 2003 یش هێنده‌ى تر له‌ڕووى نیشتمانییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى تێكدا. 

به‌ڵام پێنجه‌م ئاڵنگاریى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى وایه‌ كه‌ پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى دروستى دوور له‌ تایفه‌گه‌رى و په‌رتوبڵاوى بێنێته‌ ئاراوه‌. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یش كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگى ئایارى داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت، ده‌كرێت ببێته‌ ده‌رفه‌تى راستكردنه‌وه‌ى رێڕه‌و و ئاراسته‌كه‌ یاخود لێكترازان و په‌رتكردنه‌كه‌ زیاتر بكات. 

چه‌ند ره‌گه‌زێكى سه‌ره‌كییش هه‌ن كه‌ كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ى ئاراسته‌كه‌، گرنگترینیان بڕینى سه‌رچاوه‌كانى به‌ڵاى گه‌نده‌ڵییه‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵى له‌ كایه‌ى هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تایبه‌تى عێراقدا ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه‌. گه‌نده‌ڵكاران ده‌توانن رێگریى له‌ هه‌ر هه‌وڵێك بكه‌ن بۆ چه‌ككردنى توندڕه‌وه‌كان یان كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى سنووره‌كانى عێراق یاخود وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژى قۆستنه‌وه‌ى پرۆسه‌كانى دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ى گه‌نده‌ڵى ناچێته‌ چوارچێوه‌ى ئاڵنگارییه‌كانه‌وه‌ به‌ڵكو قه‌یرانێكه‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ په‌كده‌خات كه‌ بۆ پاڵنانى عێراق به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كى باشتر ده‌درێن. 

نه‌مانده‌توانى له‌گه‌ڵ هاتنى سه‌ره‌تاى ساڵى 2003 دا پێشبینیى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى دواى جه‌نگدا چى به‌سه‌ر عێراق دێت. به‌ڵام ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ له‌و مشتومڕانه‌ ده‌ربچین كه‌ ده‌رباره‌ى جه‌نگ و تاوانه‌كانى رابردوو ده‌كرێن و به‌ره‌و ئایینده‌ بڕوانین. له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاى هه‌موو ساڵێكیشدا ئومێده‌كان نوێ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌ى ئاخۆ ده‌كرێت خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینین كه‌ ساڵى 2018 سه‌ره‌تایه‌كى تازه‌ى بۆ عێراق پێبێت؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure