عه‌ره‌ب و نوێگه‌رى: گرفت و ته‌گه‌ره‌ى به‌رده‌وامى مێژوویى

بۆچوون / بیروڕا :: 16/12/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


دواى نزیكه‌ى دوو سه‌ده‌ له‌ ده‌ستپێكى رۆشنگه‌ریى (رێنیسانس)ى عه‌ره‌بى، ناكرێت بووترێت عه‌ره‌ب ئه‌مڕۆ له‌ ئاست ده‌وڵه‌تى نوێگه‌ریدایه‌، ته‌نانه‌ت به‌ نزمترین ئاستى پێوه‌ره‌كانیشى. چونكه‌ گیروگرفت و ته‌نگژه‌ى مێژوویى به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن له‌ ژێرخانى عه‌ره‌بدا هه‌یه‌ به‌ هه‌موو دیارده‌كانى سیاسى و گه‌شه‌ و په‌ره‌پێدان و كۆمه‌ڵایه‌تى و كلتورى و فیكری-یه‌وه‌. مرۆڤى عه‌ره‌بى نه‌ توانیوویه‌تى خۆى بنه‌ماكانى بوونى مادیى به‌رهه‌مبێنێت و نه‌ توانیویشیه‌تى به‌شداربێت له‌ شۆڕشى نوێگه‌ریى زانستى و ته‌كنیكیدا، هه‌وه‌ك نه‌یشیتوانیوه‌ ده‌وڵه‌تى نیشتمانیى پته‌وى خۆى دامه‌زرێنێت كه‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى پێكهاته‌كانى، له‌ خێڵه‌كى و تایه‌فى و نه‌ژادى، نه‌بێت.

دیارترین رووى ئه‌م گرفت و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌، به‌ڕاى ئێمه‌، له‌ سێكوچكه‌ى قێزه‌ون و بێزراویدایه‌ كه‌ له‌ پاشكه‌وتوویى په‌ره‌پێدانه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ خراپیى بارى ژنانى عه‌ره‌ب و ده‌گاته‌ نوشستى عه‌ره‌ب له‌ رووى زانستیه‌وه‌.

كوچكه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م سێكوچكه‌یه‌ ئه‌و دواكه‌وتوویى گه‌سه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانه‌یه‌ كه‌ راپۆرتى په‌ره‌پێدانى مرۆیى ئاماژه‌ى بۆكردووه‌ له‌ 1990 ه‌وه‌ هه‌تا ئێستا. چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر رێنیسانسى ئابورى و به‌رهه‌مى مه‌عریفیى جیهانى پێشكه‌وتوودا، هێشتا جیهانى عه‌ره‌بى تووشى له‌تر و سه‌رسمى په‌ره‌پێدانه‌، سه‌ره‌ڕاى ده‌ستكه‌وته‌ رێژه‌ییه‌كان له‌م بواره‌دا. 

ئه‌وه‌تا به‌هاى رێبه‌رى په‌ره‌پێدانى مرۆیى له‌ جیهانى عه‌ره‌بی و له‌ ساڵى 2015 دا گه‌یشتووه‌ته‌ (687،.) ئه‌م ژماره‌یه‌یش به‌راورد به‌ جیهانى پێشكه‌وتوو كه‌ (892،.) بوو، (مته‌وازعه‌)، ته‌نانه‌ت به‌راورد به‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى وڵاتانى گه‌شه‌سه‌ندوویش له‌ نموونه‌ى برازیل (754،.) یان كوبا (775،.) یان سریلانكا (766،.). به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێكمان كرد له‌ نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ربییانه‌ى قورسایى دانیشتوانیان هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پێشكه‌وتوانه‌ى كه‌ له‌ نوێگه‌ریدا له‌ عه‌ره‌ب دواكه‌وتووتربوون، ده‌بینین به‌هاى رێبه‌ى په‌ره‌پێدان له‌ میسر (689،.) و له‌ مه‌غریب (647،.) و له‌ یه‌مه‌ن (482،.) و له‌ سودان (490،.) و له‌ عێراق (649،.) یه‌ به‌راورد به‌ ژاپۆن (903،.) و كۆریاى باشور (901،.) و ئیسرائیل (899،.) و ئه‌رژه‌نتین (827،.) ه‌. ئه‌مه‌یش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ زیندووێتیى و خوونه‌ریتى ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ له‌پێناو پێشكه‌وتندا، له‌به‌رامبه‌ر سستى عه‌ره‌ب و خاووخلیچكیى بێفه‌ڕیان ده‌رباره‌ى گرفت و ته‌نگژه‌ى مێژووییان و پرسیارى خووپێوه‌گرتوویان كه‌ له‌ سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه‌وه‌، تائێستایش،  گه‌مارۆى بیر و كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بیى داوه‌.   

كوچكه‌ى دووه‌مى سێكوچكه‌كه‌، خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ شكست و بێتوانایى عه‌ره‌ب له‌وه‌دا كه‌ خۆى بخاته‌ ناو شۆڕشى زانستیى هاوچه‌رخ و داهێنانه‌ مه‌عریفى و ته‌كنیكیه‌كانیه‌وه‌. راپۆرتى مه‌عریفه‌ى عه‌ره‌بى بۆ ساڵى 2014 ئاماژه‌ به‌ خراپیى توێژینه‌وه‌ى زانستى و پووكانه‌وه‌ى داهێنان له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا ده‌كات سه‌ره‌ڕاى زۆربوونى خێراى ژماره‌ى زانكۆ عه‌ره‌بیه‌كان كه‌ له‌ 233 زانكۆى ساڵى 2003 وه‌ زیادیكردووه‌ بۆ 286 له‌ ساڵى 2006 و له‌ویشه‌وه‌ بۆ 500 زانكۆ له‌ 2012 دا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو فروانبوونه‌وه‌ چه‌ندایه‌تیه‌دا، زانكۆیه‌كى عه‌ره‌بى له‌ لیستى 500 دیارترین زانكۆكانى جیهاندا ریزبه‌ند نه‌كراوه‌. هه‌روه‌ك هیچ گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كى زانستى یان تاقه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كى زانستى هیچ كاریگه‌رى و شوێنه‌وارێكى له‌ ئه‌ده‌بیاتى جیهانیدا جێنه‌هێشتووه‌. تاقه‌ یه‌ك زاناى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى عه‌ره‌بى له‌ نێوان باشترین 100 زانا-دایه‌ له‌و ژماره‌یه‌ى كه‌ وه‌رگیراوه‌.  

له‌كاتێكیشدا كه‌ 220 هه‌زار مامۆستاى زانكۆیى هه‌ن، كه‌چى ژماره‌ى توێژه‌ره‌ ته‌رخانكراوه‌كان له‌ 373 توێژه‌ر بۆ هه‌ر یه‌ك ملیۆن كه‌سێك له‌ دانیشتوان تێناپه‌ڕێت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا تێكڕاى جیهانى ده‌گاته‌ 1081 توێژه‌ر. له‌ئه‌رژه‌نتین 236 و له‌ ئیسپانیا 2800 و له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانیش ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 3655 و له‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌كانیش زیاتر له‌ 580 توێژه‌رن. لێره‌وه‌ به‌شى عه‌ره‌ب له‌ توێژینه‌وه‌كان بریتیه‌ له‌ 41 توێژینه‌وه‌ بۆ هه‌ر یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌راورد به‌ تێكڕاى جیهانى كه‌ 147 توێژینه‌وه‌یه‌. مافى خاوه‌ندارێتیى داهێنانه‌كانیش لاى عه‌ره‌ب له‌ ماوه‌ى نیوسه‌ده‌ى (1963 بۆ 2013) دا، 1821 ماف بووه‌ به‌راورد به‌ 118443 بۆ كۆریا و 375692 بۆ ئه‌ڵمانیا. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ كۆریا 4،04% و ژاپۆنیش 3،39%ى كۆى به‌رهه‌میان بۆ توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان خه‌رج ده‌كه‌ن و میسریش ته‌نیا  0،43%ى بۆ خه‌رج ده‌كات.

ئه‌م نوشته‌ زانستییه‌ له‌ كۆچى زاناكانى عه‌ره‌ب-یشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌. توێژینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ملیۆنه‌ها له‌و زانایانه‌ به‌شدارن له‌ رابوونى زانستیانه‌ى خۆرئاوادا. به‌ڵام هند و چین توانیویانه‌ زاناكانى خۆیان بپارێزن و سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ دروستكردن و پێگه‌یاندنى كادره‌ مه‌عریفیه‌كانیاندا، به‌جۆرێك رێژه‌ى زانا كۆچ و ره‌وكردووه‌كانى چین  له‌ 3%  و ئه‌وانه‌ى هندیش له‌ 3،43% تێپه‌ڕى نه‌كردووه‌. كه‌چى نیوه‌ى زانایانى لوبنان له‌ ده‌ره‌وه‌ن و 120600 توێژه‌رى عه‌ره‌ب له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌خوێنن له‌به‌رامبه‌ر 106000 چینى و 52000 هندى-دا. 

به‌ڵام كوچكه‌ى سێیه‌مى سێ كوچكه‌ى گرفته‌كه‌، له‌ خراپیى درێژه‌كێشراوى واقیعى ژنى عه‌ره‌بیدایه‌، ئه‌گه‌رچى نزیكه‌ى دوو سه‌ده‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر گوتارى ریفۆرمخوازه‌ عه‌ره‌به‌كاندا به‌م واتایه‌. 

به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و بانگه‌وازه‌ ریفۆرمیستیانه‌ و دواى ئه‌و هه‌موو بازدانه‌ زۆره‌ مه‌عریفیه‌ى جیهانى هاوچه‌رخمان، هێشتا زۆرترین ژنى عه‌ره‌ب نه‌خوێنده‌وارن و كه‌مترین به‌شدارییان له‌كاردا هه‌یه‌ و كه‌مترین داهاتى هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت به‌راورد به‌ ده‌وڵه‌ته‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان. 

ئه‌وه‌تا به‌گوێره‌ى راپۆرتى گه‌شه‌ى مرۆیى بۆ ساڵى 2016، به‌هاى گه‌شه‌ى مرۆیى ژنان له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا گه‌یشتووه‌ته‌ 0،621 له‌به‌رامبه‌ر 0،881 له‌ جیهانى پێشكه‌وتوودا. به‌ڵام داهاتى ژن نزمترینى جیهانه‌، به‌جۆرێك داهاتى پیاو زیاتر له‌ چوار هێنده‌ى داهاتى ژنه‌. هه‌روه‌ك به‌ڵگه‌ و ده‌لیلى جیاكاریى نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ بۆ 0،535 له‌ به‌رامبه‌ر 0،174 بۆ جیهانى پێشكه‌وتوو و 0،469 بۆ ده‌وڵه‌تانى په‌ره‌سه‌ندوو. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ به‌شداریى ژنى عه‌ره‌بى له‌ كار-دا، نزمترینى هه‌موو جیهانه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 22،3 له‌ به‌رامبه‌ر 56،5 ى جیهانى پێشكه‌وتوو و 48،7 ى ده‌وڵه‌تانى په‌ره‌سه‌ندوودا. به‌ڵام ته‌نگژه‌ و گرفتى زۆر ده‌رپۆقیوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ 34 ملیۆن ژنى عه‌ره‌ب له‌ ساڵى 2012 به‌ نه‌خوێنده‌وارى مابێتنه‌وه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure