بەسەركردنەوە...

بۆچوون / بیروڕا :: 14/12/2017

نووسینی: سەمیر عەتەڵـڵا
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
لە دیمەنەكەدا زیاد لە پیشاندانێك هەیە: دوو شەممە 11 ی كانونی یەكەم، ئەو رۆژە بوو كە تێیدا ڤلادیمێر پوتین بەیەكجار سەردانی سێ‌ وڵاتی كرد: بنكە سەربازیەكەی خۆی لە سوریا و توركیای هاوپەیمانە تازەكەی و هاوڕێ‌ تازەكەی میسر-یشی بەسەركردەوە.


هێزێكی ئاشكرای پتەوی جەستەیی، وەك ئەوەی سەرۆكی روسیا بۆ گەلەكەیی دەوێت (یان بۆ دەنگدەرانی) كە بیبینن و تێبینیی بكەن. هەروەها هێزێكی سیاسیی كە مۆسكۆ بخاتە شوێن و پێگەیەكی واوە پێشتر نەیزانیوە و نەیدیوە: سەركەوتنی سەربازییانەی لە سوریا و سەركەوتنی دیپلۆماسیی لە گواستنەوەی توركیا لە سەربازگەی خۆرئاواوە بۆ سەربازگەی مۆسكۆ و هەروەها سەركەوتنێكی دیكەی لە گەڕانەوەی روسیا بۆ میسر و بەم ئاستەیەوە و بۆ یەكەمجار لەوكاتەوەی كە ئەنوەر سادات پسپۆرە سۆڤیەتیەكانی دەركرد. 
 
هەموو ئەمانە-لەبەر نەبوونی كات- لە تەنیا رۆژێكدا: بەرچاییەكی گەرم لە حمێمیم بەبێ‌ ئامادەبوونێكی زیاد، نیوەڕۆخوانێكی خێرا لە قاهیرە و شێوێكی فراوان بەپێی نەریتە سوڵتانیەكان و بیرەوەرییە ئیمپراتۆریەكان لە وڵاتی بۆسفۆر، چونكە روسیا هاوپەیمانێتیەكان و جەنگەكانیشی ناسیوە، ئێستا رۆڵ رۆڵی بازنەی هاوپەیمانێتیەكانە.

رەنگە ئەوەت بە بیردا بێت كە بپرسیت (تەنیا هەر بۆ خۆشی): ئەرێ‌ هاوڕێ‌ فلادیمێر رۆڤیچ، ئاخۆ سێ‌ دەوڵەتی سەرەكی شایانی سێ‌ رۆژی تەواو نەبوون، وەك گۆرانییەكەی خوالێخۆشبوو محەمەد عەبدولموتەڵب كە دەڵێت: شەممە رۆیشت و یەكشەمەیش تێپەڕی و دوای سبەینێ‌ سێیەم رۆژە؟. ئەمە ناڕەوایی و لەخۆباییبوونە. راگەیاندنی گەڕانەوەی دەوڵەتێكی گەورە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا بەیەكجار نەبێت نابێت. پاشان كابرا ئیشی تری هەیە، بەتایبەت لە سوچی-ی بارەگای زستانەی قەیسەر و سیمبولی پایەبڵندیی ئۆلۆمپی.  
 
كاتێك لیۆنید بریژنێڤ سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت بوو، دوا سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵاتەكەی ئەنجامدا، وەك بیرم مابێت بۆ فرەنسا بوو. شاندەكەی چاوەڕێیان دەكرد تا لەخەو هەستێت بۆ ئەوەی كاتی كفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنی فرەنسیدا دیاریی بكات. بەڵام بۆریس یاڵتسن-ی یەكەم سەرۆكی روسیای دوای سۆڤیەت، جارێك سەردانی ئێرلەندای كرد، كاتێك گەیشتە فڕۆكەخانەی شانۆن سەرۆكی ئێرلەندا چاوەڕێی دەكرد. بەڵام سەرۆكی روسیا نووستبوو. ئیتر فڕۆكەكەی هەروا نیشتبووەوە و سەرۆكی ئێرلەندایش لە خوار قادرمەكەیەوە چاوەڕێی دەكرد و سەرۆكی روسیایش بۆخۆی لە دەریای ڤۆدكا-دا خەوتبوو. سەرەنجام سەرۆكی ئێرلەندا گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و سەرۆكی روسیایش لە مۆسكۆ خەبەری بووە و هۆشی هاتەوە.   

ڤلادیمێر پوتین جارێكی تر خۆكاندیدكردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی راگەیاند. بەرنامەكە چییە؟ نە بریجنێڤ-ە و نە یاڵتسن. بە شكاوی و بە بەزین-یشەوە لە ئەفغانستان و لە چیچان ناگەڕێتەوە. لە سوریایش هەرچی لە بەردەمیدا بووەستێتەوە لەناوی دەبات، لە زەمین و لە دەریا و لە ئاسمانیشەوە... تەنانەت لەكاتی پێویستدا بە مووشەكیش لە قەزوین-ەوە. ئینجا ئاهەنگی گەشتێكی گورج و خێرا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ‌، دەگێڕێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure