عه‌بادى و زیاد به‌زاندنى سنوورى خۆى

بۆچوون / بیروڕا :: 13/12/2017

نووسینى: عه‌دنان حسێن
سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
  

 له‌وباوه‌ڕه‌دام كه‌ هه‌ڵوێستى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سنووره‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانى زیاد تێپه‌ڕاندووه‌ و "ئه‌وه‌ى زیاد سنوورى خۆیى به‌زاند، به‌ رووى خۆیدا دێته‌وه‌" وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێت، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م دۆخه‌ى ئێستاى نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا لێى ده‌ترسین.

به‌بێ بۆنه‌ و هه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ست، به‌ڕێز عه‌بادى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش و ئازادكردنى ئه‌و ناوچانه‌ى داعش داگیرى كردبوون، كه‌مده‌كاته‌وه‌ و پشتگوێى ده‌خات. تا له‌ به‌یاننامه‌ى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، كه‌ رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو خوێندیه‌وه‌، گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕى. ئه‌مه‌یش واده‌كات هه‌ستێكى وا سه‌رهه‌ڵبدات كه‌ بیرێكى شۆڤێنیى لاى به‌ڕێز عه‌بادى هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م ره‌فتار و كرده‌وانه‌ى وه‌ك ده‌ستدرێژییه‌كى گه‌وره‌ وایه‌ له‌سه‌ر قوربانیى زۆرى دامه‌زراوه‌یه‌ك كه‌ رۆڵى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ پاراستنى ئه‌من و سه‌قامگیریى به‌شێكى گه‌وره‌ى عێراقدا، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ به‌شداربوونى نكۆڵیلێنه‌كراوى له‌ جه‌نگى داعش و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ریدا. ئه‌وه‌یش كه‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى زیاتر كرد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆى بیانوو و پاكانه‌یان بۆ هێنایه‌وه‌ و وه‌ك به‌زان و شكستى پێشمه‌رگه‌ باسیان كرد و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گه‌مژه‌ى (شرۆڤه‌كار) وێرایان هه‌موو رۆڵێكى پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌نگى رزگاربوون له‌ ده‌شتى داعش، ره‌تبكه‌نه‌وه‌!

هیچ شتێك ناتوانێت پاساوى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بێت، ئه‌وه‌ى كه‌ دواتر نووسینگه‌ى سه‌ره‌ك وه‌زیرانیش كردى و ناوى پێشمه‌رگه‌ى خسته‌ ناو به‌یاننامه‌ بڵاوكراوه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پێگه‌ى ئه‌لیكترۆنیى سه‌ره‌ك وه‌زیراندا، له‌ قورسى و كاریگه‌ریى مه‌سه‌له‌كه‌ كه‌مناكاته‌وه‌. ده‌بوو نووسینگه‌ى سه‌ره‌ك وه‌زیران و ته‌نانه‌ت خودى به‌ڕێز عه‌بادى-یش به‌ ئازایه‌تى و به‌ به‌رپرسیارێتى نیشتمانییه‌وه‌ دانیان به‌ هه‌ڵه‌كه‌دا بنایه‌ و داواى لێبووردنیان بكردایه‌. چونكه‌ داننان به‌ هه‌ڵه‌ و داواى لێبووردن لێكردنى، له‌ ره‌فتار و ره‌وشتى پیاوه‌ راسته‌قینه‌ نیشتمانییه‌كانى ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ پته‌وه‌كانى ده‌وڵه‌تى نیشتمانییه‌.

به‌ڕێز عه‌بادى و نووسینگه‌كه‌ى، به‌دیاریكراوى چییان ده‌وێت له‌م هه‌ڵوێسته‌ تونده‌یان به‌رامبه‌ر هه‌رێم و گه‌له‌كه‌ى؟.. ئایا به‌ڕاست پاراستنى یه‌كێتى عێراقیان ده‌وێت؟.. ئه‌مه‌ به‌ دوژمنایه‌تیكردنى نه‌ته‌وه‌یه‌كى سه‌ره‌كیى وڵات ناكرێت و به‌ سزادانى به‌كۆمه‌ڵیان نابێت به‌رامبه‌ر (هه‌ڵه‌یه‌ك) كه‌ سیاسیه‌كانى كردوویه‌تى.   

سیاسه‌تێكى وه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ى كورد په‌یڕه‌وى ده‌كات، كورد پاڵده‌نێت و هانى ده‌دات بۆ ده‌مارگیرى و توندڕه‌ویى واى كه‌ ده‌كرێت ژینگه‌یه‌كى گونجاو بخوڵقێنێت بۆ هاتنه‌ئاراى ره‌وتگه‌لێكى نه‌ته‌وه‌یى ناعه‌قڵانى له‌ناو كورد-دا، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لێى ده‌ترسین وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ى زیاد سنوورى خۆى به‌زاند به‌ ڕووى خۆیدا دێته‌وه‌". 

خراپترین شتێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێز عه‌بادى په‌ند و عیبره‌ت له‌ ئه‌زموونه‌كانى پێش خۆى و له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م وڵاته‌ وه‌رنه‌گرێت و ده‌ره‌نجام و ئاكامه‌كانى نه‌پشكنێت. سه‌دام حسێن له‌ مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ گه‌لى كورد-دا تا ئه‌وپه‌ڕى توندڕه‌ویى رۆیشت، به‌ ئه‌نفال و به‌ گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى بیابانه‌كان و به‌ چه‌كى كیمیاوى، كه‌چى سه‌دام حسێن به‌ ریسوایى و سه‌رشۆڕى كۆتایى هات به‌ڵام گه‌لى كورد هه‌ر مایه‌وه‌ و له‌ قڕكردن یاخى بوو. جا بۆ دووربڕۆین، خۆ پێشتر به‌ڕێز عه‌بادى سیاسه‌تێكى ناڕه‌واى ده‌رهه‌ق به‌ سوننه‌ گرته‌به‌ر، ئه‌نجامه‌كه‌یش ژینگه‌یه‌كى له‌بارى خوڵقاند بۆ تیرۆرێكى له‌ده‌ستده‌رچووى كۆنترۆڵنه‌كراو كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى داعش سێیه‌كى رووبه‌رى وڵات داگیر بكات، به‌هه‌موو ئه‌وه‌ى كه‌ له‌م كرده‌وه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرت له‌ قوربانیى زۆرى گیانى و وێرانه‌كى مادیى كه‌ وێناناكرێت و كۆست و به‌ڵا و نه‌هامه‌تییه‌ك كه‌ هاوتاى له‌ مێژوودا ده‌گمه‌نه‌. 
 
نابێ دوودڵى و راڕایى  هه‌بێت له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ هه‌ڵه‌كانى عه‌بادى، چونكه‌ ره‌خنه‌گرتنێكى له‌مجۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق و خودى خۆیشى تێدایه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌وه‌زیاتر دوورنه‌ڕوات و سنوورى خۆى نه‌به‌زێنێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure