جێگره‌وه‌ى كۆتاییهاتنى قه‌یرانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.. قه‌یرانێكى تره‌

بۆچوون / بیروڕا :: 12/12/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


ده‌كرێت بوترێت ئه‌و ململانێ درێژخایه‌نه‌ى كه‌ به‌ چه‌ندین قۆناغى خوێناویى نێوان ناوه‌ند و كورد-دا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ دامه‌زراندنى (عێراقى نوێ)یش له‌ ساڵى 2003 كۆتایى نه‌هات، به‌ڵكو به‌ شێوه‌ى جیاوازى بێ به‌كارهێنانى توندوتیژیى به‌رده‌وام بوو، ئه‌گه‌ر واماندانا ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌كدارییه‌ى مانگى رابردوو، كه‌ به‌هۆى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى تره‌وه‌ روویاندا، كه‌م و سنوورداربووه‌. 

هیچ قسه‌ و بێنه‌وبه‌ره‌یه‌ك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ كوردستان زیانى سیاسى و ئابورى و جوگرافى و دیپلۆماسیى به‌ركه‌وت و ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵییش پێگه‌ى خۆى له‌ ئاستى ناوخۆیى و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تیدا قایمكرد كاتێك كۆنترۆڵى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى كرده‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌ ته‌نیا خۆیان به‌ڕێوه‌یان ده‌برد له‌ دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌ فیدراڵیه‌كان به‌هۆى هێرشى داعش-ه‌وه‌ له‌ حوزه‌یرانى 2014 دا.

به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵى ده‌توانێت ئێستا ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ لاپه‌ڕه‌ى رووخانى له‌ به‌رده‌م داعشدا پێچاوه‌ته‌وه‌ به‌ له‌ناوبردنى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ و دووباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ داگیرى كردبوو. هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كانى دواى ریفراندۆمه‌كه‌ و رووداوه‌كانى كه‌ركوك-یش واده‌كه‌ن كه‌ به‌غدا بڕواى زیاتر به‌خۆى په‌یدا بكات له‌ پته‌وكردنى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند و ته‌نانه‌ت پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى سیستمى فیدراڵییش كه‌ له‌ ماده‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستوردا هاتووه‌. 

ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌یه‌ تاقه‌ شتێك كه‌ به‌غدا ناتوانێت جێبه‌جێى بكات، راكێشانى متمانه‌ى كورده‌ به‌لاى خۆیدا و قه‌ناعه‌ت پێ هێنانیانه‌ به‌وه‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ پته‌وبوونى یه‌كێتى عێراقدایه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر واز له‌ سه‌رمه‌ستیى سه‌ركه‌وتنه‌كانى نه‌هێنێت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان و له‌ هه‌وڵه‌كانى بۆ لاوازكردنى هه‌رێمه‌كه‌یان. مێژوو ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه‌ هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند هه‌وڵى زیاترى دابێت بۆ لاوازكردنى كورد و په‌راوێزخستنیان و مامه‌ڵه‌كردنى سه‌رده‌ستیانه‌ له‌گه‌ڵیاندا، قه‌یرانه‌كانى عێراق توندتر بوونه‌ته‌وه‌ و یه‌كگرتوویى كۆمه‌ڵایه‌تیى شلۆق بووه‌ و بڕوا و متمانه‌ى كورد به‌ عێراقێكى به‌هێز لاواز بووه‌. ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ نیگه‌رانى و راڕایى كورد بووه‌ له‌وكاته‌وه‌ى عێراق له‌ بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا دامه‌زراوه‌ هه‌تا له‌ناوبردنى رژێمى به‌عس له‌ ساڵى 2003 دا به‌هۆى داگیركردنى ده‌ره‌كییه‌وه‌ كه‌ كورد به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ پشتیوانیى كرد. 

سه‌ره‌تا كورد هه‌ناسه‌یه‌كى قووڵى خۆشیى هه‌ڵكێشا به‌ ئومێدى دامه‌زراندنى سیستمى فیدراڵى به‌پێى ده‌ستورى ئێستا، كه‌ خۆیشى رۆڵێكى سه‌ره‌كیى هه‌بوو له‌ داڕشتن و په‌سه‌ندكردنیدا، به‌ڵام ئه‌م گه‌شبینیه‌ كاڵبووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شه‌ عه‌ره‌به‌كانى به‌غدا له‌و په‌رۆشیه‌یان كه‌ له‌ كاتى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوردا، بۆ فیدراڵى هه‌یانبوو، ئه‌مه‌یش له‌ هه‌وڵه‌كانى ناوه‌ندا ره‌نگیدایه‌وه‌ بۆ په‌راوێزخستنى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان به‌ جۆرێكى زیاتر و راسته‌وانه‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونى هێزى ئابورى و سه‌ربازیى ناوه‌ند-دا. ئه‌م ویسته‌ له‌ژێر چه‌ند بیانوویه‌كدا ره‌نگیدایه‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان واقیعى و هه‌ندێكیشیان دروستكراوبوون. یه‌كه‌مجار به‌ به‌كارهێنانى گوشارى ئابورى بۆ سه‌رهه‌رێم له‌ڕێى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ و بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى، تا كار گه‌یشته‌ به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازیى دواى ئه‌وه‌ى هه‌رێم له‌ مانگى ئه‌یلولى رابردوودا ریفراندۆمى ئه‌نجامدا.

ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌مانبات بۆ ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا و قه‌یرانى زۆروزه‌وه‌ندى دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كه‌ ئێستا گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست. پێویست ناكات بوترێت ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌دایكبووى ده‌رهاویشته‌كانى ریفرانۆم نین، به‌ڵكو پێشبینیكراوبوو كه‌ دره‌نگ یان زوو بته‌قنه‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌كاتى تێكچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ سایه‌ى ویلایه‌ته‌كه‌ى نورى مالیكى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى پێشوودا كه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست كێشه‌كانى له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمدا هه‌ڵكشاند. جه‌نگى دژى داعش تاقه‌ هۆكارێك بوو له‌ دواكه‌وتنى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا. ئه‌گه‌رچى ئومێدى ئه‌گه‌رى دوورخستنه‌وه‌ى، له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى حه‌یده‌ر عه‌بادى به‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران، بووژایه‌وه‌ و هاوكارییه‌كى پێشترنه‌كراو له‌ نێوان هێزه‌ فیدراڵیه‌كان و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ ده‌ستى پێكرد و "بۆ یه‌كه‌مجار خوێنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ تێكه‌ڵ به‌ خوێنى سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان بوو له‌ شه‌ڕى دوژمنێكى هاوبه‌شدا" وه‌ك ئه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى ئه‌وكاتى هه‌رێم وتى و له‌ ساڵى 2016 دا وایدانا كه‌ "بوونى ئه‌م گیانى برایه‌تییه‌ كارێكى ئه‌وپه‌ڕى گرنگه‌" به‌ڵام ته‌مه‌نى ئه‌و "گیانى برایه‌تییه‌" درێژه‌ى نه‌كێشا، وه‌ك ئه‌وه‌ى دواتر له‌ ده‌رهاویشته‌كانى ریفراندۆمدا ده‌ركه‌وت. 

له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، هه‌وڵدان بۆ به‌كارهێنانى هێزى ناوه‌ند بۆ په‌راوێزخستنى كورد له‌ڕێى لاوازكردنى هه‌رێمه‌ فیدراڵیه‌كه‌یانه‌وه‌ و قه‌یران بۆ دروستكردنى، هه‌موو عێراق راپێچ ده‌كات بۆ قه‌یرانى سیاسى و ئه‌منى. به‌ واتایه‌كى تر، سستى نواندن و ته‌مه‌ڵى له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، به‌غدا و عێراق له‌ قه‌یران ناپارێزێت. به‌غدا مافى خۆیه‌تى شانازیى بكات به‌ سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش و رزگاركردنى ئه‌و ناوچانه‌ى عێراق كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى 2014 وه‌ داگیرى كردووه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌ ره‌چاونه‌كردنى رۆڵى یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌كانى. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند بۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌كانى هه‌رێمدا بوون، ئه‌مه‌یان شتێكى تره‌. ره‌نگه‌ به‌غدا به‌ "ده‌ستكه‌وتێك"ى دابنێت، به‌ڵام به‌ زوویى له‌ده‌ستیده‌دات ئه‌گه‌ر واز له‌ سه‌رمه‌ستیى سه‌ركه‌وتن نه‌هێنێ و سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له‌ به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى كورد كه‌ به‌ زۆرینه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌نگى به‌ (به‌ڵێ) دا له‌ ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییدا، هه‌روه‌ها قه‌ناعه‌تیان پێنه‌هێنێت به‌وه‌ى كه‌ به‌ڕاست ده‌یه‌وێت ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا چاره‌سه‌ر ده‌كات. پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌، به‌رده‌وامیى قه‌یرانى نێوان هه‌ردوولا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ جێگیریى و ئارامیى عێراق ده‌كات، به‌مه‌یش ناوه‌ند لاواز ده‌بێت نه‌ك به‌هێز. بۆیه‌ ده‌بێت وازبێنێت له‌ دۆزینه‌وه‌ى بڕوبیانوو بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، وه‌ك بیانووى سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت هه‌رێم گوزاره‌ى "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ریفراندۆم" به‌كاربهێنێت له‌جیاتى "سڕكردنى ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆم"، مادام لایه‌نى كوردى جه‌خت له‌ پابه‌ندبوونى خۆى ده‌كاته‌وه‌ به‌ ده‌ستورى عێراق و ئاماده‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌ستوره‌دا دیالۆگ بكات. هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌یش قبوڵبكرێت كه‌ ئه‌م ده‌ستوره‌یش ده‌سته‌به‌رى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان نییه‌، چونكه‌ خۆى له‌خۆیدا به‌شێكى كێشه‌كانه‌، ئه‌وه‌یش به‌هۆى ناڕوونى و ته‌مومژاویى زۆربه‌ى ماده‌كانى په‌یوه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوه‌ند و هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئاڵوزبوونى ناكۆكییه‌كانى نێوانیان.  

له‌ 2003 وه‌ په‌یوه‌ندیى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر رۆڵێكى سه‌ره‌كیى گێڕاوه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ دیاریكردنى كاروانى پرۆسه‌ى سیاسیدا به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى سه‌ربازییانه‌ له‌ جه‌نگى دژى داعش-یشدا، ئه‌مه‌یش جه‌ختكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاراستنى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ مه‌رجێكى پێویستى هێنانه‌دیى ئارامیى عێراقه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌م ساڵانه‌ى دواییدا تووشى چه‌ند له‌رزینێك بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هێزترینیان له‌رینه‌وه‌كه‌ى دواى ریفراندۆمه‌كه‌ بوو.  هه‌روه‌ها به‌دڵنیاییه‌وه‌ هۆكاره‌كانى ئه‌م له‌رزه‌ و له‌رینه‌وانه‌ هه‌ر ماون، به‌ڵام دۆخى ئێستا ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت كه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌رى قه‌یرانى نێوان هه‌ردوولادا تێپه‌ڕێنرێن، چونكه‌ جێگره‌وه‌ى كۆتایپێهێنانى قه‌یرانه‌كه‌.. قه‌یرانێكى دیكه‌یه‌!

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure