پۆلیسی تەعزێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 12/12/2017

× ئاگات لێ‌ یە قوربان؟ ئەوان لەوێ‌ شاری (كۆبانی)یان دروست كردەوە ئێمە لێرە هێشتا پردەكەی كۆبانیمان تەواو نەكردووە. هەر تەپەمان دێ‌.
ـ حكومەت عەجەلەی نی یە كوڕی خۆم.. كەروێشك بە عەرەبانە ئەگرێ‌.
× ئەی عەرەبانە بەچی ئەگرێ‌؟
ـ تەبعەن بە پۆلیس.
× بەو پۆلیسەی جەنابتا من مولاحەزەیەكی سەیرم بیركەوتەوە بەگم.. تەماشا ئەكەی كارەبامان نی یە كەچی یەك دنیا پۆلیسی كارەبامان هەیە.. دارستانمان هەموو بڕایەوە بۆ زۆپاكان كەچی تا چاوبڕكا پۆلیسی دارستانمان هەیە. 
ـ راست ئەكەی وایە..ئێمە ئیسرافی تیا ئەكەین.
× لە داربڕینەوەدا؟
ـ نەخێر.. ئیسراف لە پۆلیسدا.. هەق وایە دەستی پێوە بگرین.
× مەیكە بە مەوزوعی كارەباكە.. دەست بە پۆلیسەوە ناگیرێ‌. بەس ئەتوانین شتێكی تر بكەین. ئەتوانین مەسەلەن جارێكی تر دابەشیان بكەینەوە.
ـ پۆلیس دابەش بكەینەوە؟
× بەڵێ‌ پۆلیس دابەش بكەین بەسەر ئەو شوێنانەدا كە تا ئێستا پۆلیسیان نی یە.
ـ مەسەلەن كوێ‌؟
× تەعزێ‌ قوربان.. هیچ كەرتێك لە كەرتە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان بە قەدەر تەعزێ‌ پێویستی بە پۆلیس نی یە.
ـ وەڵـڵاهی ئافەرم.. تەعزێ‌ ی وا هەیە دوور لەم ماڵەی تێیدا ئەڵێم سەد ئەوەندەی ئەنجومەنی وەزیران پێویستی بە رێكخستن و كۆنترۆڵە. كەچی بۆ پۆلیسێ‌ ئەچێ‌ بە حەوادا.
× دە كەواتە پێشنیاری بكە با قەراری بۆ دەركەن.
ـ قەرار بۆ كێ‌؟
× بۆ پۆلیسی تەعزێ‌.
ـ باشە بەڵام بە شەرتێ‌ عایدی وەزارەتی ئەوقاف نەبێ‌، چونكە ئەڵێن ئەوقاف بن دیواری زۆرە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure