تیله‌رسۆن لاده‌برێت یان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 09/12/2017

ده‌نگى عه‌قڵ له‌ ئیداره‌كه‌ى ئه‌مریكادا، جیم ماتیس وه‌زیرى به‌رگرى و ریكس تیله‌رسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌-ن، ئه‌و دوو كه‌سه‌ى كه‌ ئامۆژگاریى سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-یان كرد تا رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بهێڵێته‌وه‌، به‌ڵام به‌گوێى نه‌كردن. 

ئه‌گه‌ر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ لاببرێت یان ناچارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بكرێت، ئه‌وا مایك پۆمپیۆ سه‌رۆكى (سى ئاى ئه‌ى) جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌ویش وه‌ك سه‌رۆك تره‌مپ توندڕه‌وه‌. 

پۆمپیۆ هێرشى كرده‌ سه‌ر هیلارى كلینتۆن كاتێك كه‌ هیلارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بوو و ئۆباڵى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر باره‌گاى دیپلۆماسیى ئه‌مریكاى له‌ بنغازى خسته‌ئه‌ستۆ. ئه‌و داواى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌كات و پشتگیریى گۆڕینى رژێمى كۆریاى باكوریش ده‌كات. ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پۆمپیۆ هیچ نازانێت جگه‌ له‌ قسه‌كردن، ئه‌گه‌رنا هیچ پلانێكى نییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌، هه‌رچیى هه‌یه‌ هه‌ر هێنده‌یه‌ كه‌ له‌ بانده‌ توندڕه‌وه‌كانى ده‌وروپشتى سه‌رۆكه‌ و هیچیتر. 

كۆریاى باكور له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا مووشه‌كێكى كیشوه‌ربڕى هه‌ڵدا كه‌ ده‌توانێت هه‌ر شارێكى ئه‌مریكا بپێكێت، دواى ئه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ئاماده‌ى دانوستانه‌. تیله‌رسۆن ده‌ڵێت ده‌بێت كۆریاى باكور سیاسه‌تى ده‌ره‌كیى خۆى رێك و راست بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شایانى ئه‌وه‌بێت كه‌ له‌سه‌ر مێزى دانوستان دابنیشێت. به‌ڵام پۆمپیۆ ده‌یه‌وێت رژێمه‌كه‌ى پیۆنگ یانگ له‌ناوبه‌رێت. 

له‌م گۆشه‌یه‌دا جارجار راى خۆمم ده‌رباره‌ى هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى ئیداره‌ى تره‌مپ تۆماركردووه‌، ئه‌مجاره‌ راى سیناتۆر بۆب كۆركیر ده‌خه‌مه‌ڕوو. كۆركیر له‌ كۆماریه‌كانى ویلایه‌تى تینیسى-یه‌ و ده‌ڵێت كه‌ نازانێت پۆمپیۆ له‌ كوێدا ریزبه‌ند و پۆلێن بكات، ته‌نانه‌ت نایشتوانێت ئاماژه‌ى بۆ بكات ئه‌گه‌ر له‌ ناو ریزێك خه‌ڵكیشدا بێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ تیله‌رسۆن قسه‌ى كردووه‌ و پێیوانیه‌ كه‌ بیه‌وێت واز له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ بێنێت. 

ئاده‌م سمیت-ى دیموكرات له‌ ویلایه‌تى واشنتۆن و باڵاترین ئه‌ندامى حزبه‌كه‌ى له‌ لیژنه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران-یش، ده‌ڵێت كه‌ گه‌شبین نییه‌ به‌ باشبوونى كاروباره‌كانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ سایه‌ى پۆمپیۆ-دا. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ پۆمپیۆ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كاریكردووه‌ و هیچ له‌ تیله‌رسۆن باشتر نییه‌ كه‌ سه‌رۆكى كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبایل بووه‌ و ده‌زانێت هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دیكه‌دا بكات.

ئه‌گه‌ر تیله‌رسۆن بكه‌وێت، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سه‌ركه‌وتنى لایه‌نگرانى ئیسرائیل له‌ نموونه‌ى سه‌روتارنووسه‌كانى "نیویۆرك تایمز" و "واشنتۆن پۆست" و هه‌ندێك نووسه‌رى دیكه‌ى زایۆنیزمى. من رێز له‌ هه‌ردوو رۆژنامه‌كه‌ ده‌گرم و بڕوایشم به‌ هه‌واڵه‌كانیان هه‌یه‌، ئه‌و دوو رۆژنامه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ باشترین نووسه‌ره‌ سیاسیه‌كانى هه‌موو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان-یان تێدایه‌، جگه‌ له‌وه‌یش سه‌روتاره‌كانى تایبه‌ت به‌ كاروبارى عه‌ره‌بى له‌ هه‌ردوو رۆژنامه‌كه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى لایه‌نگرانى ئیسرائیل بزانم، هیچ رایه‌كیشیانم به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نییه‌ چونكه‌ بیرى ئیسرائیلین. 

سه‌رۆك تره‌مپ بودجه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێژه‌ى سێیه‌ك كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، خودى تیله‌رسۆن-یش بڕیاریدا كه‌ قه‌باره‌ى وه‌زاره‌تكه‌ بچووكتر بێت بۆئه‌وه‌ى كێشه‌كانى بیرۆكراتى تێپه‌ڕێنێت و به‌ شێوه‌یه‌كى باشتر كار بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گیروگرفتانه‌ى رووبه‌ڕووى ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌بنه‌وه‌. به‌ ئازایه‌تیشه‌وه‌ رۆژێك ره‌خنه‌ى له‌ تره‌مپ گرت و ئه‌ویش وه‌ك پیشه‌ى خۆى به‌ قسه‌ى پووچ وه‌ڵامى دایه‌وه‌.  

ئێستا تیله‌رسۆن پێوایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ى باس له‌ گۆڕینى به‌ پۆمپیۆ ده‌كه‌ن، ناڕاستن و زیاده‌ڕۆیى تێدا كراوه‌. تره‌مپ بۆخۆیشى وتوویه‌تى هه‌واڵى لابردنى تیله‌رسۆن ناڕاسته‌. منیش ئه‌وه‌ى بۆ زیاد ده‌كه‌م كه‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ میدیاى ئه‌مریكیدا لایه‌نگرانى ئیسرائیل-ن له‌ جووله‌كه‌ ئه‌مریكیه‌كان و ئه‌وانى تر، چونكه‌ ئه‌وانه‌ به‌كرێگیراوێكى ئیسرائیلیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌دا ده‌وێت نه‌ك پیاوێك كه‌ كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا بكات، نه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ده‌وڵه‌تێكى تاوانكارى داگیركه‌ر له‌ دوورایى ده‌ هه‌زار كیلۆمه‌تره‌وه‌. 

لایه‌نگرانى ده‌وڵه‌تى تاوان، تیله‌رسۆن تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. نووسینى یه‌كێكیانم خوێنده‌وه‌ ده‌ڵێت تیله‌رسۆن به‌ڕێژه‌ى سێیه‌ك ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانیى كه‌مكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ راسته‌ و هۆكاره‌كه‌یشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆشكى سپى بڕیارى كه‌مكردنه‌وه‌ى 30%ى بودجه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى داوه‌. ده‌ره‌نجامیش تیله‌رسۆن فه‌رمانبه‌رانى ده‌ركرد و دانانى ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتى له‌ پۆسته‌ باڵاكانى وه‌زاره‌تدا سڕكردووه‌، چونكه‌ پاره‌ى ئه‌وه‌ى لا نییه‌ كه‌ مووچه‌كانیان بدات. 

له‌به‌رامبه‌ردا، له‌وه‌ده‌چێت پۆمپیۆ بیستبێتى كه‌ كۆشكى سپى ده‌یخاته‌ شوێنه‌كه‌ى تیله‌رسۆن له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه‌ كه‌وتووه‌ته‌ گه‌ڕان به‌شوێن ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌دا كه‌ پۆسته‌ به‌تاڵه‌كانیان لایه‌. ئه‌و سه‌رقاڵى ئه‌م كاره‌یه‌ ئه‌گه‌رچى كۆشكى سپى له‌ وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووساندا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وا زوو گۆڕانكاریى له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌دا ناكرێت، پێده‌چێت سه‌رچاوه‌كانى پۆمپیۆ هه‌ندێك له‌ توندڕه‌وه‌كانى وه‌ك خۆى بن له‌ چوارده‌ورى سه‌رۆك. 

هیچ شتێك له‌ پۆمپیۆ-دا نابینم كه‌ شازازیى پێوه‌ بكات جگه‌ له‌ دڵسۆزییه‌ ره‌هاكه‌ى بۆ سه‌رۆك، ئه‌مه‌یس باشترین خه‌سڵه‌ته‌ له‌ ئیداره‌كه‌ى تره‌مپ-دا.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure