مردنى زۆرانبازه‌ گه‌وره‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 07/12/2017

حوسیه‌كان زوو هه‌سیان به‌ ترسناكیى دابه‌زینى عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح سه‌رۆكى پێشوو كرد له‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ى كه‌ پێش سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تێیدا كۆیكردنه‌وه‌. زانییان ئه‌و په‌رده‌ و سه‌رپۆشه‌ى لابرد كه‌ كردوویانه‌ته‌ پاساوێك بۆ ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنى ده‌وڵه‌تى یه‌مه‌ن و چاره‌نووسه‌كه‌ى. به‌ دیارنه‌مانى ئیتر به‌رنامه‌كانیان ئاشكرا ده‌بن و به‌ره‌و دابڕانیان ده‌بات. نه‌مانى ئه‌و، هاوكێشه‌ سه‌ربازى و سیاسى و خێڵه‌كیه‌كان ده‌گۆڕێت و ئه‌وانیش ده‌كاته‌ میلیشیایه‌كى یاخى كه‌ به‌ پانتایى خاكى یه‌مه‌ن جێگه‌یه‌كى داڵده‌دان نادۆزنه‌وه‌. ئه‌م دابڕانه‌ ناوخۆییه‌ دابڕانى ده‌ره‌وه‌یشیان دووهێنده‌ ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆى له‌به‌ریه‌كترازانى بازنه‌ یه‌مه‌ن-ییه‌كه‌ له‌ پرۆژه‌ ئیقلیمیه‌كه‌یاندا. هه‌ستیان به‌ مه‌ترسیى جێهێشتنى شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌كه‌ كرد و به‌ په‌له‌ كوشتیان. 

ئه‌گه‌ر هه‌سته‌وه‌ریى پێكهاته‌ى یه‌مه‌ن و به‌هاناوه‌چوونه‌ ئه‌منى و سه‌ربازى و میلـلى و خێڵه‌كیه‌كانى ساڵح-مان له‌به‌رچاوگرت، ده‌رك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دیمه‌نى (كوشتنه‌كه‌ى) ره‌نگه‌ له‌ دیمه‌نه‌كانى پێشوو مه‌ترسیدارتر بێت. دیمه‌نى په‌تئاڵاندنه‌ ملى سه‌دام حسێن له‌ناو خۆشحاڵیى ئاماده‌بواندا و دیمه‌نى گه‌نجانى لیبیا كه‌ جه‌سته‌ى موعه‌مه‌ر قه‌زافى و پاشان لاشه‌كه‌ى دێنن و ده‌به‌ن و دیمه‌نى لوبنانیه‌كان كه‌ لاشه‌ى ره‌فیق حه‌ریرى نادۆزنه‌وه‌ چونكه‌ بكوژه‌كانى سووربوون له‌سه‌ر پارچه‌پارچه‌كردنى. 

عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح یارزانێكى ئاسایى سه‌ر هێڵى بوومه‌له‌رزه‌كانى یه‌مه‌ن نه‌بوو. چیرۆك و به‌سه‌رهاتى یه‌مه‌ن له‌ كۆتایى هه‌فتاكانه‌وه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتى ئه‌ویشن و جێپه‌نجه‌ى ئه‌ویان پێوه‌یه‌. كاتێك له‌ 1978 دا چووه‌ كۆشكه‌وه‌ وڵات له‌سه‌ر رووداوى كوژرانى دوو سه‌رۆك بوو له‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگدا، كه‌ ئیبراهیم حه‌مدى و ئه‌حمه‌د غشمى بوون. ئه‌وه‌ بۆ عه‌لى ساڵح خۆش بوو و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ بیریده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌ى (واشنتۆن پۆست) پێشبینیى ئه‌وه‌ى كردبوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له‌ شه‌ش مانگ زیاتر ناخایه‌نێت، كه‌چى له‌ 2012 دا كۆشك جێدێڵێت، واتا دواى 34 ساڵ له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ ده‌چێته‌ كۆشكه‌وه‌.

یاریزانێكى ئاسایى سه‌ر شانۆى یه‌مه‌ن نه‌بوو. زۆرانبازێكى گه‌وره‌ بوو. لێیده‌درا و لێیده‌دایه‌وه‌. بۆ گه‌رده‌لوول داده‌چه‌مى و پاشان بۆى هه‌ڵده‌ستایه‌وه‌. تۆپه‌كانى ده‌ته‌قاند و پاشان ناوبژیوانه‌كانى ده‌جووڵاند. له‌كاتى پێویستیشدا به‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى نه‌یارێكى سه‌رسام ده‌كرد و ده‌یخسته‌ دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ و پاشان ملى بۆده‌دا و په‌سه‌ندى ده‌كرد. كارته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى له‌ناو ده‌ستى خۆیدا ده‌هێنا و ده‌برد، سندوقه‌كانى ده‌نگدان و ده‌زگاى ئه‌من و تۆپه‌ قورسه‌كانى سوپا و له‌ پێش هه‌موو ئه‌وانه‌یشه‌وه‌ زانین و ناسینى قووڵى بۆ هێڵى چنراوى پێكهاته‌ى یه‌مه‌ن و ئاشتكردنه‌وه‌ى عه‌باى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ عه‌باى خێڵه‌كاندا.  

ساڵى 1986 له‌ سه‌نعاوه‌ چاودێریى ده‌كرد كه‌ له‌ عه‌ده‌ن چۆن (هاوڕێكان) (هاوڕێكان)یان تارومار كرد. هاوشێوه‌ى داڕووخانى دیوارى به‌رلین و یه‌كێتى سۆڤیه‌ت، یه‌مه‌نى باشور-یش له‌ ساڵى 1990 دا خۆى هه‌ڵدایه‌ باوه‌شى باكوره‌وه‌، به‌ته‌واوى وه‌ك چۆن ئه‌ڵمانیاى خۆرهه‌ڵات خۆى هاویشته‌ ئامێزى دایكى نیشتمانه‌وه‌، بێگومان له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیاندا. چێژى شیرینى نازناوى (هێنانه‌دیى یه‌كگرتن)ى چه‌شت و به‌سه‌ركه‌وتوویى و دواى چوار ساڵ له‌و جه‌نگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ خه‌ریك بوو له‌ناوى به‌رێت. 

یه‌كه‌م راوێژكارى ئه‌م عه‌قید-ه‌ سه‌لیقه‌ و چاپووكیى خۆى بوون. به‌هره‌یه‌كى خۆڕسكى سیاسى و توانایه‌كى سه‌یرى بۆ هه‌ستكردن به‌ مه‌ترسیه‌كان هه‌بوو. وازى له‌ یاریه‌كه‌ ده‌هێنا هه‌تا گه‌رم ده‌بوو و كاتێكیش ده‌گه‌یشته‌ هێڵى سوور هێڵه‌كانى توندده‌كرده‌وه‌ و كڵاوێكى ژه‌نراڵانه‌ى ده‌كرده‌ سه‌رى. له‌ ناوه‌وه‌یش هه‌ر وه‌ك ده‌ره‌وه‌، هاوپه‌یمانێكى ملكه‌چ نه‌بوو و نه‌یارێكى ئاسانیش نه‌بوو. له‌ هه‌موو دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌كاندا مامۆستاى هونه‌رى مانه‌وه‌ بوو. 
 
عه‌لى ساڵ وه‌ك زۆرانبازێكى گه‌وره‌ دیل و گیرۆده‌ى قه‌ده‌رى خۆى بوو، مانایه‌كى بۆ ژیانى خۆى له‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌یدانى زۆرانبازیى نه‌ده‌بینیه‌وه‌. زیاد له‌جارێكم لێ بیستووه‌ كه‌ ده‌یگوت ماندووم. تامه‌زرۆى یاریكردنه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانیدا دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى سه‌قاڵیى یاریى رۆڵه‌كانى كرد. لێم بیستووه‌ سه‌رسام بووه‌ به‌ ئه‌زموونى لوبنان كه‌ سه‌رۆكێكى پێشوویان به‌ ئازادیى له‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت له‌كاتێكدا پێشتر یه‌كه‌م پیاوى وڵات بووه‌. رۆژێكیان وتى ئیتر كاتى شكاندنى ئه‌و بنه‌مایه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت سه‌رۆكه‌ عه‌ره‌به‌كان كۆشكه‌كانیان جێناهێڵن ئیلـلا مه‌گه‌ر بۆ گۆڕ یان بۆ تاراوگه‌ نه‌بێت. من به‌ گومانێكى قووڵه‌وه‌ گوێم لێده‌گرت. چونكه‌ چیرۆكى ئه‌م پیاوه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ عاشقى مانه‌وه‌یه‌تى له‌ قووڵایى یاریه‌كه‌دا ئیتر با ئه‌وپه‌ڕى مه‌ترسیداریش بێت. 
 
ئه‌وه‌ى عه‌لى ساڵح بناسێت ده‌زانێت كه‌ ئه‌م پیاوه‌ هه‌رگیز دیمه‌نى سه‌دام حسێن-ى به‌هه‌ڵواسراوى پێخۆش نه‌بوو و به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ى ده‌زانى نه‌ك دادوه‌رى و ره‌وایى. ئه‌و دیمه‌نه‌ى به‌لاوه‌ نوقڵانه‌ى به‌د-ى و شووم-ى بوو، وه‌ك چۆن به‌لاى موعه‌مه‌ر قه‌زافى-یشه‌وه‌ وابوو كه‌ ده‌یوت:"كاتێك ریشى دراوسێكه‌تیان تاشى ده‌بێت تۆیش ریشت ته‌ڕكه‌یت بۆ تاشین". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چێژى له‌ ئاماده‌بوونى له‌ ناوه‌ڕاستى شه‌ڕه‌كاندا ده‌بینى و ته‌نانه‌ت كاتێك جه‌سته‌یشى سووتا حه‌ز و خولیاى بۆ یارییه‌كه‌ هه‌ر نه‌سووتا و سووتاویه‌كانى له‌شى تیماركرد و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ مه‌یدانى زۆرانبازییه‌كه‌. ئه‌و ساته‌یش كه‌ ناچاربوو كۆشك جێبێڵێت مكوڕبوو له‌سه‌ر پاراستن و هێشتنه‌وه‌ى رۆڵى خۆى وه‌ك ئه‌و زۆرانبازه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ ناكرێت له‌بیربكرێت و سڕینه‌وه‌ى قورس و زه‌حمه‌ته‌. 

چیرۆكى عه‌لى عه‌بدوڵـڵا ساڵح له‌ چیرۆكى پێكداچوو و تێكچڕژاوى چوار گرێى رابردووى یه‌مه‌ن جیانابێته‌وه‌. ئه‌و دیارترین ته‌وه‌رى ئه‌م مه‌سه‌لانه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌ ونبوون و دیارنه‌مانى، وه‌رزێكى تازه‌ له‌م كاره‌ساتانه‌ ده‌ست پێده‌كات. كێ چوزانێت ره‌نگه‌ خوێنى ئه‌و، گه‌مارۆى حوسیه‌كان بدات ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌ت و جه‌ماوه‌رى (كۆنگره‌ى گشتیى میلـلى) یه‌كیانگرت و خێڵه‌كان كه‌وتنه‌خۆ و ئه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ حوسیه‌كان ره‌نگى خۆیان به‌سه‌ر وڵاتدا بسه‌پێنن و پێگه‌ى دێرینى ئه‌م وڵاته‌ له‌ عروبه‌تى خۆیدا، بگۆڕن. 

له‌ ساڵى 2009 دا له‌ عه‌لى ساڵح-م پرسى كه‌ ئاخۆ حوكمڕانیى یه‌مه‌ن قورسه‌؟ وه‌ڵامیدامه‌وه‌:"حوكمڕانیى یه‌مه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ سه‌ما له‌سه‌ر سه‌رى مار بكه‌یت". دواى ساڵێك هه‌مان پرسیارم لێكردووه‌. وتى:"هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌ ته‌نیا ماره‌كان گۆڕاون بۆ تووله‌مار". 

ئێره‌ ناوچه‌ى كتوپڕه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان و تۆقێنه‌ره‌ سامناكه‌كانه‌. ته‌نانه‌ت با-یش غه‌در و ناپاكى له‌ شاره‌زا و با-ناس ده‌كات. ئه‌مجاره‌یان گه‌وره‌ى زۆرانبازه‌كان كه‌وت و ماره‌كان پێیانه‌وه‌دا.  

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure