ئیداره‌ى عه‌بادى و هه‌ڵوێستى هه‌رێم

بۆچوون / بیروڕا :: 05/12/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

پێموانیه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ى كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیران، ئیداره‌ى قه‌یرانه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا پێده‌دات، رێگه‌یه‌كى راست و سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵكو ره‌نگه‌ خراپترین رێگه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌كى له‌مجۆره‌ بێت.

حكومه‌تى هه‌رێم ریفرانۆمى بۆ دانیشتوانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان رێكخست ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئاخۆ سه‌ربه‌خۆبوونیان له‌ عێراق و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیان ده‌وێت.. ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵیه‌كان (حكومه‌ت و په‌رله‌مان) دانیان به‌ ئه‌نجامدانیدا نه‌نا و پاساوى ئه‌وه‌یان بۆ هێنایه‌وه‌ كه‌ ناده‌ستورییه‌. دادگاى فیدراڵى كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ى بۆ به‌رزكرایه‌وه‌، بڕیاریدا ریفراندۆمه‌كه‌ "هیچ سه‌نه‌دێكى ده‌ستوریى نییه‌ و پێچه‌وانه‌ى حوكمه‌كانیه‌تى" و بڕیایدا به‌ "ناده‌ستوریى ریفراندۆمه‌كه‌....و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و كاریگه‌رى و ئه‌نجامانه‌ى لێوه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌وه‌". حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش لایخۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند حوكمه‌كه‌ى دادگاى فیدراڵیى به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ و ملكه‌چى ده‌بێت و وایدانا ریفراندۆمه‌كه‌ بووه‌ته‌ رابردوو. داواى كرد و هێشتایش هه‌ر داواده‌كات كه‌ حكومه‌تى فیدراڵییش ئه‌و كاریگه‌رى و ئه‌نجامانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ لێیكه‌وتوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ رێگرى له‌ خه‌رجكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و داخستنى هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى له‌به‌رده‌م فڕۆكه‌ى هێڵه‌ بیانییه‌كاندا. 

به‌ڕێز عه‌بادى به‌رده‌وامه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ هه‌ڵوێستێكى تونده‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا و به‌كه‌متر له‌وه‌ رازیى نییه‌ كه‌ بڕیارێك له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ربچێت و ریفراندۆمه‌كه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ دابنێت. حكومه‌تى هه‌رێم رایبگه‌یه‌نێت كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ یاخود راینه‌گه‌یه‌نێت، ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ رووى پراكتیكه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ و به‌تاڵه‌ و كاریگه‌رییه‌كى مادیى نه‌ماوه‌، ئیتر ئه‌ركى حكومه‌تى فیدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمه‌ كه‌ به‌دواى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوانیاندا بگه‌ڕێن، به‌ كێشه‌ درێژخایه‌نه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ى ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌نجام و ده‌رهاویشته‌یانن. 

ده‌وڵه‌تمه‌دار له‌ پێگه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تى دیموكراتیدا، پێویسته‌ له‌سه‌رى هه‌موو هه‌وڵێك بدات و په‌نا بباته‌ به‌ر هه‌موو رێگایه‌ك بۆ گه‌مارۆدانى ئه‌و كێشانه‌ى رووبه‌ڕووى حكومه‌ته‌كه‌ى و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى ده‌بنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكات، هه‌وڵبدات بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى بژارده‌ جۆراوجۆر و جیاوازه‌كان. سیاسه‌تى پینه‌وپه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ سیستمى دیموكراتیدا نایه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو ره‌تده‌كرێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ نیشانه‌كانى رژێمى دیكتاتۆرییه‌. 

به‌ڕێز عه‌بادى له‌م رووه‌وه‌ سیاسه‌تێكى شێوه‌ شۆڤێنیى په‌یڕه‌و ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ى كه‌ گرتوونیه‌ته‌به‌ر وه‌ك سزادانێكى به‌كۆمه‌ڵى هه‌موو دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان وایه‌، به‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ دژى ریفراندۆم ده‌نگیانداوه‌. ئه‌مه‌یش له‌ جه‌وهه‌ردا جیاواز نییه‌ له‌و سزایانه‌ى كه‌ سه‌دام حسێن به‌سه‌ریاندا سه‌پاندى له‌ دواى راپه‌ڕینى 1991 و دامه‌زراندنى ئیداره‌یه‌كى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئه‌و له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمدا. 

ناكرێت مانا و به‌هایه‌ك بۆ ئه‌و داوایه‌ى به‌ڕێز عه‌بادى بدۆزرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ (ریسواكردن)ى ئه‌وانه‌ى بڕیارى ریفراندۆمه‌كه‌یان داوه‌، به‌تایبه‌ت مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ستكردن به‌ زاڵبوون و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ریاندا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌. 

له‌ ناوه‌ڕاسته‌كانى ساڵى 2015 دا به‌ڕێز عه‌بادى دوو گورزه‌ چاكسازیى راگه‌یاند (هیچیان شتێكى ئه‌وتۆیان لێ نه‌هاتنه‌دى)، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌چوونێكى له‌گه‌ڵ ئه‌و جموجووڵه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ى كه‌ بۆ چاكسازیكردن، له‌ 31 ى ته‌موزى ئه‌و ساڵه‌دا ده‌ستى پێكرد. له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و دوو چه‌پكه‌ چاكسازییه‌دا جێگرانى سه‌ركۆمار، ئه‌یاد عه‌لاوى و نورى مالیكى و ئوسامه‌ نوجێفى له‌ پۆسته‌كانیان لابران. دواتر مالیكى و نوجێفى له‌به‌رده‌م دادگاى فیدراڵیدا تانه‌یان له‌ بڕیاره‌كه‌ى عه‌بادى دا و دادگایش بڕیاریدا كه‌ كاره‌كه‌ى عه‌بادى ناده‌ستورییه‌ و به‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ى دانا به‌ هه‌موو ئه‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانیه‌وه‌ كه‌ لێیكه‌وتوونه‌ته‌وه‌. 

دواى ئه‌وه‌ چى روویدا؟.. ئه‌وه‌ى روویدا ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر سێ جێگره‌كانى سه‌ركۆمار گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنى خۆیان و به‌بێ هیچ ئاژاوه‌ و په‌شێوییه‌ك ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ كاره‌كانى خۆیان.. هیچكامیان ئه‌وه‌ى به‌ مه‌رج له‌سه‌ر به‌ڕێز عه‌بادى دانه‌نا كه‌ خودى خۆى بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پۆسته‌كانیانى تێدا دراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا به‌ڕێز عه‌بادى له‌ بارزانى و حكومه‌تى هه‌رێمى ده‌وێت. 

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ خۆم به‌ پشتیوانى حكومه‌تى كوردستان نابینمه‌وه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌یدا كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاو راناگه‌یه‌نێت به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ عه‌بادى ده‌یه‌وێت.. سیاسه‌ت بۆخۆى پراگماتیه‌. مادام راگه‌یاندنێكى له‌وجۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى كوردى تێدایه‌ و ئه‌و پاساوه‌ ناهێڵێت كه‌ عه‌بادى و ئه‌وانى دیكه‌ كردوویانه‌ته‌ بیانوو، ئیتر هیچ خراپییه‌ك له‌ راگه‌یاندنێكى له‌وجۆره‌دا نامێنێته‌وه‌... راگه‌یاندنێكى ئاوا ویستى كورد بۆ دیاریكردنى چاره‌نووسى خۆیان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌، هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌ و ئومێدى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى خۆیان له‌ناونابات، چونكه‌ هێزى تۆقێنه‌رى سه‌ربازى و چه‌كى نیشانپێك كه‌ له‌ رابردوودا دژى كورد و شۆڕشه‌كانیان پشتیان پێبه‌سترا، نه‌یانتوانى ئه‌و ئومێده‌ و ئه‌و ویسته‌ له‌ناوبه‌رێت.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure