گەندەڵیی عێراق لە ئەلف-ەوە هەتا یائـ

بۆچوون / بیروڕا :: 03/12/2017

سەرچاوە: ئیلاف
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


فەرهەنگی ئۆكسفۆردی ئینگلیزی پێناسەی گەندەڵی ئاوا دەكات "لادان لە رێی راست یان نەمانی دەستپاكی لە بەجێهێنانی ئەركە گشتییەكان بەهۆی بەرتیل و خاتروخۆترەوە". واتا گەندەڵی: خراپبوون و تێكچوونە ئەگەر مەبەستی ماناكەی پەیوەندیی بە كاڵایەكەوە هەبێت، ئەمەیش وشەیەكی گشتییە بۆ هەموو بوارە خراپەكان لە ژیاندا. 

پێوانەی گەندەڵی بە زمانی ژمارەكان كارێكی ئاسان نییە چونكە ئەنجامدەرانی و ئەوانەی تێوەیگلاون لەم رووەوە هاوكاریی ناكەن، رەنگە سەلماندنی گەندەڵی لە بواری سیاسیدا زەحمەت و قورس بێت بەڵام بەدرۆخستنەوە و نكۆڵیی لێ‌ كردنیشی كارێكی مەحاڵە.  

كەشی گونجاو بۆ گەشەی گەندەڵی لە عێراقدا، لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێدەكات. لە دامەزراندنی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانەوە لە نێوان خۆیاندا وەك دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان و چڕكردنەوەی دەسەڵات لە دەستی بڕیار بەدەستەكاندا كە ئەوان هەر لە بناغەوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نین بەرامبەر بە گەل. ئەمەیش بەهۆی ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان و یاریكردن بە ئەنجامەكانیانەوە لە بەرژەوەندیی پارتی دەسەڵاتدار و رەگوڕیشە داكوتراوی ناو تایفەگەری و رەگەزپەرستی كە وای لێدەكات كورسیی فەرمانڕەوایی بەدەستبێنێت لەڕێی لێكدانەوە و شرۆڤەی خۆیەوە بۆ یاساكان و یاریكردن بە ناوەرۆكی دەستور بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی. جگە لەمانەیش نەبوونی دیموكراسیی راستەقینە یان خاڵی و بەتاڵكردنەوەی لە ناوەرۆكە راستەقینەكەی بەهۆی جەهل و نەزانینەوە كە باڵی بەسەر كۆمەڵگەدا كێشاوە. 

نەبوونی تیواری/شەفافیەت لە حكومەتدا (ئازادیی زانیارییەكان) لە بڕیاردان و بێزراوكردن یان پشتگوێخستن و بەرەنگاربوونەوەی ئازادیی رادەربڕین یان ئازادیی رۆژنامەوانی و راگەیاندن و نەبوونی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و لاوازیی لێپرسینەوە و نەبوونی ئیدارەیەكی گونجاوی دارایی، هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی كاریگەر كەشێك دەخوڵێنن كە لەلایەك لەگەڵ ویستی گەندەڵكاراندا بگونجێت و لەلایەكی تریشەوە شكۆ و هەیبەتی دەوڵەت لاواز بكەن. 

هەروەها نەبوون و لاوازیی یاسایش بۆخۆی رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت لە تەشەنەسەندنی دیاردەی گەندەڵیدا لەڕێی دەسەڵاتی یاسا و جێبەجێنەكردنی بە شێوەیەكی دادوەرانە، هەروەها لاوازیی پیشەی یاسایی و نەبوونی رۆڵی هۆشیاركردنەوە لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەنجامنەدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی راست و دروست و خەرجكردنی پارەیەكی زۆری هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن كە ئاستی ئاسایی تێدەپەڕێنن و نەبوونی چاودێریی پێویست بۆ سنوورداركردنی بەرتیلخۆری. 

دوای كۆتاییهاتنی ئەو جەنگە تێكشكێنەرەی كە عێراق بۆ لەناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەخۆیەوەبینی، حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی پێش چەند رۆژێك پلانی خۆی بۆ قەلاچۆكردنی گەندەڵی بەشێوەیەكی پلەیی، راگەیاند. ئەوەبوو جەختی كردەوە كە ئەنجامەكان بەمنزیكانە دەردەكەون و هەروەها رایگەیاند هەوڵی تەواودەدرێت بۆ پەنابردنەبەر پسپۆرانی بیانی بۆ بەدواداچوونی پارە تاڵانكراوەكان و دەستگەیشتن بەوانەی كە گلاونەتە دزینیەوە. 

لە دانیشتنێكی زۆر تایبەت و لە یەكێك لە دەوڵەتە عەرەبیە نادراوسێكانی عێراقەوە، بەرپرسێكی باڵای حكومی پێیڕاگەیاندم كە حكومەتی عێراق خەریكە دەستدەكات بە هەڵمەتێكی زۆر گەورە دژی گەندەڵی و نەهەنگە سیاسی و بزنسمانەكانی، حكومەت بە جدیی بیر لە دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت دەكاتەوە بۆ لێپرسینەوەی گەندەڵكاران، هاوشێوەی ئەو دادگایەی كە بۆ دادگاییكردنی سەرانی رژێمی بەعس دامەزرا و ئەو دۆسیەی گەندەڵییە گەورانەی بۆ دەنێردرێت كە سیاسەتمەداران و بزنسمان و تەنانەت پیاوانی ئایینی و لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارەكانیش تێوەی گلاون. 

پرۆژەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و لەم كاتەی ئێستادا، بووەتە پێویستیەكی زۆر و لەدواخستننەهاتوو، كارێكیشە بە هیچ جۆرێك ئاسان نییە و تەنانەت مەحاڵە لە جەنگی دژی رێكخراوی داعش ئاسانتربێت، بەتایبەت كە عێراق خۆی ئامادە دەكات بۆئەوەی مانگی داهاتوو كۆنگرەی نێودەوڵەتیی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش ببەسترێت بۆ یارمەتیدانی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانەی عێراق كە لە جەنگی دژی داعشدا وێران بوون، كۆنگرەكە لە كوەیت دەبەسترێت و حكومەتی عێراقیش لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەدایە بۆ دڵنیاكردنەوەی دەوڵەتانی كۆمەكبەخش و وەبەرهێنەران بەوەی كە ئەو پارەیەی لە عێراقدا دەیخەنە وەبەرهێنانەوە ناچێتە گیرفانی گەندەڵكارەكانەوە. 

گەندەڵی لە عێراقدا وایلێهاتووە كە توانای دامەزراوەیی حكومەت دەپووكێنێتەوە، چونكە دەبێتە هۆی گوێنەدان بە رێوشوێنەكان و كاروبارەكانی و لەبەرڕۆیشتن و بەتاڵكردنەوەی سەرچاوەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی، لەبەرئەوەی بەهۆی گەندەڵییەوە پۆستە فەرمییەكان كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت. هەوەها گەندەڵی دەیشبێتە هۆی نەمانی شەرعیەت و رەوایەتی حكومەت. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییش بە هەموو شێوەكانیەوە لە عێراقدا، لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی سیاسیەوە دەست پێدەكات، چونكە ئەگەر گەندەڵیی سیاسی نەبوایەتە كەڵەگا ئەم هەموو گەندەڵییە دارایی و ئیداریەمان نەدەبینی، بەڵكو هەندێك حاڵەتی گەندەڵیی تاكەكەسی و ناڕێكخراوی دارایی و ئیداریی دەبوون، نەك وەك ئەوەی ئێستا هەیە، ئەم گەندەڵییە سیاسیەی ئێستای عێراق ئەو سەرچاوەیەیە كە گەندەڵیی ئیداری و دارایی لێوە دێتە بوون و دروست دەبێت.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure