بۆچى نه‌مسا؟

بۆچوون / بیروڕا :: 28/11/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
بایه‌خى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ نه‌مسا ده‌گوزه‌رێت له‌ قه‌باره‌ى وڵاته‌كه‌ گه‌وره‌تره‌، ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى 10 ملیۆن و رووبه‌رى خاكه‌كه‌یشى 84 هه‌زار كیلۆمه‌ترى دووجایه‌، هه‌ندێكى په‌یوه‌سته‌ به‌ مێژووه‌وه‌ و هه‌ندێكیشى به‌ دۆخى ئێستاوه‌.


نه‌مسا به‌ ویستى خۆى له‌ 1938 دا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیاى نازى یه‌كیگرت. به‌ڵام دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى و به‌هۆى خاترانه‌ و گوێپێدانى دوو زلهێزه‌كه‌ بۆى، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناوى نا (یه‌كه‌م قوربانیى هیتله‌ر) ئه‌مه‌ درۆیه‌ك بوو و هیچیتر، چونكه‌ نه‌مسا یه‌كه‌م هاوبه‌شى هیتله‌ر بوو. له‌سه‌ر ئه‌م درۆیه‌ نووستن بێ ئه‌وه‌ى كه‌س به‌ مێژووى نه‌مسادا بچێته‌وه‌ یان ره‌خنه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى لێ بگیرێت به‌ شێوازه‌كه‌ى ئه‌ڵمانیا. له‌ 1946-1947 یاساكانى داماڵینى نازییه‌ت وه‌ك رووداوێكى جێبه‌جێكردنى ئاسایى تێپه‌ڕێنرا. ئیتر خه‌ڵكیى روویان وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌. 

درۆى (یه‌كه‌م قوربانیى هیتله‌ر) جگه‌ له‌ یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا لاپه‌ڕه‌گه‌لێكى زۆرى پێچایه‌وه‌، له‌وانه‌ رژێمى ئۆتۆكراتیى ئینگلبێرت دۆڵفوس-ى بارگاوى به‌ فاشیزمى ئیتاڵى له‌ 1933 و راماڵینى راپه‌ڕینه‌ سوسیالیستیه‌كه‌ى 1934 و جه‌نگى ناوخۆ و كوده‌تاكه‌ى نازیى و رژێمى كۆرت شۆشنگ كه‌ زه‌مینه‌ى یه‌كگرتنه‌كه‌ى خۆشكرد... 

شاردنه‌وه‌ى رابردوو، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى گونجاندووه‌ كه‌ عه‌قڵیه‌تى تێكشكاوى ئیمپراتۆریه‌ت بێبه‌ریى نه‌بێت له‌ هه‌ره‌سى ده‌وڵه‌تى هاپسبۆرگى: هه‌ردوو رێككه‌وتننامه‌ى سان جێرمان و ڤێرساى، له‌دواى یه‌كه‌م جه‌نگى جیهانى، رێگربوون له‌ یه‌كێتیى نێوان نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا. ده‌وڵه‌تى نه‌مسایش كه‌ دواى ئه‌وه‌ دامه‌زرا، سێ ملیۆن نه‌مساویى، كه‌ به‌ زمانى ئه‌ڵمانى ده‌دوان، له‌ده‌ستدا و چوونه‌ ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وسا فراوانكرانه‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان تازه‌ دامه‌زران وه‌ك: یۆگۆسلاڤیا و چیكۆسلۆڤاكیا و هه‌نگاریا و ئیتالیا. 

دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى و له‌ژێر كاریگه‌ریى ئه‌و هۆكارانه‌دا، راوێژكارێتیى سوسیال دیموكراتى برونۆ كرایسكى (1970-1983)  لایه‌نگرى و خاترگرتنى نازییه‌ كۆنه‌كان و راستڕه‌وى توندڕۆى راگه‌یاند. قوڕه‌كه‌یش به‌ په‌كخستنى پرۆسه‌ى سیاسى خه‌ستتربووه‌وه‌ كه‌ ئیئتیلافى فراوانى سوسیال دیموكرات-مه‌سیحى دیموكرات زۆربه‌ى كاته‌كانى دواى دووه‌م جه‌نگى له‌ نه‌مسادا وه‌رگرت.
 
یه‌كه‌م چه‌خماخه‌، له‌گه‌ڵ "مه‌سه‌له‌ى كۆرت ڤاڵدهایم"دا هات، كاتێك ئه‌وه‌ ئاشكرا بوو كه‌ ئه‌م ئه‌مینداره‌ گشتیه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌ه‌كانى نێوان 1972 و 1981 و سه‌رۆكى نه‌مساى نێوان 1986 و 1992 ه‌ پێشتر ئه‌فسه‌رێكى نازیى بووه‌.
چه‌خماخه‌ى دووه‌میش له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانى راستڕه‌وى فاشى به‌ سه‌رۆكایه‌تى یۆرگ هایده‌ر و به‌ پێشه‌نگبوونى حزبه‌كه‌ى "حزبى ئازادى" بوو كه‌ چووه‌ پێگه‌ى دووه‌م له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 1999 دا.

به‌م دواییه‌یش، له‌ كۆتاییه‌كانى 2016 دا پاڵێوراوى "حزبى ئازادى" بۆ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار، به‌زه‌حمه‌ت شكستیهێنا و ئه‌لكسانده‌ر ڤان دیربڵن-ى ژینگه‌خواز سه‌ركه‌وت. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتیه‌كانى مانگى تشرینى یه‌كه‌مه‌یشدا، حزبى ناوبراو سوودمه‌ند بوو له‌و پێشكه‌وتنه‌ى كه‌ "حزبى جێگره‌وه‌-البدیل"ى ئه‌ڵمانى به‌ده‌ستیهێنا له‌ كه‌ش و دۆخى تازه‌ى دژى كۆچ و موسڵمانان. 

دیموكرات مه‌سیحیه‌كان، ئه‌و باڵه‌ سه‌ركردایه‌تیى ده‌كات كه‌ زۆر راستڕه‌و و توندترین نه‌یارى كۆچه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ئیئتیلافێك بكه‌ن بۆ دامه‌زراندنى حكومه‌تى نوێ، حكومه‌تێك كه‌ سه‌نگێكى قورس بێت به‌سه‌ر سنگى ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌نگێلا مێركڵ-ى راوێژكاریان. هه‌روه‌ها سه‌نگێكى تریش بێت به‌سه‌ر سنگى هه‌موو یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ و سه‌نگى سێیه‌میش بێت به‌ سه‌ر سنگى خودى نه‌مسا خۆیه‌وه‌!

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure