كوردەكانی سوریا وانەیان وەرگرت و بڕیاریاندا

بۆچوون / بیروڕا :: 27/11/2017

سەرچاوە: رەئی ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید
كوردەكانی سوریا وانەیان وەرگرت و بڕیاریاندا دەست لە ئەمریكا بەربدەن پێش ئەوەی ئەو دەستیان لێ‌ بەربدات...ئەم وەرچەرخانە چۆن روویدا؟ و ئایا (مارەبڕینەكە) لە جنێف و (شاییەكە) لە سوچی دەبێت؟ ئەی بۆچی ئەمریكا نایەوێت دانبنێت بە شكستی خۆیدا و ناكشێتەوە؟ لێرەدا هەندێك وەڵاممان دەستدەكەوێت.
سبەینێ‌ سێ‌ شەممە 28/11/2017، دانوستانە راستەوخۆكان دەربارەی چۆنیەتی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسیانەی قەیرانی سوریا، لە جنێف دەست پێدەكەنەوە، شاندی حكومەت بە سەرۆكایەتی دكتۆر بەشار جەعفەری دەبێت و وەفدێكی یەكگرتووی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایش بە سەرۆكایەتی بەڕێز نەسر حەریری، رێكخەری دەستەی نوێی باڵا، ئامادە دەبێت. بەڵام چەندین گومانی راستەقینە هەن سەبارەت بە ئاستی سەركەوتنی دانوستانەكان، ئەمەیش بە هۆكارێكی سادە كە ئەویش ئەوەیە پرۆسە سیاسیە راستەقینەكە ئەوەیە كە لە هاوینەهەواری سوچی، بە چاودێریی راستەوخۆی روسیا و بە پشتیوانیی ئێران و توركیا و بە رەزامەندیی فەرمیی سوریا و لە ژێر ناونیشانی دیالۆگی گەلی سوریا، بەڕێوەدەچێت
ئەو پرسیارەی لێرەدا بەهێزەوە خۆی دەردەخات ئەمەیە: ئەمریكیەكان كوان، سعودیەكان كوان، قەتەرییەكان كوان، ئەوانەی كە بە درێژایی حەوت ساڵی رابردووی قەیرانی سوریا ژمارەی قورس و زەحمەت بوون؟
سعودیەكان و قەتەریەكان، كە زانییان بەردەوامبوونیان مانای زیانی زیاتریانە بۆیان، لەو بەردەوامییەی سوریا كشانەوە، سەرەڕای ئەگەری پێكدادانیان لەگەڵ روسیا كە بووەتە خاوەنی دەنگە بەرزەكەی ئەم دۆسیەیە، هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی سەربازییشەوە. ئەمە بێجگە لەوەی كە هەردوولایان سەرقاڵی ناكۆكییە پەرەسەندووەكانیانن. بەڵام ئەمریكیەكان، ئەوان لە بارێكی شێواوی و پەشۆكانی بێوێنەدان كە ناونیشانەكەی داننانی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەخۆیە بە شكستهێنانیان و هەڵكردنی ئاڵای سپیی خۆبەدەستەوەدانیان.
كاتێك هەفتەی رابردوو پرسیار لە جیم ماتێس وەزیری بەرگریی ئەمریكا كرا دەربارەی پلانەكانی وڵاتەكەی لەسەر بوونی 500 سەربازی هێزەكانیان لەگەڵ دووهێندەی ئەو ژمارەیە لە تەكنیككار و ئیداریی كە لە بواری خزمەتەكەی خۆیاندا كاردەكەن، بەتایبەت كە هۆكاری سەرەكیی رەوانەكردنیان لەدوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی زیاتر لە 95% ی ئەو ناوچانەی لەدەستدا كە پێشتر لە سوریا و عێراق كۆنترۆڵی كردبوو، نەماوەتەوە. بەڵێ‌ ئالەوكاتەدا وەزیرەكەی ئەمریكا كەوتە پێچ و پەنا و بیانووهێنانەوە و باسكردنی شتە گشتیەكان بۆ ئەوەی خۆی لە وەڵامی پرسیارەكە بدزێتەوە. ئیتر گرنگترین شتێك كە وتی ئەوەبوو تا گەیشتن بە چارەسەری سیاسیانە لە نێوان سەرۆك بەشار ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆندا، هێزەكانی ئەمریكا دەمێننەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێكدا كە هەفتەی رابردوو بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرایكردووە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پلانی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی لە باكوری سوریا هەیە، ئەمەیش لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی نفوزی ئێران. هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچانە مەشق و راهێنانیان بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كردووە كە زۆرینەیان كوردن و هەروەها چەكیشی داونەتێ‌. 
لەوباوەڕەدا نین كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بتوانێت لە سوریا بمێنێتەوە، نە لە باكوری و نە لە باشور-یشی، تەنانەت ئەگەر ژمارەی هێزەكانی بۆ دەیان هێندەی ئێستایش زیاد بكات، چونكە رووبەڕووی شكستێكی گەورەی سەربازی و سیاسی دەبێتەوە و دەبێتە نێچیرێكی چەور و ئاسان بۆ هێزەكانی مقاوەمەی سوریا و حزبوڵـڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سوریا و هێزەكانی حەشدی شەعبیی عێراقی، چونكە ئەم هێزانە بە حەسرەتەوە تینووی ئەوەن كە بكەونە شەڕی پارتیزانییەوە لە دژی ئەمریكا، وەك ئەوەی دوای داگیركردنەكە لە عێراق روویدا و تەنانەت ترسناكتریش. 
هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە باكوری سوریا، واتا هێزەكانی سوریای دیموكرات، پەیامەكەی پێگەیشت و خوێندنەوەیەكی راست و دروستی بۆ هەلومەرجە داهاتووە چاوەڕوانكراوەكەی سوریا كردووە. زانیویەتی كە ناكرێت لە قۆناغی داهاتوودا زۆر پشت بە بەڵێنەكانی ئەمریكا ببەسترێت بۆ پشتیوانی و هاوكاریكردنی، بۆیە بڕیاریدا بچێتەپاڵ لایەن و بەرەی سەركەوتووەوە. پێشتریش بەڕێز ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، باشتر گوزارشتی لەم وەرچەرخانە كرد، كاتێك رۆژی یەكشەممە بە تۆڕی رووداوی كوردی رایگەیاند "هێزەكانی دەچنەپاڵ سوپای سوریا كە كێشەی سوریا چارەسەر دەكرێت". 
كوردەكان خەریكن دەستبەرداری ئەمریكا دەبن پێش ئەوەی ئەمریكا دەستبەرداری ئەوان ببێت و وازیان لێبێنێت هەرخۆیان بە تەنیا رووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هاوپەیمانیە سەركەوتووەكە لە سوریا و عێراق، هەروەها پەند و وانەیان لەو هەڵخەڵەتاندنە وەرگرتووە كە براكانیان لە باكوری عێراق و لە دوای ریفراندۆمەكە، تووشی بوون، هەروەها لە باكوری خۆرئاوای سوریا (هێزەكانی پاراستنی كورد) بەریاندا هات كە سەرۆك ترەمپ فرۆشتنی بە توركەكان و لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند كە وڵاتەكەی هەموو شێوازەكانی پشتگیریی سەربازیی لەو هێزانە رادەگرێت لەپێناو گەڕانەوەی هاوپەیمانێتیەكەی لەگەڵ توركیا. 
كۆنگرەكەی سبەینێ‌ سێ‌ شەممەی جنێف تەنیا فێستیڤاڵێكی ئاهەنگئامێز دەبێت، بەڵام شاییە راستەقینەكە لە سوچی دەبێت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی زیاتر لە چل حزب و رێكخراو و خێڵ، لەگەڵ نوێنەرانی حكومەت بۆ دانانی دەستورێكی تازە و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی. بڕیارەكەی پێشووی حكومەتی سوریایش كە بێ‌ دوودڵی رازیی بوو لەسەر ئامادەبوونی لەم كۆنگرەیەدا، مانای دڵنیاییەتی لە ئەنجامەكەی.
ئەسەد لە كۆشكی موهاجرین-دا دەمێنێتەوە و قسەكردن دەربارەی رۆیشتنی، بەتایبەت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە، بووەتە قەدەغەكراوەكان چونكە زۆر بە سانایی نەیتوانی جەنگەكە بباتەوە وەك قوداسەتی بەڕێز ستیڤان دی مستۆرا فتوای بۆدا، ئەو پیاوەی كە ئاگای لە شتە شاراوە و ئاشكرانی كاروبارەكانە و هەروەها پوتین-یش دەزانێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە