كێشه‌كانى توركیا بێكۆتایین

بۆچوون / بیروڕا :: 25/11/2017

هه‌واڵه‌كان هه‌م له‌ توركیاوه‌ و هه‌م ده‌رباره‌ى توركیایش، خراپن. من هیواداربووم كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌وجۆره‌ به‌رده‌وام بوایه‌ كه‌ پێش ساڵانێك ناسیمان، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو و لایه‌نه‌ ئایینیه‌كه‌ى زاڵبوو به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كه‌یدا، ده‌ره‌نجامى ئه‌مه‌یش كێشه‌ دواى كێشه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و كۆتاییان نایه‌ت. بۆ نموونه‌:

- بنالى یڵدرم سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌ڵێت هیچ رێكخراوێكى سیاسى یان دامه‌زراوه‌یه‌ك، مافى (قۆرخكردنى ئه‌تاتورك)ى دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى توركیاى نییه‌. یڵدرم له‌ وته‌یه‌كیدا بۆ ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ى له‌ په‌رله‌مان، وتى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان-ى ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ پێویستیان به‌ ده‌رخستنى دڵسۆزییان بۆ ئه‌تاتورك نییه‌. 

- چیرۆكێكى سه‌یر. هه‌ندێك له‌وانه‌ى كه‌ بۆ بازاڕكردن چوونه‌ته‌ ته‌لارى بازرگانیى (زارا) له‌ توركیا، چه‌ندین پارچه‌ (سه‌ره‌مه‌قه‌ست) یان له‌ گیرفانى كراس و پانتۆڵه‌ (جینز)ه‌كاندا دۆزیه‌وه‌ته‌وه‌ كه‌ سكاڵایان تێدا نووسراوه‌ له‌ ده‌ست خراپیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا. یه‌كێك له‌و پارچانه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و به‌یانییه‌ هاتین بۆ كاركردن كه‌چى بینیمان كۆمپانیاكه‌ نه‌ماوه‌. ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كان داخراون. سه‌رۆكى كار دیار نه‌ماوه‌. ئێمه‌یش هیچمان بۆ نه‌كرا جگه‌ له‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ نه‌بێت، سكاڵاكانى خۆمانمان به‌م پارچه‌پارچانه‌ خسته‌ پۆشاكه‌كانى زارا-وه‌ له‌ ئه‌ستانبوڵ. نامانه‌وێت زیان به‌ زارا بگه‌یه‌نین، به‌ڵكو داواى مافه‌كانى خۆمان ده‌كه‌ین....". په‌یام و نامه‌ى پشتگیریى داواكاریى كرێكاران تا ئێستا نزیكه‌ى 300 هه‌زار تورك واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌.

- پێش ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌یش، توركیا و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌وتنه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى دیپلۆماسى كه‌ هێشتا به‌ته‌واویى كۆتایى نه‌هاتووه‌. هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا دواى رووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ (ده‌ستگیركردنى هاووڵاتیانى ئه‌مریكا له‌ توركیا) ئه‌وه‌بوو كه‌ حكومه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵسانگاندن بۆ پابه‌ندبوونى توركیا به‌ پاراستنى نێرده‌ى ئه‌مریكا و هاووڵاتیانى ئه‌مریكیه‌وه‌ بكات. به‌مه‌یشه‌وه‌ چوونى هاووڵاتیانى توركیاى بۆ ئه‌مریكا راگرت. توركیایش كاردانه‌وه‌ى خۆیى نواند و پێدانى ڤیزاى به‌ ئه‌مریكیه‌كان هه‌ڵپه‌سارد. باڵیۆزخانه‌ى توركیایش له‌ واشنتۆن دواى دوو مانگ له‌ راگرتنى ڤیزا رایگه‌یاند، له‌ ئاستێكى دیاریكراودا، رێگه‌ به‌ ئه‌مریكیه‌كان ده‌درێت بچنه‌ توركیاوه‌، به‌ڵام رێگرتنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ هه‌ر ماوه‌ و به‌رده‌وامه‌. 

- له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، تۆمارێكى ده‌نگى دۆزرایه‌وه‌ كه‌ پۆلیسى توركیا دایناوه‌ و تێیدا ئێرانیه‌كان باس له‌ رێگه‌كانى دووركه‌وتنه‌وه‌ى دابڕانى ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ ئێران. تۆماره‌كه‌ ئه‌وه‌ى ده‌رخست كه‌ پیلانگێڕه‌كان ده‌یانه‌وێت پشتگیریى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا بۆ خۆیان راكێشن. ئه‌ویش وا وه‌ڵامیدایه‌وه‌ كه‌ تۆماره‌كه‌ ساخته‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2013 و ده‌ستى ئه‌و خائینانه‌ى له‌پشته‌وه‌یه‌ كه‌ دزه‌یان كردووه‌ته‌ ناو پۆلیس و دادوه‌ریى توركیاوه‌. هه‌ر شتێك له‌ توركا و له‌ هه‌رشوێنێكى جیهاندا رووبدات و بۆ ئه‌ردۆغان باش نه‌بێت، ئه‌وا فه‌تحوڵـڵا گویله‌ن-ى بانگخواز و لایه‌نگره‌كانیى پێ تۆمه‌تبار ده‌كرێت. توركیا تا ئێستایش داوا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات گویله‌ن-ى راده‌ست بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دادگایى بكات، پێموانییه‌ راده‌ستى بكات. 

- گه‌شتیاریى له‌گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌كانى داهاته‌ له‌ توركیا. هه‌ندێك ژماره‌ى ساڵى 2014 م لایه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ 37 ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانى توركیایان كردووه‌ و  35 ملیار دۆلاریان بردووه‌ته‌ وڵاته‌كه‌وه‌. گه‌شتیاره‌كان له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌ بوون. ئێستا ده‌یخوێنمه‌وه‌ كه‌ ساڵ دواى ساڵ گه‌شتیارى وڵاتانى خۆرئاوا كه‌مده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌ ساڵى 2016 و كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى دژى ئه‌ردۆغان-ه‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌. 

ساڵى رابردوو ژماره‌ى گه‌شتیارانى خۆرئاوا، به‌تایبه‌ت ئه‌ڵمانیا و بریتانیا، دابه‌زیوه‌ و ژماره‌ى گه‌شتیاران گه‌یشتووه‌ته‌ 25 ملیۆن. جگه‌ له‌مه‌ ئه‌وه‌یش ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ پیشه‌سازیى گه‌شتیاریى توركیا به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ده‌چێت دواى كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى گه‌شتیاره‌كانى خۆرئاوا، ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ى گه‌شتیاران له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ زیادیان كردووه‌. ئه‌گه‌رچییش ژماره‌كانى 2017 هێشتا ته‌واونه‌بووه‌ به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن ژماره‌ى گه‌شتیاران و پاره‌خه‌رجكردنیان له‌زیادبووندان. 

- ئایا خوێنه‌ر ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ توركیا له‌ ساڵێكدا بایى دوو ملیار دۆلار مه‌ڕمه‌ڕ هه‌نارده‌ ده‌كات؟ ئه‌مه‌ باشه‌، به‌ڵام بابه‌تێكم خوێنده‌وه‌ كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك ژینگه‌پارێز سكاڵایانه‌ له‌ كوژرانى دوو چالاكوانى وه‌ك خۆیان و لایه‌نه‌ ره‌سمیه‌كانیش سستى ده‌نووێنن له‌ دۆزینه‌وه‌ى تاوانباره‌كاندا.
 
بێگومان ئه‌ردۆغان گوێ به‌و ژمارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ نادات چونكه‌ ئه‌و سه‌ردانى كوه‌یتى كرد بۆ پێداچوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كه‌ى كه‌نداو  له‌گه‌ڵ شێخ سوباح لئه‌حمه‌د و قه‌ته‌ردا كه‌ به‌ڵێنى پێدا پشتگیریى سه‌ربازییانه‌ى بكات.  كێ هێرش ده‌كاته‌سه‌ر قه‌ته‌ر؟ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، توركیا یارمه‌تییه‌كى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ده‌ست خۆى ده‌دات كه‌ بڕه‌كه‌ى ملیارێك دۆلاره‌، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ناكۆكیى توندى نێوانیانه‌وه‌. له‌وه‌یشده‌چێت داواكاریى توركیا بۆ به‌ئه‌ندامبوونى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا ره‌تكرابێته‌وه‌ یان سڕ كرابێت. ره‌نگه‌ مابێتین و ژیابین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ببینین بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ى كه‌ ده‌رباره‌یمان ده‌زانى.  

نووسینى: جهاد ئه‌لخازن
سه‌رچاوه‌ ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە