پەیمانی سیڤەر

بۆچوون / بیروڕا :: 23/11/2017

×: ناو؟
ـ: ریفراندۆم.
×: ریفراندۆم كێ‌؟ ناوی سیانیت.
ـ: هەر بنووسە ریفراندۆمی رووت و قووت.
×: چی یە؟ لە كونەدیوار هاتوویتە دەرێ‌؟
ـ: بەخوا ئیتر.
×: ئەی بۆ كەسێكت لەگەڵدا نی یە؟
ـ: كەسی وەكو كێ‌؟
×: چووزانم؟. پارێزەرێ‌، مێژوونووسێ‌، راوێژكارێ‌!
ـ: نیمە.. كەسم نی یە.
×: عەجیب!!..یەعنی بەتاقی تەنیا هاتوویت لەم غەریبایەتی یە مەحكەمەت بكەین؟!
ـ: برینم مەكولێنەوە رجات لێ‌ ئەكەم.
×: برینی دەستی كێ‌؟
ـ برینی ئەو هەموو فشەكەر و دەمهەراشانەی كە بەهاش و هووش هیچیان نەهێشتبووەوە. گوایە لەبەر خاتری من ئامادەن سەری رۆستەمیش ببڕن...ئێستاش فززەیان لە خۆیان بڕیوە.
×: دەی خوا خەجاڵەتیان كا.
ـ: خەجاڵەت نابن قوربان..ئەوە ئیشی یەكەمجاریان نی یە. كاتی خۆیشی وایان لەو رەحمەتی یە كرد.
×: رەحمەتی كێ‌ یە؟
ـ: پەیمانی سیڤەر.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure