جیاوازیی نێوان سوید و سعودیە....وتارێكی بوومەلەرزەیی

بۆچوون / بیروڕا :: 22/11/2017

نووسینی: عەبدوڵـڵا ئەلدوەیس
سەرچاوە: ئەلدیار
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەگەرچی لە سعودیە ئامۆژگاری و رێنوێنی و خوتبە و قورئان و لێكدانەوە و تاكپەرستی و فیقهـ و سیرە و سەدان هەزار مزگەوت و دەیان هەزار ئامۆژگاریكەر هەیە.. و  هیچكام لەمانە لە سوید نین! لەگەڵ ئەوەیشدا سوید لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندایە لە روونی و شەفافیەتدا، كەچی سعودیە لە كلكی لیستەكەدا خۆی گرمۆڵە كردووە! 

پێغەمبەر صلى الله عليه و آله و سلم هاوەڵانی خۆیی راسپارد تا كۆچ بكەن بۆ حەبەشە.. و فەرمووی: پاشایەكی لێیە كەس لای ئەو ستەمی لێناكرێت!.. لە وڵاتی حەبەشە نە قورئانی لێ‌ بوو بخوێنرێت و نە خوتبەی تێدا دەدرا، لەگەڵ ئەوەیشدا دادپەروەری و چاكە هەموو لایەكی گرتبووەوە..

كێشەی موسڵمانەكان لە نەبوونی خوتبە و قورئانخوێندن و خوێندنی حەدیس-دا نەبوو، هێندەی ئەوەی كە لە مامەڵەكردن بە دادپەوەری و ویژداندا بوو.

ئەو قازی-یەی كە عەلی بن ئەبی تاڵب خوای لێ‌ رازی بێت، دایمەزراند، قەڵغانەكەی عەلی-ی دا بە جوولەكەیەك، چونكە عەلی نەیتوانی خاوەندارێتیی قەڵغانەكە بسەلمێنێت!! خوا دەوڵەتی دادپەروەر بپارێزێت تەنانەت ئەگەر كافریش بێت.. و دەوڵەتی ستەمكاریش لەناوبەرێت ئەگەر موسڵمانیش بێت...

خوتبە و قورئان و سیرە و حەدیس، ئەگەر رەنگدانەوەی رەوشتی رەفتاریان لەگەڵ هەژار و نەداراندا تێدا نەبن و مافی خۆیانیان نەدەنێ‌ ـ تەنانەت ئەگەر دوایشی نەكەون ـ ئەوكاتە بچۆرە سەر بەرنامە و رێڕەوی ئاشتی...

لە سوید لەسەر بنەمای رەگەزنامەكەی، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا ناكرێت، بەڵكو لەسەر بنەما مۆرییەكەی مامەڵە دەكرێت... لە سوید بەیانیان زوو لە دەرگای ماڵەكەت دەدرێت و شووشەیەك شیری تازە و خاوێن دەهێنن بۆ منداڵەكەت كە رەگەزنامەی سوید-یشی نییە! هەموو شتەكەیش ئەوەیە كە ئەویش مرۆڤە و پێویستی بە شیری تازەیە وەك چۆن هەر منداڵێكی سویدی پێویستی پێیەتی.. لە وڵاتانی ئێمەدا لە دەرگای ماڵان نادرێت تەنیا بۆ پاسپۆرتی راگواستن و پشكنینی نەبێت..

لە سوید دوای 4 ساڵ مانەوەی بەردەوام، نیشتەجێبوونی هەمیشەیت دەدرێتێ‌.. لە وڵاتانی ئێمەدا نیشتەجێبوو دەبێت نیشتەجێبوونەكەی تازە بكاتەوە تەنانەت ئەگەر هەزار ساڵیش مابێتەوە!

لە سوید كەسی نیشتەجێبوو ئەگەر مێژووی سویدی لەبەركرد و 6 ساڵی بەردەوام تێیدا ژیا ئەوا رەگەزنامەی وڵاتەكەی دەدرێتێ‌.. لە وڵاتانی ئێمەدا كەسی نیشتەجێبوو دەبێت 6 ساڵ چاوەڕێ‌ بكات بۆ ئەوەی مۆڵەتی هاوسەرگیریی هاووڵاتیەكی پێ‌ بدرێت! رەگەزنامەیشی نادرێتێ‌ تەنانەتە ئەگەر قورئان و ئینجیل و زەبور و مێژووی دوورگەی عەرەبی لەبەربێت هەر لەوكاتەوە كە ئادەم، سڵاوی لێ‌ بێت، دابەزیوە هەتا ئەمساڵ.

سوید ئەگەرچی كافریشن بەڵام مامەڵە بە ئیسلامەوە دەكەن. لە وڵاتانی موسڵماناندا مامەڵە بە رێبازی كوفرەوە دەكەین ئەگەرچی موسڵمانیشین!!

لە سوید خاوەنكارێك نادۆزیتەوە گێچەڵ و هەڕەشە لە نیشتەجێبوویەكی هندی یان سۆمالی بكات و بە ناهەقی داوای شتێكی لێ‌ بكات.

لە سوید قسەیەك نابیستی لە دەمی منداڵێكی بچووكەوە، كە هێشتا سمێڵی بۆرنەبووە، بێتەدەرێ‌ و پێت بڵێت: وس، ئەگەرنا بەخوا دەرت دەكەم.

لە سوید ژنەكارەكەرێك نییە ماوەی 24 كاتژمێر لە رۆژێكدا و 7 رۆژ لە هەفتەیەكدا كار بكات! منداڵەكانت فێری ئەوە بكە كە ئەو بەنگالی-یەی هەموو بەیانییەك شەقامەكەتان گسك دەدات و پاكی دەكاتەوە، لە ئیسلامدا براتە.. یان رەنگە لای پەروەردگار لە تۆیش باشتر بێت!
منداڵەكانت فێر بكە ئەوەی جلوبەگ و ناوماڵەكەت بۆ رێكدەخات و نانت بۆ ئامادە دەكات و خواردنت بۆ لێدەنێت، هەر مرۆڤە وەك خۆت و خاوەنی هەست و كەرامەتە و تەنیا بە دوای رزقی حەڵاڵدا گەیشتووەتە ئێرە.

ئەم حاڵە بەسەر هەموو دەوڵەتانی كەنداودا جێبەجێ‌ دەبێت بەبێ‌ هەڵاوێری.. ئیتر بەمە هەموو موسڵمانانیش بپێوە..

عێراقییەك ساڵانێكە لە سوید دەژی، كوڕەكەی لە یەكەمە سەركەوتووەكانی خوێندن دەبێت، ئیدارەی قوتابخانەكە گەشتێك بۆ برازیل رێكدەخات، پارەی سەركەوتووەكانی خوێندن لەلایەن قوتابخانەكەوە دەدرێت! ئیدارەی قوتابخانەكە داوای پاسپۆرتی كوڕەكەی لێدەكەن بۆ ئەوەی ڤیزای بۆ وەربگرن!!
دوای چەند رۆژێك خانمی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە قسەی لەگەڵ دەكات و داوای لێدەكات بیبینێت! بەڕێوەبەر خەمبار دەبێت و پێی دەڵێت باڵیۆزخانە رازی نەبووە ڤیزا بە كوڕەكەی بدات لەبەر ئەوەی پاسپۆرتەكەی عێراقییە!
بەڵام پێی دەڵێت ئەمە بە كوڕەكەی نەڵێت با تووشی شۆك نەبێت و منداڵێتیی نەشێوێت و ئاڵۆز نەبێت!! داوای لێكرد دوا دەرفەتی بداتێ‌ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە و منداڵەكە لە شۆكبوون بپارێزێت!!
كابرا بە پێكەنین و سەرسامبوونی بە كاردانەوەی خانمی بەڕێوەبەر، ژووری بەڕێوەبەرەكە جێدێڵێت و دەچێتەوە بۆ ماڵەوە، بەبێ‌ دوودڵی و راستەوخۆ هەواڵەكە بە كوڕەكەی دەگەیەنێت!!

دوای چەند هەفتەیەك، بەڕێوەبەرەكە پەیوەندیی پێوە دەكات و داوای بینینی دەكاتەوە. ئەویش لەكاتی خۆیدا دەچێتە دیداری، بە زەردەخەنەیەكی گەشەوە پێشوازیی لێ‌ دەكات و دەستی بۆ رادەكێشێت و پاسپۆرتی سویدی-ی كوڕەكەیی دەداتێ‌!! باوكە دەپەشۆكێ‌ و زمانی گیردەبێت و گۆناكات.
خانمی بەڕێوەبەر دەستپێشخەریی لە قسەدا دەكات و دەڵێت: دەربارەی كوڕەكەت پەیوەندیم بە سەرەك وەزیرانەوە كرد. ئەویش رەزامەندیی دەربڕی كە پاسپۆرتی سویدیی بداتێ‌ بۆ ئەوەی دووچاری ئەو شۆكە دەروونییە نەبێت كە تووشی منداڵ دەبێت و لەكاتی گەورەبوونیدا رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر كەسێتیەكەی!!!!

خوایە بوونمان لە نیشتمانی عەرەبیدا وا لێبكەیت كە لە رۆژی قیامەتدا شەفاعەتمان بۆ بكات..




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure