قسه‌كردن ده‌رباره‌ى بومه‌له‌رزه‌ى داهاتوو راست نییه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 18/11/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


بومه‌له‌رزه‌یه‌كى وێرانكه‌ر ناوچه‌ سنووریه‌كانى نێوان عێراق و ئێرانى گرته‌وه‌، زۆرترین زیانه‌كانى له‌ پارێزگاى كرماشان-دا بوو كه‌ ژماره‌ى قوربانییه‌كانى چوارسه‌د كوژراو و زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار برینداربوو.

بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌هێز بوو. ده‌سته‌ى جیۆلۆجیى ئه‌مریكا و ده‌سته‌ى كه‌ش-ى عه‌ره‌بییش به‌ 7،3 پله‌ تۆماریان كرد. ئه‌و له‌رینه‌وه‌یه‌یش كه‌ دواى بومه‌له‌رزه‌كه‌ روویدا گه‌یشته‌ به‌غدا و  خه‌ڵكێكى زۆرى دانیشتووى ئه‌وێ ده‌ڵێن هه‌ستیان پێكردووه‌. 
 
هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ راستن و وه‌ك ئه‌وه‌ى خوێنته‌وه‌ قبووڵمه‌، به‌ڵام خه‌ڵكانێكى شه‌ڕبین هه‌ن كه‌ پێشبینیى خراپ ده‌كه‌ن و خه‌ڵكێكى ساده‌یش بڕوایان پێده‌كه‌ن. 

خۆ ئه‌گه‌ر سه‌نته‌رى چاودێریى بومه‌له‌رزه‌، یان پسپۆرێكى جیهانى، بڵێت كه‌ تاران له‌به‌رده‌م بومه‌له‌رزه‌یه‌كى وێرانكه‌ردایه‌، بڕوام پێده‌كرد، به‌ڵام كاتێك پیاوێكى ئاینیى ئێرانى ئه‌مه‌ بڵێت، ئه‌وا بڕوا پێكردنى زه‌حمه‌ته‌. 

ئێران له‌سه‌ر هێڵى بومه‌له‌رزه‌یه‌ و له‌ ساڵى 1990 دا بومه‌له‌رزه‌یه‌كى توند لێیدا و نزیكه‌ى 50 هه‌زار كه‌سى لێكوشت. ساڵى 2003 یش له‌ بام 26 هه‌زار كه‌س، یان زیاتر، كوژران و شاره‌كه‌ وێران بوو. ساڵى 2006یش له‌ مازه‌نده‌ران و رودبارـمه‌نجیل ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانى. 
 

پێش چه‌ند ساڵێك، ئایه‌توڵـڵا عه‌زیز خۆشوه‌قت، له‌ تاران به‌ نوێژخوێنانى وت بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و تۆبه‌ بكه‌ن چونكه‌ غه‌زه‌بێكى ئیلاهى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌كات، ئامۆژگاریى دانیشتوانه‌كه‌یى كرد شاره‌كه‌ جێبهێڵن، هه‌روه‌ها هۆشداریى چه‌ندین مه‌ترسیى شاراوه‌ و نه‌زانراویشى دایه‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد سه‌رۆكى پێشوو. ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ قسه‌كانى وانه‌بوون و تا ئێستا هیچ نه‌بووه‌. حوجه‌تولئیسلام كازم سدیقى-یش وتى ژنان جلى باڵاپۆشى ئاودامان له‌به‌رناكه‌ن و پیاوان په‌لكێش ده‌كه‌ن بۆ له‌ڕێلادان و گومڕایى و زینا له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌یش بومه‌له‌رزه‌كان زیاتر ده‌كات.   

تاران نزیكه‌ى 12 ملیۆن هاووڵاتیى تێدایه‌، زۆر له‌ پاریس و له‌نده‌ن و نیویۆرك و ئه‌وانیتریش داپۆشراوتره‌، ئیتر چۆن ئه‌م بومه‌له‌رزه‌ لێى ده‌دات و له‌ شاره‌كانى تر نادات كه‌ پڕن له‌ داوێنپیسى، به‌تێگه‌یشتنى ئێرانى.

راسته‌ تاران له‌سه‌ر هێڵى بومه‌له‌رزه‌یه‌ و له‌سه‌ر خاڵ-ى به‌یه‌كگه‌یشتنى دوو هێڵى بومه‌له‌رزه‌ بنیاتنراوه‌، باس له‌ گواستنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، بۆ شوێنى دیكه‌ كراوه‌، به‌ مۆزه‌خانه‌ى نیشتمانى-یشه‌وه‌ كه‌ 300 هه‌زرا پارچه‌ى هونه‌ریى تێدایه‌، ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ى تا ئاستى مه‌حاڵ زه‌حمه‌ت و قورسه‌. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش قورستر گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ته‌، كه‌ ژماره‌یان ملیۆنه‌ها كه‌سه‌، بۆ ناوچه‌یه‌كى دوور له‌ هێڵه‌كانى بومه‌له‌رزه‌. خوێندویشمه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌شێكى زۆریان ده‌یانه‌وێ كۆچ بكه‌ن بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى ناوخۆى وڵاته‌كه‌یان.    

منداڵ بووم له‌ لوبنان كاتێك ئاگر له‌ قوتابخانه‌ى مه‌قاسد كه‌وته‌وه‌، پاشان لافاو له‌ رووبارى ئه‌بو عه‌لى له‌ ته‌رابلوس هه‌ستا و زۆرى خنكان، دواتر له‌ ساڵى 1956دا بومه‌له‌رزه‌ هات و ده‌یان هاووڵاتیى كوشت. ئه‌وسا ئه‌م رووداوانه‌ بووبوونه‌ وێردى سه‌ر زارى لوبنانیه‌كان. ئاگره‌كه‌ى مقاسد هیچ ئاگرێكى دیكه‌ى له‌وجۆره‌ى به‌دواوه‌ نه‌هات، رووبارى ئه‌بو عه‌لى-یش جارێكیتر هێنده‌ لافاوى تێدا هه‌ڵنه‌ستا تا خه‌ڵك بكوژێت، بومه‌له‌رزه‌كه‌یش رووینه‌دایه‌وه‌ و تاقانه‌یه‌كى وه‌جاخكوێر بوو.

ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ دۆخى تاران جیایه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر هێڵى بومه‌له‌رزه‌كانه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانى هۆشیارى و كاركردنمدا نایه‌ته‌ بیرم كه‌ بومه‌له‌رزه‌ى یه‌ك له‌دواى یه‌ك تاران-ى گرتبێته‌وه‌، ئیتر نازانم ئه‌م پێشبینى و رمڵلێدانه‌ له‌به‌رچییه‌، ده‌ڵێى ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێى ده‌كات، غه‌یبزانه‌ و غه‌یب ده‌خوێنێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ هیچ سوودێك ناگه‌یه‌نێت بێجگه‌ له‌ ترساندنى خه‌ڵك كه‌ هه‌ندێكیان نه‌زان یان ترسنۆكن و بڕوا به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك هه‌موو پایته‌ختى ئێران وێران ده‌كات، بۆیه‌ به‌ دواى ناوچه‌یه‌كى ئارامدا ده‌گه‌ڕێت بۆ خۆى و بۆ خێزانه‌كه‌یشى.  

پێش دوو مانگ، بومه‌له‌رزه‌یه‌كى وێرانكه‌ر له‌ ناوه‌ڕاستى مه‌كسیك-ى دا و سه‌دان كه‌سى له‌ دانیشتوانه‌كه‌ى كوشت، كه‌چى گوێم له‌كه‌س نه‌بوو بڵێت ئه‌م بومه‌له‌رزه‌یه‌ سزایه‌كى خواوه‌نده‌ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ مه‌كسیكیه‌كان بومه‌له‌رزه‌یه‌كى وێرانكه‌رى پێشتریان بیركه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 1985دا داویه‌تى له‌ پایته‌خته‌كه‌یان و هه‌زاران كه‌سى لێكوشتوون و به‌شێكى شاره‌كه‌یشى خاپوور كردووه‌. ئه‌وسایش دانیشتوانى پایته‌خت باسیان له‌ مردن و مه‌رگى داهاتووى خۆیان و وێرانبوونه‌وه‌ى پایته‌خت نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یان بنیاتنایه‌وه‌ كه‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ وێرانى كردبوو.  

به‌ ئینته‌رنێتدا چوومه‌وه‌ و ئه‌وه‌م دۆزییه‌وه‌ كه‌ بومه‌له‌رزه‌ى به‌هێز، به‌زۆریى له‌ نێوان 6 بۆ 7 پله‌دایه‌، له‌ حاڵه‌ته‌ ده‌گمه‌نه‌كانیشدا هێزه‌كه‌ى له‌و پله‌یه‌ تێده‌په‌ڕێت. ئومێدى سه‌لامه‌تیى بۆ خوێنه‌ران ده‌خوازم و هیوادارم دووربن له‌ بومه‌له‌رزه‌ و تاڵاوه‌كانى ژیان. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure