لاكه‌ى تر

بۆچوون / بیروڕا :: 16/11/2017

ـ چاوت لێ یه‌.. عێراق و ئێران نه‌ك هه‌ر هاوئاواز و هاوستراتیجن، هاوبوومه‌له‌رزه‌یشن.. ده‌ با ئیتر سعودیه‌ و ئه‌مریكا هه‌ر له‌ ورگى خۆیان بده‌ن.. قسه‌ بۆ تۆ ئه‌كه‌م رۆڵه‌.
+ به‌ڵێ.
ـ به‌ڵێت باقى نه‌بێ.. دوو سه‌عاته‌ چه‌نه‌ بۆ تۆ ئه‌ده‌م، تۆش له‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك باوێشك ئه‌فه‌رمووى.
+ عه‌فووم كه‌ به‌گم به‌خوا ئه‌مشه‌و نه‌نوستووم.
ـ بۆچى نه‌نوستووى؟
+ ئه‌گ ره‌حمه‌ت له‌و شیره‌ى نرایه‌ سه‌ر ده‌مت..به‌س تۆى ئه‌پرسى ئه‌ڵێى بۆچى نه‌ونوستووى.. كه‌سى كه‌ ناپرسێ.
ـ ئاخر ئه‌زانى بۆ؟!.. له‌م زه‌مانى فه‌یسبووك و تویته‌ر و مویته‌ره‌دا زۆر ئاساییه‌ ئینسان نه‌خه‌وێ. ناهه‌قیان مه‌گره‌ ناپرسن بۆچى نه‌نوستووى، خه‌تاكه‌ خه‌تاى سۆشیال میدیایه‌.
+ جا وا ئه‌زانى سۆشیال میدیا هه‌ر ئه‌و خه‌تایه‌ى هه‌یه‌ به‌گم؟!.. به‌سه‌رى تۆ واى له‌و خه‌ڵكه‌ كردووه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ببێ به‌ دیكتاتۆرێ.. قسه‌ هه‌ر قسه‌ى خۆیه‌تى.
ـ مه‌كته‌ب سیاسى نه‌بى و حاڵت بێ.
+ به‌گم به‌ منیش ئه‌ڵێى شته‌كان ئه‌به‌یته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ت.. ئه‌ها خۆت باسى مه‌كته‌ب سیاسى ئه‌كه‌ى.
ـ ئا  وس..
+ چى یه‌؟
ـ بۆنى مه‌شروب دێت..ناشێ به‌ سه‌رخۆشى هاتبى بۆ ده‌وام!!
+ حه‌یفت نه‌كرد به‌گم.. من ده‌مێكه‌ وازم له‌ مه‌شروب هێناوه‌.
ـ ئه‌مه‌ تۆ؟
+ به‌ڵێ، چونكه‌ ئه‌زانى بۆ؟ ته‌له‌فزیۆن ئه‌ڵێ ساڵانه‌ چه‌ندین كه‌س به‌هۆى مه‌شروبه‌وه‌ ئه‌مرن.
ـ راست ئه‌كا وایه‌، به‌ڵام ئه‌بوایه‌ ته‌له‌فزیۆن لاكه‌ى تریشى باس بكردایه‌.
+ لاكه‌ى ترى چى یه‌؟
ـ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین كه‌سیش به‌هۆى مه‌شروبه‌وه‌ له‌دایك ئه‌بن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە