لە چلەی سەرۆك تاڵەبانی-دا

بۆچوون / بیروڕا :: 15/11/2017

نووسینی: عادل عەبدولمەهدی
سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


سەرۆك تاڵەبانی لە كەسێتییە دیار و ناوازەكانی مێژووی عێراقی هاوچەرخە. ئەوەی دوای كاروانی ژیانی بكەوێت مێژوویەك دەدۆزێتەوە كە پڕە لە بەرگریكردن لە دۆزە رەواكان و هەڵوێستی شەرەفمەندانە. لە كەسێتیی ئەو و ساڵانی كاركردنیدا، مێژووی تێكۆشانی گەلی كورد و عێراق لە حەوت گرێی رابردوودا دەبینێتەوە.

بێگومان سروشبەخش دەبێت بۆ تەواوی چەندین نەوەی لاوان چ لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چ لەڕووی بەرگریی لە مافە رەواكان، لەگەڵ هێزە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئیسلامییە كوردی و عێراقی و عەرەبی و ناوچەییەكان، بەتایبەت لە ئێران و توركیا. 

قەڵافەتێكی وەك تاڵەبانی لەوە گەورەترە كە تەنیا گۆڕەپانێك لەخۆی بگرێت، چونكە گۆڕەپانی ئەو هێندەی قەبارەی خۆی گەورەیە و پرسەكانیشی پرسە گەورەكانە. تاڵەبانی لەهەركوێ‌ بێت گۆڕەپانەكانی خەبات و تێكۆشان گرنگتر و جدییتر و زیندووتر دەبن. ئەو لە هەموان نزیكە بۆیە هەموانیش وایدەبینن كە لێیانەوە نزیكە. بەهەمان جدییەتەوە رووبەڕووی پرسەكانیان دەبێتەوە، وەك ئەوەی یەكێك بێت لە خۆیان تەنانەت ئەگەر لە رووی ناسنامە و بیروباوەڕیشەوە لێیان جیاواز بێت. ئەو لەگەڵ كورد-دا وایە و لەگەڵ عەرەب و توركمان و ئێرانی و توركی و ئەورپی و ئاسیاویەكانیشدا هەر وایە، هەروایە لەگەڵ بزووتنەوە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەكان، یاخود لەگەڵ هێزە عەلمانی و ئیسلامیەكاندا.

یەكێك لە دۆست و نزیكەكانی، كە قاسم سولەیمانی-یە، وا وەسفی دەكات كە تاڵەبانی ئیسلامی نەبوو بەڵام رۆح و هەڵوێستەكانی ئیسلامی بوون. ئەو كۆك و ناكۆك، یار و نەیار بوو.. پاساو بۆ هەڵەكانی ناهێنێتەوە بەڵكو دانی پێدادەنێت تەنانەت ئەگەر خودی خۆیشی باجەكەی دابێت. 
 
دەڵێن تاڵەبانی هەڵوێستەكانی دەگۆڕێت و لەكوێوە با بێت لەوێوە شەن دەكات. ئەوانەی وادەڵێن سازشكردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەسەر بەرژەوەندیی گشتی تێكەڵ دەكەن لەگەڵ سەركردە ئازا و داناكاندا كە كاتێك بارودۆخەكە دەگۆڕێت و ئاراستەی با كە دەگۆڕێت، ناپاكی لە پرەنسپی خۆی دەكات و هەل و دەرفەتی سەرخستنی پرس و دۆزەكەی لەدەستدەدات، هەروەها ئەوەی كە بە حساباتی خۆیدا ناچێتەوە و چارۆكەكەی دەكاتەوە بۆ رزگاركردنی كەشتیەكە و بەرەو ئاراستە راستەكانی دەبات.    

تاڵەبانی لە رووبەڕووبوونەوەكاندا ئازایە، لەكاتی دووبەرەكی و ئاژاوەكاندا پیاوی یەكگرتنە، خاوەن بڕیار و دەستپێشخەری دەستپێشخەرییەكان و هەستانەوەكانە كاتێك هەموان تووشی نائومێدی دەبن و كاتێك هەموو دەرگاكان دادەخرێن. چەندین نوشست و شكستی گۆڕیوە بۆ سەركەوتن و بردنەوە. دامەزراندنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و ئەزموونەكەی لەڕووی هەلومەرجی سەردەمەكەی و ئەو بنەمایانەی لەسەری دایمەزراند، باشترین بەڵگەیەكن لەسەر ئەوەی كە دەیڵێین.   

لە ریزەكانی ئێمەدا رەوتێكی بەربڵاو هەیە كە هیچ شتێك نابینێت جگە لە كەموكورتی و خەوشەكان، لەوباوەڕەدایە كە بە قسەلەسەركردنی و جەختلێكردنەوەی، سەركەوتوو دەبێت. بەڵام ئەوەی كە بڵاویدەكاتەوە پەروەردەی تێكشكانەكان و نەقۆستنەوەی سەركەوتنەكان و مانەوەیە لە بازنەكانی بێتوانایی و شكستدا. تەنیا بە دركپێكردنی ئەرێنیەكان و كارتێداكردنیان، دەكرێت چارەسەری نەرێنیەكان بكرێت. لەبەر ئەمە بوو كە تاڵەبانی دووپاتی بایەخ و گرنگیی رۆیشتن لەسەر دوو قاچ و بینین بە دوو چاو و گوێگرتن بە دوو گوێ‌-ی دەكردەوە... واتا بینینی ئەرێنیەكان و نەرێنیەكان و نوقمنەبوون لە یەكێكیاندا، بەڵكو چێژوەرگرتنی هەمیشەیی لە تێڕوانینی گشتگیری كۆی هەلومەرجەكە بۆ لێ‌ دەربازبوونیان بە باشترین چارەسەرەكان.

تاڵەبانی یەكێك بوو لەو چەند كەسەی كە ئەگەر نەبوونایە وڵات لە دیكتاتۆریەت و ستەمكاریی رزگاری نەدەبوو و نەدەتوانرا دەستور پەسەند بكرێت و قەیرانەكان و پێچاوپێچە مەترسیدارەكان تێپەڕێنرێن كە خەریك بوون وڵات لەناوبەرن یان شەڕ و ئاژاوەیەك بنێنەوە كە تەنیا خوا دەیزانی چ زیان و كارەساتێكیان لێدەكەوتەوە. بۆیە خوا پاداشتی تاڵەبانی بداتەوە. 

ئایا دەبێت نیو سەدە چاوەڕێ‌ بین تا بە ویژدانەوە هەقی تاڵەبانی بدەین، وەك چۆن ئێستا لەبەرامبەر چەندین پیاوی قۆناغەكانی سەردەمی پاشایەتی و كۆماریی پێشوودا دەیكەین.. بەداخەوە، دەڵێین كە ئەدەبی سیاسیی عێراق ئەدەبێكی بەگژداچوونەوە و دەمەقاڵێیە، بەشێك دەبینێت و بەشێك لەبیردەبات... كەموكورتی و خەوشەكان دەبینێت و سەركەوتنەكان و باشیەكان نابینێت. ئەمەیش پرسی تاك نییە بەڵكو پرسگەلی فیكری و دامەزراوەییە. چونكە قسەی ئیجابیانەی رەهای ئەمڕۆ دەربارەی پیاوانی ئەو قۆناغانە، دوای ئەوەی كە لە رۆژگاری خۆیدا قسەی سلبییانەی رەهای لەسەركراوە، بەشێكی زۆری كارامەیی و باشییەكانی لەدەستداوە و بووەتە بەشێك لە مێژوو كە لە ئێستادا كارناكات و بۆ ئاییندەیش هیچی لەسەر بونیاد نانرێت و پشتی پێنابەسترێت. چونكە پیاوانی ئەو سەردەمانە تووشی جوێن و سەرزەنشتی و سووكایەتی و كوشتن بوون لەكاتێكدا ئێمە پێویستمان بە تێگەیشتنی هەندێك لە پێشنیار و بەرهەمەكانیان بوو یان بۆ سوودوەرگرتن لە باشیی و لایەنە ئەرێنیەكانیان و كۆكردنەوەی ئەوانەیان كە بوار دەدەن بە بونیادنانی كلتورێكی وای كە پارێزبەندیی باڵای هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەرێنیەكان و نەكەوتنە هەڵەكانەوە. ئاخۆ پەند و وانە وەردەگرین؟ یان بەردەوام دەبین لەسەر بەرنامە هەڵەكان؟

عێراق كەسێتیەكی ناوازەی لەدەستچوو و نابێت ئەزموونەكەی لەدەستبدەین، هەروەها نابێت ئەوەیش لەدەستبدەین كە دەكرێت لە پەند و وانەكانی كاروانی ژیانی و دەستكەوتەكانیەوە فێرببین.. خودا لە كۆچكردووی پایەدار خۆشبێت و بیخاتە بەهەشتی بەرینی خۆیەوە و إنا لله وإنا الیه راجعون.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure