سه‌ركه‌وتنه‌كانى عه‌بادى

بۆچوون / بیروڕا :: 11/11/2017

عێراق دواى داعش و له‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌ندى گه‌یانده‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ كورد-دا، ده‌كه‌وێته‌ قۆناغێكى تازه‌ى ئاڵنگارى و ململانێى ناوخۆ و ده‌ره‌كییه‌وه‌. 

له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، عه‌بادى ئه‌ركى قورسى له‌ پێشه‌. گرنگترینیان دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ په‌ناى بۆبردن له‌ شه‌ڕى داعشدا و ملپێكه‌چكردنیانه‌ بۆ حوكمه‌كانى یاسا و ده‌ستور. خۆئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ى، به‌ دانانى حه‌شدى شه‌عبى و پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت قه‌ناعه‌ت به‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌ كاریگه‌ره‌ بكات تا بچنه‌ ژیانى سیاسیى مه‌ده‌نییه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م كاره‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌كانى به‌در و حزبوڵـڵا و سه‌رایا سه‌لام و نوجه‌بائـ له‌ حه‌شدى شه‌عبى، پشتیان به‌م گروپانه‌ به‌ستووه‌ له‌ پچڕینى پێگه‌ سیاسیه‌كانى خۆیاندا و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا به‌ گرنگترین ده‌ستكه‌وتى خۆیان ده‌زانن. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى زۆربه‌یان به‌شێكن له‌و پرۆسه‌ سیاسیه‌ى كه‌ له‌ میانه‌ى داگیركاریه‌كه‌ى ئه‌مریكاوه‌ دروست بووه‌ و تا ئێستایش به‌رده‌وامه‌. بۆیه‌ دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌یان له‌و به‌شبه‌شێنه‌ى كه‌ داگیركردنه‌كه‌ بۆى ره‌خساندوون و هێشتایش چاودێریى ده‌كات، هاوسه‌نگیى هێزه‌كان تێكده‌دات.  

ته‌نانه‌ت خودى عه‌بادى خۆیشى یه‌كێكه‌ له‌ هێماكانى ئه‌م به‌شبه‌شێنه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیران كه‌ حزبه‌كه‌ى (حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى) به‌شێك بووه‌ له‌ (هاوپه‌یمانى نیشتمانى) كه‌ هێزه‌ جیاجیا شیعه‌كان له‌خۆده‌گرێت، به‌ هه‌ندێك له‌ حزبه‌كانى حه‌شد-یشه‌وه‌. واتا خودى عه‌بادى مه‌حكومه‌ به‌ هاوسه‌نگیه‌كانى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ و حساباته‌كانیه‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى (یه‌كێتى نیشتمانى) كه‌ هێزه‌ سوننیه‌كان و حزبه‌كانى، له‌خۆده‌گرێت. تازه‌ترین جووڵه‌ى ئه‌م یه‌كێتیه‌یش سه‌ردانه‌كه‌ى ئوسامه‌ نوجێفى جێگرى سه‌ركۆمار بوو بۆ واشنتۆن كه‌ تێدا چاوى به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى ئه‌مریكا كه‌وت و ئاماده‌یى خۆى راگه‌یاند بۆ پشتگیریى عه‌بادى له‌ خولى دووه‌میدا به‌و مه‌رجه‌ى مل به‌ "گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و هاوسه‌نگیى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كیه‌كاندا" كه‌چ بكات. ئه‌مه‌یش ماناى دووكه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ ئێران و دانانى سنوورێكه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌كانى له‌ عێراق له‌ڕێى حه‌شد-ه‌وه‌. 

جگه‌ له‌م ئاڵنگارییه‌ ناوخۆییانه‌ كه‌ دواى داعش رووبه‌ڕووى عه‌بادى ده‌بنه‌وه‌، رێكخستنه‌وه‌ى دۆخى كوردستانیش مه‌سه‌له‌یه‌كى دیكه‌یه‌تى. راسته‌ حكومه‌ته‌كه‌ى توانیى له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ كورده‌كان شكسپێبێنێت و جڵه‌وى ده‌ستپێشخه‌ریه‌كان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌ كه‌ركوك-یشه‌وه‌، وه‌ربگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها توانیى توركیا و ئێران به‌لاى خۆیدا و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى رابكێشێت و درزێكیشى خسته‌ نێوان ئه‌و و تاڵه‌بانى-یه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركرده‌ مێژووییه‌كه‌ى هه‌رێمه‌كه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌ ئاماده‌سازیى بۆ چه‌ند گه‌ڕێكى تازه‌ى ململانێ و پاشه‌كشه‌كه‌یى ته‌نیا وه‌ك قۆناغێك بۆ هه‌ناسه‌دانێك داناوه‌. ئه‌وه‌تا میلیشیاگه‌لێكى (جگه‌ له‌ چه‌كدارانى پێشمه‌رگه‌) مه‌شق پێده‌كات بۆ چوونه‌ناو ئه‌م ململانێیه‌وه‌ و وه‌رگرتنه‌وه‌ى كه‌ركوك كه‌ نه‌ده‌كه‌وت "ئه‌گه‌ر ناپاكى نه‌بوایه‌" وه‌ك ده‌وترێت. 

ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌، عه‌بادى گه‌یشته‌ ئه‌و هێڵانه‌ى كه‌ ده‌یان ساڵه‌ به‌ سوور ره‌نگكراون و هێشتایش هه‌ر سوورن. مه‌به‌ستمان له‌مه‌ په‌یوه‌ندیى نێوان عێراق و سوریایه‌ دواى ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى هه‌ردوو وڵات له‌ سنوورى هاوبه‌شیاندا پێكگه‌یشتن و داعش-یان له‌ هه‌ردوو شارى دوانه‌ (قائم و ئه‌لبوكه‌مال) ده‌رپه‌ڕاند. 

ئه‌وه‌ى ئێستا بۆ هه‌ردوولا پێویسته‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌وه‌نده‌ ده‌ستكه‌وته‌ وازبێنن و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان له‌ نزمترین ئاستدا بهێڵنه‌وه‌ بۆ رێگریى له‌ تیرۆریسته‌كان تا نه‌توانن دووباره‌ ریزه‌كانى خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها شانه‌ نووستووه‌كانیشیان له‌ناوبه‌رن. ئه‌گه‌ر به‌غدا و دیمه‌شق-یش ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌وا هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كان و هاوبه‌شه‌ ئه‌منیه‌كانیان كه‌ له‌ پارێزگاى ئه‌نبار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ره‌ققه‌یش له‌گه‌ڵ (هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات) به‌سن بۆ ته‌گه‌ره‌ خستنه‌ به‌رده‌م هه‌ر رێككه‌وتنێكى نێوان دوو وڵاته‌كه‌. چونكه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك ده‌بێته‌هۆى پته‌وبوونى نفوزى ئێران، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ئاماده‌ نییه‌ قوربانى به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى خۆى بدات و ده‌ستبه‌ردارى پێگه‌ى خۆى بێت له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بۆ تاران و مۆسكۆ و یه‌كه‌م و گرنگترین جه‌نگى تازه‌ى سارد بدۆڕێنێت و له‌ عێراق و سوریا بكشێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى گره‌نتیى ئاسایشى ئیسرائیل دابین بكات له‌ڕێى به‌شداریى كاراى هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ له‌ (هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات) و به‌رجه‌سته‌كردنى بوونى سه‌ربازیى و سیاسیى خۆى له‌ نێوان دوو رووباردا. بۆ ئه‌وه‌یش كه‌ ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكرێت، هه‌رده‌بێت هاوپه‌یمانێتیه‌كانى له‌گه‌ڵ (پێكهاته‌كاندا) به‌هێز بكات و ده‌ستى له‌ زیاد له‌ وڵاتێكدا بكاته‌وه‌. ئه‌م جه‌نگانه‌ى ئێستا و داهاتوویش، هیچ نین جگه‌ له‌ ئامراز و هۆكارێك بۆ رێگریى له‌م گۆڕانكارییه‌ جیۆستراتیژیه‌ى كه‌ هاوپه‌یمانێتیى روسیا و ئێران دروستى كردووه‌. 

سه‌ركه‌وتنه‌كانى عه‌بادى به‌سه‌ر داعش-دا په‌یوه‌ست و گرێدراوى بنه‌ماكانى یارییه‌كه‌ى ئه‌مریكان. ئه‌و بنه‌مایانه‌ى كه‌ ده‌رفه‌تى سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش و بارزانى-دا بۆ ره‌خساند له‌به‌رامبه‌ر به‌ شه‌رعیكردنى حه‌شدى شه‌عبى و داماڵینى جبه‌ ئێرانیه‌كه‌ى و نه‌به‌زاندنى هێڵه‌ سووره‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ سوریادا. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure