ئه‌مریكا.. باڵاده‌ستیى سه‌ربازى و به‌زینى سیاسى

بۆچوون / بیروڕا :: 09/11/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مریكا و زۆرینه‌ى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ و راپۆرته‌ تایبه‌تانه‌ى له‌ میدیاكانى ئه‌مریكادا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان بوونى سه‌ربازیى له‌ 172 وڵاتى جیهاندا هه‌یه‌ و له‌ئێستادا نزیكه‌ى 240 هه‌زار سه‌ربازى له‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆیدایه‌تى كه‌ ئه‌ركى جۆراوجۆر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌م ئاماده‌گیه‌ سه‌ربازییه‌، نووسینگه‌كانى پاشكۆ سه‌ربازیه‌كانى باڵیۆزخانه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و هێزانه‌یش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌شدارن له‌ پاسه‌وانیى نێرده‌ دیپلۆماسیه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش له‌ پاراستنى ئاشتیدا به‌شدارن. به‌ڵام زۆرترین هێزه‌ ئه‌مریكیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى، ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ بنكه‌ ئه‌مریكیه‌كانى نزیكه‌ى 74 وڵاتى جیهاندا هه‌ن، یان ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانى جه‌نگى دژى تیرۆردا به‌شدارن. 

بێگومان ئه‌م ژمارانه‌ ئه‌و هێزانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌شداریى جه‌نگیان له‌ ئه‌فغانستان و عێراقدا كرد و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ و تێیاندا نه‌مانه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌وسا ژماره‌یان ده‌بووه‌ ملیۆنه‌ها. به‌پێى ئاماره‌كانى رێكخراوى جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌كان، كۆى ژماره‌ى ئه‌و سه‌ربازانه‌ى كه‌ به‌شداربوون له‌ پرۆسه‌ ئه‌مریكیه‌كانى ئه‌و دوو وڵاته‌، له‌ 2001 ى ئه‌فغانستان و 2003 ى عێراقدا، زیاتر له‌ دوو ملیۆن سه‌رباز بووه‌ له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان یان یه‌ده‌گه‌كان یان پاسه‌وانى نیشتمانى كه‌ خولێك یاخود زیاتر خزمه‌تیان كردووه‌، به‌ درێژایى جه‌نگ له‌و دوو وڵاته‌دا، ئه‌و جه‌نگانه‌ى كه‌ تریلیۆنه‌ها دۆلاریان تێچوو (هه‌ندێك به‌ نزیكه‌ى 6 تریلیۆن دۆلارى ده‌خه‌مڵێنن). 

ته‌نانه‌ت دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مریكا زۆربه‌ى هێزه‌كانیشى كشانده‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتننامه‌كانى له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانى ئه‌فغانستان و عێراقدا مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى كه‌مكرده‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كى زۆرى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌وێ و له‌ ناوچه‌ى دیكه‌ى جیهانیش راسپێردراون بۆ ئۆپراسیۆن و ئه‌نجامدانى ئه‌ركه‌كانیان له‌  چوارچێوه‌ى جه‌نگى دژى تیرۆر له‌ سوریاوه‌ بۆ لیبیا و له‌ سۆمال-ه‌وه‌ بۆ نه‌یجه‌ر. ئه‌وه‌بوو له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا چوار سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ بۆسه‌یه‌كدا كوژران كه‌ چه‌كدارانێكى سه‌ر به‌ رێكخراوى داعش، له‌ بارێكى هێشتا ته‌مومژاویدا، بۆیاننابوونه‌وه‌. ئه‌م رووداوه‌یش چه‌ندین پرسیارى له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندندا ورووژاند و بوونه‌ گوشارى سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگرى (پێنتاگۆن) بۆ ئه‌وه‌ى زانیاریى زیاتر ئاشكرا بكات. له‌ساى ئه‌و بێنه‌وبه‌ره‌یه‌ى كه‌ له‌سه‌ر كوژرانى چوار سه‌ربازه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌ نه‌یجه‌ر، هاته‌ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى خانمه‌ ئه‌ندامێكى كۆنگرێس ره‌خنه‌ى له‌ تره‌مپ گرت و وتى به‌جۆرێكى "وشك و بێهه‌ست" سه‌ره‌خۆشیى له‌ هاوسه‌رى یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كاندا كردووه‌. 

رۆژنامه‌ى (نیویۆرك تایمز)یش سه‌روتارى رۆژى 22 ى ئه‌م تشرینى یه‌كه‌مه‌ى به‌ناونیشانى (جه‌نگه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى ئه‌مریكا) ته‌رخانكرد بۆ بابه‌تى بڵاوبوونه‌وه‌ى فراوانى سه‌ربازیى ئه‌مریكا به‌ جیهاندا و جه‌نگى تیرۆر و تێچوونه‌كانى، داوایشى له‌ كۆنگریس كرد ئه‌ركى خۆى به‌جێبێنێت له‌ بژار و پوخته‌كردنى هه‌ندێك ئۆپراسیۆنه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و چاوبگێڕێته‌وه‌ به‌و رێپێدانه‌دا كه‌ دراوه‌ته‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا له‌ كاتى هێرشه‌كانى ئه‌یلول-ه‌وه‌ كه‌ وایكردووه‌ ئیداره‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كان به‌بێ پرسیار و لێپرسینه‌وه‌ هێز بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا. رۆژنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها داواى هه‌ڵسه‌نگاندنى كردووه‌ بۆ ئه‌و بڵابوونه‌وه‌ فراوانه‌ سه‌ربازییه‌ به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ بودجه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى زیاد ده‌كرێت و سه‌رۆك تره‌مپ-یش زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و هۆشداریدانى توندتر ده‌بێت. 

 ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌مریكا له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ په‌لده‌هاوێ، به‌تایبه‌ت له‌ساى جه‌نگى تیرۆدا، كه‌چى له‌ساى ئه‌م ئیداره‌یه‌ى ئێستایدا له‌ رووى سیاسى و دیپلۆماسییه‌وه‌ له‌ شكست و به‌زین-دایه‌. ئه‌وه‌تا تره‌مپ سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆیى به‌ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ى هاوبه‌شیى ده‌وڵه‌تانى باسفیك ده‌ستپێكرد و پاشان ئاماژه‌یدا به‌ كشانه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ى بازرگانیى ئازاد بۆ باكورى ئه‌مریكا (نافتا)، تا كه‌نه‌دا و هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌كانى واشنتۆن كه‌وتنه‌ هه‌وڵدان و وایانلێكرد پاشه‌كشه‌كه‌ نه‌كات و هه‌ر به‌وه‌نده‌ وازبێنێت كه‌ داواى پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا بكات.

زنجیره‌ كشانه‌وه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رێكخراو و رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رده‌وامه‌. ئه‌وه‌تا تره‌مپ كشانه‌وه‌ى له‌ رێككه‌وتننامه‌ى پاریس بۆ كه‌شوهه‌وا راگه‌یاند، ئینجا كشانه‌وه‌ى له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و زانست و كلتور (یونسكۆ)یش راگه‌یاند. پێشبینى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت كه‌ تره‌مپ له‌ داهاتوودا له‌ رێكخراو و رێككه‌وتننامه‌ى دیكه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكشێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ بارگرانیه‌كیان ده‌زانێت به‌ كۆڵ ئه‌مریكاوه‌، یان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌كانیدا نایه‌نه‌وه‌ و ناگونجێن، یاخود له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ نایه‌وێت بڕووخێن و بپووكێنه‌وه‌ ئه‌مه‌یش به‌هۆكارى سیاسى یان به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌وه‌، یان ته‌نیا هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى گوشاریان بخاته‌ سه‌ر بۆ به‌دیهێنانى مه‌رام و داواكاریه‌كانى خۆى. تره‌مپ چه‌ندین جار هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر په‌یمانى باكورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) و ته‌نانه‌ت گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌تى هاوپه‌یمانى، وه‌ك ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا، باسیان له‌وه‌كرد ئه‌مریكا له‌سایه‌ى ئه‌م ئیداره‌یه‌ى ئێستایدا ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ پشتى پێببه‌سترێت. هه‌روه‌ها تووڕه‌یى و نیگه‌رانیى زۆرێك له‌ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپیه‌كانى ورووژاند به‌ هه‌ڵوێسته‌ دژه‌كانى له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتى ئه‌وروپا و پشتگیریكردنى له‌ ده‌رچوونى بریتانیا له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ (بریكست).

هه‌ندێك له‌ راوێژكارانى تره‌مپ به‌رگرییان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى ده‌كرد و ده‌یانگوت دروشمه‌ (ئه‌مریكا یه‌كه‌مجار)ه‌كه‌ى ماناى ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌مریكا خۆى ده‌خاته‌ (دابڕانێكى به‌شكۆ)ى تازه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌هۆى چه‌ند بڕیارێكیه‌وه‌ ئه‌وه‌ى سه‌لماند كه‌ مه‌یلى به‌لاى رێكخراوه‌ دیپلۆماسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ناچێت، به‌ڵكو وه‌به‌رهێنان له‌ پته‌وكردنى توانا سه‌ربازیه‌كانى ئه‌مریكا و سیاسه‌تى ئاماژه‌دان به‌ كوته‌كى ئه‌ستوور-ى به‌لاوه‌ په‌سه‌ند و باشتره‌. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ نیگه‌رانیى گه‌لێك ناوه‌ندى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌م له‌ ناوخۆى ئه‌مریكایشدا، به‌تایبه‌ت له‌ سایه‌ى هه‌ڵوێسته‌ توند یان له‌پڕ و ناكاوه‌كانى تره‌مپ كه‌ له‌رێى (تویته‌ر)ه‌وه‌ ده‌یانگه‌یه‌نێت و هه‌روه‌ها ئاره‌زووى بۆ ئاماژه‌دان به‌ جه‌نگ و به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ كاردانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر كۆریاى باكوردا كردى.    
ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ زلهێزى جیهانه‌، ئاسایشى خۆى و ئاسایشى جیهانیش زۆر پشتده‌به‌ستێت به‌ رێگه‌ و شێوازى به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى و ئابوریى ئه‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ستن به‌وه‌یشه‌وه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكى كاراى باشى رێكخراوه‌كان و دیپلۆماسیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بمێنێته‌وه‌، له‌جیاتى به‌خۆداچوونه‌وه‌ و ئاماژه‌دان به‌ كوته‌كه‌ ئه‌ستووره‌كه‌. 
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure