كەركوك، پرسی كورد...بەخۆداچوونەوە رێگەی پێداچوونەوەیە لەگەڵ بەرامبەر

بۆچوون / بیروڕا :: 07/11/2017

سەرچاوە: ئەلسەباح ئەلجەدید
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

كوردی عێراق سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، تووشی شكست و گلبوونەوەی مەترسیداریش بووە. دیمەنی گەیشتنیان بە لوتكە چەندبارە بووەتەوە و لە ناكاویشدا بە خێرایی تووشی گەورەترین گلبوونەوە بوونەتەوە. لێرەدا تەنگژە و ناهەمواریی لە بونیادی فیكریدایە و پێویستی بە خۆداچوونەوەیەكی هەمەلایەنە هەیە، ئەگەرنا هەر سەركەوتنێك بەدەستبێت بەزوویی هەرەس دێنێت. بێ‌ بەخۆداچوونەوە، پێداچوونەوەی ئەویتر، سەخت و ئاڵۆز دەبێت و رووبەڕووی گلۆربوونەوەی بەردەوام دەبێتەوە.    

بێگومان یەكێك لە تەنگژەكانی دەوڵەتی سەربەخۆ و مافی چارەنووس، نەبوونی دەرچە و دەروازەی جیهانی دەرەوەیە..هەروەها نەبوونی دەرودراوسێیەكی بەتەنگەوەهاتووە كە جیابوونەوەكە پەسەند بكات...یان دەوڵەتێكی گەورەی دەربەست كە بتوانێت ئیرادەی خۆی بسەپێنێت لەدژی ئەو نەخشانەی پێشتر كێشاونی. بەڵام گرنگترین و مەترسیدارترین تەنگژە تێگەیشتنە لە مافی چارەنووس وەك ئەوەی كە بنەمای پێویستی سیاسی بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو كەموكورتیانە، ئەمەیش دۆخەكە رادەكێشێت بۆ پەنابردنە بەر ستراتیژ و سیاسەت و هاوپەیمانێتی و هێزگەلێكی شپرزە و سەرلێشێواو. ئیتر جەنگەكان بە قوربانیەكانیان و زیانەكانیانەوە روودەدەن هەتا ماندوودەبن یان وازدێنن، پاشان دانوستان دەكەن و چاویشیان هەر لەسەر تێپەڕاندنی ئەو كەموكورتیانەیە، بۆئەوەی ئەم لایەن یان ئەولایەن چاوەڕێی یەكەم دەرفەت بكات بۆ دەستپێكردنەوەی قەیرانەكان و شەڕەكان. 

نكۆڵی لە مافی نەتەوەیی و چارەی خۆنووسین ناكرێت، بەڵام ئەم مافە ئەگەر بەهەڵە لە رووی كات و جوگرافیا و بەرژەوەندیەكان و هونەری ئەوەی كە دەتوانرێت بكرێت و نەگۆڕە جێگیرەكان و هاوبەشییە رەگ قووڵداكوتراوەكان لەگەڵ گەلانی دیكە، پیادە بكرێت، ئەوا دەگۆڕێت بۆ بیر و ئامادەسازی و میانیزمێك، كە هەر گرێ‌ یان دوو گرێیەك، پەلكێش دەكرێت بۆ خولی دوابەدوایەكی سەركەوتن و شكست و جەنگ و دانوستان. هیچ نكۆڵیەك لەوە ناكرێت كە رژێمەكانی پێشوو كورد-یان چەوساندووەتەوە و ستەمی بەرامبەر كردوون و بەرگریەكانی ئەوانیش قارەمانانە و ئاسایی بووە..بەڵام ئەوەی كە دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بكرێت زۆر و جەوری تێڕوانینی تاكلایەنە و نە بەستنەوەی بە لایەنەكەی تری هاوكێشەكەوە بووە، لە پێناو تەواوكردنی بونیادی دروستكەری سەركەوتنەكان و دەستكەوتە بەردەوامەكان. 

دەروازە بۆ دەرەوە و دەوڵەتی بەدەربەستی هەم ئیقلیمی و هەم نێودەوڵەتییش هەیە و بووە، ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە پەیوەندیی كورد بە باقی گەلانی دیكەوە كە لەگەڵیدا دەژین. هەر بۆیە هەركاتێك دۆزی كورد گرێدراوی دۆزی عێراقیەكان بێت و دۆزی عێراقیەكان پەیوەستی كورد و ئەوانی دیكە بێت، دەستكەوتەكان بەدەستدێن و هەموان سەركەوتوو دەبن لە بەرگریكردن لە مافە گشتی و تایبەتەكانیان. 

كورد زۆر سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا كاتێك دروشمی (دیموكراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان)ی بەرزكردبووەوە.. هەموو گەل لەگەڵیاندا بوو، لە پێش هەموویانەوە مەرجەعیەت كە شەڕكردنیانی حەرام كرد. بەرەی جەنگ و ئەنفال و هەڵەبجە و راگواستن و كوشتوبڕ و تەبعیس و تەعریب تێكشكا و دۆڕا. كاتێكیش لە ساڵی 1991 دا حكومەت لە كوردستان كشایەوە، ریزەكانی خۆیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا یەكخست بۆ رووخاندنی رژێمی رەگەزپەرستی تایفیی دیكاتۆری و دەنگیان بەو دەستورە دا كە بەشداربوون لە نووسینەوەیدا، دەستكەوتگەلی زۆر گەورەیان بەدیهێنا، ئەمە سەرەڕای هەموو سیاسەتە هەڵەكانی ئێرە و ئەوێ‌ و هەموو ئەوانەی وتران و دەوترێن. 

بەڵام كاتێك لایەنێك هەڵەی گەورە دەكات و توندڕەویەكەی دەبێتە هۆی ورووژاندنی لایەنەكەی تر و بیری نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین دادەماڵرێت لە یەكێتیی چارەنووس و پەیوەندیی ئۆرگانیی بە دراوسێ‌ و باقی رەنگەكان و پێكهاتەكانی دیكەی گەلەوە، ئیدی چەمكەكانی رووبەڕووبوونەوە ماف و دەستكەوتە نەتەوەییەكان دەبەزێنن، ئەمانە لەسەر حسابی مافەكان و دەستكەوتەكانی ئەوانی دیكەدا دەڕۆن. لێرەدا دەبینە دیلی ئەو یاسا و هاوسەنگیی هێز و ئەمری واقیعەی كە جار لەدوای جار بەهۆی تێكچوونی هاوكێشەكانەوە دەگۆڕێن هەروەها بەهۆی پشتنەبەستن بە بونیادە دەستوریەكان و گرێبەستە راست و  رەوانەكانەوە. بۆیە بەردەوام سكشتدەخۆین و باجەكان دەدەین. لێرەدا مەسەلەكە ناپاكی و پیلانگێڕیەكان نین بەڵكو بونیادێكی هەڵە هەیە كە لەسەرەتادا بچووكە و پاشان گەشەدەكات و دواتر دەتەقێتەوە، ئەمەیش بەهۆی دیدی تاكڕەوی و دەمارگیریی و نەبوونی رایەڵە و پەیوەستنەبوون بە لایەنەكەی ترەوە كە پێویستە بۆ هاوسەنگی و رەوایی هەڵوێستەكان.

پەیوەندیی نێوان گەلانی ئێمە پەیوەندیی (موستەعمەر بە موستەعمیر)ەوە نییە.. هەموومان گەلانی ستەملێكراو و چەوساوەین..دەوڵەتیش تاقە گوزارشتێك نییە لە نەتەوەیی...نەتەوەییش، جا هەرنەتەوەییەك بێت، تەنیا هەر بە رەگەز گوزارشت لە خۆی ناكات، هەموو ئەمانە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، نەك تەنیا هەر بۆ كورد بەڵكو بۆ هەموو گەلانی ناوچەكە...مادام هەندێكمان لە عەرەب و غەیرە عەرەبیش، وایدەبینێت كە نەتەوەیی بەلایەوە تەنیا دەوڵەتە، كەواتە كوردەكانیش و غەیرە كوردەكانیش هەر وایدەبینن كە دەوڵەت تاقە گوزارشتیانە. 

نەتەوەكان و گەلان، گرێبەستە كۆمەڵایەتیەكانیان پێشخستووە و لایەنگری و كەش و دۆخەكانیان وا فراوانكردووە كە نەتەوەكان و ناسنامە جیاوازەكانیش لەخۆبگرن، ئاوێتە ئاڵۆزە فیكریەكانی دوو سەدەی رابردوویان تێپەڕاندووە. ئێمەیش هێشتا ئەو پێكهاتە ئاوێتانە بەردی بناغەی بونیادە ئاشكرا و شاراوەكانمانە، سەرەڕای ئەو هەموو زیان و شەڕ و نەخشە وەهمیانەی لە زیهنی خۆماندا وێنایان دەكەین كە لە خوێنبەربوونێكی بەردەوامدا خۆیاندەكێشن بە نەخشەكانی غەیری خۆماندا...كەواتە پێداچوونەوە پێویستیەكی هەموومانە. 

بابەتەكە ئاڵۆزە و هێشتا زۆركەس هەستیان پێنەكردووە، چونكە هەست و سۆزەكان لەوپەڕی توندیدان. بەڵام بابەتەكە رێگای خۆی رووندەكاتەوە چونكە تاقە رێگە تەنیا رزگاربوونی كورد نییە بەڵكو رزگاربوونی ئێمەیشە هەموومان. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure