كوردستانى عێراق هه‌رگیز ئاماده‌ى به‌ده‌وڵه‌تبوون نه‌بوو

بۆچوون / بیروڕا :: 05/11/2017

سه‌رچاوه‌: فۆرین پۆڵیسى
وه‌رگێڕان: په‌یام زاهیر

ڕیفراندۆمى كوردستانى عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆیى، دۆخێكى خراپى بۆ كورده‌كان درووستكردووه‌ له‌ جیاتى زیادكردنى كاریگه‌ریى سیاسى و به‌هێزبوونیان.
ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ بووه‌ هۆى له‌ده‌ستدانى نیازپاكیى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ریان، دوژمنایه‌تیكردنى به‌غدا و دراوسێكانیان و هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌ ئابوورییه‌كانیشى زیاتر كرد و كێشه‌كانى قووڵتركرده‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كۆنترۆڵى هه‌ندێك ناوچه‌ى گرنگ و بیره‌ نه‌وت و سنووره‌كانیان له‌ ده‌ست سه‌ندرایه‌وه‌.
هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا له‌ ڕووى سیاسى و ئابورییه‌وه‌ په‌راوێز خراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئۆفه‌رى سڕكردنى ئه‌نجامى ڕیفراندۆمى پێشكه‌شكرد، به‌ڵام حكومه‌تى عێراقى به‌ ته‌واوى ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ڕیفراندۆمى ده‌وێت، ڕیفراندۆم بووه‌ هۆى دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى سیاسه‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سعود بارزانى ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ 1ى نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌.
ڕیفراندۆم هۆكارى درووستبوونى ئه‌م كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو ڕیفراندۆم هۆكارێك بوو بۆ زووتر درووستبوونى كێشه‌كان و پێشخستنیان. سه‌ركردایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بانگه‌شه‌ى دیموكراسى و ئابورییه‌كى باش و هێزێكى سه‌ربازیى یه‌كگرتوو و به‌هێزى ده‌كرد به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ناوچه‌كه‌ له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ ناجێگیره‌ و له‌ڕووى دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ لاواز و له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ به‌شبه‌شه‌.
یه‌كه‌مین هه‌ڵه‌ى سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌بوو كه‌ ته‌ركیزێكى زۆریان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بوو له‌ جیاتى هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریى عێراقییه‌كان، له‌بریى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ به‌ یه‌كسانى له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كاندا، حكومه‌تى هه‌رێم جیاواز مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كردن.
له‌ سه‌ردانێكمدا بۆ باكورى عێراق چه‌ند ڕۆژێك پێش ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه‌كه‌، بازرگانێكى عه‌ره‌ب پێى ڕاگه‌یاندم كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ بازرگانییشدا یه‌كسان نین و باجێكى زیاتریان لێوه‌رده‌گرێت.
مه‌سیحییه‌كان له‌ ڕابردوودا كاردانه‌وه‌یان خراپ بووه‌ به‌رامبه‌ر كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتى كوردستان و جێگۆڕكێكردنى سه‌ركرده‌ لۆكاڵییه‌كانیان به‌ به‌رپرسانى پارتى. زۆرێك له‌ ئێزیدییه‌كان هێشتا تووڕه‌ن كه‌ له‌ ساڵى 2014دا پارتى به‌ جێیهێشتن بۆ داعش و پشتگوێى خستن.
له‌ ئه‌نجامدا عێراقییه‌كان به‌ گشتى دژى ده‌وڵه‌تى كوردى بوون، له‌ ڕۆژێك پێش ڕیفراندۆمدا له‌ 100 كه‌سى عه‌ره‌ب له‌ شارى كه‌ركوك ته‌نها 5 یان چوونه‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمیان پێ قبووڵ بووه‌، به‌رپرسێكى ترى عه‌ره‌ب پێى ڕاگه‌یاندم كه‌ ئه‌وان هه‌رگیز شه‌رعییه‌ت ناده‌ن به‌وه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خۆیان.
ته‌نانه‌ت گه‌ر ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى ئه‌و به‌رهه‌ڵستكارییانه‌ى نه‌هه‌ژاندایه‌، نه‌بوونى هێزێكى سه‌ربازیى یه‌كگرتوو و تواناى نه‌پاراستنى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا به‌ده‌ستى هێنابوو، ده‌بووه‌ هۆى له‌ده‌ستدانیان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. (شایه‌نى باسه‌ له‌كاتى شه‌ڕى داعشدا ناوچه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ڕێژه‌ى 40% فراوان بوو).
گه‌شه‌سه‌ندنى ئابورى له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ نێوان ساڵانى 2008 بۆ 2012 به‌ هۆى سه‌رمایه‌ى نه‌وتى عێراقییه‌وه‌ بووه‌ نه‌ك گه‌شه‌پێدانى ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم،  بڕیارى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ فرۆشتنى نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ له‌ ساڵى 2014دا له‌گه‌ڵ دابه‌زینى نرخى نه‌وت و تێچووى شه‌ڕى دژى داعش، بووه‌ هۆى لاوازیى له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌.
جگه‌ له‌مانه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ كاتێكدا بوون كه‌ هاوكارییه‌كى زۆرى ده‌ره‌كى كراون له‌ڕووى سه‌ربازى و هێزى ئاسمانییه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كان ته‌نها به‌ هۆى هێزه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ نێوان دوو حیزبى سه‌ره‌كیدا دابه‌ش بووه‌.
ئه‌م دابه‌شبوونه‌ له‌ دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم به‌ڕوونى ده‌ركه‌وت، كاتێك چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ڕێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ به‌غدا دا ئه‌نجامدا و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌یان كشانه‌وه‌ به‌بێ ئاگاداریى ته‌واوى به‌رپرسه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان.
له‌ده‌ستدانى كه‌ركوك به‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانییه‌وه‌ هه‌روه‌ها چه‌ند كێڵگه‌یه‌كى بچووكى تر له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى قووڵكردنى كه‌لێنه‌ ئابورییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌م له‌ده‌ستدانه‌ بووه‌ هۆى دابه‌زاندنى ڕێژه‌ى هاورده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ 600 هه‌زار به‌رمیله‌وه‌ بۆ 280 به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا.
ئه‌م شكسته‌ ئابوورییانه‌ كۆتایى به‌ هه‌موو ئومێدێكى كورده‌كان بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆبوون هێنا، ئه‌م دۆخه‌ مووچه‌دانى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم قورستر ده‌كات (كه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ مووچه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تى نه‌دراوه‌)، داخستنى ڕێگه‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى سنووره‌كان له‌ توركیا و ئێرانه‌وه‌ گرفته‌ ئابورییه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.
سه‌ركرده‌ كورده‌كان له‌ ژێر فشارێكى زۆردان بۆ چاكسازیى له‌ سیستمى سیاسیدا و سه‌ره‌ڕاى هه‌موو گرفت و ناكۆكییه‌كان بڕیارى درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى په‌رله‌مان دراوه‌ بۆ 8 مانگى دیكه‌.
له‌ كاتى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمه‌كه‌ ناڕه‌زایى ناوخۆییش هه‌بووه‌ له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك 80%-90% ى ده‌نگ به‌ به‌ڵێ دراوه‌ به‌ڵام له‌ شارى سلێمانى ڕێژه‌ى ده‌نگى به‌ڵى كه‌متر بووه‌. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك له‌ كورده‌كان لۆمه‌ى حكومه‌ته‌كانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ شكستى ڕیفراندۆم به‌ڵام زۆرینه‌یان هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و سه‌ركرده‌كانیانه‌وه‌ له‌خشته‌براون.
گروپه‌ ناڕازییه‌كان، لایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆكان، هه‌روه‌ها ئه‌و حیزبه‌ نوێیه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌ دامه‌زرێندراوه‌ داواى "حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر" ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌ ئابورى و سیاسییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بارزانى هیچ پێشبینیه‌ك بۆ نه‌مان و وازهێنانى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى نییه‌.
پێده‌چێت حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نه‌بێت وانه‌یه‌كى ته‌واو له‌و ئاژاوه‌یه‌ وه‌رگرێ كه‌ به‌ هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌ درووستبوو، له‌ جێى دانپێدانان به‌و هه‌ڵه‌ ستراتیجییه‌دا بارزانى و سه‌ركرده‌كانى دیكه‌ به‌رپرسیاریه‌تى ریفراندۆم و شكسته‌كه‌یان هه‌ڵنه‌گرت، ئه‌م گروپه‌ به‌رده‌وامن له‌ نواندنى ڕۆڵى قوربانى و لۆمه‌كردنى هه‌ندێك لایه‌ن و به‌ ناپاك ناوبردنیان له‌ جیاتى ته‌ركیز خستنه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و چاكسازیى دامه‌زراوه‌یى.
به‌مشێوه‌یه‌ سیماى سه‌ره‌كى هه‌رێمى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌ و ناگۆڕێت، سه‌ربه‌خۆ نابێت و له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ به‌غدا، توركیا و ئێرانه‌وه‌ و له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ به‌ دابه‌شكراوى ده‌مێنێته‌وه‌. 
له‌م دۆخه‌دا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كى دیكه‌ى نییه‌ جگه‌ له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقیدا، هه‌روه‌ك چۆن ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ ئه‌نجامى ده‌دات،  به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ به‌ هۆى ئه‌و ڕیفراندۆمه‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجامدرا له‌ جێى ئه‌وه‌ى لایه‌نى به‌هێزى گفتوگۆكان بێت ئێستا حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت وه‌ك لایه‌نى لاواز ڕێككه‌وتن و گفتوگۆ ئه‌نجام بدات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure