گۆڕینى ئاڵاكان له‌ هه‌ولێر

بۆچوون / بیروڕا :: 02/11/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


له‌ سێى تشرینى یه‌كه‌مدا، جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌ركرده‌ى كورد كۆچى دوایى كرد و له‌ سیى مانگیش مه‌سعود بارزانى ركابه‌ره‌ مێژووییه‌كه‌ى وازى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هێنا. قه‌ده‌ر په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام نه‌مانى یه‌كه‌میان و گه‌ڕانه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ "ریزى تێكۆشان له‌ ناو پێشمه‌رگه‌" ئاماژه‌یه‌كه‌ له‌ ئاماژه‌كانى ململانێ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ى كورد، چونكه‌ له‌ وتارى وازهێنانه‌كه‌یدا، بارزانى گروپه‌كه‌ى تاڵه‌بانیى به‌ "ناپاكیى گه‌وره‌" تۆمه‌تبار كرد.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یشمان ده‌زانى كه‌ حزبێكى سه‌ره‌كیى سێیه‌م هه‌یه‌ دژى هه‌روو تیمه‌كه‌یه‌، ئه‌ویش پارتى كرێكارانى كورده‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى عه‌بدوڵـڵا ئۆجه‌لان، كه‌ ئێستا له‌ توركیا به‌ند كراوه‌. 

ئه‌وانه‌ى كه‌ (دابڕان)ى سه‌ركرده‌كانى سێ حزبه‌ گه‌وره‌كه‌ نیگه‌رانیان ده‌كات، تكایه‌ دڵنیابن و خه‌متان نه‌بێ، چونكه‌ هاوڕێمان عه‌دنان حسێن كه‌ پسپۆرى كاروبار (یان داخ و په‌ژاره‌)ى عێراقه‌، پێمان ده‌ڵێت 32 حزب له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن. ئایا ده‌زانیت ئه‌م ژماره‌ له‌ كوێى تر هه‌یه‌؟ له‌ ئه‌رمینیا. بارودۆخى ئه‌و گه‌لانه‌ى كه‌ پرس و دۆزه‌كانیان وه‌ك یه‌ك وان له‌ هه‌موو شتێكدا له‌یه‌كده‌چن، به‌ تاییبه‌ت له‌ ژماره‌ى به‌خت-دا. كوردیش له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى ئه‌و گه‌لانه‌دایه‌ كه‌ به‌خت یاوه‌ریان نییه‌، نه‌ له‌ ناوخۆ و نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یش.

ئه‌رمه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیى خۆیان وه‌رگرته‌وه‌ و هێشتا كورده‌كان به‌ بێ ئۆتۆنۆمى به‌ چوار وڵاتدا په‌رت و بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. كورد و ئه‌رمه‌ن و گروپگه‌لى دیكه‌یش، تا مردن ناسنامه‌ى خۆیان ده‌وێت. مه‌سیحیه‌كانى لوبنان له‌گه‌ڵ تایه‌فه‌كانى تردا له‌ شه‌ڕدان، به‌ڵام شه‌ڕى تێكشكێنه‌ر له‌ نێوان خۆیاندا بووه‌. ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌ مینڕێژكراوه‌كانیش كه‌ له‌ سۆمال 370 كه‌س ده‌كوژن، خاوه‌نه‌كانیان ده‌زانن كه‌ قوربانیه‌كان سوید-ى نابن به‌ڵكو خه‌ڵكى بێتاوانى خۆیان ده‌بن. له‌ جه‌نگى بارزانى-تاڵه‌بانى یشدا تاوانكاره‌كه‌ و قوربانیه‌كه‌یش هه‌ر كورد بوو. 

له‌ پێداچوونه‌وه‌ى ئێستاى پرسى كورد-دا، به‌هۆى هه‌ڵه‌شه‌یى بارزانى و "ناپاكیى ئه‌وانى دیكه‌وه‌"، دۆڕاو هه‌ر یه‌كێكه‌. خۆ ئه‌گه‌ر كابرا گله‌یى ده‌ستبه‌رداربوونى دۆسته‌كان بكات، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، دوو خاڵى جه‌وهه‌ریى سیاسى له‌بیر خۆى ده‌باته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناكرێت بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ پشت به‌ واشنتۆن ببه‌سترێت. دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئاشكرا هۆشداریى دا له‌ سه‌ركێشیه‌كى روون، به‌وه‌ى كه‌ ئێستا كاتى نییه‌ و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ى نه‌ڕه‌خساوه‌. 

نسكۆكه‌ ته‌نیا بۆ بارزانى نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌رێمه‌كه‌یه‌ كه‌ ناچاربوو به‌ "گێڕانه‌وه‌"ى زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ به‌غدا، دواى ئه‌وه‌ى بۆ ساڵانێك و به‌بێ رێگریى سه‌ربه‌خۆیى په‌یڕه‌و كرد. ئیتر بڕیاره‌كان و هه‌ڵوێسته‌كان و پێگه‌كانى هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ململانێى سیاسى له‌ عێراقدا. ماڵباتى بارزانى زۆر له‌ جڵه‌وى سه‌ركردایه‌تى دوورناكه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام قۆناغێكى نوێ ده‌ست پێده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تى خۆیشى بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure