جیهان ده‌ستبه‌ردارى كورد ده‌بێت

بۆچوون / بیروڕا :: 31/10/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا، دوو كه‌س له‌ دیارترین هاوڕێ كورده‌كانم له‌ده‌ستدا. مه‌رگ مام جه‌لال تاڵه‌بانى-ى ون كرد و وازهێنانیش مه‌سعود بارزانى-ى برامى له‌ سه‌ركردایه‌تى كورد و دۆزه‌ ره‌واكه‌یان.. سه‌ربه‌خۆیى، دوورخسته‌وه‌. 


سێ ملیۆن كورد پشتگیرییان له‌ ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كرد، یان زۆرینه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ كورده‌كانى باكورى عێراق، به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پشتى به‌ردان له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌ جه‌نگى دژى ناوبراو به‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى هاوپه‌یمانى بوون و جیهانیش لێى بێده‌نگ بوو، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا توركیا و ئێران به‌توندى له‌ دژى سه‌ربه‌خۆیى كورده‌كانى عێراق وه‌ستانه‌وه‌ له‌ترسى ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌وه‌ك كورده‌كانى هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ تووشى (مۆرانه‌)ى سه‌ربه‌خۆیى ببن.  

من وه‌ك هاووڵاتییه‌كى عه‌ره‌بیى یه‌كێتیخواز ده‌ڵێم كورده‌كان مافى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كورده‌كانى ناو توركیا و سوریا و عێراق و ئێران له‌خۆبگرێت. ئه‌وان نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌، سه‌دام حسێن و قه‌سابخانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌-مان له‌ بیرناچێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ر خودى ئه‌و سه‌دامه‌ خۆى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانى، باوكى مه‌سعود، كردووه‌ و پێكه‌وه‌ وێنه‌یان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان و دانیشته‌كاندا هه‌یه‌.  

مه‌سعود بارزانى له‌ وته‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا سكاڵاى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ نه‌یارێكى سیاسیى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا، پیلانیان له‌ دژى گێڕاوه‌. له‌م هه‌فتانه‌ى دواییشدا شتێكى له‌م جۆره‌م بیستووه‌. هێزه‌ عێراقیه‌كان چوونه‌ كه‌ركوك-ه‌وه‌ و كێڵگه‌كانى نه‌وت و شارۆچكه‌ و گونده‌كانیان به‌بێ هیچ به‌رگرییكردنێك گێڕایه‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ ره‌زامه‌ندیى لایه‌نێكى كوردى له‌ نه‌یارانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بووه‌. وته‌كه‌ وایه‌ كه‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، مه‌سعود بارزانى وازدێنێت له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنى هه‌رێمه‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ پێشتر یه‌كى تشرینى دووه‌م وه‌ك واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مان له‌ كوردستانى عێراق، دانرابوو.    

هیوادارم مه‌سعود بارزانى-ى هاوڕێم، ده‌ستبه‌ردارى ژیانى سیاسى نه‌بێت یان ببێته‌وه‌ سه‌ربازێك له‌ ریزه‌كانى پێشمه‌رگه‌دا، وه‌ك له‌ وتاره‌كه‌یدا وتى. ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارێكى ئه‌زمووندارى میانڕه‌وى ناسه‌ركێشه‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارم وه‌ك سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردى بمێنێته‌وه‌ چونكه‌ باشترین كه‌سێكه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تیى ویستى گه‌لى كورد به‌ره‌و ژیانێكى باشتر بكات. 

ناوچه‌ كوردیه‌كانى عێراق ئه‌وه‌نده‌ رووبار و پێده‌شت و پترۆڵى تێدان كه‌ گره‌نتى ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ى بكات. جه‌نگاوه‌ره‌ پێشمه‌رگه‌كان دواى شه‌ڕێكى سه‌خت له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش كۆنترۆڵى پارێزگاى كه‌ركوك-ى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ ته‌وتیان كرد، پاشان به‌بێ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، ناوچه‌كه‌یان چۆڵكرد. ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى له‌ 25ى ئه‌یلولى رابردوودا بوو. مه‌سعود بارزانى له‌ وتاره‌كه‌یدا باسى له‌ ئۆتۆنۆمى كرد و پاشان روووه‌رگێڕانى هه‌موو جیهان له‌ كورد. حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیران، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆمه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه‌ هه‌موو ناوچه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ باكور و ده‌روازه‌ سنووریه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌ند، واتا حكومه‌ته‌كه‌ى، ئه‌مه‌یش به‌بێ شه‌ڕ كرا.   

له‌سه‌ر داواى برام مه‌سعود بارزانى سه‌ردانى ناوچه‌ كوردیه‌كانم كردبوو، له‌گه‌ڵ هاوڕێیان و خاتوو دانیال میتران هاوسه‌رى فرانسوا میتران-ى سه‌رۆكى ئه‌وكاتى فره‌نسا، كردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان-مان بینى. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاوڕێیاندا سه‌ردانى برام جه‌لال تاڵه‌بانى-مان كرد له‌ باره‌گایه‌كى خۆى له‌ نزیك به‌نداوى دوكان، له‌م دوو سه‌ركرده‌ كورده‌ هیچم نه‌بینى بێجگه‌ له‌ وته‌ى هێمن و ویستى به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانى گه‌له‌كه‌یان به‌بێ كوشتوبڕ و ناكۆكى.

ئه‌مڕۆ چاره‌نووسى سه‌ربه‌خۆیى كورد یان ئۆتۆنۆمى به‌باچووه‌ و وایده‌بینم كه‌ كورده‌كان ده‌بنه‌ (فه‌له‌ستینیه‌كان)ى سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك. فه‌له‌ستینیه‌كان خاكى خۆیان له‌ده‌ستدا بۆ داگیركه‌ره‌ ئه‌شكه‌نازى-یه‌كان كه‌ خۆرئاوا پشتگیریى كردن و كورده‌كانیش ده‌بنه‌ هاووڵاتیى پله‌ دوو له‌ وڵاته‌ مێژووییه‌كه‌ى خۆیاندا. 

مه‌سعود بارزانى، كه‌ ئازار به‌ رووخساریه‌وه‌ دیاربوو، له‌ وتاره‌كه‌یدا وتى كه‌س له‌گه‌ڵ كورد-دا نه‌وه‌ستا و خۆیان رووبه‌ڕووى چاره‌نووسى خۆیان بوونه‌وه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ راسته‌، به‌شێوازێكى سنوورداریش ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌ركۆنه‌ كرد، چونكه‌ كورده‌كان په‌یوه‌ندیى به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى ئه‌مریكادا هه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانى برا، ئاماده‌ى دانیشتنه‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووم، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى برا، دانیشتووم كه‌ سه‌ردانى نیویۆرك یان داڤۆس-ى كردووه‌. ئینجایش جیهان واز له‌ كورد دێنێت.   
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure