ئایا ئه‌ستێره‌ى بارزانى ئاوابوو و سه‌رده‌مه‌كه‌ى كۆتاییهات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 29/10/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

خۆرئاوا، له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى سه‌ركرده‌كانیاندا، وه‌ك ئێمه‌ى عه‌ره‌ب نین و جیاوازین، ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماكانى به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ و تێڕوانینى سه‌ركرده‌كانیان سه‌ركرده‌كانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، هه‌روه‌ها ئاستى ده‌ستكه‌وت و جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كانیان، به‌ڵام ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانى نه‌ته‌وه‌یى و تایه‌فى و ئینجا سۆزدارى و ره‌نگه‌ چوارچێوه‌ى عه‌شائیرى یاخود مێژوویى و له‌وانه‌یشه‌ خێزانى، مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین.
 
بارزانیه‌كان، به‌هۆى خه‌باتى پێشوویان بۆ داواكردنى مافه‌كانى كورد و گه‌وره‌یى و بایه‌خى رۆڵى عه‌شیره‌تى بارزانى له‌ ژیانى گشتیى كورددا، لاى كورد به‌ڕێزن. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ كۆچكردوو مه‌لا مسته‌فاى بارزانى سه‌ركرده‌ى ئه‌و خێڵه‌ بووه‌، بووه‌ته‌ سه‌ركرده‌ى سیاسیى كورد. ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكاندا روویاندا، له‌ راپه‌ڕینه‌كانى كورد و شكسته‌كانى و مردنى مه‌لاى گه‌وره‌ و ئیدریسى كوڕى، وایانكرد سه‌رۆكایه‌تیى ماڵباته‌كه‌ بچێته‌ ده‌ستى به‌ڕێز مه‌سعود-ه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى ركابه‌رێكى راسته‌قینه‌ى له‌ناو خێزانى بارزانیدا هه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى كه‌ حزبه‌كه‌ له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌كرێت سه‌ركردایه‌تیى ناوچه‌كانى سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌یشى ده‌ستكه‌وت.  

كۆچكردوو جه‌لال تاڵه‌بانى ركابه‌ریى سه‌ركردایه‌تى كوردى ده‌كرد، ئه‌مه‌ چیرۆكێكى تره‌... به‌ڵام ئه‌م ركابه‌رێتیه‌ و هێزى په‌یوه‌ندییه‌كان و میانڕه‌وى و كراوه‌یى تاڵه‌بانى هاوسه‌نگییه‌كى له‌ بڕیارى كورد-دا دروستكرد. نه‌خۆشیى به‌رده‌وامى تاڵه‌بانى و ئه‌و جیابوونه‌وانه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووى حزبه‌كه‌ى بوونه‌وه‌، وایانكرد گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ بارزانى چۆڵببێت.

به‌ڕێز مه‌سعود-یش ئه‌م هه‌له‌ى قۆسته‌وه‌ و تۆڕێكى په‌یوه‌ندیى نێوده‌ڵه‌تیى دروستكرد و هه‌وڵیدا ده‌وڵه‌تى كوردستانى تێدا بكاته‌ واقیعێكى پراكتیكى بۆ ئه‌وه‌ى ئاسانكاریى بكات تا له‌ دواییدا رایبگه‌یه‌نێت. ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌یشى بۆ ئاسان كرد، لاوازیى حكومه‌تى عێراق و هاتنى داعش بوو وه‌ك فاكته‌رێكى تازه‌ بۆ ناو هاوكێشه‌كه‌، ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خساند به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ پێشڕه‌ویى بكات كه‌ رۆژێك خه‌ونى مانه‌وه‌ى تێدا نه‌بینیوه‌، ئه‌مه‌یش وایكرد راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت ئاسانتربێت، یاخود وایده‌زانى. بۆیه‌ هه‌نگاوى ریفراندۆمى نا. 

به‌ڵام دۆخى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى، خوێندنه‌وه‌یه‌كى جیاواز له‌وه‌ى هه‌بوو كه‌ به‌ڕێز مه‌سعود ئومێدى بۆ ده‌خواست و هێزى فاكته‌رى ئێرانى-توركى و هه‌ڵوێستى له‌رزۆكى ئه‌مریكاى هاوپه‌یمانى جێمتمانه‌ى و دانایى و زیره‌كیى حكومه‌تى عێراق، وایانكرد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌زموونه‌كه‌ ناكامڵ بێت. ئه‌وانه‌ى وایده‌زانى هاوپه‌یمانین ده‌ستبه‌ردارى بوون، ئه‌وانه‌یشى كه‌ تووشى په‌لاماردان و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و تاكده‌سه‌ڵاتیى ئه‌و بووبوون، وازیانلێهێنا. ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى و سه‌ركردایه‌تیه‌ كوردیه‌كه‌ى تووشى نسكۆ و شكستێكى گه‌وره‌ بوون..ئیتر ده‌بێت هه‌لومه‌رجى سه‌ركردایه‌تى مه‌سعود بۆ كورد چۆن بێت؟ و ئایینده‌ى سیاسیى چى بێت؟

ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراق وا زوو مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ناكات. هه‌روه‌ها به‌شه‌ دووه‌مه‌كه‌ى كوردیش، لایه‌نگرانى حزبه‌كه‌ى تاڵه‌بانى-ى كۆچكردوو و ماڵباته‌كه‌ى. جه‌ختكردنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانى خۆیشى كه‌ به‌رپرسیارێتیى ته‌واوى ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆگرت و ئه‌نجامه‌كه‌یش شكانێكى هێنده‌ گه‌وره‌ بوو كه‌ نه‌ك هه‌ر خه‌ونى ده‌وڵه‌تى ون كرد به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یشى له‌ناوبرد كه‌ له‌ ساڵى 2003 وه‌ تائێشتا كورد به‌ده‌ستیهێناون. نابێت ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌یش له‌بیربچێت كه‌ له‌ده‌ستدانى شیعه‌ى گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانیان بوو له‌ ناوخۆى عێراقدا. هه‌موو ئه‌مانه‌ كردیانه‌ نێچیرێكى ئاسان بۆ دژ و نه‌یاره‌كانى و له‌وانه‌یشه‌ لابردن و گۆڕینیشى ئاسان بكه‌ن.  

مه‌سه‌له‌ى گۆڕینى سه‌ركرده‌كان وا ئاسان نییه‌، ئیلـلا مه‌گه‌ر خۆیان ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن یان هێزه‌ گه‌وره‌كان له‌ كاتى بوونى جێگره‌وه‌ى گونجاودا بیانه‌وێت بیانگۆڕن. ئێستایش زیاد له‌ جێگره‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ په‌سه‌ند بن، وه‌ك نێچیرڤان-ى برازاى یاخود مه‌سرور-ى كوڕى. ئه‌گه‌رچى میدیاكه‌ى هه‌وڵده‌دات واى ده‌ربخات كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى مێژوویى كورده‌ و هه‌وڵى بۆ به‌دیهێنانى خه‌ونى كورد داوه‌، به‌ڵام كورده‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ كه‌لـله‌ڕه‌قى و تاكلایه‌نیى له‌ بڕیاردا، زیانێكى گه‌یاندووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بۆ كورد قه‌ره‌بوو نه‌كرێته‌وه‌. ئه‌ى مه‌سعود بارزانى چ بڕیارێك له‌سه‌ر ئایینده‌ى خۆى ده‌دات؟ ئه‌ى راى حزبه‌كه‌ى و ماڵباته‌كه‌ى چییه‌؟ ئه‌ى ئه‌مریكا چ بڕیارێكى ده‌رباره‌ ده‌دات؟   

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure