دیاردە

بۆچوون / بیروڕا :: 28/10/2017

نووسینی: سەمیر عەتەڵـڵا
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هیچ ساڵێك نییە كۆمەڵێك كتێب دەربارەی ستالین و هیتلەر دەرنەچووێنرێن، ستالین و هیتلەر ئەو دوو دوژمنەی كە مۆری قووڵترین برینی بێوێنەیان داوە لە سەدەی بیست و مێژووی مرۆڤایەتی. چۆن و لەكوێ‌ نووسەران و مێژوونووسان، هێشتا مادەی دیكەی نەزانراو دەدۆزنەوە، نازانین. زۆرجاریش تەنیا تیۆرگەل و پوختە و پاڵفتەی تازەن و پشتبەستوون بە بەڵگە و دۆكیۆمێنت و توێژینەوە كۆنەكان. 

توێژینەوەیەك دەربارەی هیتلەر سەرنجی راكێشاوم، دەڵێت هەڵكشانی ئەو بۆ لوتكەی سەركردایەتی لە ئەڵمانیا، بەتەواوی ناكۆك بووە لەگەڵ سروشت و نەریتی كۆمەڵگەی ئەڵمانیدا. چونكە پێچەوانەی كۆمەڵگەكانی تری ئەوروپا كە هەڵكشانی سەركردەكان لە نێوەندە گشتیەكەوە بووە، وەك لوید جۆرج لە بریتانیا و مۆسۆلۆنی لە ئیتالیا، كۆمەڵگەی ئەڵمانی چینێكی ئیمپراتۆریی بوو. ئەفسەرانی سوپا سەر بە خێزانە ئەرستۆكراتەكان بوون و دەرچووی زانكۆ گەورەكان بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو سوپایەی كە جارێك سوپای بسمارك-ی یەكخەری ئەڵمانیا بوو، بە پەرۆشییەكی سەرسوڕهێنەوە كەوتە دوای عەریف یەكەم-ێكی پێشووی سوپای نەمسا كە هیچ رەگ و ریشەیەكی ناچێتەوە سەر خێزانێكی ناسراو نە لە نەمسا و نە لە ئەڵمانیا.   

لەبەر ئەمە لەسەرەتادا كەس ئاوڕی لە بوونی نەدەدایەوە و هێندە بە گرنگ و جدیی وەرنەگیرا. رۆژنامەكان وایان دەبینی كە دیاردەی "وتاربێژە بچكۆلەكە" ئەمڕۆ یان سبەی كۆتایی دێت. بەڵام ئەڵمانیا تووشی سەرسوڕمان بوو كاتێك لە ساڵی 1932 دا هیتلەر گەیشتە پلەی راوێژكار و تا ئەوكاتەیش ئەڵمانیا لەو باوەڕەدا نەبوو كە دیاردەكە بەردەوام بێت یان كابرا ئەوروپا سەرقاڵ بكات و پاشان هەموو جیهان بخاتە حاڵەتی جەنگەوە.

هتلەر دوو خەسڵەتی سەرەكیی تێدا نەبوو كە ئەڵمانەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە: بنەچە و ژیریی. بەڵام ئەو توانی هەردوو مەرجەكە تێپەڕێنێت و رۆژ دوای رۆژ بەرزترین كۆمەڵگەكانی ئەوروپا راماڵێت. 
بەڵێن و پەیمانی بەسەر هەموو توێژەكاندا هەڵڕشت، بە راست و چەپدا، هەر توێژێك ئەوەی پێدا كە دەیبیست، ئیتر هەرچەندە لەگەڵ لۆژیكیشدا ناكۆك بوایە و نەیشهاتایەتەوە. بۆ نموونە بەڵێنی ئەوەی بە فرۆشیارە بچووكەكان دا كە عەمبار و كۆگا گەورەكان دادەخات، كەچی تا ئێستایش ئەم كۆگایانە لە فراوانبووندان و تا ئەمڕۆیش دووكانە بچووكەكان ون دەبن و نامێنن. تەنانەت هەر لەگەڵ گەیشتە دەسەڵات، نكۆڵیی لە  رێككەوتنەكانی دابەشكردنی دەسەڵاتیش كرد لەگەڵ حزبەكانی تردا. چینی كرێكاریش كە بەڵێنی "رزگاربوون لە كۆیلایەتی"ی پێدابوون، زۆر هەژارانە بوون. تەنیا چینی پیشەساز، كە بەلایەوە بەربەستێك بوو لەرووی شیوعیەتدا، خۆی بە پێشكەوتوو و پەرەسەندوو دەبینی، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازیی چەكدا.
ئاخۆ لە راستیدا هەموو ئەم دیاردەیە ئەدۆڵف هیتلەر بووە یان گەلی ئەڵمان كە كەوتبووە شوێنی هەتا بەردێك بەسەر بەردێكەوە لە وڵاتەكەدا نەما؟ مەگەر مەسەلەكان بە كۆتاییەكانیان ناپێورێن؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure