ترش و خوێ‌

بۆچوون / بیروڕا :: 25/04/2016

ئەحمەد و مەحمود، كە جاران دوو هاوبەشی دێرین بوون، ماوەیەكی زۆر بوو لە یەكتری دابڕابوون و ئەو بەیانی یە رێكەوتی فلیمی هندیی لە پاسێكی رێ‌ ی بازیاندا كۆی كردنەوە. دوای من خۆش و تۆ خۆش، ئەحمەد كەوتە رەخنەگرتن لە خۆی و گوتی:

- پەشیماندار شاخێكی لێ‌ بڕوێت، من سەد شاخم لێ‌ روواوە برا. ئاگات لێ‌ یە بە نای ناهەق چیمان بەیەكتر كرد و ئێستا بە سەرمایەكەی من و تۆ زەلامێك بووە بە كەڵەگا و هاتووەتە سەر حازری كە لە هەموو ژیانیدا ملیوانی كراسەكەی بۆ وەزعەكە چڵكن نەبووە. بەڕاستی كارێكی خراپمان كرد و هەق وایە..... 

مەحمود نەیهێشت ئەحمەد قسەكەی تەواو بكات، وتی: من وای نابینم چاوەكەم. من ئێستا شەریكی ئەو كابرایەم و لە شوێنان مەدحم ئەكات. راستە هیچم بەدەست نی یە و لە حسابی دەغیلەكەش بێ‌ ئاگام، بەڵام خەڵكەكە رێزێكی زۆرم لێ‌ ئەگرن و هەر بەشەریكی ئەوم ئەزانن و قوربان قوربان كەری نێر نام كێشێ‌.

ئەحمەد، بزەیەكی مەعناداری تێگرت و وتی ئەم قسەیەی نۆ لە هەقایەتەكەی خوارەوە ئەچێ‌.
هەقایەتەكەی خوارەوە:

دوو زەلام لە قیتارێكدا كورسییەكانیان لە تەنیشت یەكەوە ئەبێت. زەلامی یەكەم لە زەلامی دووەم ئەپرسێ‌: تۆ ئیشت چی یە؟

دووەم ئەڵێ‌: ئیشەكەم ئاسانە. شاگرد ئاسنگەرم. وەستاكە زۆری خۆش ئەوێم ناهێڵێ‌ توخنی كوورەكە بكەوم ئەڵێ‌ با گەرمات نەبێ‌، ئەو وردە ئاسنانەی تر بكوتە، بەقوربان. ئەی تۆ ئیشت چی یە؟

یەكەم ئەڵێ‌: خەپە گیان، منیش وەك تۆ ئاسنی سار ئەكوتم،  بەڵام نازانم وەكو تۆ ترش و خوێی پێوە بكەم.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure