عه‌ره‌ب و كورد و... ئیسرائیل

بۆچوون / بیروڕا :: 24/10/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


هه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمى راگه‌یاند، ئیتر سه‌رزه‌نشتكردنى كورد به‌وه‌ى كه‌ ئیسرائیلى خۆشده‌وێت ده‌ستى پێكرد:"ئێوه‌ هاوپه‌یمان و به‌ڵكو هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت به‌گرێگیراوى ئیسرائیلییه‌كانن". ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وتن كه‌ مێژوو هه‌ڵده‌ته‌كێنن و به‌ڵكو مێژوویش داده‌نێن بۆ سه‌لماندنى پێكه‌وه‌یى نێوان ئه‌م دوو لایه‌. 

با له‌ چوارگۆشه‌ى یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین: دۆزى فه‌له‌ستین، وردتریش بڵێین دۆزى فه‌له‌ستینیه‌كان له‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆدا، مافێكه‌ هیچ كه‌سێكى عاقڵى سه‌رڕاست و راستگۆ نكۆڵیى لێ ناكات. باشترین حاڵیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو خاوه‌ن مافێك لایه‌نگر و پشتیوانى هه‌موو مه‌سه‌له‌ حه‌ق و ره‌واكان بێت له‌ جیهاندا و له‌گه‌ڵیدا هاوسۆز بێت. 

ئه‌م دۆخه‌ نموونه‌ییه‌ هه‌موو جارێك حاڵه‌تێكى سیاسیى واقیعى نییه‌. پێشتر زۆرینه‌ى عه‌ره‌بیه‌كان به‌ ناوى مافى نه‌ته‌وه‌یى و سه‌ربه‌خۆیى و دوژمنایه‌تیى كۆچى جووله‌كه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هیتله‌ر و نازیه‌ت-دا هاوسۆز بوون. پاشان به‌هه‌مان ناوه‌وه‌ هاوسۆز بوون له‌گه‌ڵ رژێمى كۆلاك-ى سۆڤیه‌تیدا و وه‌ك سیخوڕ مامه‌ڵه‌ و ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ قوربانیاندا ده‌كرد، ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌یانویست هه‌ناسه‌یه‌ك بده‌ن و گه‌شت بكه‌ن و گوزارشتێك بكه‌ن، دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستى خۆیان به‌خۆشییه‌وه‌ هه‌ڵده‌گڵۆفت به‌ دیمه‌نى تانكه‌كانى سۆڤیه‌ت له‌ ساڵى 1968 دا كه‌ به‌هارى پراگ-یان راده‌ماڵى.  

هه‌ڵوێستى له‌مجۆرانه‌ نابنه‌ مایه‌ى شه‌ره‌فمه‌ندیى خاوه‌ن مافه‌كان، به‌ڵكو ده‌بنه‌ خه‌وش و خاڵى نه‌رێنیى مافه‌كانیان و له‌ بایه‌خیان كه‌مده‌كاته‌وه‌. له‌مه‌یش خراپتر سازش هێنانه‌وه‌ و داواى لێبوردن له‌و هه‌ڵوێستانه‌، تا ئه‌مڕۆ نه‌بووه‌ته‌ ره‌وتێكى دیار له‌ ژیانى كلتورى و فیكریى عه‌ره‌بیدا...

له‌ چوارچێوه‌یه‌كى ته‌سكتر و راسته‌وخۆتردا، عێراقیه‌كان، كه‌ ئه‌مڕۆ ئاماژه‌ به‌ دۆستایه‌تیى نێوان كورد و ئیسرائیل ده‌كه‌ن، دوودڵ نه‌بوون له‌ مامه‌ڵه‌كردنى فه‌له‌ستینیه‌كاندا به‌ خراپترین ره‌فتار و مامه‌ڵه‌. ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ له‌ دواى جه‌نگى 2003 روویدا و تا ئێستایش عێراقیه‌كان و فه‌له‌ستینیه‌كان له‌بیریان نه‌چووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌بوو مافى عێراقى بۆ ده‌ربازبوون له‌ سه‌دام كرایه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى مه‌ده‌نیى بێگوناهـ كه‌ ده‌بوو مافى عێراقى، براپشت-ى مافه‌كانیان بوایه‌. باش ده‌زانین، له‌ سوریا و له‌ لوبنانیش، چۆن هاوار و خوێنگه‌رمیى بۆ دۆزى فه‌له‌ستین یه‌كانگیرى ئه‌وپه‌ڕى سووكى وریسوایى بوو له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كاندا. چۆن له‌ هه‌شتاكاندا (جه‌نگى چادرگه‌كان) دژى فه‌له‌ستینیه‌كان له‌ لوبنان به‌ ئامانجى (یارمه‌تیدانیان)، تێكه‌ڵ به‌ (رزگاركردنى فه‌له‌ستین) كرا!؟ 

فه‌له‌ستینیه‌كان خۆیشیان، به‌ زۆرینه‌ى فراوانیانه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مافه‌ى خۆیاندا نین. ئه‌وان هاوسۆزى داگیركردنه‌كه‌ى كوه‌یت بوون له‌لایه‌ن سه‌دام حسێن-ه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ى هاوسۆزى به‌شار ئه‌سه‌د بن له‌ راماڵینى شۆڕشى زۆرینه‌ى سوریه‌كان كه‌ داواى ئازادییان ده‌كرد. ئه‌وان به‌شداریى جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌كانیان كرد له‌ ئوردن و لوبنان، تاوانه‌كانى ئه‌وان له‌ دژى مافه‌كانى لوبنانیه‌كان و ئوردنیه‌كان هاوتاى تاوانه‌كانى لوبنانیه‌كان و ئوردنیه‌كان بوو دژى مافه‌كانى ئه‌وان. 

له‌ مێژووى حزبه‌كانیشدا، وه‌ك ده‌زانین، حاڵه‌تگه‌لى جیاواز و دژ هه‌ن له‌ نێوان ئه‌وه‌ى كه‌ به‌لاى حزبییه‌كانه‌وه‌ ماف و ره‌وایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌لاى هاوڕێكانیانه‌وه‌ ره‌وایه‌. ده‌ره‌نجامى ئه‌مه‌یش چاوپۆشیى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت بوو له‌ سه‌ربڕینى چه‌ندین حزبى شیوعیدا، هه‌ر له‌ یۆنانى سه‌رده‌مى ستالین-ه‌وه‌ هه‌تا حزبى شیوعى عێراقى له‌ سه‌رده‌مى بریژنێڤ و ئه‌ندرۆپۆڤ-دا. 

كه‌واته‌ بۆچى داوا له‌ كورد ده‌كرێت كه‌ خۆیان بگونجێنن له‌ چوارچێوه‌ى هاوكێشه‌ى نێوان سیاسه‌ت و ماف-دا، كه‌چى ئه‌م داوایه‌ له‌وانى دیكه‌ ناكرێت؟ یان مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى بۆ گه‌وره‌ ده‌ستده‌دات و ره‌وایه‌ بۆ ژێرده‌سته‌كه‌ى ناڕه‌وایه‌ و ده‌ستنادات؟ هه‌ر بۆ زانیارییش ئه‌وه‌ى كه‌ كورده‌كانى پێ تۆمه‌تبار ده‌كرێت، وه‌ك سووكیێتى هه‌ندێك كارى ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ نییه‌ و نه‌یشبووه‌ته‌ هۆى خوێنڕشتنێكى وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌وان.   

به‌ڵام ده‌رباره‌ى كورد و ئیسرائیل به‌دیاریكراوى، ده‌وڵه‌تى عیبرى تاقه‌ ده‌وڵه‌تێك بوو كه‌ پێشوازیى له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌ى كورد كرد. بێگومان به‌ نیه‌تێكى پاكه‌وه‌ پێشوازییه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان تایبه‌ته‌ به‌خۆى، به‌ڵام ئه‌مه‌ى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌ڵبه‌ جیڕكردنه‌وه‌یه‌دا كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر كورد ده‌كرێت. ئایا ده‌كرێت له‌م حاڵه‌ته‌دا داوا له‌ كورد بكرێت ئاڵاى ئیسرائیل بسوتێنن؟ پاشان ئه‌و قه‌رز و منه‌ته‌ چییه‌ كه‌ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب له‌سه‌ر كورد هه‌مانه‌ هه‌تا چاوه‌ڕێى ئه‌و په‌رۆشییه‌ جیاواز و هه‌ڵاوێركارییه‌یان له‌ دژى ئیسرائیل، لێ بكه‌ین؟  

جگه‌ له‌مه‌یش دۆزى فه‌له‌ستینى له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام حسێندا له‌كورتیى دا و زیاتر له‌ دژى دۆزى كورد و مافه‌كانیان به‌كارهێنرا، به‌ته‌واوى وه‌ك ئه‌وه‌ى دواتر به‌شار ئه‌سه‌د دژى دۆزى سورییه‌كان به‌كاریهێنا. هه‌ڵبه‌ت پێویستیش ناكات باسى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ره‌فتارێكى له‌مجۆره‌ برین و كاریگه‌ریى ده‌روونیى لاى قوربانیه‌كان دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت كاتێك كه‌ ده‌نگى به‌هێزى فه‌له‌ستینیه‌كان به‌رزنابێته‌وه‌ و نابیسترێت كه‌ سه‌ركۆنه‌ى ئه‌م به‌كارهێنانه‌ى بێت و دژایه‌تیى بكه‌ن.   

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن ئه‌وه‌ى له‌م ناوچه‌یه‌ى ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت، ده‌كرێت ناوى بنێین سیستمى (ئیبتیزاز)كردن به‌ ئیسرائیل. مه‌سیحیه‌كانى لوبنان، له‌ غه‌یرى خۆیان باشتر ده‌زانن كه‌ چۆن بۆ ساڵانێك ملكه‌چیانكردن و خرانه‌ ژێر (وصایه‌) و چاودێریى سوریاوه‌ وه‌ك ئه‌و ئیبتیزازكردنه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكرا كه‌ خودى سه‌ركردایه‌تیى فه‌له‌ستینییش لێى ده‌رباز نه‌بوو كاتێك ویستى سه‌ربه‌خۆبێت له‌ بڕیاردانى نیشتمانیدا و له‌ هه‌ژموونى ئه‌سه‌د رزگارى ببێت.   

ئه‌مه‌ به‌شێوه‌ گشتیه‌كه‌ى، بێنه‌وبه‌ره‌یه‌كه‌ به‌ رووكه‌ش ئاسانه‌ به‌ نه‌نگى و ناوزڕاندن دابنرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى واده‌كات كه‌ به‌ قووڵى ریسوا نه‌كرێت، ئه‌و پشتبه‌ستنه‌یه‌تى به‌ (نیشتمانپه‌روه‌رى)ى خاوه‌ن كۆیله‌كان، ئه‌و (ئێمه‌)ى خوێن شین-انه‌ى كه‌ هه‌موو شتێكمان بۆ ده‌بێت و حه‌ڵاله‌ و ئه‌و (ئه‌وانه‌)ى كه‌ خوێنیان نییه‌ و هیچیان بۆنابێت و بۆیان حه‌رامه‌، ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ نه‌بێت كه‌ ئێمه‌ بۆیان (جائیز) ده‌كه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ خوێنیان نییه‌ كه‌واته‌ خوێنڕشتنیان جائیزه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure