بەغدا و كورد.. وەهمەكانی سەركەوتن و بەزین

بۆچوون / بیروڕا :: 23/10/2017

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

قەیرانی پەیوەندیی نێوان كورد و حكومەتی ناوەند لە بەغدا، تازە نییە و دەگمەنیش نییە. بەڵكو قەیرانێكە رووبەڕووی ژمارەیەك لەو دەوڵەتانە بووەتەوە كە سیستمی فیدراڵی، وەك ئەوەی عێراق، بەڕێوەی دەبەن، لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی ناوەند لەگەڵ هەرێمە جیاوازەكانی و حكومەتە لۆكاڵیەكانیدا. 
لەم ساڵانەی دواییدا چەندین پەرەسەندن و هەڵكشان لە پەیوەندیی ناوەند بە دەوروبەرەوە دەبینین، تەنانەت لە دەوڵەتانێكی ناسراو بە دیموكراسیەتی قووڵ و بە مامەڵەی نەرم لەگەڵ "دەوروبەریاندا". لە نموونەی ئەمانەیش، وەك ئەوەی لە سكۆتلەندە روویدا كە مانەوەی خۆیی لەگەڵ شانشینی یەكگرتوودا هەڵبژارد. یاخود ئەو ململانێیەی ئێستا دەیبینین لە نێوان مەدرید و بەرشەلۆنە سەبارەت بە مافی هەرێمی كەتەلۆنیا بۆ جیابوونەوەی لە شانشینی ئیسپانی. تەنانەت شاری ڤینیسیای یەكێك لە ناوچە دەگمەنە گەشتیاری و تەلارسازیەكانی ئیتالیا، بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت تا خۆی لە هەژموونی رۆما جیابكاتەوە. هەموو ئەمانە لەكاتێكدان كە مافی نەتەوە جیاوازەكان لەم دەوڵەتانەدا پارێزراوە و دانپێدانراوە زۆر زیاتر لەوەی كە كوردەكانی عێراق هەیانە، یاخود بەشێوەیەكی گشتی لە ناوچە عەرەبییەكاندا هەیە.  

كەواتە شتێكی نوێ‌ لە هەوڵی كوردەكاندا نییە بۆ سەلماندنی ناسنامەی دێرینی تایبەت بەخۆیان لە رێی پرۆژەیەكی سیاسیی سەربەخۆوە. ئەوەیش زێدەڕۆییە كە بڵێین ئەم پرۆژەیە بەزیوە یان شكستی هێناوە دوای (گێڕانەوەی) شاری كەركوك لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، چونكە كەركوك هەر لە بنەڕەتەوە شارێك نەبوو كە زۆرینەی كورد بووبێت تا بگوترێت كوردەكان تێیدا بەزیوون. هەروەك چوونی پێشمەرگەیش بۆ كەركوك لە ساڵی 2014 دا، بۆ پاراستنی بووە لە دەستی رێكخراوی داعش  كاتێك سوپای عێراق لەبەرامبەر رێكخراوە تیرۆریستەكەدا پاشەكشەی كرد وەك ئەوەی لە موسڵ كردی و بە وێرانەیی گەڕایەوە باوەشی عێراق.

جگە لەمەیش، "گێڕانەوەی" كەركوك بەو رێگەیەی كە وەرگیرایەوە، هەستی نادڵسۆزی و نالایەنگریی كوردەكان بۆ عێراق بەهێز و پتەو دەكات، بەتایبەت بەهۆی ئەو دیمەنە ئاهەنگئامێزانەوە كە ئاڵای ئێران و دروشمەكانی حەشدی شەعبی-یان تێدا بەرزكرانەوە، سەرەڕای هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئاهەنگەكان دیمەنێكی نیشتمانییانەیان هەبێت، هەروەها هەوڵەكانی بۆ دڵنیاكردنەوەی كورد لەسەر پەرۆشیی نیشتمانییان. هەروەها داواكەی سەید عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان بۆ پێویستیی دابینكردنی ئارامی و سەلامەتی كورد، دوای ئەوەی دەیان هەزار رۆڵەی كورد لە كەركوكەوە شارەكەیان جێهێشت. 

رەنگە ئەوە راست بێت كە دەستبەسەرداگرتنی كەركوك لەلایەن سوپای عێراق و بە پشتیوانی گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەزین و شكستی مەسعود بارزانی بێت و كاردانەوەی ئەو هەڵەیە بێت كە ئەم شارە كێشە لەسەرەیش خرایە ناو ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمەكەوە، بەڵام ئەوە زێدەڕۆییە كە گەشبین بین بەوەی شەڕەكەی كەركوك دەبێتە دەروازەیەك بۆ گێڕانەوەی تان و پۆی عێراق و یەكگرتوویی پێكهاتە جیاوازەكانی، بە تایبەت عەرەب و كوردەكانی. چونكە كێشەی كەركوك كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حسێن و هەوڵەكانی تەعریبكردنی شارەكە بەهۆی گۆڕینی دۆخە دیمۆگرافیەكەیەوە، چارەسەر نابێت تەنیا بە بەشداریی هەموو خەڵكەكەی نەبێت، نەك بە هەژموونی گروپێكیان بەسەر ئەوانی دیكەیدا. 

دوای كەركوك، رەنگە كورد بگەڕێنێتەوە بۆ ئەرزی واقیع و شتێكیان لە هونەری سیاسەت فێر بكات، دوور لە سەركێشی و حسابگەلی هەڵە. بەڵام ئەوەی لەم شەڕەدا پێویستە ئەوەیە دەبێت حكومەتی ناوەندی لە بەغدا لە خەونی ئەوەی بێداربێتەوە كە وابزانێت بەڕێوەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو خاكی عێراقدا. یەكەم، چونكە سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە تەنیا هەر بە هێزی رووت ناكرێت و كارێك نەكات بەشێك لە هاووڵاتیان ملكەچ بكات، بەڵكو لایەنگریی زۆرینە و دڵسۆزییان بۆ نیشتمانەكەیان بەدەستبێنێت. دووەم، كە گرنگترە، سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە لەڕێی پشتیوانیی هێزی چەكدارەوە دەبێت لە جێی هێزە شەرعیە عێراقیەكان، ئەو هێزەی كە ناسنامەی مەزهەبیی ئاشكرای هەیە و لایەنگیریی خۆیی بەهۆی ئەو ئاڵا و بەیداخانەوە دەرخست كە وەك ئاڵنگارییەك لە شەقامەكانی كەركوكدا بەرزكرایەوە، دوای "ئازادكردنی".

هێنانەناوەوەی هێزێك بەم خەسڵەتانەوە، ئەگەرچی خۆی بە "حەشدی شەعبی" ناودەبات، دەكرێت ببێتە هۆی ئۆقرەلێبڕانی هاووڵاتیانێك كە هەر لە بنەڕەتەوە لەپشت لایەنگریی نەتەوەییدان و سەر بە حزب و میلیشیای خۆیانن چونكە ئارەزووی بڕوابوونیان بە پرۆژەی دەوڵەت و بە هێزە چەكدارەكانی دەوڵەت نییە. هەر بۆیەیش بینیمان دەیان هەزار كەسیان لە كەركوكەوە هەڵاتن بەرەو هەولێر و سلێمانی، چونكە پێیانوایە كە ئەم دوو شارە توانای زیاتریان هەیە بۆ دابینكردنی دڵنیایی بۆ خۆیان و بۆ پاشەڕۆژی خێزانەكانیشیان. 

گێڕانەوەی كەركوك بە كۆتایی خەونی كوردەكانی عێراق دانانرێت. كۆتایی خەونی كوردەكان ئەوەیە كە هەست بكەن بەوەی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بەرژەوەندیەكانیان دەپارێزێت، وەك چۆن بەرژەوەندیی ئەوانی دیكەیش بە عەرەب و كورد و سوننە و شیعە و مەسیحیەوە دەپارێزێت. بەڵام كاتێك قاسم سولەیمانی بەشداریی لە سەرپەرشتیكردنی شەڕی كەركوكدا دەكات، زۆر ئاساییە كە كوردەكان و خەڵكێكی زۆر لە عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش، هەست بەوە بكەن كە تاران هاوبەشێكی كارا و كاریگەرە لە بڕیاری سەركردایەتیی بەغدادا، ئەگەر هەر خۆی تاقە خاوەنی بڕیار نەبێت. 











created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure