چوار سیناریۆ بۆ قەیرانی كوردستانی عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 19/10/2017

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

كەلـلەڕەقی و حساباتی تایبەت و بڕیارە هەڵەكان، گەورەترین مەترسیەكانی ئەم قۆناغەی سەر كوردەكانی عێراقن. چونكە سووربوونیان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارودۆخەدا سەركێشییەك بوو كە زۆر كەس حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە دەرەنجامەكانی ئاگاداركردەوە و داوایان لێكرد پەلە نەكات و لەگەڵ بەغدا بچێتە دیالۆگەوە بە ئامانجی گەیشتنە چارەسەرێكی تەوافوقی. ئەم داواكارییانەیش تەنیا هەر لە دەرەوەی هەرێمەكەوە نەبوون، بەڵكو لەلایەن هێزە كوردیەكانیشەوە بوو كە هەندێكیان مەترسیەكانی ریفراندۆمەكەیان دەبینی لە روانگەی رەتكردنەوەی لەلایەن بەغدا و هەڕەشەكانی توركیا و ئێران و هۆشدارییەكانی لایەنە نێودەوڵەتیەكان و هەندێكیشیان لەوە دەترسان، كە بە حساباتی تاكلایەنە و حزبی ناویان دەبرد، كاردانەوەی لەسەر هەرێمەكە و هاوسەنگیی هێزەكانی ببێت.  
 
لەڕاستیدا راپرسیەكە لە پێش ئەنجامدانیدا كارتێكی بەهێزی دانوساتان بوو و كوردەكان دەیانتوانی بەكاریبێنن بۆ دەستكەوتی زیاتر لە پتەوكردنی بارودۆخی هەرێمدا. خەونی كوردەكان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیان پێویستی بە ریفراندۆم نەبوو، حكومەتی هەرێمیش بەردەوام دەیگوت و جەختی دەكردەوە كە ریفراندۆمەكە بەمانای راگەیاندنی جیابوونەوە نییە، ئەمەیش بەڵگەی سووربوون لە ئەنجامدانی  لەم بارودۆخەی ئێستادا هەڵدەوەشێنێتەوە. 

ئەمڕۆ كوردەكان خۆیان لە دۆخێكی خراپتر لەوەی پێش ریفراندۆمەكەدا دەبیننەوە و لەوانەیشە زۆر مەترسیدارتربێت ئەگەر گیانی سەركێشی و خوێندنەوەی هەڵە بۆ قەبارەی مەترسیەكان و ئاڵنگاریەكان بەردەوام بێت، لە سایەی رووداوە خێراكاندا. 

پاش پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە و گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و كۆنترۆڵكردنەوەیان لەلایەن حكومەتی ناوەندیی بەغداوە، هەروەها دەستبەسەرداگرتنەوەی كێڵگەكانی نەوت كە بەهۆی ئاژاوەكانی كاتی پاشەكشەكەی موسڵ لە ساڵی 2014 دا لە دەستی دا، ئێستا بە تێڕوانینی من چوار سیناریۆ وەك ئەگەرەكانی داهاتوو هەن. سیناریۆی یەكەمیان ئەوەیە كە لایەنەكان بۆ ماوەیەك دۆخەكە سڕ بكەن لە پێناو ئارامبوونەوەی دۆخەكەدا و پاشان بواری گفتوگۆ بكەنەوە. ئەم گفتوگۆیانەیش سەركەوتوو نابن ئەگەر هەردوولا هەڵوێستەكانیان راستنەكەنەوە و ئامادەییان نەبێت بۆ سازشكردن. چونكە وەك چۆن هەوڵدان بۆ جیابوونەوە بە هێز هیچی لێ‌ ناكەوێتەوە جگە لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە كە دەرەنجامی خراپی لەسەر هەموو لایەنەكان دەبێت، بەهەمان شێوە سەپاندنی یەكێتییش بە زۆر و بە هێز گرەنتیی بەردەوامبوونی نابێت و ئاساییش و ئارامی بۆ عێراق ناگێڕێتەوە. 

سیناریۆی دووەمیش پەشیماننەبوونەوەیە لە ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكە و هەنگاونانە بۆ راگەیاندنی جیابوونەوە بە هەموو ئەو مەترسیانەوە كە دێنە پێشەوە. ئەم سیناریۆ (خۆكوژییە) رەنگە دووربێت، چونكە حساباتەكان و ویستەكان هەرچییەك بن، نابێت سەركردەكانی كورد ئەوە نەزانن كە هەلومەرجی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی، وادەكەن بەدیهێنانی خەونی دەوڵەتی كوردی لەم كاتەی ئێستادا مەحاڵ بێت. مەسەلەكە تەنیا هەر دەركردنی بەیاننامەیەكی سەربەخۆیی نییە بەڵكو پێویستی بە دابینكردنی هەلومەرجێكە كە رێگە بە هەنگاوێكی لەم جۆرە بدات و پەسەندی بكات و قابیلی ژیان بێت. 

سیناریۆی سێیەم، ئەم كەشە پەنگخواردووە ببێتە هۆی بەرەنگاربوونەوە و یەكلادنەوەی حساباتی نێوان لایەنە كوردیەكان، بەتایبەت دوای گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە و گۆڕینەوەی تۆمەتی ناپاكی و دەستكەوت و هەڕەشەی لێپێچینەوە لەیەكتر. ئەم كارە ئەگەر رووبدات دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و دەركەوتنی باڵباڵێن و جەمسەرگریی لە نێوان هێزە كوردیەكان و بەغدا دژی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كە هەندێك كەس بەرپرسیارێتیی گەیشتنە ئەم خاڵە شەرمهێنەی دەخەنە ئەستۆ و نەیارە سیاسیەكانی لە هەرێم بەوە تۆمەتباری دەكەن كە وازی لە ریفراندۆم نەهێنا و لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیدا گوێینەگرت لە ئامۆژگارییەكانی تایبەت بە دواخستنی پرۆسەكە. توركیا و ئێرانیش پشتگیریی لەم جۆرە جەمسەرگیرییانە دەكەن، بەتایبەت كە هەردووكیان بە توندی دژی بڕیاری ریفراندۆمەكە بوون لە ترسی كاریگەرییەكانی لەسەر كوردەكانی ناو خۆیان. بۆیە هۆشداریی و تووڕەیی راستەوخۆیان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە گەیاندە بارزانی. 

كەشی تۆمەتگۆڕینەوەی دوای گۆڕانكارییەكانی ئەم هەفتەیەی كەركوك لە نێوان دوو گەورەترین حزبە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستانی عێراق كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانن، وایكردووە كە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان رووبدات. هاوكات ئەگەری پێكهێنانی هاوپەیمانێتی تازەیش بۆ گۆڕانكاریی لەناوخۆی كوردستاندا هەیە. دەشێت جموجووڵەكانی ئەم دواییەی ژەنراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بەم ئاراستەیە بن، بەتایبەت دوای ئەوەی كە هەندێك لێكگەیشتن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا راگەیەنرا و بوونە هۆی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك و شوێنەكانی تریش بۆ دووركەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی توند كە باج-ی زۆری تێدا دەدرا.    

سیناریۆی چوارەمیش ئەوەیە كە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی-ی سەرەك وەزیران دەستپێشخەرییەكی چارەسەر پێشنیار بكات، بەتایبەت دوای گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە و گێڕانەوەی دەسەڵاتی بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە. چونكە ئێستا دەرفەتی ئەوە رەخساوە جڵەوی دەستپێشخەریی بگرێت كە بەغدا پشتیوانیی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی لێ‌ دەكرێت بۆئەوەی هەنگاو بنێت بەرەو گرەنتیی یەكێتی عێراق لەگەڵ رەچاوكردنی رێزگرتن لە مافەكانی كورد. بەڵام هەر دەستپێشخەرییەكی بەم ئاراستەیە، بۆ ئەوەی بەدیبێت و سەربكەوێت، دەبێت دوورتر بڕوات لەوەی كە گەمارۆدانی قەیرانی راپرسیەكەی هەرێمی كوردستان بێت، چونكە گرەنتیدانی یەكێتی عێراق و سەقامگیرییەكەی پێویستی بە نەخشەڕێگایەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەموو هەرێمەكانی و رەواندنەوەی  هەستی فێڵ و نادادپەروەریی لای هەموو لایەنەكان بە عەرەبی سوننەیشەوە كە سكاڵایانە لەدەست پەراوێزخستنیان و ئەمەیش دەرگای رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی كردووەتەوە و دەرفەتی گەشەسەندنی داعشی رەخساند. عێراق، پاش ئەزموونی چەند ساڵەی دوای داگیركردنەكەی، بە هەموو كارەساتەكانی و كێشەكانیەوە، پێویستی بە هەنگاوگەلی راستەقینە هەیە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی نێوان هەموو پێكهاتەكانی، هەروەها بڵاوكردنەوەی كلتور و بەهای نیشتمانی كە دەبوو بكەوتایەتە سەرووی هەموو دژەكانیەوە و بەشداربێت لە دامركاندنەوەی ئاگریی تایفەگەریی كە جەستەی عێراقی گرتووەتەوە. 
ئەم سیناریۆیە ئەگەر جێبەجێ‌ بكرێت، رەنگە قەیرانی ریفراندۆمی كوردستان بكاتە دەروازەی چارەسەركردنی زۆربەی كێشەكانی عێراق.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure