ئه‌مه‌ كه‌ركوكه‌... ئێمه‌یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 14/10/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
كه‌ركوك-ى ئه‌مڕۆ بچووككراوه‌ى حاڵى ئێمه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. راكێشانى بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوێك بوو كه‌ به‌وردى حسابى بۆ نه‌كرابوو. نه‌ڕه‌ى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا ترسى ئه‌گه‌رى خراپى لێده‌كرێت كه‌ زۆر كه‌سیش (دڵنیایمان ده‌ده‌نێ) هیچ روونادات. 

كێشه‌ى كه‌ركوك، له‌دوا و له‌پێش هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه‌، كێشه‌ى ناوچه‌كه‌یه‌. جیاوازیى نێوان واقیعى فره‌یى-پلۆرالیزم-ى به‌سوود و ئیدراكه‌ هه‌ژاره‌كه‌یه‌تى.
كه‌ركوك نه‌ عه‌ره‌بییه‌ و نه‌ كوردییه‌ و نه‌ توركمانى. هه‌موویانه‌ پێكه‌وه‌. به‌ڵام ئایا له‌سه‌رده‌مى گوشار و هاندانه‌ سه‌رشێته‌كانى ناسنامه‌كاندا، ئه‌مه‌ ده‌بێت؟

كه‌ركوك عه‌ره‌بییه‌، ئه‌مه‌یش به‌ گه‌واهیى مێژووى هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كانى شاره‌كه‌، وه‌ك خێزانى تكریتى كه‌ له‌ سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌وه‌ له‌ تكریته‌وه‌ چوونه‌ته‌ شاره‌كه‌وه‌. كه‌ركوك كوردییه‌ و ساڵانێكى زۆر پایته‌ختى ئال بابان-ى كورد بووه‌ و له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى رابردوودا زاناى ناودارى ئایینى كورد ئه‌حمه‌د خانه‌قاى تێدا ژیاوه‌ كه‌ رێبه‌رى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندى بووه‌. كه‌ركوك توركمانییه‌، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌ توركه‌كانى وه‌ك عۆجى و نه‌فتچى له‌ هه‌ڵمه‌تى سوڵتان مورادى چواره‌م له‌ 1638 دا بۆى هاتوون. 

حه‌ننا به‌تاتو، خاوه‌نى كتێبى سه‌رچاوه‌ى چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و حزبه‌ سیاسیه‌كانى عێراق، نموونه‌یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ڵه‌مه‌یى دانیشتوانى شاره‌كه‌ دێنێته‌وه‌: له‌ چله‌كاندا، به‌هۆى پیشه‌سازیى نه‌وته‌وه‌ حزبى شیوعى تێیدا گه‌شه‌ى كرد، به‌ڵام "له‌ هه‌ر پێنج به‌رپرسێكى شیوعیه‌كان یه‌كێك و له‌ هه‌ر ده‌ ئه‌ندامێكى كۆمیته‌ى محه‌لـلیى حزب، یه‌كێكیان، كوڕێكى له‌ پیشه‌سازیى نه‌وتدا بوو". 

دانیشتوانه‌كه‌ى، عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و ئاشورى و له‌ سه‌رده‌مانێكى پێشووتریشدا ئه‌رمه‌نى و جووله‌كه‌ بووه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌و نیعمه‌ته‌یه‌ كه‌ گۆڕا و بووه‌ ئه‌و به‌ڵایه‌ى تائێستایش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. به‌ هه‌مان واتا: له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ گرنگترین ناوه‌ندى نه‌وت بووه‌ له‌ عێراقدا بووه‌ته‌ نیعمه‌ت و له‌هه‌مانكاتدا بوویشه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى به‌ڵا و چه‌رمه‌سه‌رى. 

مێژووى كه‌ركوك پڕه‌ له‌و كاره‌ساتانه‌ى كه‌ ناسنامه‌ به‌هێزه‌كان خوڵقاندوویانه‌ له‌به‌رامبه‌ر ناسنامه‌ عێراقیه‌كه‌یدا كه‌ نه‌یبووه‌ ته‌نیا به‌ده‌م نه‌بێت. جه‌لاد و قوربانى زۆرجار له‌م یارییه‌ خوێناویه‌دا رۆڵ-ه‌كانیان گۆڕیوه‌ته‌وه‌. ساڵى 1959 له‌ میانه‌ى ئاهه‌نگه‌كانى یه‌كه‌م ساڵیادى كوده‌تاكه‌ى 14 ى ته‌موزدا، شیوعیه‌ كورده‌كانى لایه‌نگرى (شۆڕش) دایان به‌سه‌ر توركمانه‌كاندا و ده‌یان كوژراو و برینداریان لێكردن له‌گه‌ڵ سووتاندن و تاڵانكردنى ماڵه‌كانیاندا.

به‌ڵام له‌ 1991وه‌ رژێمى سه‌دام حسێن پرۆسه‌یه‌كى ده‌ركردنى ده‌ستدایه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار كورد و ئاشورى-ى له‌ كه‌ركوك و ته‌واوى ناوچه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌نه‌وت، ده‌ركرد و عه‌ره‌بى خسته‌ شوێنه‌كانیان. 

پاشخانه‌كانى مێژوویش له‌مه‌باشتر نه‌بوون: بریتانیه‌كان له‌ ساڵى 1918دا داگیریانكرد و پاشان لێى كشانه‌وه‌ و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆى. دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانییش هه‌وڵه‌كانى بریتانیا و فره‌نسا و توركیا بۆ له‌خۆگرتنى ویلایه‌تى موسڵ، به‌ كه‌ركوك-یشه‌وه‌، به‌رده‌وام بوون. په‌یماننامه‌ى لۆزان-ى 1923 یش نه‌یتوانى كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات. ته‌نیا له‌ 1926 دا و به‌پێى په‌یماننامه‌ى ئه‌نگۆرا كه‌ركوك بووه‌ به‌شێك له‌ شانشینى عێراق. كورده‌كانیش كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تى مه‌حمودى حه‌فید له‌ دژى ئه‌و پلانه‌ بوون، فڕۆكه‌كانى بریتانیا بۆردوومانیكردن و ناسنامه‌ى تازه‌ى عێراقییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. دواى سه‌رده‌مێكى تاڕاده‌یه‌ك درێژ و له‌ رێككه‌وتننامه‌ى ئازارى 1970 ى نێوان به‌غدا و مه‌لا مسته‌فاى بارزانى-دا، كه‌ركوك و خانه‌قین گه‌وره‌ترین ته‌گه‌ره‌، یان گه‌وره‌ترین پاساوى خۆدزینه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس بوو له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌. 

ئه‌و پاشخانه‌یش هه‌روه‌ها بووه‌ هۆى جیاوازى و ناكۆكیى توندى كۆمه‌ڵایه‌تى، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان توركمان و كورده‌كاندا.

خێزانه‌ زه‌نگینه‌كانى توركمانه‌كان، له‌ سه‌رده‌مى عوسمانیدا به‌ره‌و بیرۆكراسیه‌ت رۆیشتن و كورده‌كانیش كه‌ زۆرینه‌یان گوندنشینه‌كان بوون، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى پیشه‌سازیى نه‌وت و فراوانبوونیدا زیاتر به‌ره‌و شاره‌كه‌ كۆچیان كرد. توركمانه‌كان به‌زۆریى ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌ چینى مامناوه‌ند بوون. كورده‌كانیش به‌زۆرییان هه‌ژار و كه‌مده‌ست بوون. ئه‌وانه‌ى یه‌كه‌میان قه‌رزده‌ر و ئه‌وانه‌ى دووه‌میشیان قه‌رزبار بوون. 

له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌  به‌ رق و كینه‌كان و به‌ میراتى ئازاربه‌خشى مێژوو و به‌ له‌ده‌ستده‌رچوونى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌، ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵایه‌كى تر به‌سه‌ر كه‌كوكه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌، به‌ڵایه‌ك بۆ سه‌ر فره‌ییه‌كه‌ى و بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌كه‌یشى. 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە