ریفراندۆمه‌كه‌ى كورد راچڵه‌كینێكى سیاسى ناوچه‌كه‌یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 12/10/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان له‌كاتى وه‌رچه‌رخانێكى سیاسى و ئاڵۆزییه‌كى ئارامیدایه‌. قسه‌وباس له‌سه‌ر وه‌كیه‌كى و هاوشێوه‌یى ئه‌وه‌ى كوردستان و ئه‌وه‌ى كه‌ته‌لۆنیا ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندیى له‌ مه‌درید بڕیارى حكومه‌تى خۆجێیى كه‌ته‌لۆنیاى ره‌تكرده‌وه‌ بۆ راپرسیى كه‌ته‌لۆنیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ویستى ئه‌وان بۆ جیابوونه‌وه‌یان له‌ ئیسپانیا. 

له‌ زۆربه‌ى كاته‌كاندا به‌راورده‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مافى گه‌لان له‌ دیاریكردنى چاره‌نووسى خۆیاندا، ئه‌م مافه‌ ره‌وایه‌یش رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌ و له‌ڕووى پره‌نسیپ و بنه‌ماوه‌ مافى هه‌ر گروپه‌ ئاده‌مێكه‌، كه‌ له‌ڕووى زمان یان نه‌ژاد یان ئایینه‌وه‌ یه‌ك و هاوبه‌ش بن، په‌نا ببه‌نه‌به‌ر كاراكردنى مافى چاره‌ى خۆنووسین له‌ چوارچێوه‌ى سنوورێكى جوگرافیدا كه‌ ماناى هاوبه‌شیى ئه‌و گروپه‌ ئاده‌مییه‌ دیاریى بكات له‌ ناو سنووره‌ جوگرافیه‌كه‌دا.

به‌ڵام لێره‌دا هه‌ندێك گرفت دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ لایه‌نى یاسایى-ده‌ستورى و گرفتى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ كاریگه‌ریى كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌م مافه‌وه‌، له‌سه‌ر سیستمى ئاسایشى ئیقلیمیى ده‌وروبه‌رى سنوورى جوگرافیا دیاریكراوه‌كه‌وه‌.  

له‌ڕووى ده‌ستوریه‌وه‌، وا پێویسته‌ پرۆسه‌یه‌كى سیاسى پابه‌ند به‌ پره‌نسیپه‌ دیموكراتیه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا دانى پێدانراوه‌. وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌مه‌، راپرسیى سكۆتله‌ندیه‌كان بۆ جیابوونه‌وه‌یان له‌ بریتانیا له‌ ساڵى 2015 دا پابه‌نده‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كى راست و ره‌واى ده‌ستورییه‌وه‌.

پارله‌مانى بریتانیا له‌ له‌نده‌ن رازیى بوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌، به‌ڵام وه‌ك پابه‌ندبوونێك به‌ دیالۆگه‌كانى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى بریتانیاوه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ بریتانیا په‌یوه‌ست و پابه‌نده‌ به‌ پره‌نسیپ و پێوه‌ره‌ دیموكراسیه‌كانه‌وه‌ و هه‌موان ملكه‌چى ده‌سه‌ڵاتى یاسان.

هه‌روه‌ها هه‌رێمى سكۆتله‌نده‌ حكومه‌تێكى خۆجێى هه‌یه‌ كه‌ كاروباره‌كانى ناوخۆ و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوریى هه‌رێمه‌كه‌ى به‌ ده‌سته‌، به‌ڵام ده‌زگاكانى سوپا و هه‌واڵگرى و هاوشێوه‌كانییان له‌ دامه‌زراوه‌ ناوه‌ندییه‌كاندا، سه‌ر به‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌نده‌ن-ن و له‌ ژێر كۆنترۆڵى ئه‌ودان. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى جیاخوازه‌كان بوایه‌ ئه‌وكات حكومه‌تى ناوه‌ند ده‌چووه‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمدا بۆ دابه‌شكردنى تواناكانى ده‌وڵه‌ت له‌ كاروبارى به‌رگرى و ئه‌منى و ده‌ره‌كیدا بۆ ئه‌وه‌ى جیابوونه‌وه‌ په‌یكه‌رییه‌كه‌یش بكرایه‌ و دواى ئه‌وه‌ سكۆتله‌نده‌ بیتوانیایه‌ خۆى وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نێت. 

به‌ڵام له‌وه‌ى كه‌ته‌لۆنیادا، پارله‌مانى نیشتمانى له‌ مه‌درید، هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ رازیى نه‌بوو به‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ كه‌ته‌لۆنیا و ئیتر ئه‌وه‌ بوو حكومه‌تى ناوه‌ند توانا ئه‌منى و ده‌ستورییه‌كانى خۆیى به‌كارهێنا بۆ رێگرتن له‌ ئه‌نجامدانى و داننه‌نان به‌ ریفراندۆمه‌كه‌دا.

له‌وه‌ى كوردستان-یش، دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ خراپتر بوو، چونكه‌ پارله‌مانى نیشتمانى له‌ به‌غدا رازیى نه‌بوو به‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى هێزى ئاساییش و سوپاى خۆیه‌تى كه‌ كۆنترۆڵى خاڵه‌كانى سنوورى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌دا كردووه‌ و په‌یوه‌ندیى ده‌ره‌كیى هه‌یه‌ و مامه‌ڵه‌ى نه‌وتیش ده‌كات به‌بێ مۆڵه‌تى به‌غدا. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پێكهاتوویى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا شێواو و ناكۆكه‌ و به‌ ئاراسته‌ى ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌ستوره‌دا رۆیشتووه‌ كه‌ دانى پێدانراوه‌. ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌كه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ دانانى خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان و ئاشكرابوونى راستیى هه‌ره‌سى پرۆسه‌ى سیاسى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. ئه‌و هه‌ڵه‌ ده‌ستورییه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردوویه‌تى، ئه‌و واقیعى حاڵه‌ ده‌رده‌خات كه‌ چۆن دۆخى جیاوازیى هه‌رێم له‌ ساڵى 2003 وه‌ ده‌بووه‌ هۆى به‌ریه‌ككه‌وتن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌.  

له‌سه‌ر ئاستى ئاسایشى ئیقلیمییش، ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستان به‌ مه‌ترسیدارتر داده‌نرێت ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌وانه‌ى سكۆتله‌نده‌ و كه‌ته‌لۆنیا. چونكه‌ ئه‌گه‌ر سكۆتله‌نده‌ یان كه‌ته‌لۆنیا جیایش ببوونایه‌ته‌وه‌، ده‌وروبه‌ره‌ ئیقلیمیه‌كه‌یان پابه‌ندن به‌ سیستمه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ كه‌ پارێزه‌رى سه‌قامگیریى كیشوه‌رى ئه‌وروپا بووه‌ هه‌ر له‌كاتى كۆتایى جه‌نگى دووه‌مى جیهانییه‌وه‌، ئێستایش هه‌ر پابه‌نده‌ به‌ پاراستنیه‌وه‌. به‌ڵام له‌ حاڵه‌ته‌كه‌ى كوردستاندا وه‌ك ئاڵنگارییه‌كى راسته‌وخۆى ئاسایشى هه‌رێمایه‌تى وایه‌، له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌. لایه‌نى یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیى به‌ كورده‌كانى ناو ئێران و توركیا و سوریاوه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وانیش داواى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌لاى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ بۆ سه‌ر قه‌واره‌یان و رێگه‌یان پێناده‌ن. لایه‌نى دووه‌میش: دامه‌زراندنى كوردستان ده‌بێته‌ هۆى دامه‌زراندنى هاوپه‌یمانى ئیسرائیل-كورد له‌ سه‌ر سنوور و له‌ دژى ئێران. ناكرێت چاو له‌ مه‌ترسیى ئه‌م كاره‌ بنووقێنرێت، به‌تایبه‌ت له‌مكاته‌دا كه‌ باس له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ڵایسانى جه‌نگى تازه‌ى هه‌رێمیى ده‌كرێت و ئیسرائیلیش ده‌بێته‌ لایه‌نێكى. ئه‌م جیاوازى و ناكۆكییانه‌ واده‌كه‌ن كه‌ زه‌حمه‌ت بێت به‌راوردى ریفراندۆمه‌كه‌ى سكۆتله‌نده‌ به‌وه‌ى كوردستان بكرێت. به‌ڵام ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ چاوپۆشیى بكرێت له‌و زوڵم و سته‌مه‌ مێژووییه‌ى له‌به‌رامبه‌ر كورد  كراوه‌ و نابێت ئه‌وه‌ نادیده‌بگیرێت كه‌ حكومه‌تى ناوه‌ندیى به‌غدا زوڵمى زۆرى لێكردوون، به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام حسێن سه‌رۆكى پێشووى عێراقدا.

ده‌وڵه‌تى عێراق هه‌ر له‌كاتى دامه‌زراندنیه‌وه‌ شكستیهێناوه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ كورد وه‌ك هاووڵاتیانێك كه‌ مافى وه‌كیه‌كى و یه‌كسانییان هه‌بێت. گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ى كورد له‌رزه‌ و (راچڵه‌كینێكى سیاسى)یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و پێویستى به‌ ماوه‌یه‌كى زۆر هه‌یه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى و ئه‌نجام و ده‌رهاویشته‌كانى.  
 سه‌رچاوه‌: ره‌ئى ئه‌لیه‌وم


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure