پیاوێك هه‌رده‌بێت هه‌بێت

بۆچوون / بیروڕا :: 10/10/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

له‌ مۆسكۆ هه‌ر ده‌بێت گۆڕه‌پانى سوور هه‌بێت. رێككه‌وته‌ ئه‌گه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ت له‌ ئۆكتۆبه‌ردا بێت. له‌م مانگه‌دا یادى سه‌د ساڵه‌ى (شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر) تێده‌په‌ڕێت. ئه‌و شۆڕشه‌ى كه‌ سه‌ده‌ى رابردوو و جیهانیشى له‌رزاند. هه‌ڵگیرسێنه‌رى ئه‌و شۆڕشه‌یش ڤلادیمێر ئیلیچ لینین بوو كه‌ تا ئێستایش له‌وێ داپۆشراوه‌. خۆ ئه‌گه‌ر وا رێككه‌وت له‌ حه‌وتى ئه‌م مانگه‌دا بچیت، هه‌ر ده‌بێت ئه‌وه‌ت بیربێته‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ى كرملین له‌م رۆژه‌دا مۆمى ته‌مه‌نى شه‌ست و پێنج ساڵه‌ى ده‌كوژێنێته‌وه‌. له‌وه‌ده‌چێت هه‌ندێك مێژوو لێره‌دا كۆببنه‌وه‌. ئارامگه‌كه‌ى لینین ته‌نیا چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ نووسینگه‌كه‌ى ڤلادیمێر پوتین-ه‌وه‌ دووره‌ كه‌ له‌لایه‌كى دیكه‌ى گۆڕه‌پانه‌كه‌دایه‌. 

لینین به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پێیوابوو كه‌ تاهه‌تایه‌ روسیا له‌سایه‌ى حزبى (هاوڕێیان)دا ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ عاده‌تى گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانه‌. واده‌زانن سه‌ركه‌وتنه‌كانیان ده‌چن به‌گژ سه‌رده‌مه‌كه‌دا و شه‌ڕى ده‌كه‌ن. بیروباوه‌ڕه‌كانیان نامرن و ناكوژرێن و تیاناچن. به‌هێزه‌كان له‌و مێژووه‌ فێرنابن كه‌ راهاتووه‌ له‌سه‌ر قووتدانى كاروانه‌كان. له‌وانه‌یشه‌ به‌ بیرى لینین-دا نه‌هاتبێت ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ژێر عه‌باكه‌ى ئه‌ودا گه‌وره‌بوون، رۆژێك دێت و به‌هۆى  به‌ به‌ردبوونیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆى دڕاندنى. 

میلى كاتژمێر ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دواوه‌. پوتین خۆى له‌ حزبه‌كه‌ى لینین و له‌ لێوه‌شاوه‌یى ده‌زگاى (كه‌ى جى بى) یه‌وه‌ هاتووه‌. به‌ڵام روسیاى پوتین هیچى باوكى دامه‌زرێنه‌ر ناپارێزێت ته‌نیا ئارامگه‌كه‌ى نه‌بێت. سه‌رۆكى ئێستاى روسیا قسه‌یه‌كى هه‌یه‌. قسه‌كه‌ى ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و سته‌م و توندوتیژیه‌یه‌ كه‌ (شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر)ى پێ كۆتاییهات. به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ هه‌ره‌سى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت "گه‌وره‌ترین كاره‌ساتى جیۆسیاسیى سه‌ده‌ى بیسته‌". قسه‌یه‌كى له‌مه‌یش توندترى هه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێت :"ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ڵوه‌شاندن و لێكترازانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت به‌داخ نه‌بێت دڵ-ى نییه‌، ئه‌وه‌یش كه‌ هه‌وڵ بۆ بووژاندنه‌وه‌ى بدات عه‌قڵى نییه‌".

پێش ئه‌وه‌ى بچم بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌ گاڵته‌م له‌گه‌ڵ ئه‌كادیمیه‌كى روسیدا ده‌كرد. لێمپرسى دواى  هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئازارى داهاتوودا بكرێت كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك؟ به‌ بزه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ڵامى دامه‌وه‌ :"تۆ ده‌زانیت و منیش ده‌زانم". مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ بوو كه‌ جگه‌ له‌ سه‌رۆك كه‌سى دیكه‌ سه‌رۆك نییه‌. داواى روونكردنه‌وم لێكرد. وه‌ڵامى دامه‌وه‌ :"روسیا به‌بێ ده‌وڵه‌تێكى به‌هێز و سه‌ركرده‌یه‌كى به‌هێز ناتوانێت بژیى. هێنده‌ى كیشوه‌رێك ده‌بێت و له‌ 84 قه‌واره‌ى فیدراڵ پێكهاتووه‌ كه‌ 160 گروپى نه‌ژادیى تێدایه‌ و به‌ نزیكه‌ى سه‌د زمان ده‌دوێن. مه‌سیحى و موسڵمان و بودى و جووله‌كه‌ى تێدایه‌. ناوچه‌ى گه‌شه‌كردوو و په‌ره‌سه‌ندووى جیاجیاى هه‌یه‌. 14 ده‌وڵه‌تى به‌ده‌وره‌وه‌یه‌. ته‌نیا پیاوى به‌هێز ده‌توانێت قه‌ناعه‌تى پێكه‌وه‌ژیان به‌م پێكهاته‌ سه‌رسوڕهێنه‌ بكات یاخود له‌كاتى پێویستدا ناچارى بكات". 

هه‌روه‌ها وتى :"له‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌كاندا پیاوى به‌هێز و چه‌كدار به‌ ئیراده‌ و دنیابینى ده‌رده‌كه‌وێت. بڕوا و بیرى وا دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ وڵات بانگى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێ بگرێت له‌ هه‌ڵخلیسكانى به‌ره‌و خۆكوشتن. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ پوتین هه‌یه‌. خودى روسیاى فیدراڵ له‌سه‌ر لێوارى لێكهه‌ڵوه‌شان بوو كاتێك له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م سه‌ده‌یه‌ى ئێستادا، ئه‌م خۆیكرد به‌ كرملین-دا. سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ دواندنى خه‌ڵكى ئاسایى روسیا و له‌ لغاوكردنى هه‌موو ئه‌وانه‌یشدا كه‌ ئاماده‌بوون شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ جێبێڵن یان بیته‌قێننه‌وه‌. هه‌ستى شكۆمه‌ندیى بۆ خه‌ڵكى روسیا گه‌ڕانده‌وه‌ و روسیاى كرده‌وه‌ به‌ یاریكه‌رێكى گه‌وره‌ له‌ كایه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا. ته‌ماشاى سوریا بكه‌ ئه‌وه‌تا چاره‌سه‌ره‌ روسییه‌كه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌رى پێشنیار كراوه‌". 

روسیا ماندوو بوو به‌ده‌ست دۆگمایى كاردیناڵه‌كانى حزبى شیوعیه‌وه‌. پاشان له‌ ئاژاوه‌ى سه‌رده‌مى ستالین ترسا. مۆسكۆ رووتبووه‌وه‌ و هه‌رێمه‌ له‌خۆباییبووه‌كان ئاماده‌ى شه‌ڕكردن بوون له‌سه‌ر میراته‌كه‌. لێره‌دا پیاوێك چاوه‌ڕێى ژوان-ى بوو له‌گه‌ڵ كۆشك و مێژوودا. تا له‌ ساته‌ گونجاوه‌كه‌دا ده‌ستى وه‌شاند.

ره‌نگه‌ لینین وایزانیبێت كه‌ له‌ دواى مردنه‌كه‌یشى له‌ گۆڕه‌كه‌یه‌وه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات. هیچ شتێكى له‌مجۆره‌ رووینه‌دا. گه‌وره‌ى كۆشك گوێ له‌ ئامۆژگارییه‌كانى پیاوه‌ راكشاوه‌كه‌ى ناو گۆڕه‌كه‌ ناگرێت. هه‌ر به‌وه‌نده‌ وازیهێنا كه‌ به‌رگریى لێ بكات له‌و رۆژه‌دا كه‌ زۆركه‌س پێشنیارى ئه‌وه‌یان كرد له‌ شوێنه‌ سیمبولیه‌كه‌ى، به‌رامبه‌ر كرملین، ده‌ریبێنن و له‌ نزیك باوكییه‌وه‌ بینێژن، وه‌ك هه‌ر هاووڵاتیه‌كى ئاسایى له‌بیربچێته‌وه‌. 
   
ئه‌مه‌ روسیایه‌كى تره‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پوتین فه‌رمانڕه‌وایه‌تى. دێته‌وه‌ یادم له‌ گۆڕه‌پانى سوور كه‌ (ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) له‌ ساڵى 1992 دا ناردبوومى بۆ ئه‌م وڵاته‌. یان بابڵێین دواى ساڵێك له‌ هه‌ڵوه‌شاندنى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت. چووم بۆ شه‌قامى ئه‌ربات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پیاده‌ڕه‌و. له‌پڕ گوێم له‌ كه‌سێكى روسى بوو كه‌ به‌ ده‌نگێكى به‌رز هاوارى ده‌كرد. له‌ سامى عماره‌-ى هاوڕێمم پرسى: چ ده‌ڵێت؟ وه‌ڵامى دامه‌وه‌ :"ده‌ڵێت جلوبه‌رگى كۆلۆنێل به‌ مه‌دالیاى ئافه‌رینه‌كه‌یه‌وه‌، بۆ فرۆشتن و به‌ 25 دۆلار". نزیكبوومه‌وه‌ و بینیم كۆمه‌ڵێك جلوبه‌رگى ئه‌فسه‌رانى سوپاى سوور كه‌ڵه‌كه‌كراون و بۆ فرۆشتن دانراون له‌ دیمه‌نێكى شه‌رمهێندا بۆ ئه‌و سوپا دێرین و وڵاته‌ ره‌سه‌نه‌. كه‌ گه‌ڕایشمه‌وه‌ بۆ له‌نده‌ن ده‌رباره‌ى (روسیاى نه‌خۆش له‌ سه‌رده‌مى بۆریس یاڵتسین) م نووسى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى جلوبه‌رگى هه‌ڵخراوى كۆلۆنێڵ بۆ فرۆشتن به‌ 25 دۆلار-یشم نووسى، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى لینین-ى دانراو بۆ گه‌شتیاران-یشم نووسى.

ڤلادیمێر پوتین له‌ نزیك دیوارى به‌رلین بوو كاتێك داڕووخا. دیمه‌نه‌ ریسواییه‌كانیشى له‌ شه‌قامه‌كانى روسیادا بینى. بڕیارى خۆیدا و رێگه‌ى بڕى. چیرۆكه‌كه‌ى خۆیى دروست كرد و چاره‌نووسى وڵاته‌كه‌یى گۆڕى. 

له‌یه‌كه‌مجاردا له‌وه‌ ده‌چوو روسیا دووربێت. په‌له‌ى نه‌بوو و له‌ژێر به‌فردا مابووه‌وه‌ و مه‌یلى به‌لاى كراسه‌ سۆڤیه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ بوو. پوتین كه‌وته‌ شه‌ڕكردنیه‌وه‌. گیانى سوپاى سوور و بودجه‌كه‌ى و ئامێره‌ سه‌ربازییه‌كه‌یى نۆژه‌نكرده‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمه‌كان و بارۆنه‌ هێنراوه‌كانى، به‌ سامانى پاشماوه‌ى سۆڤیه‌ت ماڵى و ده‌سته‌مۆكرد. خۆرئاواى ئاشتكرده‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ى تواناكانى خۆیى كۆكرده‌وه‌. وه‌ڵامى نزیكبوونه‌وه‌ى په‌یمانى ئه‌تڵه‌سیى له‌ سنوورى وڵاته‌كه‌ى دایه‌وه‌ و كه‌وته‌ پاكتاوكردنى حساباته‌كان. له‌ دوودڵى و راراییه‌كانى باراك ئۆباما سوودمه‌ند بوو و نیشانه‌كه‌یى پێكا. ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازیى له‌ سوریادا كرد و ئه‌و رژێمه‌ى رزگار كرد "كه‌ له‌وه‌ده‌چوو له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا بڕووخێت". ئائه‌وه‌تا چاره‌سه‌ره‌ روسییه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ پێش هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ دوژمنایه‌تییان ده‌كرد.  
 
قه‌یرانه‌كه‌ى سوریا هه‌لێكى بوو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ (غه‌در)ى خۆرئاواى له‌ لیبیا داده‌نا. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكى بوو بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ شۆڕشه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ. هه‌روه‌ها هه‌لى زێڕینى بوو بۆ لێدانى ئیسلامیه‌كان له‌ دوورى خاكى روسیادا. ده‌رفه‌تى بوو بۆ بیرهێنانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ روسیا رێڕه‌و و ده‌روازه‌یه‌كى پێویست و هاوبه‌شێكه‌ هه‌رده‌بێت هه‌بێت. 

لێره‌دا لاوازییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ قه‌یسه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ شاردنه‌وه‌یدا. دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت ئه‌وه‌ى ده‌رخست كه‌ بوارى نه‌وت له‌ سه‌رده‌مى ئه‌ودا ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ى تێدا رووینه‌دا كه‌ ده‌بوو بیكات. تائێستایش ئابوریى وڵاته‌كه‌ى بۆ چه‌ند گرێیه‌ك له‌ دواى ئابوریى ئه‌ورورپیه‌كانه‌وه‌یه‌. سزا ئه‌مریكى و ئه‌وروپیه‌كانیش نه‌هامه‌تیه‌كانیى زیاتر كردووه‌. ئه‌و ئومێده‌یشى به‌ با چوو كه‌ گه‌یشتنى دۆناڵد تره‌مپ ده‌رفه‌تێك بێت بۆ به‌ستنى رێككه‌وتنه‌كان. بۆیه‌ ئێستا به‌ دواى هاوبه‌ش و وه‌به‌رهێنه‌راندا ده‌گه‌ڕێت. 

له‌ ئوتێله‌كه‌ پرسیارم له‌و گه‌نجه‌ كرد كه‌ قاوه‌ى ئاماده‌ ده‌كرد، ده‌رباره‌ى به‌ربژێرى ئه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى داهاتوودا. وتى:"هه‌ر پوتین-ه‌ چونكه‌ به‌هێزه‌. من خۆشمبوێت یان نا ئه‌و ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ هه‌رده‌بێت هه‌بێت. هه‌ستى دڵنیاییت ده‌داتێ. نامانه‌وێ په‌شێوى و ئاژاوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌". 

ئاسان نییه‌ كه‌ پیاده‌كردنى ده‌سه‌ڵات نه‌بێته‌ هۆى ته‌واوبوونى (رصید)ى سه‌رۆك-سه‌ركرده‌. هه‌روه‌ها ئاسانیش نییه‌ كه‌ به‌لاى زۆرینه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر و گره‌نتى بێت. ئه‌و ئه‌و كه‌شتیوانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌نێو گه‌رده‌لووله‌كاندا كه‌شتیه‌كه‌ى بئاوژێت و ئه‌كادیمى و بزنسمان و كرێكارى ئوتێل قه‌ناعه‌تى به‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌و پیاوه‌ى چاره‌نووسى وڵاته‌كه‌یى گۆڕى هه‌ر ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ هه‌رده‌بێت هه‌بێت. قه‌ده‌ره‌كان هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌كان دروست ده‌كه‌ن و هه‌ندێك له‌ كه‌سه‌كانیش قه‌ده‌رى خۆیان دروستده‌كه‌ن. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure