ئاوڕدانه‌وه‌ شایسته‌ كوردستانیه‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 08/10/2017

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌دا
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

هیچ كه‌سێكى ژیر و عاقڵ نییه‌ پێشبینیى كاردانه‌وه‌یه‌كى له‌وه‌ كه‌متر و ئه‌هوه‌نترى كردبێت كه‌ حكومه‌تى عێراق و چینى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتدارى به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستاندا كردیان، هه‌روه‌ك هیچ كه‌سێكى ژیر و عاقڵیش نییه‌ پێشبینیى ئه‌وه‌ى كردبێت ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ئه‌نجامه‌ بێت كه‌ راگه‌یه‌نرا. 

ئه‌وانه‌ى پێشبینیى هه‌ڵوێستێكى باشتریان له‌ به‌غدا كردبێت، بێگومان له‌ وه‌همدا بوون، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك بڕواى به‌ مافى چاره‌ى خۆنووسین نییه‌، به‌ڵكو زۆرینه‌ى خه‌ڵكى وڵاتانى ئێمه‌، دژى ئه‌م مافه‌ن چونكه‌ دژى ئازادیین یان پێیان قبووڵ ناكرێت. 

مافى چاره‌ى خۆنووسین به‌دیدێت، ئیتر یان له‌ رێى به‌كارهێنانى هێزه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وانه‌ى له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهانى كۆڵۆنیال و له‌ سه‌ده‌ى رابردوودا به‌دیهاتن، یاخود به‌ڕێى ئاشتى. به‌ ئاشتیى به‌دیهێنانى ئه‌م مافه‌ زه‌حمه‌ت و قورستر و ماوه‌ى درێژتریشى ده‌وێت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌هێز به‌دیبێت. چونكه‌ مه‌رجى هه‌بوونى سه‌رۆكێكى هه‌یه‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ چه‌مكى دیموكراسى بدات و نه‌ریته‌ دیموكراتیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌تدا بچه‌سپێنێت، هه‌روه‌ها چینێكى سیاسیى دیموكراتخوازى فه‌رمانڕه‌وا یان ئۆپۆزیسیۆنى هه‌بێت. 

ئه‌م مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌، له‌ عێراقدا نه‌هاتووه‌ته‌دى، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى به‌ عه‌رب و كوردى و به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ژادیه‌كانیه‌وه‌، به‌ درێژیى ژیانى خۆى دیموكراتیى نه‌زانیوه‌. پیاده‌كردنى ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ئێستاى دواى رووخانى رژێمى دیكتاتۆریى پێشوویش، په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ دیموكراسیى راسته‌قینه‌وه‌ نییه‌. ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ دووباره‌بووه‌كانیش به‌هیچ جۆرێك ته‌واو (سه‌لیم) نه‌بوون، چونكه‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى و هه‌ل و ده‌رفه‌تڕه‌خساندن به‌دیناهێنێت و فێڵ و ساخته‌ و كڕینى ده‌نگ به‌شێك بوون له‌و كارانه‌ى كه‌ له‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردندا ده‌كرێن. ئیتر له‌ میانه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى فیدراڵى نوێنه‌راندا بێت یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بووبێت یاخود له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پارله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستاندا بووبێت. 

به‌هه‌مان شێوه‌، چینى سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ به‌غدا، بریتیه‌ له‌ هێزه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان، نه‌ك دیموكراته‌كان، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ زۆر رقیشیان له‌ دیموكراسیه‌ت بێت وه‌ك باقى هێز و حزبه‌ پۆپۆلیسته‌كان. ئه‌مه‌یش به‌ ئاشكرا دیاره‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر یاسا دانراوه‌كان و ئه‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ دانانیان په‌رت و بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان له‌ 2006 ه‌وه‌ یاساگه‌لێكیان پێشنیار كردووه‌ كه‌ به‌لاى كۆتوبه‌ندكردنى ئازادییه‌كان و مافه‌كاندا رۆیشتووه‌ و زۆرجاریش ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆتوبه‌نده‌ سه‌پێنراوه‌كانى سه‌ر ئازادییه‌كان و مافه‌كانى زۆرتر و زیاتر كردووه‌. له‌كاتێدا ده‌ستور پابه‌ندبوونى چه‌ندین یاساى په‌یوه‌ست به‌ بنیاتنانى ده‌وڵه‌ت و پێشخستن و چه‌سپاندنى كارى دیموكراسیى ده‌ركردووه‌، كه‌چى حكومه‌ته‌كان و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گاڵته‌یان به‌ مه‌سه‌له‌ى دانانى ئه‌و یاسایانه‌ كردووه‌. 

له‌ چه‌قى هه‌موو ئه‌مانه‌دا، نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌ت و پارله‌مانیش، به‌رده‌وام ویستوویانه‌ بسازێن و بگونجێن له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئیسلامییه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و نفوز و داراییان له‌گه‌ڵ به‌شكردوون، ئیتر دركیان به‌ په‌یوه‌ندیى پته‌وى نێوان ئه‌و مافانه‌ى كه‌ ده‌نگپێده‌ره‌كانیان هه‌یانه‌، به‌ مافى چاره‌ى خۆنووسینیشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سیستمێكى دیموكراسى كه‌ له‌عێراقدا بچه‌سپێت، نه‌كردووه‌. 

حزبه‌ كوردستانیه‌كان ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد كه‌ پێكهاتن و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ پارته‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كاندا بكه‌ن و پشت بكه‌نه‌ هێز و كه‌سایه‌تى و رێكخراوه‌ دیموكراتخوازه‌ عێراقیه‌كان، وه‌ك گره‌وێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ (هاوپه‌یمانى شیعى-كوردى) ناوده‌برێت، ئه‌مه‌یش به‌و خه‌یاڵ و وه‌همه‌ى كه‌ مافه‌كانیان به‌دیدێنێت. هێز و پارته‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان، هه‌موویان، چالاكیه‌كى روونمان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا لێ نه‌بینین له‌ پێناو دانانى یاساگه‌لێك بۆ بنیاتنانى ده‌وڵه‌ت و یاساكانى دامه‌زراندنى سیستمى دیموكراسى له‌ وڵاتدا... هیچ ئاماژه‌یه‌كمان لێ نه‌دین كه‌ هێما بێت بۆ هاوسۆزى، نه‌خوازه‌ پشتگیریى، بۆ بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ میلـلییه‌كان كه‌ به‌ درێژایى چه‌ندین ساڵ له‌ به‌غدا و شاره‌كانى دیكه‌ به‌رده‌وام و چه‌ندباره‌ ده‌بوونه‌وه‌ و داواى چاكسازیى سیستمى سیاسى و دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و قه‌لاچۆكردنى گه‌نده‌ڵیى ئیدارى و دارایى و به‌دیهێنانى گه‌شه‌ى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رده‌وامیان ده‌كرد.. ئه‌وان خودى خۆیان ده‌ستبه‌ردارى جێگه‌ى خۆیان و پێگه‌ى مێژوویان بوون له‌ دڵى بزووتنه‌وه‌ى نیشتمانیى عێراقیدا.

له‌مه‌یش زیاتر، وادیاره‌ نوێنه‌رانى كوردستانى عێراق له‌ حكومه‌تى فیدراڵ و پارله‌مانى فیدراڵ و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى دیكه‌ى ده‌وڵه‌تدا، هاوكار و پشتیوانى توێژه‌ سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ بن كه‌ كۆنترۆڵى كاروباره‌كانیان له‌ به‌غدا و باقى ناوچه‌كانى دیكه‌ى وڵاتدا كردووه‌. ئێستا ئیتر چى روویدا روویدا، به‌ڵام ئاخۆ له‌ ئێستاوه‌ ئاوڕدانه‌وه‌ شایسته‌كه‌ له‌م حزبانه‌وه‌ ده‌بینین؟.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure