چاپ و چاپخانه‌ و یه‌كه‌م بینینی مام جه‌لال

بۆچوون / بیروڕا :: 05/10/2017

په‌یوه‌ندیى من به‌ مام جه‌لاله‌وه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م بینین و دانیشتندا كه‌ له‌ ساڵی 1968دا بوو، ئاسۆیه‌كى كراوه‌ و جوانى پێوه‌ دیار بوو. كه‌سێكى خوێنده‌وار و ئه‌ده‌ب دۆست به‌ڵكو ئه‌دیب و نووسه‌رێكى هه‌ڵكه‌وتوو، سیاسییه‌كى خاكى و بێ فیز. 
مام جه‌لال بووبووه‌ هاوڕێى نزیكى كه‌سایه‌تیى فیكرى و سیاسیى كۆمه‌ڵه‌ تێكۆشه‌رێكى ئێرانى كه‌ له‌ ژێر ناوى رێكخستنێكى ماركسیى لینینیدا و باوه‌ڕبوون به‌ هێڵى فیكرى و سیاسیى ماو تسیتۆنگدا كاریان ئه‌كرد.
به‌هۆى مام جه‌لاله‌وه‌ منیش بوومه‌ دۆستى ئه‌م هاورێیانه‌ و رێكخستنه‌كه‌یان: سازمانى ئینقیلابیى توده‌ى ئێران كه‌ دكتۆر جه‌لال و دكتۆر ئیبراهیم و ئیسماعیل له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان بوون. دكتۆر جه‌لال كه‌ پزیشك بوو ناوى كورش لاشایی بوو. رۆژنامه‌كه‌یان ناوى (ستاره‌ى سورخ) بوو، راده‌ى تێگه‌یشتن و پله‌ى به‌رزى تێگه‌یشتنى بیر و باوه‌ڕى ماركسیزم – لینینیزمى پێوه‌ دیار بوو.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامى ناخۆش له‌ ژیانى هه‌ندێك له‌م تێكۆشه‌ره‌ ئازایانه‌ روویدا به‌ڵام پێوانه‌ى سه‌ركه‌وتن یاخود هاتنه‌ سه‌ر حوكم ته‌نیا پێوانه‌ نییه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكى پڕ ویژدانى هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك، به‌ڵكو رۆڵیان له‌و ماوه‌ و ساڵانى كاركردنیان له‌ به‌ره‌وپێشبردنى راده‌ى هۆشیارى و رووناكبیریى چینایه‌تى و میللیدا چۆن و چه‌ند بووه‌، پێوانه‌یه‌كى ریالیستیى راست و ره‌وانه‌. چه‌ند توانیویانه‌ له‌و قۆناغه‌دا رێكخستن و رێكخراوه‌كانیان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببه‌ن و رۆڵى مێژووییان تیایدا دیار و ئاشكرا بێت و خزمه‌تى كاروانی خه‌باتی گه‌له‌كه‌یان كردبێت.
فه‌هد خۆى و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى وه‌ك دامه‌زرێنه‌ر و بزووتنه‌وه‌ى فیكرى و كاركردن له‌ جووڵانه‌وه‌ى چینایه‌تى و نیشتمانى له‌ هه‌موو مێژووى عێراقدا به‌جیاواز له‌ هه‌موو كه‌س و كه‌سان و تاقمێكى سه‌ركردایه‌تیى هه‌موو عێراق جێگاى به‌رزى خۆى گرت له‌ سه‌راپاى مێژووى عێراق و جوڵانه‌وه‌ى شیوعیى ناوچه‌كه‌ و جیهاندا.
*     *     *
بۆ یه‌كه‌مجار كۆبوونه‌وه‌ى من به‌ ره‌سمى له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌دا وه‌ك نوێنه‌رى حیزبى شیوعیى عێراق – قیاده‌ى مه‌ركه‌زى له‌ كه‌ركوك له‌ ماڵى هاوڕێى شه‌هیدمان پارێزه‌ر فه‌تحوڵڵا عیزه‌ت بوو كه‌ چه‌ند شه‌و و رۆژێكى خایاند. ماڵى فه‌تحوڵڵا له‌ ئیمام قاسم بوو، خانووه‌كه‌یان دوو ده‌رگاى هه‌بوو هه‌ر ده‌رگایه‌كى له‌سه‌ر كۆڵانێكى جیاوازدا بوو. هاوڕێیانى سازمانى ئینقیلابى دكتۆر جه‌لال و دكتۆر ئیبراهیم و ئیسماعیل بوون. 
له‌و دانیشتنه‌دا به‌ درێژى باسمان له‌ په‌یوه‌ندیى هه‌ردوو حیزب و جوڵانه‌وه‌ى شیوعى له‌ عێراق و ئێراندا كرد.
بیروڕاى هه‌ردوولامان زۆر نزیك بوو له‌باره‌ى مه‌ترسیى گه‌وره‌ى ریڤیژنیزمى جیهانى بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى شیوعى و سۆشیالیزمى جیهان و نه‌هێشتنى سه‌ربه‌خۆیى حیزب و رێكخراوه‌ شیوعییه‌كان له‌ جیهاندا و به‌ستنه‌وه‌ى به‌ ناوه‌نده‌وه‌ كه‌ حیزبى شیوعیى سۆڤێت بوو، كه‌ ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ى (ح.ش.ع) ویستیان و حیزبه‌كانى بووبوون به‌ پاشكۆى دووربوون له‌ په‌یڕه‌وه‌ (ماركسی - لینینی)یه‌كانه‌وه‌ و له‌ بوارى جێبه‌جێ كردنى ئه‌و ئامۆژگارى و فه‌رمانانه‌ى له‌ ناوه‌نده‌وه‌ ده‌رئه‌چوو گه‌وره‌ترین زیانى به‌ رێڕه‌وى بزووتنه‌وه‌ى شیوعیى جیهان گه‌یاند و دیارترینیان داڕووخانى رژێمه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ئه‌وروپا بوون به‌ یه‌كێتیى سۆڤێت خۆیشییه‌وه‌.
هه‌روه‌ها كاریگه‌رێتیى ئه‌و رێبازه‌ چه‌وته‌ له‌ لاى ئێمه‌ش له‌ كۆتاییدا وه‌ك ئه‌نجامى حیزبى شیوعیى عێراق و حیزبى توده‌ى ئێران خۆی نواند.
سازمانى ئینقلابى زۆر دۆستى مام جه‌لال بوون زۆریش خۆشیان ئه‌ویست و سوپاسیان ئه‌كرد بۆ ئه‌و هه‌موو هه‌ره‌وه‌ز و هاوكارییانه‌ى ئه‌یكردن. باسمان له‌ چاپ و چاپه‌مه‌نییه‌كانى خۆمان كرد، ئه‌وان ده‌زگاى چاپى چاكیان هه‌بوو ده‌رهه‌ق به‌و زه‌مانه‌.
وه‌ك بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و هاوڕێیانه‌ و پاش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى كه‌ركوك پێخۆشحاڵبوونى خۆیان بۆ مام جه‌لال ده‌ربڕیبوو به‌و ناسینه‌ هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ باسى چاپخانه‌یه‌كیان كردبوو بۆ ئێمه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure