له‌ به‌رشه‌لۆنه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر

بۆچوون / بیروڕا :: 02/10/2017

چه‌ند ڕۆژێكه‌ هاوسێ بریتانییه‌كه‌م له‌ دڵه‌راوكێدایه‌ و به‌دواى ڕۆژنامه‌كاندا ده‌چێت و له‌ شاشه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان و پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان وردده‌بێته‌وه‌، بۆنى كاره‌ساتێك ده‌كات كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌.

هاوسێكه‌م (برێكست) و ئازاره‌كانى  ئێستا و ئاینده‌ى ده‌رچوونى بریتایناى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا بیرچوووه‌ته‌وه‌، واینیشاندا له‌ كۆنگره‌ى حزبى محافزكاره‌كان و ئه‌و خه‌نجه‌رانه‌ى كه‌ له‌ پشت زه‌رده‌خه‌نه‌كانه‌وه‌ شاردراونه‌ته‌وه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كى گرنگتر و مه‌ترسیدارتر ئه‌وى سه‌رقاڵكردووه‌.

تیپى به‌رشه‌لۆنه‌ چى به‌سه‌ر دێت ئه‌گه‌ر  گشتپرسییه‌كه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆیى كه‌تەلۆنیا كۆتایى هات؟ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌بێته‌ كاره‌سات. ئیتر ئه‌و یانه‌ ڕه‌سه‌نه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ خولى ئسپانیاى ڕازێنراوه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى، هه‌روه‌ها ناشچێته‌ خولى ئه‌وروپاوه‌ كه‌ ئه‌م تیپه‌ گه‌شانه‌وه‌ى چه‌سپاندووه‌. دراوسێكه‌م كابرایه‌كى زۆر جدییه‌. پێیوانییه‌ كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تمه‌دارى كه‌ته‌لۆنى مافى ئه‌وه‌یان هه‌بێت قوماربكه‌ن به‌ چاره‌نوسى یانه‌یه‌ك كه‌ وه‌كو مه‌دالیایه‌ك وایه‌ له‌مێژووى هاوچه‌رخیاندا.

هه‌روه‌رها له‌و باوه‌ڕه‌شدا نیه‌ ده‌نگده‌ران مافى ئه‌وه‌یان هه‌بێت چاره‌نوسى چیرۆكێكى سه‌ركه‌وتن بخه‌نه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌، ئه‌م چیرۆكه‌ چیتر موڵكى شاره‌كه‌ و هه‌رێمه‌كه‌ نیه‌، به‌ڵكو موڵكى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خه‌ونى یانه‌كه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ و تۆپى سیحراویان خسته‌ گۆڵى ئه‌وانى دیكه‌. 

دراوسێكه‌م وتى پێویست ناكات گه‌لانى دونیا هه‌رجارێك كه‌ سندوقى ده‌نگدانیان بینى توشى گرژى و ئاڵۆزى نه‌ته‌وه‌یى و پۆپۆلیستى ببن، پێویسته‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ى سه‌ركه‌وتنى یانه‌ى به‌رشه‌لۆنه‌یان دروستكرد له‌ ڕه‌گه‌زى تره‌وه‌ و له‌ژێر ئاڵاى تره‌وه‌ هاتون. هه‌وڵمدا سه‌رنجى بۆ ئه‌وه‌ ڕابكێشم كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌وه‌ ترسناكتره‌ كه‌ چاره‌نوسى یانه‌یه‌ك بێت. پێى وتم ئه‌و له‌م ڕوه‌وه‌ هیچ ترسێكى نیه‌. ئه‌وروپییه‌كان ده‌مێكه‌ نه‌ریتى شه‌ڕى ناوخۆ و وێناكردنى سنوره‌كانیان به‌ خوێن ته‌ڵاقداوه‌. ته‌قینه‌وه‌كه‌ى یوگۆسلاڤیا رووداوێكى لاوه‌كى و نه‌شازبوو، دامه‌زراوه‌كانى ئه‌و كیشوه‌ره‌ كۆنه‌ توانیان ڕووداوێك به‌قه‌باره‌ى جه‌نگێكى جیهان له‌خۆبگرن كه‌ ئه‌ویش هه‌ره‌سهێنانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت و هه‌ل گرتنیه‌تى له‌ناو ته‌پوتۆزى مۆزه‌خانه‌كاندا. هه‌روه‌ها ڕاستییه‌ ئابورییه‌كان ده‌ستبه‌جێ كه‌لله‌ گه‌رمه‌كان ساردده‌كه‌نه‌وه‌ و خه‌رمانه‌ى پۆپۆلیسته‌كان راده‌ماڵن. هاوسێكه‌م پێیوانییه‌ كه‌ كه‌ته‌لۆنیا له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رى ئیسپانیا بازده‌دات كه‌ پێنج سەدە له‌ناویدایه‌.

هیچكام له‌ هه‌وڵه‌كانى پێشوترى سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌. هه‌روه‌ها كه‌ته‌لۆنیا له‌بارودۆخێكدایه‌ كه‌ حه‌سودى پێ ده‌برێت. له‌ناو هه‌رێمه‌ ئیسپانییه‌كاندا باشترینه‌، ئه‌گه‌ر به‌ هاوتاكانیشى له‌ ئه‌وروپادا به‌راورد بكرێت هه‌ر باشترینه‌، جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ى مه‌سه‌له‌یه‌ك نیه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ بێت.

سه‌ركه‌وتنه‌كانى له‌ڕووى پیشه‌سازى و دارایی و گه‌شتیارییه‌وه‌ ڕون و ئاشكران. كه‌لتوره‌كه‌ى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نیه‌. له‌ڕووى ئابوریى و كه‌لتوریشه‌وه‌ به‌رشه‌لۆنه‌ى پایته‌خت یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وهه‌ره‌كانى ناوچه‌ى ئه‌وروپا و له‌هه‌موویان زیاتر دینامیكییه‌. به‌ڕاستى چیرۆكه‌كه‌ى كه‌ته‌لۆنیا نامۆ دێته‌ به‌رچاو. ئایا هه‌ستكردن به‌ برینه‌ كۆنه‌كان له‌لاى خه‌ڵكه‌كه‌ زیندوو بووه‌ته‌وه‌. ئایا ئه‌و هه‌سته‌ش تێكه‌ڵ به‌ هه‌ست و سۆزى دوژمنكارانه‌ بووه‌ ده‌رهه‌ق به‌ داموده‌زگاكانى ناوه‌ند و ئایا په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنى پۆپۆلیسته‌كان و به‌ده‌ستهێنانى توانایه‌كى نائاسایى خه‌ڵكى له‌ڕێگه‌ى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌؟ ئایا جیهانگیرى به‌شداریكردووه‌ له‌ بێداركردنه‌وه‌ى ناسنامه‌ بچوكه‌كان و ئه‌م ئاره‌زووه‌ سه‌یره‌ بۆ گۆشه‌گیرى و وازهێنان له‌و چوارچێوانه‌ى كه‌ ته‌نیا یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك شوێن په‌نجه‌یان پێوه‌ نیه‌؟ ئایا هه‌مان ره‌شه‌با كه‌ به‌سه‌ر كیوبیك و سكۆتله‌ندادا هه‌ڵیكردووه‌ به‌نیازیشه‌ هه‌رێمى باسكى ئیسپانیا بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاتو كه‌ته‌لۆنیا توانى له‌ماڵى ئیسپانیا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ كه‌ته‌لۆنییه‌كان ده‌توانن ئه‌وه‌ بكه‌ن به‌ پاساو كه‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى باسى مافى گه‌لان ده‌كات له‌دیاریكردنى مافى چاره‌نوسیاندا، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌م مافه‌ بۆ ئه‌وه‌ تۆماركراوه‌ پشتیوانى له‌میلله‌تێكى ماف خوراو و یان كه‌مایه‌تیه‌ك بێت هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچونى له‌سه‌ر بێت له‌سه‌ر ده‌ستى ده‌سه‌ڵاتێكى دیكتاتۆرى خوێناوى.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ بارودۆخى ئێستاى كه‌ته‌لۆنیا وانییه‌. بێگومان ناتوانین نكوڵى له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئیسپانیاى فرانكۆ ده‌نگى كه‌ته‌لۆنییه‌كانى لاواز كرد و كه‌وته‌ لاوازكردنى كه‌لتوره‌كه‌یان، به‌ڵام ئێستا فرانكۆ بڕیار و كرده‌وه‌كانى له‌ناو گۆڕستانى مێژوودا نغرۆ بوون. هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هه‌موو كۆمه‌ڵه‌یه‌ك خاوه‌نى چه‌ند برین و زامێكه‌ كه‌ مێژوو جێیهێشتون له‌ تونێله‌كانى ڕۆحیدا. به‌ڵام كه‌ته‌لۆنیا ناتوانێت باسى ئازارێكى بێ وێنه‌ بكات له‌ساڵانێكى رابردودا. بۆ نمونه‌ ناتوانێت وه‌ك هه‌رێمى كوردستان باسى پڕۆسه‌كانى ئه‌نفال بكات كه‌ بووه‌ هۆى كوشتنى 180 هه‌زار كه‌س و وێرانكردنى گوندێكى زۆر، هه‌روه‌ها به‌رشه‌لۆنه‌ چیرۆكى نیه‌ هاوچه‌شنى چیرۆكى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئامۆژگارى عه‌لى كیمیایی كه‌وته‌ به‌ر (زه‌برێكى تایبه‌ت). دیاره‌ مه‌درید موچه‌ى هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنیاى نه‌بڕیوه‌ و ناشیبڕێت. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م برین و زامانه‌ى نیه‌. ئه‌وروپا شتێكه‌ و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ترسناك شتێكى تره‌. ئێمه‌ له‌شوێنێكدا ده‌ژین كه‌ ترسناكترین شوێنى جیهانه‌. خۆمان و منداڵه‌كانمان  له‌ كانى و كارێزى ترسه‌وه‌ ئاو ده‌خۆینه‌وه‌. نه‌خشه‌ى وڵاته‌كانمان و خودى نیشتیمانه‌كانیشمان قرچۆك و ناسكین.

ده‌ستوره‌كانیشمان كارتۆنین ئه‌گه‌ر ره‌شه‌بایه‌كیش پاسه‌وانى ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ى هه‌ڵكه‌ند ئه‌وا وڵاته‌كه‌ وردوخاش ده‌بێت و كۆمه‌ڵێك میلیشیاى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كى كورد ناوى ده‌وڵه‌تى سه‌به‌خۆ بهێنێت بومه‌له‌رزه‌ ده‌ستپێده‌كات. مانۆڕى سه‌ربازى له‌سه‌ر سنوره‌كان ئه‌نجامده‌درێت. ترس له‌وه‌ى كه‌مایه‌تیه‌ هاوچه‌شنه‌كانى چاوى لێ بكه‌ن. داهۆڵى جه‌نگ لێ ده‌درێت و بۆن و به‌رامه‌ى شه‌ڕ بڵاوده‌بێته‌وه‌. دوێنێ پسپۆڕه‌ ئه‌وروپییه‌كان سه‌رێكیان له‌ گشتپرسییه‌كه‌ى كه‌ته‌لۆنیا دا. ڕون و ئاشكرا وتیان، ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆى كه‌ته‌لۆنیا گه‌ر رووشبدات نابێته‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى به‌رشه‌لۆنه‌. گشتپرسییه‌كه‌ به‌ نایاسایى و ناده‌ستورى داده‌نێت. وڵاتانى ئه‌وروپا دان نانێن به‌ هیچ  پێكهاته‌یه‌كدا كه‌ له‌و گشتپرسییه‌وه‌ دروستببێت. به‌كارهێنانى هێز چاره‌سه‌رنییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ملیۆنه‌ها ده‌نگده‌ر، به‌ڵكو ده‌بێته‌ ئاو و ده‌چێته‌ ئاشى توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌. تاكه‌ هه‌ڵبژاردن هه‌ر گفتوگۆیه‌. هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ رزگاركردنى یه‌كێتى ئیسپانیا ئه‌وه‌ ده‌هێنێت بچنه‌ ئاستێكى دیكه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ كۆنفیدڕاڵى بێت.

 

زۆر ڕێیتێده‌چێت كه‌ دوێنێ حه‌یده‌ر عه‌بادى و مه‌سعود بارزانى چاودێرى گشتپرسییه‌كه‌ى كه‌ته‌لۆنیانیا كردبێت. ئه‌م دووانه‌ هه‌ردووكیان ده‌زانن كه‌ كه‌لتوره‌كه‌ى ئێمه‌ زۆر بڕواى نیه‌ به‌ سه‌ماى تانگۆ. ئه‌و سه‌مایه‌ى كه‌ پێویسته‌ هه‌موو سه‌ماكه‌رێك جموجۆڵه‌كانى خۆى له‌سه‌ر جموجۆڵى هاوبه‌شه‌كه‌ى ڕێكبخات. هه‌ردووكیان ده‌زانن كه‌ كه‌لتوره‌كه‌مان كارئاسانى ناكات بۆ هاوسه‌رگیرى هاوسه‌نگ و ڕێگه‌ش به‌ ته‌ڵاقى په‌مه‌یى نادات. به‌ڵام  له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا لێدانى ته‌پڵى جه‌نگ  و تیژكردنه‌وه‌ى خه‌نجه‌ره‌كان سودیا هه‌یه‌. عێراق  زیاد له‌پێویست  كوێره‌وه‌رى بینیوه‌. كورد زیاد له‌پێویست كوێره‌وه‌رى بینیوه‌. ئێستا پێویستمان به‌ بیرۆكه‌ى خولقێنه‌ر هه‌یه‌.

رزگاركردنى عێراق ئه‌وه‌ ده‌هێنێت به‌دواى بژارده‌ى دیكه‌دا بگه‌ڕێین كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كێكیان كۆنفیدراڵى بێت. چیرۆكه‌كه‌ى كه‌ته‌لۆنیا گه‌وره‌تره‌ له‌ فتبۆڵێنى نێوان تیپى ریاڵمه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌. چیرۆكى عێراقیش ده‌ستشكاندنه‌وه‌ نیه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا. شكستهێنانى پێكه‌وه‌ژیان هه‌نگاوێكى كوشنده‌یه‌ له‌سه‌ر سنور له‌نێوان وڵاته‌كاندا. پێویسته‌ ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ رزگاربكرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ بڕیارى ناخۆشیش بێت. هێشتا كات ماوه‌ فریاى كێشه‌كه‌ بكه‌وین چ  له‌ مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ چ له‌ به‌غدا و هه‌ولێر. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure