كاتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاتووه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 01/10/2017

سه‌رچاوه‌: زە هێێڵ
وه‌رگێڕان: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین وادی 

له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلولدا، هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو-زیاتر له‌ له‌ سه‌دا90- ده‌نگیدا به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ له‌ دوای جه‌نگی جیهانیه‌وه‌، 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ په‌یمانی سیڤه‌ردا بەڵێنی پێدرابوو. 

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ندین گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی پشتیوانانی ترامپ-دا به‌ ئاماده‌بوانی ڕاگه‌یاندووه‌، پێویسته‌ یه‌كێك له‌مانه‌ هه‌ڵبژێرن "ژیانی پاشكۆیی، یاخود ئازادیی له‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا".
 
ئه‌وه‌ به‌سه‌‌ كورد سه‌ربه‌خۆیی پێدرێت كه‌ گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ن به‌بێ ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام هۆكارێكی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆییان: كورد هه‌میشه‌ وه‌ك هاووڵاتیی پله‌ دوو له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵكراوه‌. به‌غدا به‌ به‌رده‌وامی و به‌ ئه‌نقه‌ست پێشێلی ئه‌و ده‌ستوره‌ی عێراقی كردووه‌ كه‌ له‌ 2005 دا نووسراوه‌ته‌وه‌. پێش ئه‌و كاته‌ش، سه‌دام حسێن-ی دیكتاتۆر ڕه‌شه‌كوژی كردوون. 

پاش ڕووخانی سه‌دام، سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، پشتیوانیی ده‌ستوریان كرد ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ستوره‌كه‌ گره‌نتی په‌یوه‌ندیی فیدڕاڵی به‌ كورده‌كان دابوو. وابڕیاربوو هۆبه‌ی دووه‌می ته‌شریعی دروستبكرێت كه‌ تێیدا مافی بوونی نوێنه‌ری یه‌كسان به‌ كورده‌كان فه‌راهه‌م بكرێت. به‌هه‌مانشێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا كه‌ تێیدا هه‌ر ویلایه‌تێك دوو نوێنه‌ری هه‌یه‌. كه‌چی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه،‌ دروستبوونی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ و خۆی وه‌ك ته‌نها سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی له‌ عێراقدا هێشته‌وه‌. به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا بۆ چاودێریكردنی كاروباره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پارته‌ سیاسییه‌ شیعه‌كان كۆنتڕۆڵی ته‌واویان به‌سه‌ر سوننه‌كاندا دروستكرد. 
 
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌غدا به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵی كاروباره‌كانی حكومه‌ت ده‌كات، ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سیستمێكی‌ دادوه‌ریی به‌پێی ده‌ستور دابمه‌زرێنێت. "دادگای باڵای عێراق" (كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن میدیا تێنه‌گه‌یشتووه‌كانه‌وه‌ به‌و ناوه‌ باسده‌كرێت) ڕایگه‌یاندووه‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ناده‌ستورییه‌. ئه‌و دادگایه‌ خودی خۆی ناده‌ستورییه‌، چونكه‌ ڕه‌گه‌كه‌ی له‌ سه‌رده‌می سه‌دامه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت و به‌پێی ده‌ستوری ساڵی 2005 دروستنه‌كراوه‌. 

ده‌ستوری عێراق ئه‌و پڕۆسێسانه‌ دابینده‌كات كه‌ هه‌رێمی نوێی لێدروستده‌بێت، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و قەوارانه‌ی كه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن له‌ لایه‌ن به‌غداوە ڕتكراونه‌ته‌وه‌. 

ده‌ستوره‌كه‌ داواده‌كات به‌غدا بڕێكی یه‌كسان و دیاریكراو له‌ پشكی سامانی سه‌رچاوه‌ نیشتیمانییه‌كان بداته‌ كوردستان. به‌پێی ئه‌و یاسایه‌، به‌غدا له‌ ساڵی 2005 دا ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕووه‌  بڕی 17%ی  بودجه‌ی عێراق، كه‌ نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بوو، بداته‌ هه‌رێمی كوردستان. ماوه‌ی هه‌شت ساڵ،  به‌غدا ته‌نها نزیكه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌و بڕه‌ی بۆ هه‌رێم ناردووه‌. له‌ ساڵی2014دا،  ته‌واوی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شی بڕی كه‌ به‌ پێی ده‌ستور بۆ هه‌رێم دابینكرابوو. 

به‌غدا به‌رده‌وام به‌ربه‌ستی بۆ مافه‌ ده‌ستورییه‌كه‌ی هه‌رێم بۆ گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازیی نه‌وته‌كه‌ی دروستكردووه‌ له‌ ڕێگه‌ی دانانی ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه ‌له‌وێدا كاریانكردووه‌ بۆ ناو و لیستی ڕه‌ش (جگه‌ له‌ كۆمپانیای ئۆگزۆن كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ عێراق بتوانێت سزای بدات) له‌ ڕێگه‌ی سه‌پاندنی فه‌رمانی دادگا بیانییه‌كان دژ به‌ فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان.

به‌غدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سوپا ده‌ستورییه‌كه‌ی عێراق، كه‌ پێویستبوو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق، به‌بێ جیاواز و ڕه‌گه‌ز‌ و ئاین و مه‌زهه‌ب به‌شداریی تێدا بكه‌ن، حه‌شدی شه‌عبیی دروستكر كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ پێكهاته‌ شیعییه‌كان پێكهاووه‌ و به‌ڕێوه‌ده‌برێت و دژ به‌ كورد و سوننه‌كانه‌.

له‌ پێشێلكارییه‌كی دیكه‌ی ده‌ستوردا،  به‌غدا ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ دان به‌ زمانی كوردیدا بنێت، سه‌رجه‌م نووسراوه‌ ڕه‌سمییه‌كانی عێراق به‌ عه‌ره‌بی ده‌رچوون و داواشكراوه‌ سه‌رجه‌م نووسراوه‌ ڕه‌سمییه‌كانی كوردستان له‌ كوردیه‌وه‌ وه‌ربگێڕدرێن بۆ عه‌ره‌بی و دواتر بۆ به‌غدا بنێردرێن. هه‌روه‌ها به‌غدا ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌ ئاڵاكه‌ی عێراقی سه‌رده‌می سه‌ددام لابه‌رێت، به‌مه‌ش ئاڵایه‌ك له‌ عێراقدا ده‌شه‌كێته‌وه‌ ك هیچ ڕه‌مزێكی كوردی پێوه‌نییه‌. 

زیاتر له‌ 25 ساڵ له‌مه‌وپێش، هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی خۆی دروستكرد، ئه‌و حكومه‌ته‌ توانیویه‌تی ببێته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستی سته‌مكاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵهاتوون، بۆ نموونه‌ نزیكه‌ی دوو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریی و ئاواره‌ی عێراقیی وه‌رگرتووه‌ كه‌ زۆرێكیان دووچاری چه‌وسانه‌وه‌ بوون به‌هۆی ئاینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌. 

كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌ی فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ ماڵ بۆ ناموسڵمانه‌كانی وه‌ك ئێزدی و كریستیان و زه‌رده‌شتی و به‌هائییه‌كان. وه‌ك ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆش، كوردستان ده‌توانێت ببێته‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ پێشوازی ئاماده‌یی ئه‌مریكا بكات له‌ ناوچه‌كه‌ و سه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌‌ نائارام و پەشێویەكەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستبكات، به‌ ده‌ڵه‌وته‌ شكستخواردووه‌كه‌ی عێراق-یشه‌وه‌. 

به‌شێوه‌یه‌كی نالۆژیكیانه‌، ئه‌مریكا خۆیدایه‌ پاڵ هاوپه‌یمانی وه‌ك ئێران و سوریا و توركیا له‌ دژایه‌تیكردنی ڕیفراندۆمی كوردستاندا. ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای له‌ كوردستان كرد كه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی و ئازادییان دوابخه‌ن، به‌ڵام نه‌ك ته‌نها هیچی نه‌كردووه‌ بۆ رێگریكردن له‌و  پێشێلكارییانه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر كوردستان ئه‌نجامیداوه‌، به‌ڵكو هیچ گره‌نتییه‌كی پێنه‌داون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كان. 

له‌ ئێستادا كه‌ ڕیفراندۆم ئه‌نجامدراوه‌، پیێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی ویستوویه‌تی له‌ سته‌می له‌وجۆره‌ هه‌ڵبێت، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مافێكی ڕه‌وای سه‌ربه‌خۆیی میلـله‌تێكی دیكه‌ بكات.  كاتی كورده‌كان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هاتووه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure