دواى ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: 28/09/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هه‌ر ماوه‌یه‌ك و عێراق به‌ قه‌یرانێكدا تێده‌په‌ڕێت كه‌ وا وێناى ده‌كه‌ین قورسترین و ئاڵۆزترینه‌، له‌ كاره‌ساتى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى نزیكه‌ى سێیه‌كى خاكى عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بۆ بڕیارى پارله‌مانى عێراق له‌ لابردنى ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانى حكومه‌تى عێراق و بۆ ئه‌و قه‌یرانى گه‌نده‌ڵیه‌ى كه‌ هه‌ر چه‌ند هه‌فه‌یه‌ك جارێك بۆمان ده‌گوازرێته‌وه‌ و نموونه‌ى له‌ جیهاندا ده‌گمه‌نه‌. وا ئه‌مڕۆیش قه‌یرانێكى تازه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بینین ده‌رباره‌ى سه‌ربه‌خۆیى. با سۆز و سۆزدارى بخه‌ینه‌ لاوه‌-ئه‌گه‌رچى زۆرجار سیاسه‌ت و بڕیاره‌ كورتبینه‌كان له‌ دنیاى عه‌ره‌بیماندا سۆز و سۆزداریى ده‌یانجووڵێنێت- و فۆكه‌س بخه‌ینه‌ سه‌ر مه‌به‌ستى ریفراندۆمه‌كه‌ و ئه‌وه‌ى كه‌ به‌دوایدادێت. 


خودى ریفراندۆمه‌كه‌ كێشه‌یه‌ك نییه‌، چونكه‌ پابه‌ندبوونێكى یاسایى نییه‌ نه‌ بۆ عێراق و نه‌ ته‌نانه‌ت بۆ هه‌رێمى كوردستانیش. هه‌روه‌ها ئامانج نییه‌ و ئامڕازێكه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجگه‌لێكى سیاسى كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆیى، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌كى نوێیه‌ له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق كه‌ ده‌بوو له‌سه‌ر بنه‌ماى سازانى سیاسى بنیاتبنرایه‌. 

لێره‌دا، سه‌ركرده‌ كورده‌كان به‌ته‌نیا نین. بڕیارى تاكلایه‌نه‌ و سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ چووه‌ته‌ ریزى پێشه‌وه‌ى رێباز و به‌رنامه‌ى گشتیى سیاسه‌تى عێراقیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى كۆتایى شه‌ڕه‌كانى دژى داعش و هه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌ و هه‌ڵپه‌ى خۆیه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زه‌برى هێز ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر خاكى عێراقدا له‌لایه‌كه‌وه‌ و هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ پارله‌مانیه‌كه‌ى ساڵى داهاتوویش له‌لایه‌كى تره‌وه‌. هه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌مرى واقیعێك بسه‌پێنێت كه‌ یارمه‌تیى بدات له‌ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رمایه‌ى سیاسى بۆ قۆناغى داهاتووى. 

به‌ڵام ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان لێكه‌وته‌گه‌لى فراوانتر و مه‌ترسیدارترى بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌یش هه‌یه‌. چونكه‌ یه‌كه‌م به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گرێبه‌ستى سیاسى نێوان هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ سیاسیه‌كان كه‌ له‌ 2003 وه‌ عێراقى به‌ڕێوه‌بردووه‌، ئه‌وانیش دوو پارته‌ كوردیه‌كه‌ و پارته‌ ئاینییه‌ شیعیه‌كانن، بێ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتى تازه‌ ده‌ركه‌وێت كه‌ پشتى پێببه‌سترێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسێسى سیاسى له‌ قۆناغى داهاتوودا. هه‌روه‌ها سۆزى شه‌قامى عێراقى –به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانیه‌وه‌- ده‌بزوێنێت و په‌رتیان ده‌كات له‌ نێوان ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت كورد سه‌ربه‌خۆبێت و وایده‌بینن كه‌ ناچاركراوه‌ له‌ عێراقدا بمێنێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا بمێنێته‌وه‌ و پێیانوایه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك ته‌ڵه‌یه‌ك وایه‌. نه‌بوونى ئه‌و ده‌نگانه‌ى كه‌ له‌م ماوه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌دا ئه‌م دوولایه‌نه‌ له‌یه‌كتر نزیك بكه‌نه‌وه‌ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌كه‌یش، ئه‌وا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ په‌لده‌هاوێ بۆ راكێشانى توركیا و ئێران له‌ رووى ئابورى یان سیاسى و -له‌وه‌یش خراپتر له‌ڕووى سه‌ربازیه‌وه‌- ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆى بارێكى هێنده‌ ئاڵۆز كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ده‌رهاویشته‌ و لێكه‌وته‌كانى بزانرێت. چونكه‌ كاتێك ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر بارى قورسى چه‌كه‌وه‌ و گروپگه‌لى ناوخۆیى و ده‌ره‌كیشى تێدایه‌ بۆ به‌كارهێنانى چه‌كه‌كانیان و قۆستنه‌وه‌ى هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ ئاڵۆزتركردنى دۆخه‌كه‌ و په‌شێویى نانه‌وه‌، ئه‌وكاته‌یش ده‌ره‌نجامه‌كان خراپ و مه‌ترسیدار ده‌بن.  

هه‌ركه‌سێك ساده‌ترین تێگه‌یشتنى بۆ واقیعى كورد هه‌بێت ده‌زانێت هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانێكى دراوسێوه‌ گه‌مارۆدراوه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیى ئه‌ویان ناوێت. بۆیه‌ هیچ ئه‌وه‌ جێى سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ توركیا و ئێران و سوریا هه‌ڵوێستى توند وه‌ربگرن له‌به‌رامبه‌ر هه‌نگاوى ریفراندۆم و بۆ رێگریى له‌ هه‌نگاوى داهاتوو كه‌ راگه‌یاندنى واده‌ى سه‌ربه‌خۆییه‌. به‌ڵام حكومه‌تى عێراق، نه‌ پێشبینیكراو و نه‌ لۆژیكیشه‌، كه‌ كاردانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌بێت. راگه‌یاندنى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى كورده‌وه‌، له‌ مانگى ته‌موزى رابردووه‌وه‌ كارى بۆ ده‌كرێت و ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌كاتى خۆیدا هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵى پێویستیان بدایه‌ بۆ دواخستنى یان هێنانه‌كایه‌ى شێوه‌یه‌كى جێى ره‌زامه‌ندیى هه‌موان، له‌وانه‌بوو واقیعه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ جۆرێكى تر بكه‌وتایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ عێراقدا هه‌ر وایه‌ و له‌ دوا ساته‌كاندا جموجۆڵه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن. 

زۆر كه‌س پرسیار له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئاخۆ سه‌ركردایه‌تى كورد بڕیارى ریفراندۆمى له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك داوه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دژین؟ هه‌روه‌ها هه‌موو وڵاته‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوچه‌كه‌یش به‌ئاشكرا یاخود به‌نهێنیى له‌دژى ئه‌م هه‌نگاوه‌ن. ئایا مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا حساباتێكى سیاسه‌تى ناوخۆییه‌، یان بڕیاره‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌رگیز كاتێكى له‌مجۆره‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى نایه‌ت و راگه‌یاندنى ئه‌م ویسته‌ له‌م سه‌روبه‌نده‌دا قۆستنه‌وه‌ى كاتێك و دۆخێكى دیاریكراوه‌ كه‌ عێراق له‌ناو ئاژاوه‌ى شه‌ڕى دژى داعش-دایه‌ و سوریا لاوازه‌ و وه‌رچه‌رخانه‌كان خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیان گرتووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هیچ له‌ كورده‌ سیاسیه‌كان نابیستین هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌نگاوه‌كه‌یان دواى شكستى لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ڵناوه‌. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوودا، عێراق په‌یوه‌ستبوون و ئاوێته‌بوونێكى نێوان پێكهاته‌كانى به‌خۆوه‌بینى و پێكه‌وه‌ دژى داعش، وه‌ك دوژمنێكى هاوبه‌شیان، وه‌ستانه‌وه‌. ئه‌و كاته‌ سوپاسگوزارى و پێزانینێكى جدیى بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌بوو كه‌ ئاواره‌كانى موسڵ و رومادى و ناوچه‌ كاره‌ستباره‌كانى ترى ژێر تاوانه‌كانى داعشى، له‌خۆگرت. هه‌روه‌ها حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى عێراقیش ده‌ستپێشخه‌رى و ئاماده‌یى نواند بۆ چاره‌سه‌ركردنى زۆربه‌ى دۆسیه‌ سیاسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان. بۆ یه‌كه‌مجاریش سوپاى عێراق و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كورد شانبه‌شانى یه‌كدى دژى داعش بوون. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م گۆڕانكاریانه‌یش نه‌بوونه‌ هۆكارى ئاساییبوونه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنى قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابوریه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ى تێڕوانیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى كارى پێكه‌وه‌یى بۆ ئایینده‌ى عێراق. 

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رسوڕمانه‌، هه‌ڵوێستى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌به‌رامبه‌ر بڕیارى هه‌ولێر كه‌ هه‌نگاوى راسته‌قینه‌ى ناوه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پشتگیریه‌كى سیاسیى دابووه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى كورد له‌ عێراقدا و رێگه‌ى بۆ ئه‌م قۆناغه‌ خۆشكردووه‌، وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆ ئاسانكاریى بۆ گۆڕان و وه‌چه‌رخانه‌كانى باكورى سوریا ده‌كات كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانیان ئه‌نجامدا. 

به‌ڵام قۆناغى دواى ریفراندۆم، عێراق پێویستى به‌ ده‌نگى حه‌كیمانه‌ هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چۆنیه‌تیى پێكه‌وه‌ژیان و دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ى دۆستانه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌ردوولا پێیى ڕازیى بن. ده‌یشبێت ئه‌م ده‌نگانه‌ عێراقى بن، چونكه‌ تاران و ئه‌نقه‌ره‌ ناتوانن رۆڵێكى ئاوا جوان بگێڕن كه‌ هه‌ردووكیان به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان له‌ عێراقدا هه‌یه‌. هه‌نگاوى پێویستى یه‌كه‌م ده‌بێت ئاساییكردنه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ بێت له‌ ده‌ركردنى بڕیارگه‌لى توندڕه‌وانه‌ كه‌ بارگرانییه‌ك دروست ده‌كات دوایى چاره‌سه‌ركردنى قورس و گران ده‌بێت. 

پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ جۆرێك بكات كه‌ رۆڵه‌ى عێراقن و راسته‌وخۆ بیاندوێنێت بۆ قۆناغى داهاتوو، نه‌ك دابڕین و په‌راوێزخستنیان زیاد بكات. هه‌روه‌ك له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تى كورد-یش پێویسته‌ كه‌ دواى په‌ره‌سه‌نده‌ بێوێنه‌كانى ماوه‌ى رۆژان و هه‌فته‌كانى رابردوو، ویستى هۆى ده‌ربخات له‌ بنیاتنانى پردى نێوان خۆیان و به‌غدا. لێره‌دا ده‌كرێت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش رۆڵێكى سه‌ره‌كى بگێڕێت بۆ پاراستنى سنووره‌كانى عێراق و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ناو ئه‌و سنووره‌دان. قسه‌كردن ده‌رباره‌ى گه‌مارۆدانى ئابوریى دژى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كارێكى نادادپه‌روه‌رى و ناڕه‌وایه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لێك كه‌ شایسته‌ى نه‌هامه‌تیى زیاتر نییه‌. 

هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو ده‌بێت خه‌ڵكه‌كه‌، ئیتر عه‌رب، كورد، توركمان یان هه‌ر شتێكى دیكه‌بێت، ده‌بێت بیانخاته‌ دڵى بڕیاره‌وه‌، چونكه‌ پێویستیه‌ك بۆ خوێن و كوشتوبڕى زیاتر نه‌ماوه‌ و چه‌كهه‌ڵگرتنیش ته‌نیا وێرانه‌ى لێده‌وێته‌وه‌.  
 سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure