ئه‌م نووسینه‌ بخوێننه‌وه‌ و له‌ سووچێكدا فڕێى بده‌ن

بۆچوون / بیروڕا :: 27/09/2017

وه‌رگێڕان: په‌یام زاهیر

ئێمه‌ باس له‌ یه‌كێتى خاكى عێراق ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ستمان یه‌كێتى خاكى توركیایه‌، ته‌نها داهاتووى عێراق نا به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت داهاتووى توركیا مسۆگه‌ر بكه‌ین، به‌ زانیاریى پیس، ئۆپراسیۆنى هزرى، جووڵاندنى هه‌ست و سۆز، لۆبییه‌كان ده‌مانه‌وێت خۆمان له‌ هه‌واڵگیرییه‌كانى بارزانى ڕزگار بكه‌ین و ڕاستییه‌كان ببینین و له‌ پێناو توركیادا ده‌نگمان بگه‌یه‌نین.

له‌ هه‌نگاوێكى تردا، وه‌ك ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ى كه‌ به‌ مه‌سعود بارزانى ئه‌نجامدرا، له‌ باكورى سوریا هه‌مان سیناریۆ ڕووده‌دات، دواتر نه‌خشه‌ى به‌شى باكورى عێراق، كه‌ ریفراندۆمى تێدا ئه‌نجامدرا، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ى سوریادا یه‌كده‌گرێت، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ فراوان ده‌بێت و له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكدا به‌ره‌و توركیاش هه‌ڵده‌كشێت.

شه‌ڕى سوریا و عێراق دێته‌ ناوخۆی توركیاوه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ ئێستادا باس له‌ داخستنى سنووره‌كانمان بكه‌ین، به‌ڵام هیچ وڵاتێك به‌ داخستنى سنوور ناتوانێت خۆى به‌ ته‌واوه‌تى بپارێزێت له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هاتنه‌ناوه‌وه‌ى شه‌ڕ. توركیا و به‌ گشتیى ناوچه‌كه‌یش ڕووبه‌ڕووى پرۆژه‌یه‌كى ڕووخێنه‌رى نه‌ته‌وه‌یى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى نه‌ته‌وه‌ى كورددا ده‌بێت. له‌ ئێستادا كێشه‌كه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ و تیرۆردا نییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى كورد له‌ ئێستادا چووه‌ته‌ قۆناغێكى تره‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌كه‌ بارزانیش نییه‌، ئه‌و ته‌نها ئه‌كته‌رێكى بچووكى ئه‌و پرۆژه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌، بارزانى و په‌كه‌كه‌ و په‌یه‌ده‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ى باسكران گه‌رده‌لولێكى ڕووخێنه‌رن كه‌ وڵاته‌كه‌مان (توركیا)ى كردۆته‌ ئامانج.

له‌ ئێستادا ڕووبه‌ڕووى گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بینه‌وه‌ بۆ سه‌ر جوگرافیامان، له‌ ئێستادا هه‌نگاوه‌كان بۆ گۆڕانكاریى له‌ نه‌خشه‌كان و پارچه‌پارچه‌كردنى وڵاته‌كان ده‌ستیان پێكردووه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ ئه‌م نه‌خشانه‌ كێشراون و بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌.

ئه‌م نه‌خشه‌ تازانه‌ ته‌نها بۆ عێراق و توركیا نین، به‌ڵكو نه‌خشه‌ى نوێ دانراوه‌ بۆ توركیا، ئێران، پاكستان و عه‌ره‌بستانى سعودی. ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووى ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هێزه‌ ڕۆژئاواییه‌كان و ئه‌مریكا و ئیسرائیل به‌شداریى ده‌كه‌ن و بنكه‌ى سه‌ربازییان له‌ ناوچه‌كه‌دا داده‌نێن و هێز له‌ سنووره‌كانى توركیا و ئێران جێگیر ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا ده‌وترێت كه‌ ته‌نها ئیسرائیل پشتگیریى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كورده‌كان ده‌كات درۆیه‌كى گه‌وره‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، بریتانیا و وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كانى دیكه‌وه‌ پشتگیریى ده‌كرێت و نه‌ك ته‌نها ئه‌مه‌ به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك له‌ ناو توركیاشدا هه‌ن كه‌ به‌شدارن له‌ پرۆژه‌كه‌دا.

هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ مه‌زهه‌بگه‌راییه‌ و بارزانى و خه‌ڵكه‌كه‌ى وه‌ك سوننیه‌ك ده‌یانه‌وێت له‌ شیعییه‌كان جیاببنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ش یه‌كێكى تره‌ له‌ بیانووه‌ بێ بنه‌ماكان و بابه‌ته‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌ جوگرافیاوه‌.

گه‌ر توركیا له‌ ئێستادا نه‌كه‌وێته‌ خۆى و دوور نه‌ڕوانێت و هه‌وڵى وه‌ستاندنى پرۆژه‌كه‌ نه‌دات، ئه‌وا دواى ماوه‌یه‌كى دیكه‌ ناتوانێت هیچ كاریگه‌رییه‌كى هه‌بێت، چونكه‌ دواى ساڵێكى تر دۆخه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تى ده‌گۆڕێت و زۆر له‌بار ده‌بێت بۆ ده‌ستكردن به‌ گۆڕانكاریى له‌ نه‌خشه‌كاندا و له‌م كاته‌شدا ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژارده‌ى سه‌ربازی-یش هیچ سوودێكى نابێت.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، من پێموایه‌ توركیا ده‌توانێت بچێته‌ پێش و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پارێزگاریى له‌ خۆى بكات، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌قڵه‌ سیاسییه‌كان و ده‌وڵه‌ت و گه‌ل ئه‌م مه‌ترسییه‌ ببینن و هه‌ڵوێست له‌ به‌رامبه‌ریدا وه‌ربگرن.

چونكه‌ گه‌ر ئێمه‌ نه‌مانه‌وێت شه‌ڕ له‌ نێو ئه‌نادۆڵدا ڕووبدات پێویسته‌ بجووڵێین، پێویسته‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو بهێنینه‌ به‌رچاوى خۆمان و هه‌ڵوێسته‌ بكه‌ین، پێویسته‌ توركیا و هه‌موو ناوچه‌كه‌ له‌م مه‌ترسییه‌ ڕزگار بكه‌ین.

ساڵه‌هایه‌ ئه‌مه‌ ده‌كه‌ین و پێویسته‌ ئێستاش به‌رده‌وام بین، ته‌نها پێویستمان به‌وه‌یه‌ په‌رده‌كان له‌سه‌ر چاومان لا ببه‌ین و بڵێین: گه‌ر ئێستا ته‌داخول نه‌كه‌ین هه‌رگیز ناتوانین جارێكى تر كاریگه‌ریمان هه‌بێت و له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكى تردا توركیا شه‌ڕى تێدا ڕووده‌دات و پارچه‌ پارچه‌ ده‌كرێت و نه‌خشه‌یه‌كى دیكه‌ى بۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر مێز و ئێمه‌ نابێت ڕێگه‌ به‌مه‌ بده‌ین.
سه‌رچاوه‌: یه‌نى شه‌فه‌ق

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە