له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌م ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستانى عێراق

بۆچوون / بیروڕا :: 21/09/2017

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
هه‌نگاوه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستانى عێراق به‌ ئاراسته‌ى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمێكى گشتى و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌ورێكى چڕى سیاسى دایگرتووه‌، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ كه‌ خه‌مڵاندن و هه‌ڵسه‌نگاندنێكى وردى هه‌لومه‌رجه‌كه‌ قورس و زه‌حمه‌ت بێت و نه‌زانرێت ئاخۆ ره‌وتى رووداوه‌كان له‌ساى ئه‌م پێكداچوون و تێكچڕژانه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ى نێوان هێزه‌ ئیقلیمى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌ چ ئاقارێكدا ده‌ڕوات.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى رۆژى 25ى ئه‌م مانگه‌دا، شارى هه‌ولێر له‌ باكورى عێراق، ده‌بێته‌ سه‌نته‌رى راكێشانى چه‌ندین كه‌سێتیى كاریگه‌رى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ سه‌ردانى ده‌كه‌ن بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم و داوالێكردنى بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى جیابوونه‌وه‌ى ته‌واو له‌ به‌غدا. ره‌نگه‌ واشنتۆن دیارترینى ئه‌وانه‌ بێت كه‌ داواى دواخستنى ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى كه‌ ریفراندرمه‌كه‌ كاریگه‌ریى نه‌رێنى له‌سه‌ر جه‌نگى دژى رێكخراوى ده‌وڵه‌ت (داعش) ده‌بێت. ئه‌نقه‌ره‌یش  داواكاریه‌كه‌ى بۆ دواخستنى دووپات ده‌كاته‌وه‌ و له‌مه‌یشدا تاران به‌ ته‌واوى له‌گه‌ڵیدایه‌ و هه‌مان داواى هه‌یه‌، هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ وا ده‌ڕواننه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ كه‌ به‌زاندنى هێڵه‌ سووره‌كانه‌. 

له‌وه‌ده‌چێت سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیاردانى له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى له‌ عێراق، دوور رۆیشتبێت و كاتێكى بۆ هه‌ڵبژاردبێت كه‌ نیگه‌رانی و پێناخۆشحاڵیى لایه‌نه‌ جیاجیاكانى ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیشى لێكه‌وتبێته‌وه‌، چونكه‌ هێشتا شه‌ڕى دژى رێكخراوى داعش له‌ باكورى عێراق و سوریا به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها قۆناغى پاككردنه‌وه‌ى پارێزگاى نه‌ینه‌وا-یش له‌ هێزه‌كان و تواناكانى رێكخراوه‌كه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌و واده‌یه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌ به‌لاى چاودێران و سیاسیه‌كانى عێراق و ته‌نانه‌ت توركیا و ئێرانیشه‌وه‌، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كاتێكى ته‌واو نه‌گونجاوه‌. چونكه‌ له‌ سایه‌ى حاڵه‌تى (ماندووبوونێكى ته‌واوى هێزه‌كانى ده‌وڵه‌تى عێراق-دایه‌). 
 
له‌و تێبینیانه‌ى به‌لاى زۆركه‌سه‌وه‌ وایه‌ كه‌ هانده‌رى پرۆسه‌ى ریفراندۆمه‌كه‌ى كوردستانى عێراق نین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌، به‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانى باكورى عێراقیشه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ ئه‌و پانتاییه‌ جوگرافییه‌ ده‌له‌رزێنێت كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان عێراق و سوریا و توركیاوه‌ و رۆژانه‌ شه‌ڕى دژى رێكخراوى داعش و رێكخراوى به‌ره‌ى نوسره‌ى تێدا رووده‌دات، ئه‌و به‌ره‌یه‌ى خۆى خستووه‌ته‌ ژێر ناونیشانى (هه‌یئه‌ى ته‌حریرى شام)ه‌وه‌ له‌ سوریا.
 
زۆرى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كان و له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ واشنتۆن، پارێز له‌ بابه‌تى ریفراندۆمه‌ كوردیه‌كه‌ى باكورى عێراق ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش ده‌ترسین ریفراندۆمه‌كه‌ ململانێیه‌كى تازه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و ره‌نگه‌ ده‌وڵه‌تانى ده‌وروبه‌ریشدا هه‌ڵگیرسێنێ، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ توركیا. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى جه‌نگى دژى تیرۆر له‌ عێراق و سوریادا بكه‌ین، ئه‌وا جوگرافیاى سیاسى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانى عێراق و هه‌ڵوێستى نه‌رێنى ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمیه‌كان له‌به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌خۆیى كورده‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا، خۆیان له‌ خۆیاندا لێدانى دیكه‌ن ده‌رهه‌ق به‌ پرۆژه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كورد، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئیقلیمیانه‌ به‌ پرۆژه‌ى جیابوونه‌وه‌ له‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌غدا له‌قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن.  

پێكگه‌یشتنى توركیا و ئێران له‌م كاته‌دا، له‌ڕووى سه‌ربازییشه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و قسانه‌ى سه‌ره‌وه‌مانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا جێى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هێشتا و تا ئێستایش پرۆژه‌ى ریفراندۆمه‌كه‌ى هه‌یه‌ و ده‌ستبه‌ردارى نه‌بووه‌ و گوێنادات به‌ ئامۆژگاریى ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان، چ ئه‌وانه‌ى خۆرهه‌ڵات و چ ئه‌وانه‌ى خۆرئاوا، هه‌ر هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و كاركردن له‌ پێناو جیابوونه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى له‌ به‌غدا و راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى كوردى له‌ ناوچه‌كانى باكورى عێراقدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئاماژه‌كانى ئه‌گه‌رى دواخستنى ریفراندۆمه‌كه‌ له‌زیادبووندان، ئه‌گه‌رچى كورده‌كان ده‌ڵێن تاقه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێك، كه‌ ده‌كرێت په‌سه‌ندى بكه‌ن، گره‌نتیدانى فه‌رمیى نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌ رێزگرتن له‌ ئه‌نجامه‌كانى ریفراندۆمێكى دیكه‌ كه‌ له‌داهاتوودا بكرێت، یاخود گره‌نتى ئه‌وه‌ى كه‌ دان بنرێت به‌ ئاوات و ئامانجه‌كانى كورد-دا. 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئێران و توركیا و چه‌ندین ده‌وڵه‌تى دیكه‌یش دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ داننانێن به‌ ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه‌دا و ئامۆژگاریى سه‌ركردایه‌تى كوردى عێراق-یان كردووه‌ بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌یان له‌م بڕیاره‌ و قبووڵكردنى ئه‌م شێوازه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یانه‌ كه‌ (هه‌رێمه‌ كوردییه‌كه‌) سه‌ربه‌خۆییه‌كى خودیی له‌ عێراقى یه‌كگرتوودا هه‌یه‌. 

بێگومان ئێمه‌ لێره‌دا ناتوانین باز بده‌ین و چاوپۆشى بكه‌ین له‌و  زوڵم و سته‌مه‌ مێژووییه‌ى كه‌ به‌ر دۆزى كورد كه‌وتووه‌ له‌و ناوچانه‌ى كورده‌كانیان تێدایه‌. ئه‌و گه‌له‌ى كه‌ قه‌ده‌ر فڕێیداوه‌ته‌ كێوه‌كانى نێوان ده‌وڵه‌ته‌ به‌هێزه‌ مێژووییه‌كانى ئێران و توركیا و عێراقه‌وه‌ و تووشى كێشه‌ى دابه‌شبوون بووه‌ له‌نێوان سێ ده‌وڵه‌تدا. قه‌ده‌رى ئه‌م گه‌له‌ بارگرانیى بووه‌ به‌ مێژوو و جوگرافیا و واقیعى سیاسییه‌وه‌، بۆیه‌ چاره‌سه‌ره‌ پێشنیار كراوه‌كان كه‌ وا پێویست ده‌كات دادپه‌روه‌ریى بۆ دۆزى كورد بێنێت، ده‌بێت ره‌چاوى واقیعى ده‌وروبه‌رى باره‌ كوردیه‌كه‌ى تێدا بكرێت، هه‌م له‌رووى مێژووییه‌وه‌ هه‌م بۆ ئێستایش. 
 
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، پێدراوه‌ به‌رده‌سته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ سیاسه‌ته‌كانى سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى ئابورى و له‌ رووى ئیداره‌دانى هه‌رێمه‌كه‌وه‌، به‌ هیچ جۆرێك سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، چونكه‌ پرۆژه‌ ئابورییه‌كان شكستیهێناوه‌ و سیاسه‌تێكى هه‌ڵه‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتى په‌یڕه‌وكردووه‌ و سه‌ركردایه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ ژێرخانێكى ستراتیژیى بونیاتبنێت، بۆیه‌ ناوچه‌ كوردیه‌كه‌ى باكورى عێراق هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ى سه‌ربه‌خۆبوون نییه‌.

سه‌رچاوه‌ كوردییه‌ به‌رپرسیاره‌كانیش ده‌ڵێن "به‌غدا ئاماده‌ى جێبه‌جێكردنى هه‌ر شتێكه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رامبه‌ر دواخستنى ریفراندۆمدا و پێویستیشه‌ ئاماده‌بێت بۆ یارمه‌تیدانى كورد له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى و پاكتاوكردنى قه‌رزه‌ شایسته‌ییه‌كانى سه‌رحكومه‌ته‌كه‌ى". ئه‌و قه‌رزه‌ى كه‌ بڕه‌كه‌ى به‌ نزیكه‌ى 10-12 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، واتا نزیكه‌ى بودجه‌یه‌كى ساڵانه‌ى كوردستانه‌. هه‌ر بۆ زانیارییش چه‌ندین مانگه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ حكومیه‌كان و پێشمه‌رگه‌یش مووچه‌ى ته‌واویان نه‌دراوه‌تێ به‌هۆى هه‌ڵسوكه‌وتى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ نه‌وته‌وه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ به‌غدا. پێشتریش له‌ ساڵى 2014 دا به‌غدا بڕه‌ پاره‌ى كوردستانى له‌ بودجه‌ى فیدراڵى عێراقدا بڕیوه‌ دواى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێم ده‌ستى كرد به‌ هه‌نارده‌كردنى نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ و به‌ بۆریدا بۆ توركیا. پێش ئه‌وه‌یش هه‌رێم 17% ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى عێراقى وه‌رده‌گرت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشت ده‌به‌ستێت به‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى كێڵگه‌كانى باشور. 

كورته‌ى قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێدراوه‌ واقیعیه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هێشتا زه‌حمه‌تى گه‌وره‌ له‌رێى پرۆژه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردى باكورى عێراق له‌ به‌غدا، هه‌یه‌. دۆخه‌ گشتیه‌كه‌ به‌ هیچ جۆرێك یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى جیابوونه‌وه‌یان له‌ عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى ته‌واو سه‌ربه‌خۆ و مكوڕبوون له‌سه‌ر رۆیشتن به‌م رێگه‌یه‌دا وه‌ك رۆیشتنه‌ به‌سه‌ر پشكۆى داگیرساودا، ئه‌مه‌یش پێویستى به‌ ئاقڵیى سه‌ركردایه‌تى كوردى باكورى عێراقه‌ بۆ رۆیشتن به‌ره‌و بژارده‌گه‌لێكى باشتر و پراگماتیتر له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى كورده‌كانى عێراق له‌ چوارچێوه‌ى نیشتمانێكى یه‌كگرتوو و ئۆتۆنۆمیه‌كى پێشكه‌وتوویان له‌ باكور و پێشخستن و په‌ره‌پێدانى كاروبارى حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى خۆیاندا.   
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە