دوای ریفراندۆمەكەی كوردستانی عێراق.. چی؟

بۆچوون / بیروڕا :: 18/09/2017

نووسینی: محەمەد عەلی فەرحات
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

راپرسیی بۆ سەربەخۆیی كوردستانی عێراق بووەتە ئەمرێكی واقیع پێش ئەنجامدانیشی لە 25ی ئەم مانگەدا، زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانی هەرێم بە (بەڵێ‌) دەنگدەدەن. راپرسیەكان و ئەنجامەكانیان لە جیهانی سێیەمدا هەر وان و تەنانەت لە جیهانی یەكەمیشدا هەر وایە ئەگەر پێشتر هەڵمەتێكی زۆردارانەی بۆ بكرێت، وەك دەنگدانی بریتانیەكان لەسەر كشانەوەیان لە یەكێتی ئەوروپا. بەرهەرحاڵ، ئێستا گرنگ ئەوەیە دوای ریفراندۆمەكە چی دەبێت؟

ئەمریكا و روسیا و توركیا و ئێران، پارێزیی خۆیان لە ریفراندۆمەكە دەربڕیوە و هەندێكیان داوای دواخستنیان كردووە چونكە كاتەكەی گونجاو نییە، بەتایبەت لە قۆناغی رێككەوتنی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی بێوێنەی كۆتاییهێنان بە داعش لەڕێی چەك و هێزەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ وشككردنی فیكری داعشیی، بە هەوڵی سەركردە سیاسی و ئایینیەكان و بۆ پاراستنی باوەڕی ئیسلامی و بەرژەوەندیی موسڵمانانیش لە وڵاتەكانیان و لە جیهانیشدا. 

بەڵام مەسعود بارزانی وایدەبینێت كە كاتەكەی لەبارە، بەدیاریكراوییش لەبەرئەوەی دراوسێكانی كوردستانی عێراق سەرقاڵی كێشەی قووڵی خۆیانن و بەهۆی ئەو كێشانەیشەوە ناتوانن ریفراندۆمەكە پەكبخەن: حكومەتی ناوەندی بەغدا و پارلەمان رەتكردنەوەی خۆیان بۆ هەنگاوەكەی بارزانی راگەیاندووە. حەیدەر عەبادی دەڵێت "هۆشداریی دەدەینە ئەوەی بیەوێت رامانبكێشێتە فیتنەیەكی تازەوە كە هەموان تێیدا دۆڕاوین". بەڵام دەسەڵاتی بەغدا هێشتا لەناوبردنی داعشی تەواونەكردووە ئەگەرچی پانتاییەكی فراوانی ئازادكردووە كە رێكخراوە تیرۆریستەكە داگیریكردبوو، ئەمە جگە لە كەش و دۆخی جیاواز و ناكۆك لە ئاراستەی سیاسی نێوان پایەكانی هاوپەیمانی شیعی و سەركردە عەرەبە سوننەكان دەربارەی كارە لەپێشینەكانی پێكهاتەی دەوڵەتی عێراقی دوای سەدام حسێن لە بەتوانایی خۆی و دەستەبەركردنی كایەی پێویستی سەربەخۆیی لەبەردەم گوشارە دەرەكیەكاندا، بەتایبەت گوشارەكانی ئێران. 

ئەمریكایش كە رژێمی سەدامی رووخاند و چەسپاندنی رژێمێكی ئەڵتەناتیڤی پشتگوێخست، عێراقی بەبێ‌ سوپا و ئیدارە هێشتەوە، تێبینیی ئەو بۆشاییە كوشندەیەی لەم دەوڵەتە گرنگە عەرەبیەدا كرد، بۆیە كەوتەوە یارمەتیدانی لە دووبارە بونیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بەشێوەیەك كە هێشتا ئامانجەكانی خۆیی بەدینەهێناوە. واشنتۆن وایدەبینێت كە بوون و مانەوەی لە عێراق وەك پێویستیەكی عێراق دەمێنێتەوە، لانیكەم بۆ هاوسەنگیی كاریگەریی زۆردارانەی ئێران.  

روسیایش ریفراندۆمەكەی كوردی بەلاوە گرنگ نییە، لەبەرئەوەی بوونی سەربازی و سیاسیی خۆیی لە سوریا و پەیوەندیی بەهێزیشی لەگەڵ دوو دراوسێكەی عێراق، توركیا و ئێراندا، بەسە.

بەڵام تاران كە پشتیوانیی كوردەكانی كردووە لە قۆناغە سەختەكانی وەك ئەوەی (كۆبانی)، لایخۆیەوە دژی ریفراندۆمەكەیە بەڵام نەیگەیاندووەتە ئاستی دابڕان و بایكۆت. ئەویش ئەو هێندە كاریگەرییەی بەسە كە لە عێراق و سوریا و هەندێكی لوبناندا بەدەستیهێناوە. 

ئەمێنێتەوە توركیا، ئەویش لەیەكەم بینیندا وادیارە دیارترین زەرەرمەند و یەكەم نەیاریەتی، بەڵام لە راستیدا سیاسەتێكی پراگماتیكی پەیڕەو دەكات، چونكە مەسعود بارزانی-ی بانگەشەكەر و سەرپەرشتیاری ریفراندۆمەكە، دۆست و هاوپەیمان و هاوبەشیەتی لە رووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستاندا كە توركیا بە تیرۆریستی دادەنێت. ئەمە بێجگە لە پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ هەولێردا كە لەوەدەچێت بۆ توركەكان سوودمەند بێت، بەتایبەت لە بواری هەناردەكردنی نەوتدا. لێرەدا بایەخدان بە كەركوك و بە توركمانەكانی كەمدەبێتەوە ئەگەر شارەكە و دەوروبەرەكەی بخرێنە سەر كوردستان، هەروەها ترسی گواستنەوەی پەتای سەربەخۆییش بۆ كوردەكانی توركیا كەمدەبێتەوە. رەنگە ئەنقەرە پاساوی ریفراندۆمەكەی بەلاوە پەیامێك بێت بۆ رازیكردنی ئەوان و هانیانبدات بۆ خۆدزینەوەیان لە پارتی كرێكرانی كوردستان. 

ریفراندۆمە كوردیەكە بووەتە ئەمری واقیع، بەڵام كێشەی راستەقینەی بەتایبەتی لە كوردستانی عێراق و ململانێی سەركردەكان و عەشیرەتەكاندایە هەروەها پرسیاركردن لە سنووری دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی. چەپ و لیبراڵەكانی عێراق ناتوانن كاریگەریی بخەنە سەر گەلی كوردستان لەكاتێكدا لە قۆناغی حەماسی نەتەوەییدا رادەبن و هەڵدەستن. ئەوان هەست بە چاكە و مەردایەتیی ئەم گەلە دەكەن كە ئامێزی بۆكردنەوە لەوكاتانەدا دەوڵەتی بەعس لە ناوخۆ و دەرەوەیدا راویدەنان.

ریفراندۆمەكە دەكرێت، بەڵام سەربەخۆیبوون وەك پێویستیەك دوادەخرێت، ئەمەیش لە ترسی  هەردوو دێوەزمەی ئاژاوە و گەمارۆ. 





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure