ریفراندۆمە میلـلیەكەی كورد: ئەخلاق و بەرژەوەندی

بۆچوون / بیروڕا :: 16/09/2017

نووسینی: یوسی بیلین
سەرچاوە: ئیسرائیل ئەلیەوم
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەو ریفراندۆمە میلـلییەی كە لە 25 ی ئەیلولدا دەكرێت، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لێناكەوێتەوە، بەڵام دەتوانێت دینامیكیەكی وا بێنێتە ئاراوە كە ببێتە هۆی كارێكی لەوجۆرە، سەرەڕای بێزاریی چوار دەوڵەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە توركیا و سوریا و ئێران و عێراقن. نزیكەی هەموو كورد دەوڵەتی تایبەتی خۆیان دەوێت. ئەوان زۆرباش رووبەڕووبوونەوە توندەكانیان لە بیرە كە گەلەكەیان لە سەدەی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە و خەباتیان تێدا كردووە. سەدام حسێن چەكی كیمیایی لە دژیان بەكارهێنا و هەزارانی لێ‌ كوشتن. ئێران زۆری لێ‌ ئیعدام كردوون. لە سوریایش رووبەڕووبونەوەی توند روویانداوە، بەڵام توندترین رووبەڕووبوونەوە ئەوەیە كە دەیان هەزار كەسی تێدا كوژراوە لە میانەی چەندین ساڵدا لە توركیا. 
زیاتر لە 30 ملیۆن كورد (كە موسڵمانی سوننە و بەڕەچەڵەك ئێرانین و زمان و كلتوری تایبەت بەخۆیان هەیە) لەسەر خاكێك دەژین كە رووبەرەكەی نزیكەی 200 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە لەو چوار دەوڵەتەدا، لە كاتی هاتنەئارای بیرۆكەی مافی چارەی خۆنووسین لە دوای جەنگی یەكەمی جیهاندا، كوردەكان ویستی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان هەبوو. بە تێپەڕبوونی كاتیش بوونەتە گەورەترین كەمایەتی لە جیهاندا كە مافی چارەنووسیان نییە. لایەنی سەرەكیی دژ و رێگر لەبەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد-دا توركیا بوو. ئیسرائیل، لەوكاتەوەی دامەزراوە، پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ كوردەكان دامەزراندووە لە چوارچێوەی پەیمانی پەراوێزخراوەكاندا كە داڤید بن گۆریۆن-ی سەرۆكی یەكەم حكومەت پێكیهێنا. ئەوە روونە كە مەسەلەكە پەیوەستە بە بەرژەوەندیەكانەوە: ئیسرائیل لە جیهانی عەرەبی دابڕابوو، لەگەڵ لایەنێكی موسڵمانی غەیرە عەربیدا پێكهات كە ئەویش هەستی بە دابڕاویی خۆی دەكرد و ئامادەی هاوكاریی بوو لەگەڵیدا. بۆیە ئەوە شتێكی نامۆ و جێی سەرسامی نییە تاقە دەوڵەتێك كە بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتگیریی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بكات لە عێراقدا، ئیسرائیلە.  
جیهان لە زنجیرە رووداوێك دەترسێت كە جارێكی تر دۆخە تۆزە ئارامەكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تێكبداتەوە. عێراق دەترسێت لە لێبوونەوەی بەشێكی دەوڵەتەكە و لەدەستدانی سەرچاوەیەكی گرنگی نەوت. توركیا لە داواكاریی كوردەكانی ناوخۆی دەترسێت كە بچنە پاڵ براكانیان لە عێراق و دەوڵەتە كوردیەكە بەشێك لە خاكی توركیا بپچڕێت. ئێرانیش هەمان ترسی هەیە. سوریایش لەوە دەترسێت كە كوردەكانی خۆی داوای چوونە پاڵ دەوڵەتە كوردیەكە بكەن و دەستبگرن بەسەر بەشێك لە سنوورە فەرمیەكانی سوریادا.  
ئەو لایەنە نێودەوڵەتییەیش كە دەزانن داواكارییەكانی كورد رەوا و دادپەروەرانەیە، منجەمنج دەكەن. ئەڵمانیا باس لەوە دەكات كە "هەنگاوگەلێكی لەمجۆرە نابێت بە شێوەیەكی تاكلایەنە بنرێت". ویلایەتە یەكگرتووەكانیش كە هەست بە ئەركی خۆی دەكات بەرامبەر كورد لەپای هەوڵی زۆریان دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، هەست بە رەزامەندییش ناكات لە پشتیوانیكردنی پرۆسەی گلان و نوچدانی كورد-دا (لەسەر كێشی جیابوونەوەكەی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا). بۆیە خۆی دەدزێتەوە لە قسەیەكی ئازا و بوێرانە. وەك ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە بارزانی كردووە یەكلاییكردنەوەكە دوابخرێت بۆ (كاتێكی باشتر). بەڵام زەحمەتە بڕوا بەوە بكرێت كە دەرفەتێكی لەمجۆرە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕەخسێت. 
پشتگیریی ئیسرائیل بۆ كورد گرنگە و ئەوەیش باشە كە روون و ئاشكرایە. ئەمەیش رەنگدانەوەی بەرژەوەندییە سیاسیەكانی ئیسرائیلە، بەڵام لێرەدا ئەركێكی ئەخلاقییش هەیە بۆ هاوڕێیان كە شایانی ئەوەن مافی چارەنووسێكیان هەبێت كە هیچی لەوانی دیكە كەمتر نەبێت و رەنگە زیاتریش بێت.  

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure