هەرێمی كوردستان و هەڵمەتی ترساندن: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەك بۆ سیستمی فەرمانڕەوایی

بۆچوون / بیروڕا :: 05/09/2017


سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، لە بیست و پێنجی ئەیلولی داهاتوودا، بە خێرایی نزیكدەبێتەوە و لەوەیشدەچێت كە لەبەر رۆشنایی پەیوەستبوونی سەركردایەتیی هەرێمەكە پێوەی، ئەنجامدانەكەی یەكلابووبێتەوە و پاشەكشەی لێنەكرێت، چونكە تا ئێستا گوشارەكانی یار و نەیاری وەك یەك رەتكردووەتەوە، بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایشەوە كە بەلای كوردەوە گەورەترین هاویەیمانیانە.  

لایەنە عێراقیەكان لە بەغدا ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە رەتدەكەنەوە و دەسەڵاتی ناوەندیش جەخت دەكاتەوە كە پابەندی ئەنجامەكانی نابێت. بەڵام ئەم وتارە نایەوێت بچێتە مافی كوردەوە لە دیاریكردنی چارەنووسیدا و وایشدەردەكەوێت كە هێزە دەرەكییە پەیوەندیارەكان، جگە لە ئێران، لەڕووی بنەمای یاسا نێودەوڵەتیەكانەوە، دژی نین. لێرەدا هێندە بەسە ئاماژە بە تەنیا دوو بەڵگەنامە بدەین كە گفتوگۆ هەڵناگرن و كۆمەڵی نێودەوڵەتیان پابەندكردووە و پێداگریی دەكەن لەسەر مافی چارەی خۆنووسین. یەكەمیان لە بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا خۆی دەبینێتەوە كە هەر 193 دەوڵەتە ئەندامەكەی پابەندكردووە، دووەمیشیان ئەو بەڵێنە نێودەوڵەتیەیە كە زیاتر لە 160 دەوڵەت واژۆیان كردووە و هەندێكیشیان بە فەرمیی پەسەندیان كردووە كە عێراق یەكێكیانە. 

لەبەر رۆشنایی ئەوەی سەرەوەدا، هیچ دەوڵەتێك كە رێزی لە پابەندبوونی خۆی گرتبێت و بەتایبەت وڵاتە دیموكراتەكانی خۆرئاوا، كەسیان بە كوردیان رانەگەیاندووە كە دژی بنەمای مافی چارەی خۆنووسینە، تەنیا داوای دواخستنی ریفراندۆمەكەیان كردووە بۆ كاتێكی نادیار. لەهەمان چوارچێوەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە هەڵوێستی ئەمریكا بدرێت. كورد سوپاسگوزاریی قووڵی خۆیان بۆ ئەمریكا ناشارنەوە كە بە هانایانەوە چووە و پاراستوونی لە 1991 دا لەڕێی داڵدەی ئارامییەوە كە بووە بەردی بناغەی ئەو قەوارەیەی بونیاتیان نا و بەرەوپێشچوو تا گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ. بەڵام لە 1991 ەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی بوو و بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینی. دیارترین بەرئەنجامەكانی هاریكاریی سەربازیی بوو بۆ رووخانی رژێمەكەی سەدام لە 2003 دا, هەروەها ئەوەی ئەم دواییەیش كە بریتی بوو لە پشتگیریی سەربازیی ئەمریكا كە رۆڵی یەكلاكەرەوەی بینی لە خۆڕاگریی كورد بەرامبەر هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان و پاشان گۆڕینی بارودۆخەكە بۆ هێرشی پێچەوانەی راماڵینی رێكخراوە تیرۆریستەكە.  

پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەیش بدرێت، لایەنی كوردی تاقە لایەنی نێوان لایەنە عێراقیەكانە كە بە ئاشكرا و لە هەموو بۆنە گونجاوەكاندا، داندەنێت بە باشیی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەسەریانەوە و بەسەر هەموو عێراقیەكانیشەوە. ئەوەیش هیچ نهێنی نییە كە سەركردە كوردەكان دەستبەرداری واشنتۆن نەبوون لە هەر داواكارییەك بۆ پشتگیریی لە هەڵوێستی سیاسی دەربارەی عێراقی دوای سەدام، بەڵام لە مەسەلەی ریفراندۆمەكەدا نا. چونكە واشنتۆن نایەوێت لە نێوان بەغدا و كورد-دا یەكێكیان هەڵبژێرێت. لە راستیشدا ئەمە پاساوێكی لاوازە چونكە ئەمریكا زلهێزێكە و عێراق پێویستی پێیەتی تا پشتگیریی بكات و پێویستی بەوە نییە خۆی بخاتە ململانێوە، بەڵكو دەتوانێت پەیوەندیی هاوسەنگ لە نێوان هەردووكیاندا رابگرێت.   

ئەو هەڵمەتی دژایەتی و رەتكردنەوە فراوانەی عێراق بۆ ریفراندۆم، تەنیا هەر لایەنە سیاسیەكان نیین، بەڵكو نووسەران و ئەكادیمیستیەكانیشی گرتووەتەوە، ئیتر لە نیازپاكی بێت یان یان خراپی. ئەمە هەڵمەتێكە زۆرجار هاوشانی ئەو تیۆرانەیە كە (شارەزایانی) خۆرئاوا بازاڕگەرمیی دەدەنێ‌، ئەوانەی لەگەڵ كورد-دا هاوسۆز نین. لە ناوەرۆكدا هەڵمەتێكە بۆ ترساندنی گەلی كورد بە دەرەنجامی مەترسیدار ئەگەر سووربن لەسەر سەربەخۆیی. كۆڵەكەی سەرەكیی ئەم هەڵمەتە لەمڕۆدا، هەوڵدانە بۆ (بەئەهریمەنكردن) ی سەركردە كوردەكان، بەتایبەت مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كە رابەرایەتیی دەستپێشخەریی راپرسیەكە دەكات. چەندین تۆمەتی ئاراستە دەكەن كە كەمترینیان ئەوەیە ئامانجی ریفراندۆمەكە گۆڕینی هەرێمی كوردستانە بۆ شانشینێك كە بنەماڵەی بارزانی پشتاوپشت پاشای بن، یان لە باشترین حاڵدا كۆمارێكی دیكتاتۆریانە بێت!. ئەم قسە خەیاڵیانە هیچ شایانی وەڵامدانەوە نین تەنیا هێندە نەبێت كە ئەوە بیربهێنرێتەوە ئەم راپرسییە بۆ سەربەخۆییە نەكە دیاریكردنی سیستمی فەرمانڕەوایی (حوكمداری). جێی وەبیرهێنانەوەیە كە بارزانی پێش چەند رۆژێك، لە دیدارێكی رۆژنامەییدا جەختی كردەوە كە نە خۆی و نە هیچكام لە خزمەكانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كاندید ناكەن كە لە تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت. 
 
لەنێو ئەو پاساوانەدا كە ئەو كەسانە باسی دەكەن، دیاردەكانی گەندەڵیی ئیداری و دارایی و خزمخزمێنەیە لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها شكستی بەڕێوەبردنی هەرێم لە دابینكردنی خزمەتگوزاریەكان و باشكردنی ئاستی گوزەرانی دانیشتوانەكەی و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و پێنەدانی لە كاتی خۆیدا، ئەمە بێجگە لە شكستهێنان لە دامەزراندنی دامەزراوە دەستوریە سەرەكیە پێویستەكانی پتەوكردنی كۆمەڵگەی مەدەنی و دیموكراتیدا. بێگومان ئەم نەخۆشیانە لە هەرێمدا هەن و مەترسیشە بۆ سەر بارودۆخی ئێستا و داهاتووی. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت بە ویژدانەوە ئاماژە بەوە بدرێت كە هەرێم سەركەوتوو بووە لە دابینكردنی ئاسایش و ئارامیی بەرەنگاربوونەوەی باری قورسی ئابوری و دارایی سەرەڕای ئاڵنگارییە زۆرەكان، لەوانە بڕینی مووچە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە و پاشان سەرهەڵدانی وەرچەرخانە كارەساتاویەكانی وەك دەركەوتنی داعش لە سوریا و عێراق و داگیركردنی سێیەكی خاكی عێراق بە هەندێك ناوچەی كوردیشەوە، كە چەندین دەرەنجامی لێكەوتەوە،  یەكێكیان لێشاوی ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار كەسی هەردوو وڵاتەكەیە كە روویانكردە هەرێمی كوردستان، ئەمەیش بارگرانیەكی ئەمنی و دارایی زیاد لە توانای خۆیی خستە ئەستۆی ئیدارەكەی هەرێم. بە گشتی دیاردە خراپەكانی هەرێم بچووكبووەوەی هاوشێوەكانیانن لە باقی عێراقی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا.   

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بازاڕگێڕانی ترساندندا، نموونەی باشوری سودان دێننەوە كە گوایە دەوڵەتی كوردستان هەمان چارەنووسی دەبێت و دوای سەربەخۆبوونی، هەرەسە ئابوری و داراییەكان بەخێرایی دەیگرێتەوە و شەڕی ناوخۆ لەنێوان گروپەكانیدا بەرپا دەبێت. ئەوەی لەم بەراوردەدا جێی سەرسوڕمان و نامۆییە ئەوەیە كە بانگەشەكارانی، سروشتی كۆمەڵگەی باشوری سودان نازانن یان دەیانەوێت نەیزانن. جارێ‌ سەرەتا دەسەڵاتی سەربەخۆی ئەوێ‌ شارەزایی تەواوی نییە بۆ ئەوەی بە لێهاتوویی فەرمانڕەوایی بكات، چونكە لە شەڕی دارستانەكانەوە راستەوخۆ چوونەتە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەڕێوەبردنیەوە، بە ماوەیەكی كەمی ئۆتۆنۆمییەكی ناسەقامگیرەوە، ئەمە بەراورد بكە بە شارەزایی دورودرێژی كوردەوە لە ئۆتۆنۆمیدا. جگە لەمەیش كۆمەڵگەی باشوری سودان (12 ملیۆن كەس)ی تەواو خێڵەكین و پێكهاتووە لە زیاد لە 60 نەژاد كە بە 80 زمان قسەدەكەن، ئەمەیش وایكردووە دەسەڵات بەناچاری زمانی ئینگلیزیی وەك تاكە زمانی فەرمیی بسەپێنێت. 

بە كورتیەكەی، تا ئێستا ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی راپرسیەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكرێت یان هەڵمەتی ترساندنەكە كورد هەڵاوێرێت لە رۆیشتنی بەرەو ئەم ئامانجە. 
 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure